Smiley face
Smiley face
Smiley face

فەرهاد سەنگاوی: ٢٠ هەزار دەنگم بەدەستهێناوە

2017-08-12 13:12:35



ڕۆژنیوز- ڕێزان محەمەد

 

فەرهاد سەنگاوی ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتی ڕەت دەکاتەوە کە وتراوە ٢٣ دەنگی هێناوە، دەشڵێت من ٢٠ هەزار دەنگم بەدەستهێناوە و یەکێتی ئازادن، ڕاشیدەگەیەنێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی وایە، تا لەگەڵی بیت پیاوی چاکیت کە بۆچوونت گۆڕا خائینیت.

 

ئەمڕۆ، فەرھاد سەنگاوی، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، لە چاڤی مۆڵ لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام دا.

 

فەرھاد سەنگاوی سەرەتا بە وتارێکی ئەدەبی ڕەخنەی لە دەسەڵاتی کوردی گرت لە بەرامبەر بە ژیانی ئێستا و بەهەدەر دانی سامانی گشتی وڵات لەپێناو بەرژەوەندی شەخسیدا و نقوم کردنی ژیانی هاوڵاتیان لە کێشە و قەیرانەکاندا.

 

لە دواتردا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و وتی:"یەکێتی ئارەزووی خۆیانە چۆن ھەڵوێستم لەسەر وەردەگرن، ئیتر یەکێتی ئازادن و منیش ئازادم".

 

فەرھاد سەنگاوی، لەبارەی ئەوەی کە لە ڕاگەیاندراوەکەی یەکێتیدا هاتووە لەبارەی پێدانی ئیمتیازات، ئاماژەی بەوەش دا:"ھیچم بەھۆی یەکێتییەوە دەست نەکەوتووە، ھەرچیم هەیە بە پارەی خۆم کڕیوومن".

 

سەنگاوی وتیشی:"جێگەی سەرسوڕمانە کە کاندیدێک خاوەنی ٢٣ دەنگ بم، بۆچی بۆیان زیاد کردم، بۆ کردیان؟! من نزیکەی ٢٠ ھەزار دەنگم ھێناوە، بەڵام لە لیستەکانیاندا یەکێتی نووسیویانە کە شەش ھەزار دەنگم ھێناوە، ئێستا بە تەحەداوە دەڵێم ئەگەر خۆم کاندید بکەم و بچمە هەڵبژاردنەوە لەگەڵ سەرکردایەتییەکانی تردا، ئەوا زۆرترین دەنگ بەدەست دەھێنم، بەمەرجێ بەرتیل بە خەڵک نەدەن و چاوترسێنیان نەکەن".

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا، ئەوەشی خستەڕوو:"یەکێتی تا ماوەیەک لەمەو پێشیش بەتایبەتی لەسەردەمی شاخدا، هێزێکی نمونەیی جیهانی بوو، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی وایە، تا لەگەڵی بیت پیاوی چاکیت و بێ عەیبیت، بەڵام کە بۆچوونت جیاواز بوو ئەوا خائینیت، من لە ١٩٩١ەوە بە وتارەکانم و هەموو شتێک هەمان ڕیتم ڕەخنەگری دڵسۆزانەم هەیە".

 

فەرهاد حەمە ساڵح ناسراو بە فەرهاد سەنگاوی، لە ساڵی ١٩٦٢ لە کەرکوک لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە چەمچەماڵ و سەنگاو تەواو کردووە، بڕوانامەی هونەری دبلۆم  دبلۆمی شانازی لە زانکۆی ئۆسکۆ- نەرویج بەدەستهێناوە، زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و دانیمارکی دەزانێت.

 

لە تەمەنێکی زۆر گەنجدا پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە کردوە لە ساڵی ١٩٧٨، دواتر بووەتە پێشمەرگە و لە یادی دامەزراندنی یەکێتی لە گەرمیان لە ١-٦-١٩٨٠، زۆربەی یادەکانی یەکێتی و نووسینی وتار و بابەتەکانی دەنگی گەلی کوردستان ئەو بەڕێوەبردوون، لە ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١ بە دەنگەکەی کاریگەری زۆری لەسەر خەڵکی کوردستان دروست کرد.

 

دەرکردنی فەرهاد سەنگاوی لە کاتێکدایە کە پێشریش لەسەر جیاوازی لە هەڵوێست نواندندا، پەرلەمانتاری دیکەی یەکێتی لە فراکسیۆنی سەوز دەرکراون و سەرنجیان ڕاکێشراوە و ئاگادار کراونەتەوە.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin