Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئاڵتون: باسکردن لە پارچەیەک بەواتای پێداگرییە لەسەر چارەسەرنەکردنی پرسەکان

2017-08-16 13:48:57



ڕۆژنیوز - قەندیل

 

ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، سەبارەت بە یەکێتی نەتەوەیی قسەیکردو ڕایگەیاند، کە پێوستە کورد لەم قۆناغەدا یەکێتی پێکبێنێت و وتیشی: ئەمڕۆ بە باسکردن لە تەنیا پارچەیەک بەواتەی پێداگرییە لە سەر چارەسەرنەکردنی پرسەکان.

 

ڕەزا ئاڵتون، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ڕۆژنیوزدا، دەربارەی یەکێتی نەتەوەیی و ڕیفراندۆم و دۆخی پارچەکانی کوردستان، وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

هۆکاری پێداگری ئێوە لە سەر یەکێتی نەتەوەیی چییە؟

 

ڕەزا ئاڵتون: کورد بەدرێژەی مێژووی کێشەی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی هەبووە، ئەگەر سەیری کاریگەریی هێزە دەرەکییەکان بکەین دەبینین کە کورد نەیتوانیوە بڕیارێكی بەهێز بۆ نەتەوەبوون بدات، بەردەوام لە دۆخێکی پارچەبوون و جیابووندا بووین، ئەوەش بە دەستێوەردانی دەرەکی، ئەو دۆخەش بەردەوام کێشە و ئاستەنگی لە بەردەم نەتەوەبوونی کورددا دروست کردووە، بێگومان هەوڵدرا و تێکۆشان کراوە، بەڵام هیچ کامە لەو هەوڵانە نەیانتوانیوە کێشەکان لاببەن لە بەردەمی نەتەوەبوونی کورددا، پێویستە لە دۆخێکی وەکو ئێستادا بۆ نرخاندنی کێشەی نەتەوەیی لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە سەیری تێکۆشانی ئازادیی کورد بکەین، تا کاتێک نەتوانین ئەم کارە ئەنجام بدەین ناتوانین کێشەکە بە شێوەیەکی ڕاست چارەسەربکەین.

 

وتیشی: دەبینین کە لە جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بۆ ئێستا تێکۆشانی کورد کۆتایی نەهاتووە و هەر هەیە، بەرخۆدان بە هەموو شێوەیەک بەردەوامی هەبووە، ئەگەر بە باشی سەیری مێژوو بکەین دەبینین کە تەڤگەری ئێمە بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی هەنگاوی ناوە، تا کاتێک هەموو ئاستەنگییەکان لە ناو کۆمەڵگادا تێپەڕنەبن ناکرێت بانگەوازی بۆ پێکهێنانی ئازادیی کورد بکرێت، پێویستە ئەو کێشەیە وەکو کێشەیەکی سیاسی بکرێتە ڕۆژەڤ، لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی پەکەکەوە تا ئێستا ئێمە بەردەوام ئەو سیاسەتەمان گرتووەتە بەر و هەوڵمان داوە بۆ ئەو کێشەیە چارەسەرییەک بدۆزینەوە، کاتێک بەم ڕوانگەیەوە سەیری پرسەکە دەکەین دەبینین کە هەندێک شتی پێویستتر دێنە ئاراوە، دەبینین کە قەیرانی کورد چارەسەرنەکراوە، قەیرانەکان لە سەد ساڵی ڕابردووەوە بەردەوام ڕوویان کردووەتە کورد، بەتایبەتی ڕوویان کردووەتە تەڤگەری ٤٠ ساڵەمان، بەڵام بەردەوام لە بەرامبەر ئەو قەیرانانەدا تێکۆشان ئەنجامدراوە، وەکو تێکۆشانی دژی داعش کە بوو بە ڕۆژەڤێکی جیهانی.

 

 
یاتر دواو وتی: دەتوانین لە دوولایەنەوە سەیری ئەم پرسە بکەین، لایەنی یەکەم سیستمێکی نێودەوڵەتییە کە هەوڵدەدات دەسەڵاتداریی بە سەر کورددا ڕابگرێت و هەبوونی کورد ئینکاری بکات، لەلایەکی دیکەوە تێکۆشانی کوردە، کورد لە پێناو هەندێک بایەخدا بەرخۆدانی کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی قازانجکردنی کورد، کورد بۆ چارەسەکردنی کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تا ئەو ڕادەیەی بتوانێت ڕۆڵ دەگێڕێت، بە گێڕانی ڕۆڵێکی وەهاش کورد نەیتوانی دەرئەنجام و دەستکەوتی پێویست بە دەست بێنێت، یەکێتی نەتەوەیی لە چوار پارچەی کوردستان پێک نەهاتووە، چونکە یەکێتی نەتەوەیی تێگەیستنێکی نەتەوەیی پێویستە، لە دۆخێکی وەکو ئەمڕۆدا قەیرانەکان بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبوونەتەوە، کاتێک سەیر دەکەین لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەوتنی سیاسی ڕوویداوە، ئەگەر دۆخی باشوری کوردستان و ئێڕان و تورکیاش بێنینە بەر چاو ئەگەرچی مەترسی زۆر گەورە بۆ کورد دروست دەکەن، بەڵام دیسانەوە ڕێگا بۆ ئازادی کورد کراوەیە.
 

باستان لە پارچەبوونی کورد کرد، بەڵام کاتێک باس لە نەتەوەبوون دەکرێت باس  لە پارچەیەک خاکیش دەکرێت، کاتێک سەیری پارچەبوونی خاکی کورد دەکەین، چ مۆدێلێک لە نەتەوە دێتە بەر چاو؟

 

ڕەزا ئاڵتون: بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پرسی نەتەوە ببێتە ڕۆژەڤ پێویستە هەوڵدان و تێکۆشانی ڕوون و شەفاف ئەنجامبدرێت، ئێستا کورد لە دۆخێکی ناڕوون و ڵێڵ دایە، هەر کەسەو لە بەرەی خۆیەوە کارێک دەکات، یەکەم بنەما بۆ هەوڵدانی نەتەوەیی ئەوەیە کە قبوڵ بکرێت کورد یەک بەشن، پێویستە لە سەر ئەو بنەمایە باس لە وڵاتێکی گشتی بۆ کورد بکرێت، ئەگەر بەم بنەمایەوە لە پرسی کورد نزیک بینەوە توانیومانە لە ئاستێکی نەتەوەییدا قسە بکەین، پارچەبوون شتێکە کە لە دەرەوە بە سەر کوردستاندا سەپێندراوە، بەڕای ئێمە کوردستان یەک پارچەیە، بەم شێوەیە دەتوانین بیرۆکەی وڵاتێکی گشتی پێش بخەین، بەڵام دەستێوەرەدانی دەرەکی بەدرێژەی مێژوو ئەو پارچەبوونەی کردووەتە ئەمرێکی واقع و ڕێگایان نەداوە نەتەوەبوون و باسکردن لە وڵاتێکی گشتی ببێتە پرسی کورد، سەرەڕای هەموو ئەو فشارانەش کورد تا ئێستا نەتەوەبوونی خۆی پاراستووە.

 

 

"پێویستە بە ڕوانگەی وڵاتێکی گشتی بۆ کوردەوە لە پرسی نەتەوەی کوردی نزیک بینەوە، بەم شێوەیە دەتوانین لە چوارچێوەیەکی چارەسەریدا سەیری پرسەکە بکەین، پاش جەنگی یەکەمی جیهانی و پێکهاتنی پەیمانی سایکس-بیکۆ و لۆزان پارچەبوون بە سەر کوردستاندا سەپێندرا، دواتریش هەر حزبێک باسی لە پارچەی خۆی کرد و جەختیان کردەوە لە سەر چوارپارچەبوونی کوردستان، ئەم ڕوانگەیە ئەو پارچەبوونەی چڕترکردەوە، ئێستا و لەم قۆناغەدا هەوڵدان بۆ بەستینی کۆنگرەی نەتەوەیی دەتوانێت بە واتای تێپەڕکردنی ئەو بیرۆکەی چوارپارچەبوونە بێت، پێویستە هەر چوار پارچەی کوردستان وەکو نەتەوەیەک بێنرێتە بەر چاو، پێویستە لەم پارچەبوونەدا بیر لە چارەسەرییەک بۆ سڕینەوەی بکرێتەوە، بیرۆکەی وڵاتی گشتی دەکەوێتە خزمەتی نەتەوەبوونی کوردەوە، ئەگەر بەم شێوەیە سەیری پرسەکە بکەین دەتوانین باشتر تێی بگەین".

 

لە ساڵی ٢٠١٣دا کورد هەوڵیدا بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، بەڵام پێش ئەوەی سەربکەوێت بەربڵاو و پەرتەوازە بووەوە، ماوەیەک پێش ئێستاش ڕاوێژێکی نەتەوەیی بەڕێووەچوو، بەڵام هەندێک لایەنی سیاسی کورد بەشداری ئێوە دۆخی ئێستا و ئەو ئاڵۆزیانە چۆن دەنرخێنن؟

 

ڕەزا ئاڵتون: ئێستا دۆخەکە زۆر جدییە، بەم شێوەیە هێزە سیاسی و ناوچەییەکان کوردستانیان پارچەکردووە و لەیەکیان جیاکردووەتەوە، لە واقعی نێودەوڵەتیدا و پارچەکردنی کوردستان لەو واقعەدا شانسی ئێمەی کورد زۆر کەمە، نە دەسەڵاتی نێودەوڵەتی ئەو یەکبوونەی پێ قبوڵ دەکرێت و نە دەسەڵاتە ناوچەییەکان، بۆیەش هەر کاتێک هەوڵدانی کورد بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی هاتووەتە ئاراوە، هێزە ناوچەییەکان و دەسەڵاتی جیهانی دەستێوەردانیان کردووە، بەڵام مەسەلە تەنیا دەسەڵاتداری و هەژموونی جیهانی نییە، مەسەلەکە پەیوەندیدارە بە هێزە ناوچەییەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان پێکەوە، لەم تێکۆشانانەی ڕابردوودا ئێمە قازانجمان کردووە و بۆیەشە هێزە داگیرکەرەکان پێی مورتاح نین، کاتێک ئەو هێزانە دەستێوەردانیان کرد، ئەو لایەنانەی پێداگرن لە سەر پارچەبوون دیسانەوە چوونە ژێر کاریگەریانەوە، بۆیەش تێکۆشانەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بە ئەنجام نەگەیشت.

 

"بێگومان کاتێک تێکۆشانی یەکێتی نەتەوەیی دەستیپێکرد و بە ئەنجام نەگەیشت وەکو زیانێک نرخێندرا بۆ خەباتی نەتەوەیی، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، کورد لە ساڵی ٢٠١٣دا بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی لە دۆخێکی سەختتردابوو، ئەو کاتە هێشتا قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگەیشتبووە ئەم ئاستەی ئێستا، لە ٢٠١٣ وە بۆ ٢٠١٧ چوار ساڵ تێپەڕبووە، زۆر شت گۆڕاوە، هێرشەکانی داعش ڕوویدا و سیاسەتەکانی ئێران و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی گۆڕان، هەروەها دۆخی سیاسی لە باشور و رۆژئاوای کوردستانیش گۆڕان، هەموو شتەکان سەروژێر بوونەوە، دۆخی نوێ و دەرفەتی نوێ پێکهات، ئەگەر پاش هەموو ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد بتوانێت دەستکەوتەکانی خۆی بەدەست بێنێت بەو واتایەیە کە کورد توانیوەیەتی قازانج بکات لەو ئاڵۆزیانە، لە چوار ساڵی ڕابردوودا ئێمەی کور دەستکەوتی گەورەمان بە دەست هێناوە، بۆیەشە ئێستا بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی دەرەفەتی گەورەترمان لە بەر دەستدایە.

 

"گرنگ ئەوەیە، کە ئێستا پێویستە بۆ پێشکەوتنی زیاتر چ سیاسەتێک بگرینە بەر، هەموو لایەنەکانی چوار پارچەی کوردستان پێکەوە کۆبوونەوە پرسی یەکێتی نەتەوەیان خستە بەر باس، ئەمانە بە نیازی خراپەوە ئەنجام نەدراون، بۆ پێشکەوتنی بیرۆکەی نەتەوەبوونی کورد ئەمە بە شێوەیەک چارەسەرییەکە، بەڵام تەواو نییە، چونکە پرسی نەتەوەیی کورد لە چەند لایەنەوە تووشی کێشەیە، نەتەوەبوونی کورد پشت دەبەستێت بە وڵاتێکی گشتی بۆ کورد، بەڵام ئەگەر نەتەوەبوون پشت ببەستێت تەنیا بە پارچەیەکی کوردستان ئەمە کێشەکان زیاتر دەکات، هێزە دەرەکەییەکان لە قۆناغە جیاکانی مێژوودا دەستێوەردانی دۆخی ناوخۆی کوردستانیان کردووە و ئەو تێڕوانینی پارچەبوونیان لە نێوانماندا بەهێزترکردووەتەوە، بۆیەش هەموو بانگەوازییەکی نەتەوەیی ناکرێت وەکو هەوڵدان بۆ یەکێتی نەتەوەیی لە بەر چاو بگیرێت، پێویستە بخرێتە بەر باس و لە لایەنە جیاوازەکانەوە لە بارەیەوە پرسیار بکرێت، بۆ پێکهێنانی نەتەوەیەک پێش هەموو شتێک پێویستە زهنییەتی نەتەوەیی پێش بخرێت، ئەگەر لە دەوری زهنییەتێکی نەتەوەیدا کۆببینەوە، ئەو کاتە پرسی نەتەوەبوونی کوردیش زیاتر جەماوەری دەبێتەوە و لە دڵی کۆمەڵەگا جێگر دەبێت، نزیکتیرن پێناسە بۆ ئەو بیرۆکەیە لە نەتەوە کردنەوەی ماڵێکە بۆ کورد بەگشتی.

 

بەڕای ئێوە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان کە هەندێک لایەن بۆ پێشکەوتنی یەکێتی نەتەوەیی ئەنجامی دەدەن، هەوڵدان بۆ یەکێتی نەتەوەیی بەردەوام دەبێت؟

 

ڕەزا ئاڵتون: پێویستە بانگەوازی هەموو نەتەوە بکرێت، بێگومان حزبە سیاسییەکان لەم نێوانەدا زۆر گرنگن، ڕەتی ناکەینەوە کە ئەم کارە بە پێشەنگایەتی پارتییە سیاسییەکان ئەنجام دەدرێت، بەڵام پێویستە هەمووان بۆ پێشکەوتنی یەکێتی نەتەوەیی تێبکۆشن، ئەگەر تێکۆشان لە ئاستێکی سنوورداردا ئەنجام بدرێت، شانسی سەرکەوتنیش زۆر کەم دەبێت، بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەبێت بانگەوازی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، پێکهاتە جیاوازەکانی ڕۆشنبیران بکرێت، دەبێت هەمووان لەو هەنگاوە سیاسییەدا بەشداربکرێن، بەو شێوەیە توانایەکی نهێنی دێتە ئاراوە، تێکۆشان ئەگەر بەو شێوەیە ئەنجام بدرێت ئینجا ئەنجامی ئەرێنی لێدەکەوێتەوە، تێکۆشانێکی نەتەوەیی کە کۆمەڵگا لە بەر چاو نەگرێت ناتوانێت سەربکەوێت.

 

"لەلایەکی دیکەوە پێشخستنی فکر و بیری نەتەوەیی لە هەموو شتێک گرنگترە، ئەگەر ڕێککەوتنێک نەبێت لە سەر پێناسەی نەتەوە ئەو کات کێشە دروست دەبێت، ناتوانین بڵێین، بەهۆی نزیک نەبوونەوەی چەند لایەنێک لە نەتەوەبوونی کورد، دەبێت هەموو بەرژوەندییە نەتەوەییەکان بکەینە قوربانی، پێویستە سەرەڕای بەشدارنەبوونی ئەو هێز و لایەنانە بیرۆکەی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەیی پێش بخەین، یەکێتی نەتەوەیی پرسێکی بەپەلەیە، هیچ ئاستەنگییەک ناتوانێت ڕێگربێت لە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی، هیچ شتێک ناتوانێت ببێتە هەڵپەساردنی، بۆیە پێویستە سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگیانە پێداگربین لەسەر یەکێتی نەتەوەیی بۆ بەرگری کردن لە دەستکەوتەکانمان، باش دەزانین ئەوانەی لە دەرەوەی ئەم بازنەیەدا دەجووڵێنەوە شتی زۆر گرنگ لە دەست دەدەن".

 

هەر پارتێکی سیاسی شوناسێکی ئایدیۆلۆژیی هەیە بۆخۆی، کاتێک بانگەوازی دەکرێت بۆ یەکێتی نەتەوەیی و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، شوناسی هەر حزبێکی سیاسی چۆن لەو یەکێتی نەتەوەییدا جێ دەگرێت؟ یەکێتی نەتەوەیی چۆن ئەو جیاوازیانە لە ناو خۆیدا جێ دەکاتەوە؟

 

ڕەزا ئاڵتون: کاتێک چەمکی نەتەوە بەکاردێنین، هەوو بیرۆکە و ئادیۆلۆژی و سیاسەتە جیاوازەکان دەگرێتەوە، دۆخێکی ئایدیۆلۆژی ناتوانێت نوێنەرایەتی ڕەوتێکی سیاسی بکات، نەتەوە خاوەنی ژمارەیەک تایبەتمەندییە کە لە کۆمەڵگا و باوەڕ و ئیتنیک و مەزهەب و ئایینەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە چەمکی نەتەوەی دیموکراتی زیاتر لە هەموو جۆرە تێڕوانینێکی دیکە هەموو ئەو جیاوازیانە دەگرێتەوە، نەتەوەی دیموکراتی بە واتای قازانج و سوودی هاوبەشی نەتەوەییە، فرەڕەنگی ئاستەنگییەک لە بەر دەم یەکێتی نەتەوەییدا دروست ناکات، بەپێچەوانەوە ئەوە بە واتای دەوڵەمەندیی نەتەوەیەک دێت، ئەوەی کە لایەنێک پارچەیەک وەکو نەتەوە پێناسە بکات ڕاست نییە.

 

"پێش هەموو شتێک ئێمە ڕەخنە لەو ڕوانگەیە دەگرین، ئەوەی کوردستان پاڕجەبکەین و بە دەسەڵاتداری خۆمان بمانەوێت پێگەیەکی سیاسی بۆخۆمان دامەزرێنین، هەوڵدانێکی نەتەوەیی نییە، ئەوە هەڵەیە، بەم بنەمایەوە ناکرێت باس لە نەتەوە بکەین، بەڵام ئەگەر لە سەر بنەمای ئازادیی کورد لە دەرەوەی هەموو جیوازییە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانەوە باس بکەین بەو شێوەیە دەتوانین نزیک ببینەوە لە واتای ڕاستی نەتەوە.

 

لە هەوڵدانی کەنەکە دا باسی مافی چارەنووسی کورد کراوە و باس لەوەش کراوە، کە ئەوە هەر چوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە، بە بۆچوونی ئێوە ئەگەر هەر پارچەیەک چارەنووسی خۆی دیاری بکات، ئەو کاتە پەیوەندی نێوان پارچەکان چۆن دەبێت؟ لە باشوری کوردستان ئێستا ڕیفراندۆم ڕۆژەڤە، هەڵوێستی ئێوە وەکو پەکەکە لە بەرامبەر ڕیفراندۆمی باشوری کوردستاندا چییە؟

 

ڕەزا ئاڵتون: مافی مرۆڤ بۆ هەمووان ڕەوایە و کەس نییە ئەوە نەزانێت، ئەوەی کە مافی نەتەوە چۆنی باس لێدەکرێت پەیوەندی بە هەندێک هاوسەنگی سیاسییەوە هەیە، بە بۆچوونی ئێمە مافی نەتەوەکان ڕەوایە، ئەگەر لە سەر ئەو بنەمایانەی پێشتر قسەمان لێکرد باسەکە بنرخێنین دەڵێین نەتەوەی کورد ئەوە مافەی هەیە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بەڵام ئەگەر لە چاوی تەنیا پارچەیەکەوە سەیری پرسەکە بکرێت، ئەو کاتە واتە باس لە جیاکردنەوە دەکرێت، دابڕینی پارچەیەک لە پارچەکانی دیکە، ئەو تێڕوانینە ئاستەنگی گەورە دروست دەکات لە بەرامبەر بیرۆکەیەکی نەتەوەییدا، پێویستە چارەنووسی هەر چوار پارچەی کوردستانمان بەردەام لە بەرچاودا بێت، ئەوەی کە ئێستا ئەمری واقعە جیابوونی چوار پارچەی کوردستانە لە یەکدی، پێمانوایە تێڕوانینێکی ڕاستی نەتەوەیی چارەنووسی هەر چوار پارچەکە پێکەوە دەبینێت، بۆ هەر پارچەیەک چارەسەرییەک دیاریدەکات بۆ گەیشتن بە قازانجێکی گشتی، لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر پارچەیەک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەوڵدەدات نابێت کێشە دروست بکات بۆ پارچەکانی دیکە، پێویستە پەیوەندییەکانی نێوانیان تەندروست بێت، ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت کێشەی زۆر بنەمایی ڕوودەدەن کە پێشتریش باسمان کردن.

 

 

"ئەگەر ڕیفراندۆم لە سەر دەستەبەرکردنی مافەکانی پارچەیەک و دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەییدا دابمەزرێت، بە هیچ شێوەیەک ناتوانین دژایەتی بکەین و دژایەتیشی ناکەین، بەڵام ئێستا پرسیار ئەمەیە، کە ئایا ئەو ڕیفراندۆمە لە سەر داواکاریی هەموو خەڵکی باشوری کوردستان بەرێوەدەچێت یان لەر سەر پێداگری تەنیا لایەنێکی سیاسی؟ ئەگەر چەند لایەنی سیاسی کۆببوونایەتەوە و بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی چارەسەرییەکیان بدۆزیایەتەوە، دیسانەوە قبوڵ دەکرا، بەڵام نازانین کە ئەوەی لە باشوری کوردستان ڕودەدات داواکاریی هەموو نەتەوە دەگرێتەوە یان نا، بۆیەش کێشە دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر هەمووی نەتەوە بەشداری ببن بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بەتەواوی ڕەوایە، بەشداربوون یان بەشدارنەبوونی لایەن و هێزەکانی دیکە زۆر گرنگە، ئەگەر وەکو دیاریکردنی مافی چارەنووسی نەتەوە سەیری بکەین زۆر بە ڕەوای دەزانین، بەڵام ئەگەر کەسێک یان لایەنێک بە تێڕوانینێکی هەڵەوە هەستێت بە ئەنجامدانی ئەو ڕیفراندۆمە و بۆچوونی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی خۆی بەسەردا بسەپێنێت ناتوانین بەڕوای بزانین".

 

"کەوایە ئەگەر ڕیفراندۆم بە داواکاریی نەتەوە و هەموو ڕێکخراو لایەن و هێزەکانەوە ئەنجام بدرێت ئەوە زۆر ڕەوایە، بەگشتی ئەگەر ئەگەر لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە داواکاری بۆ ئەو ڕئفراندۆمە نەکرابێت و لە ناوخۆشدا بە گوێرەی یاسا ناوخۆکان نەجووڵابێتەوە ئەو کاتە ڕەوابوونی وەها ڕیفراندۆمێک دەچێتە ژێر پرسیارەوە".

 

ئێستا باس لە یەکگرتنی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکرێت، لە بواری سیاسیدا کۆنگرەی نەتەوەیی لە کوێی ئەو یەکگرتنەدا جێدەگرێت؟

 

ڕەزا ئاڵتون: پێموایە هێشتا کێشەکانی یەکێتی کورد نەک چارەسەرنەکراون، بەڵکو زۆر قووڵیش بوونەتەوە، ئێستا لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان باسەکان لە سەر پارچەچێتی و پارچەبوون دا دادەمەزرێن، پێویستە ئەو قۆناغە تێپەڕبکرێت، بە بۆچوونی من پێویست ناکات پڕۆژە پێشووەکان کە بە ئەنجام نەگەیشتوون دووبارە زیندوو بکرێنەوە، کێشەی سەرەکی تێڕوانینێکە کە لە سەر بنەمای پارچەبووندا دامەزراوە، لێڕەدا تێڕوانینی وڵاتێکی گشتی بوون لە بەرامبەردا دەبێت پێش بخرێت.

 

"بەگشتی لە چوارچێوەی چەمکی نەتەوەی دیموکراتیدا ئێستا ئەو تێڕوانینە لە سەرتاسەری کوردستان پێش خراوە، پێویستە سوور بین لە سەر دژایەتیی پەیمانی سایکس-بیکۆ،  بەو شێوەی تێڕوانینی وڵاتی گشتی پێش دەکەوێت و نەتەوەیەک پێک دێت کە هەمو پارتییە سیاسییەکان لە خۆیدا جێ دەکاتەوە، پاش ئەوەی بەو تێڕوانینە بگەین و تێڕوانینی پێشوومان تێپەڕبکەین، ئینجا دەتوانی بە ڕوونی باس لە مۆدێلێکی نەتەوەیی بکەین، کۆنگرەی نەتەوەییە یەکێکە لەو مۆدێلانە".

 

"ئەگەر هەر ئێستا بایەخەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا یان هەر شوێنێکی دیکەی وەکو باشور پێکەوە کۆبکەینەوە چ ڕوودەدات؟، جگە لە خەسارکردنی ئەو بایەخانە هیچی دیکەمان دەست ناکەوێت، بەڵام ئەگەر بایەخە ڕاستییەکان لە پارچە جیاوازەکاندا بپارێزین و لە دەوری یەکدی کۆیان بکەینەوە ئەوکاتە دەتوانین بڵێین بەڵگەیەکی سیاسی هاوبەشمان پێکهێناوە، بەڵام بۆ پێکهێنانی وەها بەڵگەیەک پێویستی بە هاوفکریییەکی دیموکراتی لەلایەن هەموو کەسەوە هەیە".

 

"ئایا ئێستا بەڵگەیەکی هاوبەش هەیە بۆ کورد؟ پێموایە نا، لە ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕش پێکدێت و بەشداری لە ئاستی سەیرکردندا سنووردار دەمێنێتەوە، سەیرکە کە لەوێ کۆمەڵکوژی ڕوودەدات، هەر کەسێکیش بەگوێرەی خۆی سەیری دەکات، لە ڕۆژهەڵات پێشکەوتن پێکدێت هەمووان تەنیا لە ڕوانگەی خۆیانەوە سەیری دەکەن، لە باشور پێگەیەکی ڕوون و دیار هەیە و هەموو کەسێکیش بەگوێرەی خۆی و لە ڕوانگەی خۆیەوە لێی نزیک دەبێتەوە، پێویستە بۆ پێکهێنانی ئەو بەڵگە هاوبەشەی باسمان لێکرد، ئەمانە تێپەڕبکرێن، ئەو کاتەی پێویستە لە ڕۆژئاوا بەرگری بکرێت لە شۆڕش لە بەرامبە کۆمەڵکوژیی ئەردۆغاندا بوەستین و پشتگیریی تواناکانی نەتەوەکەمان بکەین لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە بەرامبەر چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی باشوری کوردستان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین، ئەمە زۆر گرنگە".

 

هەموو پارچەکان هێزی سیاسی و سەربازییان هەیە، لە تێڕوانینێکی نەتەوەییدا هێزی سەربازی چۆن خۆی دەدۆزێتەوە؟

 

ڕەزا ئاڵتون: نابێت قەت بکەوینە ناو هەڵەیەکی بەو شێوەیەوە، لە ژێر ناوی یەکێتی نەتەوەییدا پارچەکان ڕەتناکرێنەوە، هەروەها بایەخە جیاوازەکانیش ڕەت ناکرێنەوە، یەکگرتنی نەتەوەیی بە واتای کۆبوونەوە لە دەوری بەرژەوەندییە هاوبەشەکانە، ئەوەی کە لە ژێر چەترێکی دیموکراتدا یەکدی قبوڵ بکەین، ڕاستە هەموو لایەنێک هێزی سەربازیی خۆی هەیە، ئەوەی چ هێزێک بۆ چ پارچەیەک پێویستە، لە ناو کۆنگرەی نەتەوەییدا دەبێت بڕیاری لە سەر بدرێت، لەوێدا هێزێکی هاوبەش بۆ کورد دیاری دەکرێت، کۆنگرەی نەتەوەیی دیاری دەکات کە هەر پارچەیەک تا چ ڕادەیەک هێزی پێویستە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکان".

 

"کاتێک سەیری ئەمریکا یان ئەوروپا دەکەین ئەمە بە باشی دەبینین، کوردی باکور هێزی سەربازیی خۆیان هەیە، لە ڕۆژهەڵات و باشور و رۆژئاواش هەروا، لەسەر هەموو پارچەیەکیش هەڕەشە و هێرشی دوژمن هەیە، واتە کاتێک داعش هێرشی کردە سەر مەخمور، ئەگەر لەو کاتەدا باس لەوە بکرایە کە ئایا مەخمور سەربە پارتییە یان یەکێتی چ ڕوویدەدا؟ ئەو کات هەولێریش دەکەوت، ئەگەر هەولێر بکەوتایە چ دەبوو؟ ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی پێکبێت بڕیار دەدات بۆ هەر شوێنێکی کوردستان کە هەڕەشەی لە سەر بێت هێز دابنرێت بۆ بەرگری لەو شوێنە، بۆیە پێموایە تێکۆشانی کەنەکە لە دۆخێکی وەکو ئێستادا زۆر گرنگە، زۆر باس و گوفتوگۆ کراوە و سەرئەنجامیش ئەنجامێکی وەهای لێنەکەوتووەتەوە، ئەوە باش نییە، بۆیەش ئێستا پێویستە ڕەخنە بگیرێت لە تێکۆشانەکانی پێشو بۆ ئەوەی ئەو کێشانە دووبارە نەبنەوە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin