Smiley face
Smiley face
Smiley face

هەدیە یوسف: پارتی لەبەردەم پێشکەوتنی ڕۆژئاوای کوردستان ئاستەنگ دروستدەکات

2017-05-09 11:30:28



ڕۆژنیوز - بێریتان زاگرۆس

 

هەدیە یوسف، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دامەزرێنەری باکوری سوریا ئاماژە بە ڕۆلی پارتی دەکات لە دژایەتیکردنی شۆرشی رۆژئاوا و ئاشکرای دەکات کە، پارتی لەبەردەم پێشکەوتنی ڕۆژئاوای کوردستان ئاستەنگ دروستدەکات، هاوکات سەبارەت بە ڕێگا چارەسەرییەکانی دەربازبوونی سوریا لە قەیران و ئاڵۆزییەکان و هەروەها ئاڵتەرناتیڤەکانی ئەنجومەنی دامەزرێنەری باکوری سوریا و پەیوەندییان لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکان چەندین زانیاری خستەڕوو.

 

هەدیە یوسف لە چاوپێکەوتنی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسەکەماندا ئەوەی راگەیاندوە کە ئێمە ئامادەین کە هەر ناوچەیەک لە باکوری سوریا ڕزگاربکەین و هاوکاری بکەین بۆ ڕزگارکردنی، بەڵام ئامانجی سەرەکیمان لە ئێستادا ئەمەیە، کە پێگەی سیاسیمان بەهێزبکەیەنەوە فیدراسیۆنی باکوری سوریا سەقامگیری بکەین.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

- ئێستا ئۆپەراسیۆنی زگارکردنی تەبقا بەڕێوەدەچێت، چوونە ناوی شاری تەبقاوە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقە هەبووە؟

 

"ئێستا هەوڵدەدا ناوەندی سیاسی و سەربازی خۆی بگوازێتەوە بۆ دێرەزۆر"

 

هەدیە: ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقە و تەبقا بەردەوامە، لە تەبقا جگە لە یەک دوو گەڕەک، شوێنەکانی دیکە هەموویان ڕزگاربوون، شەڕەکە لە دەوروبەری ئەو گەڕەکانە قورستر بووەتەوە و پاش کۆتایی هاتنی شەڕی ناو ئەو گەڕەکانە تەبقا بەتەواوی دەکەوێتە دەستی شەڕڤانانەوە، بە ڕزگارکردنی تەبقا دەچینە قۆناغێکی زۆر گرنگەوە لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری تەبقادا، دوای تەبقا ئیتر بەس ڕەقە دەمێنێتەوە و هەموو هێزەکانمان لەسەر ڕزگارکردنی تەبقا دەوەستن، ڕزگارکردنی ڕەقە و تەبقا بۆ ئێمە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە، داعش لە ئێستادا لاواز بووە، هەمووان دەزانن کە داعش ڕەقەی کردبووە پایتەختی خۆی، ئێستا هەوڵدەدا ناوەندی سیاسی و سەربازی خۆی بگوازێتەوە بۆ دێرەزۆر، پێموایە لەم چەند ڕۆژەدا سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست بێنین.

 

وتیشی: بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتووییەوە بەڕێوەبچێت، ئێمە ئەنجومەنی مەدەنی ڕەقەمان دامەزراند، ئەو ئەنجومەنە لە ١٠٨ کەس پێکدێت، سەرۆک عەشیرەکان، ڕێش سپییەکان و هەموو ئەو کەسانەی لە ناوچەکەدا کاریگەریان لە سەر کۆمەڵگا هەیە، لەو ئەنجومەنەدا جێدەگرن، ئێمە لەسەر داواکاریی خۆیان هاوکاریمان کردن بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنەکە، هێزەکانی ئێمە هەموو توانایان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی هاوکاری هاوڵاتیان بکەن و سیستمی خۆبەڕێوەبەری دابمەزرێنن، هەر کاتێک ڕەقە ڕزگار بکرێت، ئەنجومەنی مەدەنی شاری ڕەقە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ڕادەگەیەنێت، ئەوەی لە منبیج ڕوویدا لە ڕەقەش هەر ئەوە ئەنجام دەدرێت.

 

- ئایا ڕەقە دەکەوێتە چوارچێوەی سیستمی فیدراسیۆنی باکوری سوریاوە یان خۆبەڕێووەبەر و سەربەخۆ دەبێ؟

 

"ناتوانین لەلایەن خەڵکی ڕەقە یان منبیجەوە بڕیاربدەین"

 

هەدیە: کاتێک سیستمی فیدراسیۆنی باکوری سوریا دامەزرا، ئێمە وەکو سێ کانتۆنەکەی رۆژئاوا بڕیاری خۆمان دا، ئێمە ناتوانین لەلایەن خەڵکی ڕەقە یان منبیجەوە بڕیاربدەین، منبیج بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەڕێوەدەچێت، واتە خۆبەڕێوەبەرە، بەڵام ئەگەر منبیج یان ڕەقە بیانەوێت بێنە ناو سیستمی فیدراسیۆنی باکوری سوریاوە، باوەشی ئێمە ئاوەڵەیە و هیچ بەربەستێک بۆ ئەم کارە نییە.

 

هەروەها وتیشی: لە بەرامبەر ئەو ناوچانەدا سێ بژاردە هەیە، یان ئەوەی بچنە ناو سیستمی دەسەڵاتداری ناوەندی سوریاوە، یان ئەوەی لایەنگریی تیرۆربکەن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ناوچەکە زیاتر بخەنە ئاڵۆزییەوە، یان ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێمە بەهێزبکەنەوە، کە پێمانوایە ماقوڵترینی بژاردە سێیەمە، پێشتر بەهۆی پروپاگەندە و شەڕی تایبەتی دوژمنەوە، گەلی عەرەب دەترسان بێنە ناو سیستمی فیدراسیۆنی باکوری سوریاوە، بەڵام ئێستا کە کۆمەڵگای عەرەب هەوڵدان و تێکۆشانی هێزەکانی ئێمەیان بینیوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، چیدی ئەو ترسەیان نەماوە، ئێستا زۆربەی کۆمەڵگای عەرەب باوەڕیان بە سیستمی فیدراسیۆنی باکوری سوریا هەیە، فیدراسیۆنی باکوری سوریا بە سیستمێکی دیموکراتی دەزانن، ئەمە هەروەها لەبارەی گەلانی سوریانی و تورکمانیشەوە ڕاستە، سیستمی فیدراسیۆنی دیموکراتی باکوری سوریا گەلانی ناوچەکە دڵخۆش دەکات و چیدی نایانترسێنێت.

 

هەدیە ئەوەشی وت، ئەوانەی خۆیان بە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ناوزەد دەکەن، هیچ ئاڵتەرناتیڤێکیان بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان نییە، ئەنەکەسەش لەلایەکی دیکەوە بە هەمان شێوەیە، ئەو هێزانە نوێنەری سیاسەتەکانی تورکیان لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵەیە ئەگەر ئێمە ئەوانە وەکو ئاڵتەرناتیڤ لەبەرچاوبگرین، چونکە بەڕاستی ئەوان لێرە هەبوونیان نییە، بەڵکو ئەو هێزانە نوێنەری سیاسەتە گێرەشێوێنانەکانی تورکیان لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

- ئایا هاوکارییە سەربازییەکانی ئێوە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دەگۆڕدرێت بۆ هاوکاری سیاسی و گەیشتن بە دەستکەوتی سیاسی؟

 

"ئێمە دژی تیرۆر تێکۆشان دەکەین، لەم چوارچێوەیەشدا هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دەکەین"

 

هەدیە: نامانەوێت هاوکارییەکانمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە ئاستی سەربازیدا بمێنێتەوە، ئێمە هێزێکی خاوەنی ئاڵتەرناتیڤ و پرۆژەی تایبەت بە خۆمانین، ئێمە دژی تیرۆر تێکۆشان دەکەین و لەم چوارچێوەیەشدا هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دەکەین، ئێمە فەلسەفەی خۆمان هەیە و هێزی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان نین، ئێمە توانای ڕێکخستنی کۆمەڵگامان هەیە، مەبەستی ئێمە لە هاوکاری سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان بەدڵنیاییەوە گۆڕینی ئەو هاوکارییە بۆ هاوکاری و دەستکەوتی سیاسییە، ئێمە پێشنیارمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان و قەیرانەکانی ناوخۆی سوریا و ئەو پێشنیارانەشمان بە هێزەکانی هاوپەیمانانیش دەڵێین، بۆ ئەمەش پێویستە هاوکاری سیاسیمان هەبێت.

 

وتیشی: ئێمە لەگەڵ ئەوەی دیالۆگیان لەگەڵ دەکەین داواکاری تایبەت بە خۆشمان هەیە، هەم لە بواری سەربازی و هەم لە بواری سیاسییەوە هەنگاو دەنێین بۆ پێشەوە، تاوەکو ئێستا دژایەتی زۆر جدیمان بینیوە دژی سیستمی فیدرالی باکوری سوریاوە، هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی ئێمەی قبوڵ نەکردووە، بۆ ئەمەش پێویستە پەیوەندییە سیاسییەکانمان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمریکا بەهێزتر بکەینەوە.

 

- ئەگەر هێزەکانی هاوپەیمانان هەنگاو نەنێن بۆ ئەو پەیوەندییە سیاسیانە هەڵوێستی ئێو ە چۆن دەبێت؟

 

"نە ئەمریکا و نە هیچ هێزێکی دیکە ناتوانێت دژایەتی گەلی کورد بکات"

 

هەدیە: تا ئەو شوێنە لە دەستمان بێت هەوڵدەدەین ناچاریان بکەین ئەو هەنگاوانە بنێن، ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەلی کورد یەکێکە لە بەهێزترین و ڕێکخراوترین گەلەکان، نە ئەمریکا و نە هیچ هێزێکی دیکە ناتوانێت دژایەتی گەلی کورد بکات، ئێمە لەگەڵ ئەوەی ئایدیۆلۆژییەکی نوێین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە شێوەیەکی نوێشمان هەبێت لە سیاسەتکردندا، ئێمە پێمانوایە ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ پەیوەندی سیاسی لەلایەن ئەوانەوە، دیارە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئەو هاوپەیمانییەی ئێستا هەمانە، بەڵام ئەگەر ئەم هاوپەیمانییە لە ئاستی سیاسیشدا پێکبێت ئەو کات هاوکارییەکانیش پەرە دەستێننەوە.

 

- داوا کرا ناوچەی قەدەغەکردنی فڕین لە ڕۆژئاوا دروست بکرێت، ئایا وەڵامی ئەو داواکارییە درایەوە؟

 

"سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە"

 

هەدیە: دەوڵەتی تورک بە فڕۆکە جەنگییەکانییەوە دەتوانێت ئاسایشی هاوڵاتیان لە ناوچەکەدا تێکبدات، لەم دواییانەدا هێرشی کرد و شەڕڤانەکانمانی شەهیدکرد، ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت، ئێمە وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە، بۆ ئاسایشی ناوچەکەمان گەرەنتی بکرێت داوامان کرد فڕینی فڕۆکە بە سەر ئاسمانی ڕۆژئاوادا قەدەغە ڕاگەیەندرێت، لە ناوچەکانی ئێمەدا ژیان هەیە، هەموو ئاوارەکان و پەنابەرەکان لە شوێنەکانی دیکەی سوریاوە دێن بۆ ئێڕە، بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەوان پێویستە فڕینی فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا قەدەغەبکرێت، بەم شێوەیە هەم مەترسی هێرشی ڕژێمی سوریا لەناودەچێت و هەم تورکیا، چونکە هیچ دوور نییە هێرشێکی دووقۆڵی ئاسمانیمان بکەنە سەر.

 

ئەوەشی وت: پاش هێرشەکەی تورکیا بۆسەر قەرەچۆغ، ئەمریکا هۆشداری دایە تورکیا، بەڵام باش دەزانین کە ئەمە گەرەنتی ئەوە ناکات کە چیدی هێرش نەکرێتە سەرمان، بۆ ئەمەش ئێمە داوای قەدەغەکردنی فڕینی فڕۆکەی جەنگیمان کرد بەسەر ئاسمانی ڕۆژئاوادا،سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە.

 

- چ لاین یان هێزێک دەتوانێت لەسەر ئەم بابەتە بڕیار بدات؟

 

هەدیە: هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و هەموو ئەو هێزانەی پەیوەندیان بە ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی سوریاوە هەیە، لەم نێوانەدا هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریکا ڕۆڵی هەرە گرنگیان هەیە.

 

- هەندێک دەڵێن کە سیستمی فیدرالی باکوری سوریا هیچ بۆنێکی کوردەواری لێ نایەت و فرەپێکهاتەییە، ئەگەر ئەمە ڕاستە، ئەی بۆچی تورکیا هێرش دەکات؟

 

"کورد لە سیستمی فیدرالی باکوری سوریا کۆڵەکەی سەرەکییە"

 

هەدیە: بەڕاستی ئەوانەی ئەمە دەڵێن خۆیان دەخەڵەتێنن، ئێمە دژی عەقڵییەتی دەوڵەت-نەتەوەیەن، دژی نەتەوەپەرستی و نژادپەرستین، برایەتی گەلان و نەتەوەی دیموکراتی بە بنەما دەگرین، پرۆژەی سیستمی فیدرالی دیموکراتی باکوری سوریا لە سەر ئەم بنەمایە دامەزراە، ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن نەتەوە پەرەستن، کورد لە سیستمی فیدرالی باکوری سوریا کۆڵەکەی سەرەکییە، گەلی کورد بۆ پێکهێنانی ئەو سیستمە پێشنگە، گەلانی ناوچەکە پێویستیان بەقۆناغێکی نوێ هەیە لە سیاسەتدا، سیستمێک کە نەتەوەپەرست و نژادپەرست نەبێت، سیستمێک کە لە چوارچێوەیەدا ماف، مێژوو و کلتووری هەموو پێکهاتەکان بە یەکسان ببینرێت و بەرگری لێبکرێت.

 

- هەندێک لە سیاسەتمەدارانی باشوری کوردستان دەڵێن، کە ڕۆژئاوا دەستبەرداوی هێڵی ئایدیۆلۆژییەکەی بووە و زیاتر بیر لەوە دەکاتەوە چۆن هێزە جیهانییەکان پشتگیری بکەن، دەشڵێن سەردەمی ئادیۆلۆژی بەسەرچووە، ئێوە لەم بارەیەوە چۆن بیردەکەنەوە؟

 

"ئەم دیموکراتیبوونە لە بەرژەوەندیان دا نییە"

 

هەدیە: ئەوانی پێیانوایە ڕۆژئاوا پشتگیری لێدەکرێت لەلایەن هێزە جیهانییەکانەوە خۆیان دەخەڵەتێنن، سەیرێکی مێژووکەمان بکەین، ٢٨ جار سەرمان هەڵداوە و هەموو جارەکانیش لەناوبراوین و قڕکراوین، هەموو سەرۆکی سەرهەڵدانەکانمان یان زیندانیکراون یان کوژراون، بۆچی هێزە جیهانییەکان ئەو کاتە پشتگیری ئێمەیان نەدەکرد؟ چۆن بوو کۆماری مهاباد ڕووخا؟ ئێمە پێمانوایە ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن، نایانەوێت ناوچەکە قۆناغێکی دیموکراتی تێپەڕ بکات و ئەم دیموکراتیبوونە لە بەرژەوەندیان دا نییە، بۆیە ئەم قسانە دەکەن.

 

وتیشی ماوەی شەش ساڵە ئەنەکەسە هەوڵدەدات هێڵی نەتەوەپەرستی خۆی بەسەر ڕۆژئاوادا بسەپێنێت، دەیانەوێت بە وتن و وتنەوەی دەوڵەتێکی بچوکی کوردی خەڵک بخەڵەتێنن، شۆڕشی ئێمە ئایدیۆلۆژی و فەلسەفەی خۆی هەیە، ئێمە شۆڕشەکەمان لە سەر سیاسەتی حەقیقەت دامەزراندووە و دەستپێکرووە، ئەگەر ئەو ئایدیۆلۆژییە نەبوایە هیچ کامە لەم دەستکەوتانەمان دەست نەدەکەوت، ئەگەر بە ئایدیۆلۆژی و فەلسەفەکەمانە نەبووایە چۆن دەمانتوانی ناکۆکی نێوان کوردەکان و عەرەبەکان چارەسەر بکەین؟ پێمانوایە ئایدیۆلۆژییەکەمان بەرگریمان لێدەکات، بەم ئایدیۆلۆژییەیە کە برایەتی گەلان پێکهاتووە و زیاتر لەمەش پێش دەکەوێت.

 

- دانوستانەکانتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە چ ئاستێکدایە، ئایا ڕێگای نێوان ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان کراوەیە ئایا هاوڵاتیان دەتوانن بێ کێشە هاتوچۆ بکەن؟ لەم بارەیەوە چ کێشەیەک هەیە؟

 

"پارتی بووەتە داردەستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک"

 

هەدیە: کێشە زۆرن، لە ئاست ئەم کێشانەشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بەرپرسیارە، پارتی لەبەردەم پێشکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ئاستەنگ دروستدەکات، شەش ساڵە بەردەوامە لەم کارەدا، لەلایەکەوە پارتی بووەتە داردەستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک، ماوەی شەش ساڵە بە هاوکاری یەکدی شۆڕشی ڕۆژئاوایان گەمارۆداوە، سەرەتا ناکۆکی سیاسیان دروستکرد، پاشان دەستیان کرد بە خەندەق هەڵکەندن، دواتر خاڵی سنووری سێمالکایان داخست، دواتر هێزی پێشمەرگەی رۆژیان دامەزراند، ماوەیەکیشە دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی هێرش و فیتنەچییەتی، لە هەموو ئەو هێرشانەشدا پارتی ڕۆڵی هەیە، سیاسەتی پارتی دژایەتیی تەڤگەری گەلی کورد دەکات لە باکوری کوردستانیش، تاوەکو ئێستا پارتی یەک هێرشێ سەر گەلی باکوری کوردستانی شەرمەزاریش نەکردووە، پارتی تەنانەت شەنگالیشی گەمارۆداوەو  پێشمەرگەکانی لە هەموو شوێنێک جێگرکردووە بۆ ئەوەی تەنانەت ڕۆژئاوا لە ڕێگای شەنگالیشەوە هەناسەی بۆ هەڵنەکێشرێت، لەلایەکی دیکەوە ئەوەی بۆ بکرێت لە خزمەتی میتی تورکدا ئەنجامی دەدا.

 

وتیشی: بانگەوازی ئێمە بۆ هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بەتایبەت هەرێمی کوردستان ئەمەیە کە ڕێگری بکەن لەم پێشێلاکارییانەی پارتی و دژی بوەستنەوە، پێمانوایە لەم دۆخەدا بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێزی کورد، ئێستا گەلی کورد زیاتر لە هەمیشە پێویستی بە یەکێتی هەیە.

 

- پێشتر ئێوە چاوپێکەوتنێکتان لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیەن هەبوو ڕاتانگەیاندبووە، کە هێزەکانمان تاوەکو دەریای سپی پێشڕەوی دەکەن، مەبەستتان لەو قسەیە چی بووە؟

 

پرۆژەی فیدراسیۆنی باکوری سوریا بۆ هەموو سوریایە

 

هەدیە: ڕاستە ڕۆژنامەی گاردیەن چاوپێکەتنێکیان لەگەڵم ئەنجامدا، هەست دەکەم لە وەرگێڕاندا هەڵەیەک کرابێت، من بەوانم وت، کە ئەم هەڵەیە ڕێک بکەنەوە، پرۆژەی فیدراسیۆنی باکوری سوریا بۆ هەموو سوریایە، ئەم پرۆژەیە تەنیا بۆ کوردەکان نییە، فیدراسیۆنی باکوری سوریا پارچەیەکە لە سوریای یەکگرتوو، هێزەکانی سوریای دیموکراتی هێزی نیشتمانی سوریان، هەر ئەو هێزە دیموکراتیانەن کە ئەمڕۆ لە پێشڕەویدان بۆ ڕزگارکردنی ڕەقە، ئێمە دەتوانین وەکچۆن ڕەقە ڕزگاردەکەین، دێرەزۆر و ئیدلبیش ڕزگاربکەین، بەڵام پێویستە کە خەڵکی ئەو شارانە بانگەوازیمان بکەن، هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە پێناو داواکاری گەلان بۆ ڕزگاربوون لە چنگی زۆرداری خۆی بە بەرپرسیاردەزانێت.

 

وتیشی: دەریای سپی بۆ هەموو سوریا گرنگە، بەشێکی کەناراوەکانی دەریای سپی دەکەوێتە باکوری سوریاوە و تاوەکو باشوری سوریاش هەر هەیە، ئێستا ئێمە بیر لەوە ناکەینەوە چۆن بگەینە دەریای سپی، لەلایەکی دیکەوە بازارێکی ئەوەندە گەورەشمان نییە کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانماندا بمانەوێت خۆمان بگەیەنینە دەریای سپی، لە ناوچە ڕزگارکراوەکان سیستمێکی فیدرالیمان ڕاگەیاندووە، ئێمە ڕامان گەیاندووە هەر  ناوچەیەک بیەوێت لەناو ئەو سیستمەدا جێ بگرێت هیچ بەربەستێک نییە لە بەردەمی و دەتوانێت، هەڵبەت مەرجی ئەمەیە کە کەوتبێتە باکوری سوریاوە، ئێمە نامانەوێت دەوڵەتێکی جیا دامەزرێنین و دوایە هەوڵبدەین شوێنەکانی دیکە بگرین، قەت بیر لە شتی وا ناکەینەوە، ئێمە تەنیا بیر لەوە دەکەینەوە کە مانەوەی سیستمی فیدراسۆنی باکوری سوریا مسۆگربکەین.

 

- لەلایەن ڕوسیا، ئێڕان و تورکیاوە چوار ناوچەی پارێزراو لە شەڕ ڕاگەیەندرا، مەبەستیان لە پارێزراوبوونی ئەو چوار ناوچەیە چییە؟

 

"دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات چەند ناوچەی دیکە داگیربکات و فشار بخاتە سەر فیدراسیۆنی باکوری سوریا"

 

هەدیە: تاوەکو ئێستا چوار دانیشتن لە ئاستانە پێکهاتووە، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێکی نەبووە، دەوڵەتی تورک لەڕێگای ئەم دوایین پەیمانەوە هەوڵدەدات چەند ناوچەی دیکە داگیربکات و فشار بخاتە سەر فیدراسیۆنی باکوری سوریا، تورکیا بەم شێوەیە فشار بۆ ئەمریکاش دەیەنێت تاوەکو فشارەکانی ئەمریکا لەسەر خۆی لاببات یان کەمیان بکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە بەم کارە ڕۆڵی تورکیا لە باکوری سوریا بەرچاوتر و پێگەکەی بەهێزتردەبێتەوە، ئێمە پێمانوایە ئەو پەیمانە سەرناکەوێت، چونکە ئەو وڵاتانەی ئەو پەیمانەیان واژۆکردووە بۆخۆیان لە ناکۆکیدان.

 

- پێتانوایە ئەو دانیشتنانە ئەنجامێکیان هەبێت؟

 

هەدیە: ئەوەندەی ئێمە هێزمان زیاتر بێت، ئەوەندەش پرۆژە و پلانەکانی ئەوان پوچەڵ دەبنەوە، ئەگەرچی باش دەزانین ئەو دەوڵەتانە ئەگەر ناکۆکیش بن بەیەکەوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان دەتوان یەکبگرن.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin