Smiley face
Smiley face
Smiley face

کەمال کەرکوکی: بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر دەكەین

2017-10-01 08:19:17



ڕۆژنیوز - ڕێباز سەباح

 

فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای كەركوك، کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، پێیوایە کە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر دەکەن، هاوکات ڕاشی وایە کە ڕیفراندۆم ئایندەی کەرکوک سەقامگیر دەکات.

 

محەمەد قادر عەبدوڵڵا، ناسراو بە كەمال كەركوكی، فەرماندەی ئێستای میحوەری ڕۆژئاوای كەركوك، سەرۆکی پێشووی خولی سێیەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دەرئەنجامەكانی دوای ڕیفراندۆم بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت و باسی بارودۆخی كەركوك و باشووری كوردستان و ناوچەكە دەكات، پێشیوایە کە هیچ مەترسییەك ڕوونادات و هەموو كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر دەكەین.

 

ئێستا داهاتووی كەركوك چۆن دەبینن، ئایە ڕیفراندۆم ئێستا بۆ كەركوك گرنگ بوو؟

 

" ئەو ڕێژە دەنگەی لە ڕیفراندۆم بەدەستهات، زۆرینەی دەنگی خەڵكی كەركوكە"

 

كەمال كەركوكی: زۆر زۆر گرنگ بوو کە ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجام بدرێت، چونكە هەموو كەسێك دەزانێت بە هەموو دیكۆمێنتێكی مێژوویی كەركوك پارچەیەكە لە كوردستان، خەڵكی كوردستان ڕەزامەند بوون كاتێك دەستوور نوسرایەوە مادەی 140 ی بۆ دابندرێت و بە دوو ساڵ جێبەجێ بكرێت، دەبوایە ساڵی 2007 جێبەجێ بكرایە، بەڵام ئێستا 2017 یە تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تر خەڵكی كوردستان وەك پارچەیەك خستییە بەر ڕیفراندۆمەوە، ڕیفراندۆمیش وەك بینیمان 78% خەڵكی كەركوك دەنگی بۆ دا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هەر كورد دەنگی بۆ نەداوە توركمانیش دەنگی بۆ داوە و عەرەبیش دەنگی بۆداوە، كلدان و سریان و ئاسوری و ئەرمەنی و سابیئەش دەنگی بۆداوە، چونكە ئەو ڕێژە دەنگەی لە ڕیفراندۆم بەدەستهات، زۆرینەی دەنگی خەڵكی كەركوكە، هەروەها ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش بەزۆرینەی دەنگ دەنگی دا بۆ ڕیفراندۆم، لەبەرئەوە دەبێت خەڵكی ئەو شارە لەو نەهامەتی و هەژاری و دڵە ڕاوكێیە ڕزگار بكەین.

 

 

پێتانوانییە ئەو ڕیفراندۆمە داهاتووی كەركوكی مەترسیدارتر كرد؟

 

"ئەم ڕیفراندۆمە ئایندەی كەركوك سەقامگیردەكات"

 

كەمال كەركوكی: بەپێچەوانەوە ئەم ڕیفراندۆمە ئایندەی كەركوك سەقامگیردەكات، چونكە هەتا لەم بارودۆخە دابێت و چارەنووسی خۆی نەزانێت، وەك هەموو دەزانن كە داعش هات ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە لە بارودۆخی موسڵ خراپتر دەبوو، بۆیە باشترین شت ئەوەبوو خەڵكی كەركوك لە ڕیفراندۆم دەنگی دا، پاشان ئەگەر بەخێر بچێتەسەر، لە دەوڵەتی سەربەخۆی فیدراڵی كوردستان كەركوك دەبێتە هەرێمێك و بارودۆخێكی تایبەتی دەبێت بۆ توركمان و عەرەب و كلدان و سریان و سابیئە و ئەرمەنی، تەنانەت بۆ كوردیش كە پێكەوە ژیانێكی ئارام و بەختەوەر بەسەر ببەن و سوود لە داهاتی ئەو شارە وەربگرن، چونكە ئێستا دەبینین هەژارییەكی زۆر ڕووی لە خەڵكی ئەو شارە كردووە.

 

هەمیشە كەركوكییەكان ڕەخنەی ئەوە دەگرن، كە پارەی شارەكەیان بۆ خۆیان خەرج ناكرێت و لە نێوان هەولێر و بەغدادا لەناو دەچێت، وەڵامتان چییە بۆ كەركوكییەكان؟

 

"ئەمڕۆ كەركوك بریندارە، بارودۆخی خراپە"

 

كەمال كەركوكی: زۆر ڕاستە، بەڵام تا ڕادەیەك شتێك بۆ شاری كەركوك كراوە بەو ئیمكانەتەی كە هەیە، بەڵام ئەگەر كەركوك بووە هەرێمێكی فیدراڵیی، ئەوكات پەرلەمانی خۆی دەبێت و ئەنجومەنی وەزیرانی خۆی دەبێت، سەرۆكی هەرێمی خۆی دەبێت، داهاتی شارەكەی بۆ خۆی دەبێت و تەسەروف بەو داهاتەوە دەكات، وەختی خۆی هەوڵ درا كەركوك ببێتە پایتەختی هەرێمی كوردستان، بەس بەداخەوە ئەو هەوڵە سەری نەگرت، ئەگینا ئێستا كەركوكیش وەك هەولێر دەبوو، كە دەبینین چ گۆڕانكارییەكی پێوەدیارە و پێشكەوتووە، تەمەننا دەكەین ئەو كاتەی كەركوك دەبێتە هەرێمێكی فیدراڵیی‌ ئەو كات داهاتەكەی سودێكی باشی هەبێت بۆ باشكردنی بارودۆخی شارەكە لە هەموو ڕوویەكەوە، ئەمڕۆ كەركوك بریندارە، بارودۆخی خراپە، دەستكورتی زۆری پێوە دیارە، ئێمە دڵمان لەگەڵیانە، بۆیە تەمەننا دەكەین ئەو داهاتەی كە هەیە دانیشتوانی شارەكە سودی لێببینین و شارەكانی تری كوردستانیش سودی لێ ببینین.

 

 

هەرێمی كوردستان ڕووبەرووی گرفتی سوتەمەنی بووەتەوە، سنوورەكان بۆ سووتەمەنی داخراون، کاتێک ئەو نەهاتنە بەردەوام بێت، بەدیلی ئێوە چییە بۆ هاوڵاتییان؟

 

"هەمووی بە دیالۆگ چارەسەر دەبێت"

 

كەمال كەركوكی: هەموو هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی بارودۆخەكە ئارام بێت و كارەكان بەئاسایی بڕوات، هەموو ئەوانەی ئێستا باسی لێوەدەكەن كە گوایە كێشە دروست دەبێت ئەمانە هەمووی بە دیالۆگ چارەسەر دەبێت ئەوكات كێشەكان چارەسەر دەبن.

 

توركیا هەمیشە بۆردوومانی خاكی هەرێم دەكات، ئێوە بۆ فشار ناخەنە سەر توركیا ؟ ئەگەر بیانوو پەكەكەیە، ئەوە چالاكی پەكەكە لە خاكی باكور و توركیادا زیاترە، بۆ توركیا ئەوەندە دێتە قوڵایی هەرێمەوە كە مەدەنی بكاتە ئامانج؟

 

"پێویستە بە ئاشتی چارەسەری پرسی كورد بكات لە باكور"

 

كەمال كەركوكی: بەردەوام لە گەڵ توركیادا هەوڵدراوە و كار كراوە، دیالۆگ كراوە، وتومانە کە پێویستە بە ئاشتی چارەسەری پرسی كورد بكات لە باكور، تاكە ڕێگاش بۆ گشت لایەنەكان ئەویە كە بەئاشتی بە دیالۆگ بەبێ توندوو تیژی پرسەكان بە ڕێگایەكی دیموكراسی چارەسەر بكرێن، هەموو پێكهاتەكانی باكوریش بە ئارامی بژێن و ژیانیان بەرەو بەختەوەری زیاتر بڕوات.

 

بەردەوام توركیا و ئێران سنووری هەرێم دەبەزێنن، گرەنتی چییە لە داهاتوودا هێرشەكان فراوانتر نەبنەوە، بۆچی هەرێم بەردەوام لە بەرامبەر ئەو دوو وڵاتەدا بێ هەڵوێستە؟

 

"هەر گەلێك دەتوانێت لەسەر خاكی خۆی بڕیار بدات بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی"

 

كەمال كەركوكی: ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەوڵماندا ڕیفراندۆم بكرێت، ڕیفرانۆم مافی گشت گەلێكە لەسەر زەمین بەبێ جیاوازی، بەپێی پەیمان و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەپێی مافی مرۆڤ بەپێی پرۆسەی دیموكراسی هەر گەلێك دەتوانێت لەسەر خاكی خۆی بڕیار بدات بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی، لەبەرئەوەش گەلی كوردستان بۆ ئەوەی بەو مافەی بگات، ئەو كات وەك و دەوڵەتێكی سەربەخۆ نوێنەری دەبێت لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاڵای دەبێت لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوكات حەسانەی دەولی دەبێت وەكو دەوڵەتێك، ئێستا وەك و پارچەیەكین لە عێراق وا سەد ساڵە بەردەوام هەموو جۆرە تاوانێك دژی كوردستان ئەنجام دراوە لە سی ساڵی ڕابردوودا پێنج جار جینۆساید كراوین، كیمیا باران كراین، ئەنفال كراین، 4500 گوندمان خاپور كرا، 182000 كەسمان زیندەبەچاڵ كران، ئەوكاتە بە هەبوونی حەسانەی دەولی ئەمانە دووبارە نابنەوە.

 

 

ئەگەر توركیا مامەڵەی ئابووری لەگەڵ هەرێم نەكات، بۆ ئابووری هەرێم چ پلانێكی هەیە؟

 

"ئەوەیان بۆ ناچێتەسەر"

 

كەمال كەركوكی: ئەوەیان بۆ ناچێتەسەر، هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی جوگرافی بەهێزی هەیە، سەرزەمینێكی دەوڵەمەندە، ئەوبو کە پێویستی بە غاز و نەوتی كوردستان بوو، هەروەها ڕوسیاش پێویستی پێی هەیە، توركیا ناوچەیەكی جوگرافی بەشەنسی هەیە، چونكە توركیا ئینێرژی نییە، بەڵام ڕێگای هەیە، بەڵام كوردستان ئینێرژی هەیە و ڕێگای نییە، بۆیە پێویستیان بەیەك دەبێت، لەلایەكیشەوە بازرگانییەكی باش لە نێوان ئەو وڵاتە و هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەوروپاش پێویستی بەو وزەیەی كوردستان هەیە، توركیا و كوردستانیش پێویستیان بە ئەوروپا هەیە، بۆیە ئەو پەیوەندییە و ئەو بارودۆخە جوگرافییە گرنگەی هەر وڵاتێك، بەگوێرەی خۆی خۆی فەرز دەكاتە سەر هەر وڵاتێك كە نێوانیان باش بێت بەئاشتی و بە دیالۆگ كێشە كان چارەسەر بكەن.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانییەكی بەهێزی توركیا بوو، بۆچی ئێستا وا دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكات؟

 

كەمال كەركوكی: ئێمە ئومێدەوارین ئەوەش چارەسەر بكرێت و بە دیالۆگ بگەینە ڕێككەوتنێك، ئەو پەیوەندییە باشەی كە هەبوو، بگەڕێتەوە و بەردەوام بێت.

 

لە كەركوك بەشێكی یەكێتی لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبوو، پێتانوانییە سەرەتا یەكدەنگی كورد لە هەموو پرسەكان گرنگترە؟

 

"پێموایە هەموو لایەنەكان لە گەڵ ڕیفراندۆم بوون"

 

كەمال كەركوكی: من پێموایە هەموو لایەنەكان لە گەڵ ڕیفراندۆم بوون، لە پێشدا بۆچوونی جیاواز هەبوو، بەڵام لە كۆتاییدا هەموو لایەك هاتنە سەر خەت و داوایان لە هاوڵاتییان كرد دەنگ بدەن بۆ ڕیفراندۆم، من خۆم لە گەڵ زۆرێك لەو بەڕێزانە بووم وەك كۆسرەت ڕەسول، ئاسۆ مامەند، د.نەجمەدین، ڕزگار عەلی، ڕەفعەت عەبدوڵا و سەعدی ئەحمەد پیرە، هەمووان ئاگامان لەیەك بوو، هەموومانیش لەگەڵ ڕیفراندۆم بووین، بەڵام لێرە و لەوێ هەندێك قسە دەكرێت ناكرێ بڵێی لایەنێكی سیاسی لەگەڵی نەبوو، وەك بینیشمان لە ڕۆژی 25ی9 هەموومان دەنگمان دا، بەڕای من ڕیفراندۆم لە حزب گەورەترە، چونكە بۆ ڕیفراندۆم میلەتێك دەنگ دەدات، میلەتیش لە حزبەكان گەورە ترە زاناترە، پاكترە، ئەم ڕیفراندۆمەش بۆ ئەوە بو خەڵك بڕیار بدات نەك حزبێك بڕیار بدات.

 

تاچەند پشتیوانی لە كۆنگرەی نەتەوەیی دەكەن بۆ كورد؟ ئایا گرنگی یەكدەنگیی كورد تا چەند لە كەركوك بە گرنگ دەزانن لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا؟

 

كەمال كەركوكی: گشت نەتەوەیەك، گشت لایەنێكی سیاسی گرنگە، بۆچوونە جیاوازەكیانیان لەبارەی سیاسەتەوە وەلاوە بنرێن، بێنە ڕیزی خەڵك، ئیحتیرامی گەل بگرن، ئیحتیرام گرتن لە گەل واتا سەركەوتن، پێویستە هەموومان لەو ئاستە بین كە لە خزمەتی گەلەكەمان دابین.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin