Smiley face
Smiley face
Smiley face

كۆمەڵی ئیسلامی: بڕیاردان لە کاتی ڕیفراندۆم تەنها مافی پەرلەمانە

2017-08-03 09:16:05



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، كە لایەنەكان مافی ئەوەیان نییە بڕیار لەسەر ڕیفراندۆم و كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدەن، تەنها پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەو مافەی هەیە، دەشڵێت: بەشداریمان لە كۆمیتەی ڕیفرندۆمدا بەستراوەتەوە بە لابردنی بەربەستەكانی بەردەم ڕیفراندۆم و هاو هەڵوێستیمان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام دەبێت.

 

ڕێبوار حەمەد، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامییە، لەم چاوپێكەوتنەی ڕۆژنیوزدا وەڵامی چەند پرسێكی گرنگ لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی ڕیفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دەداتەوە، هەروەها ئاماژە بە كارەكانی دەستەی كاری هاوبەشی ئیسلامی و جیاوازی بۆچونی سیاسی لایەنە ئیسلامییەكان و گرنگی كۆنگرەی نەتەوەیی دەكات.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە

 

بۆچی بارۆدۆخی هەرێم بەم ڕۆژە گەیشت؟

 

"پەرلەمان دوو ساڵە لەكار خراوە، ئەو دۆخە خراپەی دروستكرد كە لەدوای داخستنی پەرلەمان دروست بوو"

 

ڕێبوار حەمەد: بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان دەبێت باس لە حوكمڕانییەكەی بكەین، چونكە  ئەوەی ئێستا دەیبین لە هەرێمی كوردستان بەرئەنجامی حوكمڕانییەكی خراپە، ئەم بەرئەنجامە زیاتر لە هۆكارێكی هەیە، دیارترین هۆكاریشی ئەوەیە كە لە هەرێمی كوردستان حوكمڕانییەكی تەندروست نییە، كە دامەزراوەكانی دامەزراوەی ڕاستەقیینە بن، دەسەڵاتەكانی لەیەك جیاكرابێتەوە، ئێمە بینیمان ئەو كاتەی كە پەرلەمانیش كارا بوو نەیان دەهێشی ڕۆڵی ڕاستەقیینەی خۆی بگێڕێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە بەداخەوە پەرلەمان دوو ساڵە لەكار خراوە، ئەو دۆخە خراپەی دروستكرد كە لەدوای داخستنی پەرلەمان دروست بوو، ئەمە بێ لەوەی دەبێت لەسەر دەسەڵاتی دادوەی و جێبەجێكاری قسە بكەین كە گەندەڵییەكی قوڵ هەیە، چاكسازی نییە، ئیرادە نییە بۆ چاكسازی، شەفافیەت و یەكسانی نییە لە داهات و دابەشكردنی بەسەر هاوڵاتیاندا، هاوڵاتی نەبووەتە سەنتەری خزمەتكردن، ئەو هێزە سیاسیانەش كە هەن بەشدارن لە حكومەتدا، بەڵام بەشدار نین لە پڕۆسەی حكومڕانیدا.

 

واتە كۆمەڵی ئیسلامی بەشدار نییە لە پڕۆسەی حكومڕانیدا؟

 

"دەسەڵاتە هەستیارەكان بەتەواوەتی لەبەردەستی دوو هێزی سیاسیدا بوون"

 

ڕێبوار حەمەد: بەدڵنیاییەوە ئەوە پرسیارێكی زۆر دیارە، دەبێت خۆشمان و هاوڵاتیانیش ئەوە بزانین، كە بوونی ئێمە لەم حكومەتەدا بۆ ئەوەبوو كە هاوبەشییەكی ڕاستەقییەنە لەم حكومەتدا دروست بێت، بەڵام هاوبەشی ڕاستەقیینە نییە، دەسەڵاتە هەستیارەكان بەتەواوەتی لەبەردەستی دوو هێزی سیاسیدا بوون لەماوەی 26 ساڵی ڕابردوودا، بەدیاریكراویش دوای ڕووخانی حكومەتی بەعس، ئەمە هۆكارە بۆ ئەو لێكترازانە سیاسییەی لە هەرێمی كوردستاندا دروست بووە، بۆیە ئێمە وەك كۆمەڵی ئیسلامی لانی كەم بێدەنگ نابین لەبەرامبەر دۆخی خراپی هەرێم و پەكخستی دامەزراوە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە پێمانوایە ئەمە بەرپرسیارێتییەكی سیاسی و ئاینی و مێژووییە لەسەرمان، ئێمە پێشتر وتمان ئەگەر دەمانەوێت بەرەو سەربەخۆیی بچین و ئەو خەونە لەمێژیینەیەی میللەتەكەمان بهێنینە دی، ئەوا دەبێت ئەو پەڵە ڕەشانە لەسەر حكومڕانی هەرێمی كوردستان لاببەین، نەك پەڵەی زیاتری بخەیینە سەر.

 

نوێترین هەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر ڕیفراندۆم چییە؟

 

"دەبێت لەڕێگەی دامەزراوە یاساییەكانی هەرێمی كوردستانەوە قسەی لەسەر بكرێت"

 

ڕێبوار حەمەد: من دەمەوێت هەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامی بەسێ‌ خاڵی كورت ئاماژە پێبكەم، ئێمە وەك كۆمەڵی ئیسلامی، ڕیفراندۆم بە مافێكی شەرعی خەڵكی كوردستان دەزانین وەك ئامڕازێك بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، بەڵام ئەوە كە پەیوەستە بەم قۆناغەوە، یەكەم: ئێمە وتوومانە ڕیفراندۆم دەبێت لەڕێگەی دامازراوە یاساییەكانی هەرێمی كوردستانەوە قسەی لەسەر بكرێت بە دیاری كراوی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.

 

دووەم: دەبێت ڕیفراندۆم لە قۆناغێكدا بكرێت كە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان متمانەیان بە دەسەڵاتدارانی سیاسی هەرێمی كوردستان هەبێت، ئەم متمانەیەش بەچی دەگەڕێتەوە، لە هەنگاوی یەكەمدا بە باشكردنی بژێوی ژیانیان دەگەڕێتەوە، ئەمە خواستی ئێمە بوو.

 

سێیەم: ئێمە لەگەڵ ئەوەنین كە هەڵوێستی خراپی وڵاتانی دراوسێ‌ بكەینەبەهانە بۆ ئەنجام نەدانی ڕیفراندۆم، لەگەڵ ئەوەداین كەدوای چاكردی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، گێرانەوەی متمانە، ئاسایی كردنەوەی باری دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان، دروستكردنەوەی كۆدەنگی سیاسی لەنێو خۆماندا، دەبێت هەنگاوی ڕاستەقینەبنێین بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و عێراقیش، وە پێمانوایە پرسی سەربەخۆیی خواستێكی لەمێژینەی كوردە.

 

 

لەسەر خاڵی دووەم زیاتر دواو، وتی:"قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان هەیە، ڕاستە بودجە لە هەرێمی كوردستان بڕدراوە، بەڵام خۆ هەرێم نەوت هەناردە دەكات، ئێستا هەرێم پارەی بەشێك لە نەوتی كەركوكیش وەردەگرێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە جیاوازی هەیە لەنێوان نرخی نەوت لەچاو ئەوڕۆژەی كە پاشەكەوتی زۆرە مڵی سەپێندرا بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا، ئەم جیاوازییە گەورەیە بۆ نەیتوانی پاشەكەوتی مووچە چاك بكات، ئەوەبێجگە لەوەی كە دیارە لەهەرێم چۆن حزب، بەتایبەت حزبە دەسەلاتدارەكان تەخشان و پەخشان بە پارەوە دەكەن، چۆن هەندێك لەسەر سامانی گشتی بوونەتە ملیاردێر، ئەگەر دۆخی دارایی خراپ هەیە دەبێت حكومڕانی ڕاستەقیینە وەك خەڵك بژی".

 

ئەم هەنگاوانەی كەباستكرد، تاوەكو 25/9 دەكرێت چارەسەربکرێن؟

 

"بەدڵنییاییەوە كات هاوكار نییە بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی بەردەوام بێت"

 

ڕێبوار حەمەد: بەدڵنیاییەوە ناكرێت، ئەسڵەن چاكردنی دامەزراوەكانیش نابێت لەپێناو ڕیفراندۆم بێت، دەبێت باوەڕی هەبێت بۆ چاكردنی، با ڕیفراندۆمیش نەبێت، پەرلەمان نابێت پەكی بخرێت، وەئەگەر پەكی خرا نەدەبوایە ئەوەندە درێژە بكێشێت، بەدڵنییاییەوە كات هاوكار نییە بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی لەهەرێمی كوردستاندایە بەردەوام بێت.

 

واتا پێتان وایە دەبێت ڕیفراندۆم دوابخرێت؟

 

"ئەوشوێنەی بڕیار لەوادەكەی دەدات و یاسای بۆ دەردەكات پەرلەمانە"

 

ڕێبوار حەمەد: ئێمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا لە ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشدا ئەوەمان وتووە، بەڵام بابەتی ڕیفراندۆم كە دەچێتە پەرلەمان، پەرلەمان ئەو مافەی هەیە قسەی لەسەر بكات، وەك كۆمەڵ تێبینی ئەوەمان هەبوو كە هێزە سیاسییەكان لە كۆبوونەوەیەكی خۆیاندا مافی ئەوەیان نییە بڕیار لەسەر ڕیفراندۆم بدەن و ڕۆڵی پەرلەمان بگێڕن، هێزە سیاسییەكان مافی خۆیانە قسە لەسەر ڕیفراندۆم بكەن، بەڵام ئەوشوێنەی بڕیار لەوادەكەی دەدات و یاسای بۆ دەردەكات پەرلەمانی هەرێمی كوردستانە.

 

كەواتە ئەگەر مەرجەكانی ئێوە پێكنەهات بەشداری لە ڕیفراندۆمدا دەكەن؟

 

"هەركاتێك ئەو بەربەستانە لاچوون هێزەسیاسیەكانی دیکەش دەرفەتی گفتوگۆی ڕاستەقیینەیان دەبێت"

 

ڕِێبوار حەمەد: ئێمە تا ئێستا تێبینیمان لەسەر میكانیزمی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەیە، بەشداری نەكردنیشمان لە كۆمیتەی ڕیفراندۆمدا دەگەڕێتەوە بۆئەوە، هەركاتێك ئێمە زانیمان ئەو بەربەستانە لاچوون ئەو كاتە بۆ ئێمەو هێزەسیاسیەكانی دیکەش دەرفەتی گفتوگۆی ڕاستەقیینە دەبێت، ئەوكاتە دەتوانین بۆ ڕیفراندۆم وتەواوی پرسەكانی تر گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بكەین.

 

لەودانوستانەی كە دەكرێن، تا ئێستا هەنگاوی ڕاستەقیینە دەبینن بۆ لابردنی بەربەستەكان؟

 

"ئێستا زەمینەیەك هەیە"

 

ڕێبوار حەمەد: ئێستا بڕیار هەیە، ئێمە بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ‌ مەرج بەلامانەوە بڕیارێكی چاكە، ئێستا زەمینەیەك هەیە، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی مامۆستا عەلی باپیری كردووەو گفتوگۆیان كردووە، قسەش هەیە كە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیش دیدار هەبێت، ڕاشكاوە بیڵێم ئێمە بۆ ئەنجامی ئەم دیدار و كۆبوونەوانە چاومان لەسەر باشكردنی بژێوی هاوڵاتیان و كاراكردنەوەی دامەزراوە شەرعییەكانە، ئەوان ڕۆڵی خۆیان ببینن.

 

پێتان وانییە ئەوە مەرج دانانە بۆ پەرلەمان، كە دەوترێت پەرلەمان بێمەرج كارا دەكەینەوە، بەڵام دەبێت پشتگیری پرسە نیشتیمانییەكان بكات و یاسا بۆ ڕیفراندۆم دەربكات؟

 

"ئەبێت هەموو لانەیە سیاسیەكان گەشتبنە ئەو بڕوایەی نابێت مەرج هەبێت"

 

ڕێبوار حەمەد: ئاسایكردنەوەی پەرلەمان خۆی هەنگاێكی باشە، كە ئێمە دەڵێین پەرلەمان بەبێ‌ مەرج كاربكرێتەوە، واتە پەرلەمان دەبێت بەبێ‌ كۆت و مەرج كاری یاسایی خۆی بكات، هیچ گومان لەوە نییە كە پەرلەمان پشتگیری پرسە نەتەوەییەكان دەكات، پەرەمان تاكە دامەزراوەی شەرعی خەڵكە، لەبارەی ڕیفراندۆمیشەوە، پێمانوایە پەرلەمان مافی خۆیەتی قسە لەسەر ڕیفراندۆم بكات، واتە ئەبێت هەموو لانەیە سیاسیەكان گەشتبنە ئەو بڕوایەی نابێت مەرج هەبێت.

 

 

بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی هیچ هاوپەیمانییەكیان هەیە كە پێكەوە بەشداری لیژنەی ڕیفراندۆم بكەن، یاخود ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان گەشتنە ڕێككەوتن لەگەڵ پارتیدا، كۆمەڵ بەتەنها نامێنێتەوە؟

 

"ئێمە دوو هێزی جیاوازیین"

 

ڕێبوار حەمەد: ڕاستییەك هەیە كەمن دەمەوێت ڕاشكاوانە بیڵێم، ئێمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دوو هێزی سیاسی جیاوازین، دیدگای سیاسی جیاوازیشمان هەیە، بەڵام بۆچوونمان لەسەر شێوازەكانی حوكمڕانی وەك یەكە، لە قۆناغە جیاوازەكاندا داوای شەفافیەت و شەراكەتی ڕاستەقینەمان كردووە، لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامیش لە ڕابردوودا پاكێجی چاكسازیمان هەبووە، لەقۆناغی دوای پەكخستی پەرلەمانیش ئێمە هاوهەڵوێستیمان هەبووە، بۆ چاككردنی دۆخی بژێوی هاوڵاتیان و دۆخی سیاسی، تا ئەم دۆخە بەردەوام بێت هاوهەڵوێستیمان بەردەوام دەبێت، لە ئێستاشدا گفتوگۆمان هەیە، دەرگاش واڵایە بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزی سیاسی دیکەشدا هاوهەڵوێستیمان هەبێت.

 

پێتان وایە هەڵبژاردن بۆچی خرایە دوای ڕیفراندۆم، بەلای ئێوە هەڵبژاردن گرنگترە یان ڕیفراندۆم؟

 

"ئومێدێك هەیە كە هەڵبژاردن ئەم دۆخە خراپەی هەرێمی كوردستان چاك بكاتەوە"

 

ڕێبوار حەمەد: لە هەموو كاتێكدا ئێمە پێمانوایە دەبێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، وە ئومێدێكیش هەیە كە هەڵبژاردن ئەم دۆخە خراپەی هەرێمی كوردستان چاك بكاتەوە، كە باشتر وابوو پێش هەڵبژاردن چاك بكرێتەوە، لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردن پێش ڕیفراندۆم بكرێت، من جارێكی تریش دەیڵێمەوە كە مافی ئەوەی هەیە قسەی لەسەر بكات، بەڵام ئەمە وامان لێناكات كە قسە لەسەر دۆخی ناوخۆیی و هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ‌ نەكەین، وە قسە لەسەر ئەو بارودۆخە نەكەین كە ڕیفراندۆمی تێدا ئەنجام دەدرێت و ئەو دەرفەتەی كەبۆ سەربەخۆیی هاتووەتە ئاراوە، وە پێشمان وایە دەبێت ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بێت و وەك كارت بەكار نەیەت، وە دەبێت ناوچەكانی دەروەی هەرێمی كوردستانمان لەبیر بێت، ئەمانە هەمووی بەربەستی گەورەن لەبەردەم ڕیفراندۆم، دەبێت بەچاوی وردەوە قسەی لەسەر بكەین.

 

بەپێی ئەو دانوستان و گفتوگۆیانەی كە بەشدارن تێیدا، پێتان وایە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجان دەدرێت؟

 

"گفتوگۆی ڕاستەقینە لەسەر هەڵبژاردن نەكراوە"

 

ڕێبوار حەمەد: خۆت ئەزانیت هەتا ئێستا گفتوگۆی ڕاستەقینە لەسەر هەڵبژاردن نەكراوە، بەڵام دەكرێت بڵیین ئێمە وەك كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەداین كە هەڵبژاردن لەكات وادەی خۆیدا بكرێت.

 

دەستەیەكی كاری هاوبەشی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستاندا پێك هات، ئەنجامەکەی بەکوێ گەیشتووە؟

 

"وەك كۆمەڵی ئیسلامی هیچ كاریگەرییەكی دروست نەكردووە"

 

ڕێبوار حەمەد: ئەوكاتەی كە ئێمە دەستەی كاری هاوبەشمان پێكهێنا ئەو جیاوازییە سیاسیەمان هەر هەبوو، دەتوانم بڵێم لەسەر ئێمە وەك كۆمەڵی ئیسلامی هیچ كاریگەرییەكی دروست نەكردووە، ئێمە لەڕۆژی یەكەمەوە كە یەكەم كۆبوونەوەمان كرد، دەستەی كاری هاوبەشمان پێكهێنا و كارنامەمان بۆ نووسی قسەكانی ئەوكاتە و ئێستامان هەر یەكن.

 

لایەنەكانی دیکەش هەروان؟

 

"ئێمە جیاوازییمان هەیە"

 

ڕێبوار حەمەد: لایەنەكانی دیکەش دەبێت لەخۆیان بپرسیت بەڕاستی، ئەوەی كە ئێمە كۆدەكاتەوە ئەوەیە كە كۆمەڵێك پرسی نیشتیمانی و ئاینی هاوبەشمان هەیە، ڕێككەوتووین لەسەر كاری هاوبەش، ئەوەی پەیوەستە بەپرسیارەكەی تۆوە بابەتی لیستی ئیسلامییە، ئێمە جیاوازییمان هەیە لە دیدگای سیاسی و بۆچونی سیاسیدا، لەڕاستیدا ئەوە كێشەی بۆ دروست نەكردووین، ئەگەر كێشەشمان بۆ دروست بكات ئێمە بڕیارمانداوە بەو جیاوازیانەوە كۆببینەوە، كۆبوونەوەكانمان لەكاتی ئاسایی خۆیدا كردووە، هیچ ساردییەك دروست نەبووە، بەڵام ئەم پڕۆژەیەش وەك هەر پڕۆژەیەكی تر ئەكرێت ڕەخنەی لێبگیرێت لەئاستی چاوەڕوانی كەسێكدا نەبێت.

   

لە ماوەی ڕابردوودا كۆنفرانسێكی ڕاوێژی نەتەوەیی بەڕێوە چوو، كۆمەڵی ئیسلامیش بەشداری تێدا كرد، ڕای ئێوە لەسەر كۆنفرانسەكە و یەكێتی نەتەوەیی چییە؟

 

"پێمانوایە ئەمە دەبێت بەرەو ئەوە بچێت كە كۆنگرەیەكی نەتەوەیمان هەبێت"

 

ڕێبوار حەمەد: ئێمە لەو كۆنفرانسە و سەرجەم كۆبوونەوە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكاندا بەشدار بووین، وەك پرەنسیپ گفتوگۆو ڕاوێژ لەنێوان هێزوولایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەپێویست دەزانین، پێمانوایە ئەمە دەبێت بەرەو ئەوە بچێت كە كۆنگرەیەكی نەتەوەیمان هەبێت، پێشمان وابووە ئەم لێكترازانە سیاسەی كەهەیە و ئەوجیاوازیانە ڕێگر بوون لەبەردەماندا، ئەگەر ئەم بەربەستانە نەمێنن و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ هەبێت لەنێوان لانەیە سیاسییەكاندا، ئەوا بەربەستەكانی بەردەم كۆنگرەی نەتەوەیی لادەبرێت، هەروەها ئێمە ناگەین بەوەی كە كۆنگرەیەكی نەتەوەیمان هەبێت تاوەكو لایەنەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان نەگەنە ئەو بڕوایەی كە نابێت هیچ لایەنێك ئیرادەی خۆی فەڕز بكات، هەموومان پێكەوە بە ئەجێندای نەتەوەیی كۆبینەوەو ئەجێندای دەرەكی لەگەڵ نەبێت، ئەمە ڕێگری لەوە ناكات كە هاوكێشە نێودەوڵەتی و ناوچەیەكان نەخوێنییەنەوە.

 

یەكێتی نەتەوەیی چەند گرنگە بۆ پشتگیری كردنی ڕێفراندۆنی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی فیدڕاڵیەتی باكوری سوریا، واتا چەند كارتی كورد بەهێز دەكات؟

 

"دڵنیایی دەدات بە وڵاتانی دراوسێ‌"

 

ڕێبوار حەمەد: بەدڵنیاییەوە گرنگە، ئەوە دڵنیایی دەدات بە وڵاتانی دراوسێ‌، ئەو دڵنیاییەی كە دەیداتە وڵاتانی دراوسێ‌ بەربەرستەكان لادەبات، دواتر ئەوانیش بۆیان دەردەكەویێت كە سەربەخۆیی مافێكی ئەم گەلەیە و مەترسی بۆسەر دەوڵەتانی تر دروست ناكات.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin