Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئارێز عەبدوڵڵا: بێباکیی لەئاست کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامی باش نابێت

2017-10-03 08:54:31



ڕۆژنیوز - دڵشاد خۆشناو

 

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ڕای وایە کە خوێندەنەوەی دەسەڵات بۆ هەلومەرجەکان خوێندەنەوەیەکی هەڵە و بێباکانە بوو، مێژووش سەلماندویەتی هەر دەسەڵاتێک بێباک بووبێت لەئاستی کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکان، ئەنجامەکەی باش نەبووە.

 

ئارێز عەبدوڵڵا کە سەرۆکی فراکسیۆنی (سەوز - یەکێتی)یە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوکات سەرۆکی کۆمسیۆنی نەوت و گازە لە هەمان ئەنجومەن، سەبارەت بە کەشوهەوای ناو پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی پروپاگەندە بۆ بەڕێوەبردنی ریفراندۆم ئاماژە بەوە دەکات کە"لەوێ ئامادەیی زۆر هەبوو، ئەگەر ڕیفراندۆم نەکرێت گفتوگۆ بکرێت، تەنانەت بڕیاربەدەستانی بەغدا لە کۆبوونەوەکان بەخۆمانیان وت، ئێوە ڕیفراندۆم مەکەن، وەرن گفتوگۆ دەکەین، ساڵێک یان دوو ساڵ لە گفتوگۆدا دەبین، با گفتوگۆکانیش بە چاودێری ئەمریکا ببێت، ئەگەر ئێوە باوەڕتان بەو دەستکەوتانە نەهات کە بەدەستی دەهێنن، ئێوە لەماڵی خۆتان و ئێمەش لەماڵی خۆمان".

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

بەرای ئێوە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گونجاوبوو؟

 

ئارێز عەبدوڵڵا: تازە ڕیفراندۆم کرا، پێشتریش بۆچوونی خۆم دەربڕیبوو، پێموابوو زەمین و زەمەنی لەبار نەبوو بۆ ئەو پرۆسەیە.

 

کەواتە کە گونجاو نەبوو، بۆ نەکرا باوەڕ بە بارزانی بهێندرێت بۆ پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە؟

 

"چەند مەرجێکمان هەبوو بۆ ڕیفراندۆم"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: ئەوە دەبێ لەخۆی بپرسن، ئێمە وەکو یەکێتی لەگەڵ ڕیفراندۆم بووین، چەند مەرجێکیشمان هەبوو بۆ ڕیفراندۆم، بەداخەوە ئەو مەرجانەی ئێمە هەمان بوو، ئینکارییان لێ نەکرا کە جێبەجی نەکرێن، بەڵام هەر دوادەخرا و دەستی دەستییان پێ دەکرا، تاکۆتایی کە کاتی ڕیفراندۆم هات، ئەوکاتەش دوای دەرکەوتنی هەڵوێستی وڵاتانی دەوروبەر و زلهێزەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان، پێویست بوو هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، من لە کۆبوونەوە هاوبەشەکان بەشدار نەبووم، بەڵام لەناو خۆماندا ئەو گفتوگۆیەمان کرد وەکو یەکێتی، ئەوەندەی من بزانم داواش کرا کە ڕیفراندۆم بۆ گفتوگۆ بهێڵدرێتەوە، بەڵام دواتر سوربوونێکی زۆر هەبوو لەسەر ڕیفراندۆم، لەکۆتاییدا کە زانیمان ڕیفراندۆم هەر دەکرێت، لەناو یەکێتیدا دوو بۆچوون دەرکەوت، بۆچوونی یەکەم پێیوابوو لەکاتی خۆیدا ڕیفراندۆم بکرێت، بۆچوونێکیش هەبوو لەگەڵ دواخستنی ڕیفراندۆم دابوو، لەکۆتاییدا کە هەر بڕیاردرا، ئێمە وەکو یەکێتی خۆمان بڕوامان بە پرۆسەکە هەیە، چونکە ئامانجێکی سەرەکیمان، مافی چارەی خۆنووسینە، نەدەکرا خۆمانی لێ بەدوور بگرین، بۆیە وەکو یەکێتی بەشداربووین لە پرۆسەکە.

 

دەبینین کە ڕیفراندۆم ئەنجام درا و دەنگی بەڵێیش سەرکەوت، ئایا هیچ هەنگاوێک بۆ دروستکردنی دەوڵەت نراوە؟

 

"ڕیفراندۆم چوارچێوەیەکی یاسایی نییە"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: لەبەر ئەوەی ڕیفراندۆم چوارچێوەیەکی یاسایی نییە، لەبەر ئەوەی ستراتیژێک دیاری نەکراوە، وەکو خۆم هیچ نازانم، بەڵام ڕیفراندۆم هەنگاوی یەکەمە، دواتریش دەڵێین گفتوگۆ، ئەرێ گفتوگۆ لەسەر چی، لەگەڵ کێ و چۆن؟ بەداخەوە کەموکورتی زۆر هەبوو، ئەگەر ڕیفراندۆم و ئامانجەکانی ڕیفراندۆم بە یاسا دەرکرابایە، ئێستا هەموومان بەرچاو ڕوونییەکمان هەبوو، ڕیفراندۆمیش دەریخست کە خەڵکی باشوری کوردستان لەگەڵ سەربەخۆییە، بەڵام ئەو سەربەخۆییە چۆن و کەی دەکرێت؟ ئەوە دیار نییە و بۆ گفتوگۆ هڵێدراوەتەوە.

 

ڕای جەنابیشتان هەر ئەوەیە کە ڕیفراندۆم دەستوریی و ستراتیژی نەبووە، بۆچی خەڵک خرایە ناو ئەو گێژاوەوە، ئەو گرفتانەی کە چاوەڕی دەکرێت ڕووبەرووی خەڵکی هەرێمی کوردستان ببێتەوە، لەپێناو چی؟

 

"ئەوانەی بە نەخێر دەنگیان داوە، ئەوە نییە دژی دەوڵەتی کوردستان بن"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: من وتم یاسایی نەبووە، کۆمەڵێک کەموکورتی لەپێش ڕیفراندۆم هەبوو، لەشێوازی ڕاگەیاندن و کارکردن لەسەری، یەکێک لەوانەش نەبوونی یاسایەک بوو تایبەت بە ڕیفراندۆم، ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پەرلەمان، بڕیاردان لەسەر چارەی خۆنووسین مافی گەلی کوردستانە، هەموو خەڵکی کوردستان لەگەل مافی چارەی خۆنووسین دایە، لە باشوری کوردستانیش ژمارەیەکی زۆر خەڵک بە نەخێر دەنگی داوە، دڵنیام ئەوانەی بە نەخێر دەنگیان داوە، لەبەر ئەوە نییە دژی دەوڵەتی کوردستانن، بەڵام تێبینییان لەسەر کات و شێوازەکەی هەبووە، کۆمەڵێک خەڵک بایکۆتیان کردووە، ئەوانیش تێبینی و سارد و سڕییان هەبووە لەسەر بابەتەکە، پێش ڕیفراندۆم کۆدەنگی نیشتمانی نەبوو، پەرلەمان تا چەند ڕۆژێک پێش ڕیفراندۆم کۆنەببووەوە، خەڵک گلەیی لە حکومەت هەیە، هەموو ئەوانە کارگەرییان هەبوو، دەکرا پێش ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆم کۆمەڵێک هەنگاوی ستراتیژی گرنگ بنرابایە، لە پەرلەمانەوە یاسای بۆ دەرچووبایە، حکومەت سەرپەرشتی بکردایە و دڵنیاییان بدایەتە خەڵک، چونکە خەڵک گومانی زۆری لە حکومەتی هەرێم هەیە، ئەوانە هەمووی کەموکورتی بوون کە بوونە هۆی ئەوەی لە هەندێک شوێن ساردوسڕی هەبێت لەسەر دەنگدان، بەڵام تازە کرا و ئەنجامەکەی باش بوو، خەڵکیش پێشوازییەکی گەورەی لێ کرد، هیچ ڕیفراندۆمێکیش لە دنیادا لەسەدا سەد خەڵک بەشداری ناکات، گرنگ ئەوەی ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک یاسایی بوو، لێرە بەدواوە ئەبێ چی بکرێت و چی ئەکرێت ئەوەیان گرنگە.

 

لە هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان باس لەوە دەکرێت کە ئەو ڕیفراندۆمە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتە، ئەمە تا چەند ڕاستە؟

 

"بەرپرسیارێتییەکە لەئەستۆی حکومەتە"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: بەهۆی ئەوەی کە ئەو ریفراندۆمە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی نییە دەڵێن بۆ دەوڵەتە، کەواتە ئەگەر بۆ دەوڵەتە، کەی و چۆن؟ ئێستا ئێمە ڕووبەڕووی گرفتێکی گەورە بووینەتەوە، ئەمریکا وڵاتێکی زلهێزە و کاریگەری لەسەر عێراق هەیە، ئەمریکا دوای ڕیفراندۆمیش دەڵێت بەهیچ شێوەیەک دان بە ئەنجامەکانیدا نانێین، لەوەش زیاتر نیگەرانی هەیە، من گوێبیستی وتەبێژانی وەزارەتی بەرگری و دەرەوەش بووم، هەردووکیان باسیان لەوە دەکرد کە ئەوان داوایان لە هەرێمی کوردستان کردووە ڕیفراندۆم نەکەن، کە کراوە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە فۆکس لەسەر شەڕی داعش نەمێنێت، ڕاستە لەگەڵ دانپێدانەنانەکە ئاگاداری عێراقیشی کردووە کە پەنا بۆ هێز نەبەن، بەڵام ئەوەش جێگەی پرسیارە کە ئەگەر ئێمە دەوڵەت دروست بکەین، خەڵکی باشوری کوردستان بەرگەی دەرئەنجامەکانی دەگرێت، بەتایبەت کە دەبینین هەماهەنگییەکی زۆر لەنێوان عێراق و تورکیا و ئێران هەیە، بەتایبەت تورکیا شێت بووە و پەنا بۆ هەموو شتێک دەبات، من ئەوەندەی سەیری راگەیاندنەکان دەکەم، ڕۆژ نییە بەرپرسانی باڵای تورکیا لێدوان لەسە ڕیفراندۆم نەدەن، بۆیە لەئەگەری ئابڵۆقە و دروستبوونی شەڕەوە، ئایا خەڵک دەتوانێت بەرگە بگرێت؟ ئایا حکومەتی هەرێم تاچەند ئامادەکاری بۆ ئەوانە کردووە، باوەڕمان هەیە کە گەلی باشوری کوردستان بەرگەی نەهامەتییەکان دەگرێت، بەڵام بەرپرسیارێتییەکە لەئەستۆی حکومەتە.

 

ئێوە وەکو یەکێتی، ئەو مەترسیانەتان نەخستە بەردەم بارزانی کە ئێستا باست کردن؟

 

"دژایەتی ئەنجومەنی ئاسایش کەم نییە"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: مەترسییەکان خراونەتە بەردەم بارزانی، بەتایبەتی دوای دەرچوونی بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەنجومەنی ئاسایش نوێنەرایەتی ١٥ وڵات دەکات، بەکۆی دەنگ بڕیاریان دەرکرد کە ڕیفراندۆم نەکرێت، تاوەکوە ئێستا لەسەر هیچ کێشەیەک کۆدەنگیی بەوشێوەیەی نەبووە، من نازانم چ سیحرێک لەلای دەسەڵاتدارانی کوردستان هەیە، کە بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایش لەبەرچاونەگرن، دژایەتی ئەنجومەنی ئاسایش کەم نییە، وڵاتانی دراوسێ هەڕەشەیان دەکرد، ڕاستە ئێمە مافی خۆمانە، بەڵام هەموو شتێک ماف نییە، لەم قۆناغە دەتوانی ئەو مافانە بەدەست بێنین، بەڵام لەقۆناغی دیکەدا دەتوانین مافی زیاتر بەدەست بهێنین، مافی گەلیش بەندە بە هەلومەرجەکان، وەکو یەکێتی بە ڕەسمی داومان کرد کە ڕیفراندۆم دوابخرێت، بەڵام لەکۆتاییدا داواکەمان جێبەجێ نەکرا، سێ ڕۆژ پێش ڕیفراندۆم، دوای لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکان، داوامان کرد ئەو پرسە بۆ دیالۆگ بهێڵدرێتەوە، نەک لێی پاشگەز ببینەوە.

 

 

کاتێک ئەو بڕیارانە دران، ئێوە لە بەغدا بوون، کەشی سیاسی پەرلەمانی بەغدا چۆن بوو لە بەرامبەر ئەو بڕیارانە هەولێر؟

 

"ڕیفراندۆم مەکەن، وەرن گفتوگۆ دەکەین"

 

من ئەو کاتە لە بەغدا بووم، لەوێ ئامادەیی زۆر هەبوو، ئەگەر ڕیفراندۆم نەکرێت گفتوگۆ بکرێت، تەنانەت بڕیاربەدەستانی بەغدا لە کۆبوونەوەکان بەخۆمانیان وت، ئێوە ڕیفراندۆم مەکەن، وەرن گفتوگۆ دەکەین، ساڵێک یان دوو ساڵ لە گفتوگۆدا دەبین، با گفتوگۆکانیش بە چاودێری ئەمریکا ببێت، ئەگەر ئێوە باوەڕتان بەو دەستکەوتانە نەهات کە بەدەستی دەهێنن، ئێوە لەماڵی خۆتان و ئێمەش لەماڵی خۆمان.

 

ئێوە ئەو پێشنیارانەتان گەیاندە بارزانی؟

 

"ئەگەر ڕیفراندۆم نەکەین لە بەغدا داشمان سوارە"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: من نازانم گەیەندرایە بارزانی یان نا، بەڵام من لەگەڵ هەڤاڵانی خۆمان قسەمان لەسەر کرد، ئەو پەیامەمان گەیاندە سەرکردایەتی خۆمان لە یەکێتی و وتمان ئەگەر ڕیفراندۆم نەکەین لە بەغدا داشمان سوارە، نەتەوە یەکگرتووەکان، بەریتانیا و فەرەنسا هەموویان وتیان بەچاودێری ئێمە، ئێوە گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە، تەنانەت ئێرانیش داوای کرد کە ڕیفراندۆم نەکەین، ئێمە هەوڵ لەگەڵ ئێوە دەدەین بۆ دەستەبەرکردنی داواکارییەکانتان لەچوارچێوەی دەستووری عێراق، ئێران ئامادەییەکی باشی پیشان دا، ئێرانیش کاریگەری لەسەر عێراق زۆرە.

 

کەواتە بۆچی یەکێتی چووە ژێرباری ئەو بڕیارە یەکلایەنە و سەختەی کە بارزانی و پارتی دەریان کردبوو؟

 

"خوێندەنەوەی دەسەڵات بۆ هەلومەرجەکان خوێندەنەوەیەکی هەڵە و بێباکانە بوو"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: ئێمە لەسۆنگەی ڕەوایەتی پرسەکەوە پاڵپشتی خەڵک پشتگیری ڕیفراندۆممان کرد، من هەر دوو ڕۆژ پێش ڕیفراندۆم، بابەتێکم نووسی، ئاماژەم بەوە کرد کە ئێمە وەکو ئەو خوێندکارە تەمبەڵە واین کە پرسیاری تاقیکردنەوەی کەوتبێتە بەردەست، بەبێ منەتی چووبێتە هۆڵی تاقیکردنەوە، لە نووسینەکەدا پرسیارم لە بڕیاربەدەستان و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم کردووە کە ئایا ئێوە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی ریفراندۆمتان لەبەردەستە؟ ئاوها بەبێ منەتانە دەچنەناو تاقیکردنەوەی ڕێفراندۆم؟ بەڵام وەڵام نییە، بەداخەوە گوێشمان لە هەندێک بەرپرسی باڵا بوو کە دەڵێت، ئەگەر ڕیفراندۆم سەرنەگرێت با یەخەی من بگیرێت، ئەمە چارەنووسی میللەتێکە، سەرنەکەوتن نابێت، دەبێت سەرکەوین قوربانی زۆریشی دەوێت، بۆیە من بەشبەحاڵی خۆم دەڵێم بەداخەوە کات و زەمینەی ڕیفراندۆم لەبار نەبوو، چونکە بابەتی ڕیفراندۆم بابەتێکی باڵکێشە، کەس ناتوانێت خۆی لەئاستی رابگرێت، هەموو کەسیش هەوڵی بۆ دەدات، بۆیە بینیمان پێشوازییەکی زۆر گەورەی لێ کرا، چ لە ڕۆژئاوا و چ لە باکور و ڕۆژئاوا، لەبەرئەوەی پەیوەندی بە مافی مێژوویی نەتەوەیەکەوە هەبوو، بۆیە سەرکردایەتی میللەتێک دەبێت خوێندنەوەی خۆی بۆ پرسەکان هەبێت، من ئیستاش دەڵێم تازە هاتووە و دەبێت شانی بدەینە بەر، بەدڵنیاییەوە بەرگری دەکەین لە ئامانجەکانی ڕیفراندۆم و پاشگەز نابینەوە، بەڵام من پێموابوو خوێندەنەوەی دەسەڵات بۆ هەلومەرجەکان خوێندەنەوەیەکی هەڵە و بێباکانە بوو، مێژووش سەلماندی لە ساڵانی ٨٠ی سەدەی ڕابردوو، هەردەسەڵاتێک گەر بێباک بوو لەئاستی کاریگەرییە نێودەولەتییەکان، ئەنجامەکەی باش نەبووە.

 

کەواتە ڕیفراندۆمیش ئەنجامی باش نابێت؟

 

ئارێز عەبدوڵڵا: تا ئێستا وابووە، بەڵام ئومێد دەکەم ئەوەی کوردستان بەپێچەوانە بێت.

 

لە کاردانەوەکانی بەغدا لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، بەبێ ئامادەبوونی ئێوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ١٣ بڕیار دژ بە هەرێمی کوردستان دەرچوو، بۆچی ئیوە لەوێ نەبوون بەرگری لە کورد بکەن، لە کاتێکدا ئەوە ئەرکی ئێوە بوو لە بەغدا؟

 

"ئێمە نیگەران بووین و چووینە دەرەوە لە هۆڵی پەرلەمان"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: ڕاستە، ئێمە پێشتر لەوێ بووین، ١٤ی مانگ لەپڕ بڕیارێک هێنرایە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ڕەتکردنەوە و دژایەتیکردنی ڕیفراندۆم، لایەنەکان پرۆژە بڕیارێکی خۆیان ئامادە کرد، ئێمەش خۆمان ئامادە کرد تا بەرگری بکەین، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتی پرۆژە بڕیارەکەی بەشێوەیەک بەخێرایی تێپەڕاند و دەرفەتی نەدا گفتوگۆی لەسەر بکەین، پرۆژەکەی نەدا بە کۆمسیۆنە تایبەتمەندەکان بۆئەوەی پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت، تەنانەت ڕیگەی نەدا فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستی خۆشیان لەسەر دەربڕن، ئێمە لەوە نیگەران بووین و چووینە دەرەوە لە هۆڵی پەرلەمان، ڕۆژی دواتر لەبری ئەوەی لەبەرامبەر ئەو نیگەرانییە ئەوان هەڵوەستە بکەن، بڕیاری لەکار لابردنی نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک درا، لەکاتێکدا ئێمە دەزانین بڕیاری لەسەرکار لابردنی نەجمەدین کەریم بڕیارێکی سیاسی بوو، ئەمەش ئەوەندەی تر ئێمەی نیگەران کرد، دواتر ئێمە کۆبووینەوە لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی فراکسیۆنەکان، نیگەرانی خۆمان دەربڕی لەوشێوازە کارکردنە، چونکە ئەنجومەنی نوێنەران شوێنی گفتوگۆ و دیالۆگە، دەرکردنی بڕیارە بەزۆرینە دوای گفتوگۆکردن، ئێوە دەتانەوێت شت بەسەر ئێمەدا بسەپێنن.

 

باشە لە دەسەڵاتی پەرلەماندا هەیە پارێزگارێک لاببات؟

 

"پەرلەمان دەبێتە ناوەندێکی توندوتیژی"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: بەڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە پارێزگاری کەرکوک لا بدات، چونکە لەماوەی ڕابردوودا پارێزگار سەلاحەددین و ئەنباریشی لادابوو، بەڵام لەبەرامبەریشدا پارێزگار بۆی هەیە لە دادگا سکاڵا تۆمار بکات، ئەگەر لەسەر حەق بێت بگەڕێتەوە شوێنەکەی خۆی، ئەوان بەڵێنیان دا کە ئەو شتانە دووبارە نەبنەوە، بەڵام کاتێک کۆبوونەوەکان کۆتایی دەهات، هەواڵێکمان بیست کە هەوڵی درێژکردنەوەی کۆبوونەوەکان دەدەن، ئێمەش بەدەستەی سەرۆکایەتیمان وت، کە ئەگەر ئێوە ماوەی کۆبوونەوەکان درێژ بکەنەوە، ئێستا کەشێکی نالەبار و توندوتیژی هەیە، پەرلەمانیش دەبێتە ناوەندێکی توندوتیژی، بۆیە پێمان باشە کۆبوونەوەکان درێژ نەکەنەوە، دیسان بەڵێنیان دا کە درێژی نەکەنەوە، کەچی ڕۆژی دووشەممە بوو کە کۆتایی کۆبوونەوەکان بێت تا هەفتەیەک، کەچی بۆ ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دیسان کۆبوونەوەیان دانایەوە، واتا لە بەڵێنەکانی خۆیان پاشگەز بوونەوە، ئەوکاتەی ئەوان پاشگەز بوونەوە ئێمە گەڕابووینەوە، دیاربوو ئەوان خۆیان ئامادە کردبوو، جگەلەوەش دەبوو ڕۆژی ٢٦ی مانگ ئەنجومەنی نوێنەران کۆببایەتەوە، کەچی پێشیانخست و خستیانە ڕۆژی ٢٥ی مانگ، واتا هەمان ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بۆ ئەوەی ئێمە ڕووبەڕووی پرسیار بکەنەوە، ئێمەش ئەوەمان زۆر بەکارێکی نایاسایی و دوور لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان زانی.

 

کێ ئەو کارانەی دەکرد لەناوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؟

 

"سوننی و شیعەکان بەرامبەر کورد یەکیان گرتبوو"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: بەداخەوە هێزێک لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیدابووە، دەیەوێت کار بە زۆرینە و کەمینە بکات، کە کار بە زۆرینە و کەمینە بکرێت لەناو پەرلەمان، ئێمە ناتوانین بەرگری لە مافەکانی خۆمان بکەین، چونکە ئەوان زۆرینەن، لایەنە سوننی و شیعەکانیش لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان یەکیان گرتبوو، ئەوەشی لەوە زیاتر تەپڵی بۆ لێدەدات، دوو پەرلەمانتارە تورکمانەکە بوو، کە پشتگیری ئەو یەکگرتنەیان دەکرد، بۆ ئێمە ناخۆش بوو ئەوان بەو شێوەیە فێڵ لە ئێمە بکەن، ئێمە لەوێش بووینایە بە زۆرینە و کەمینە هیچمان پێ نەدەکرا، هەتا ئەزموونیشمان هەیە کە ڕێگەیان نەدەدا قسەش بکەین، تۆ سەیر کە، لەناو پەرلەمانی تورکیا ڕێگە درا کە لەسەر ڕیفراندۆم قسەبکرێت، بەڵام لەناو پەرلەمانی عێراق ڕێگەیان پێ نەدەداین لەسەر ڕیفراندۆم قسەش بکەین.

 

پێتوایە ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق لە دژی کورد جێبەجێ بکرێن؟

 

"سەدان بڕیارمان لە پەرلەمانی عێراق دەرکردووە جێبەجێ نەکراوە"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: لەکاتی ئامادەنەبوونی ئێمەدا کۆمەڵێک بڕیار دەرکران، مەرج نییە هەموو بڕیارەکان جێبەجێ بکرێن، بڕیار دەکەوێتە سەر هەلومەرجەکان، سەدان بڕیارمان لە پەرلەمانی عێراق دەرکردووە جێبەجێ نەکراوە، بەڵام ئەوەی کە دەیبینین، بەهۆیی ئەو هاندانانەی وڵاتانی تورکیا و ئێران و هەڵوێستی ئەمریکا و زلهێزەکان، عێراقی سوورتر کردووە لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە لە دژی کورد داویانە، مەرج نییە هەموو بڕیارەکان جێبەجێ بکرێت، چونکە بڕیارە نەک یاسا، تەنانەت لەناو عێراقیش فشارێکی زۆر لەسەر سەرۆکی حکومەت هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، ئەوەندەی من بزانم سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ئەو بڕیارانە نەبوو.

 

لەچەندڕۆژی داهاتوودا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی دیکە بەڕێوەدەچن، ئێوە وەکو کورد بڕیارتان داوە بەشداری کۆبوونەوەکان بکەنەوە؟

 

"بەشداری کۆبوونەوەکانی داهاتوو دەبین"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: وەکو یەكێتی نیشتمانی کوردستان، پێمان باشە تا ئەوکاتەی کە هەرێمی کوردستان، لەچوارچیوەی دەوڵەتی عێراقدایە لە بەغدا بین، ئەو هەڵویستەی خۆشمان بە فراکسیۆنەکانی تریشن وتووە، واتا وتوومانە کە ئێمە دەتوانین لە بەغدا، بەرگری مافەکانی گەلی کورد بکەین، چاوەڕوانین، دڵنیاشم لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو بەشدار دەبین.

 

ڕۆڵی ئێوە چی دەبێت لەوکۆبوونەوانەدا؟

 

"ئەبێ بۆیان ڕوون بکەینەوە کە ڕیفراندۆم دەرەنجامی جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراقە"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: ئێمە لەوێ پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ فراکسیۆن و حزبە جیاجیاکاندا، ئەبێت بەرچاویان ڕوون بکەینەوە، چونکە زۆر زانیاری بەوان دەگات، کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هەڵوێستەکانی ئێرەو ئەوێ، ئەبێ کاتێک کە کارێکی نادەستوری دەکرێت قسە بکەین، لانیکەم لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەوێ بەرچاوی شەقامی عێراقی ڕوون بکەینەوە، ئەوەی شۆڤێنیستەکانی عێراق دژی مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەیڵین ڕاست نییە، ئێمە بۆیان ڕوونبکەینەوە کە ڕیفراندۆم زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق ناگەیەنێت، ئەبێ بۆیان ڕوونبکەینەوە کە ڕیفراندۆم لە ئەنجامی جێبەجێ نەکردنی دەستوری عێراق پەنای بۆ براوە، لانیکەم خاوکردنەوەی ئەو بارودۆخەی کە هەیە، بۆ بەردەوامی گفتوگۆکان، ئێمە ئومێد دەکەین بە گفتوگۆ ئامانجەکانی ڕیفراندۆم بەدیبهێنرێت، من پێمباشە ٢٠ ساڵ گفتوگۆ بکەین، لەوە باشترە بە یەک ساڵی شەڕ کێشەکانمان چارەسەر بکەین.

 

ئەگەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرێم چی بەرنامەیەکی هەیە بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی ئەو بڕیارانە؟

 

"وڵاتە زلهێزەکانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: ئەو بڕیارانە هەندێکی جێبەجێ کراوە، هەندێکیشیان لەبەرنامەی جێبەجێکردندان، بەڵام هەوڵێکیش هەیە بۆ گفتوگۆکردن، لەڕۆژانی داهاتووشدا کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای عێراق دێنە هەرێمی کوردستان، وڵاتە زلهێزەکانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ گفتوگۆکردن، هیوادارم ئەو بڕیارانە ڕابگیرێت، بەڵام ئەگەر ئەو بڕیارانە جێبەجێ کران، بێگومان کاریگەریی خراپیان بۆسەر خەڵکی کوردستان دەبێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کاردانەوەکەشی بەرامبەر عێراق قورس دەبێت، ئەوەشی کە دەڵێن هەڕەشە لە ناوچە جێناکۆکەکان دەکەن، من دڵنیای خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەمەوە، ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ شەڕدا نین، دەمانەوێت بە گفتوگۆ بگەینە ئەنجامێکی هاوبەش، کە لەبەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراقدا بێت، بەڵام ئەگەر هاتوو شەڕمان پێ بفرۆشرێت، خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بەرگری لە کوردستان دەکات.

 

 

پێتوایە ئەگەری دروستبوونی شەڕ هەیە، بەتایبەتی لەکەرکوک؟

 

"هەندێک حزبی عێراق هەڵوێستی ڕاگەیاندن فەرمییان زۆر جیاوازە لە یەکتر"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: هەڕەشەمان لێ کراوە و بەردەوامیشن، بارودۆخی عێراقیش بەشێوەیەکە کە کۆنترۆڵ ناکرێت، هەندێک جار دەبینین لە ناوچەیەکی بچووک شەڕێکی گەورە دروست دەبێت، ئێمەش کە بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان دەچین، ئەوەش وایکردووە کە لایەنە عێراقییەکان بانگەشەی یەکپارچەیی خاکی عێراق و ڕێگەنەدان بەجیابوونەوەی هەرێمی کوردستان دەکەن، واتە ئەوەش گەرموگوڕییەکی هەیە، چونکە بۆ شەقام قسە دەکرێت، هەندێک لە حزبەکانی عێراق هەڵوێستی ڕاگەیاندنیان لەگەڵ هەڵوێستی فەرمییان زۆر جیاوازە، کە دەشڵێین ڕیفراندۆم کاتەکەی گونجاو نەبوو، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەبوو، کە لەپێش هەڵبژاردنەکان پرسی عێراقچێتی لە عێراقدا بەهێزە، تێڕوانینی عەرەب بۆ عێراق جیاوازە لە تێڕوانینی کورد بۆ عێراق، دیدی ئێمە لەگەڵ دیدی ئەوان جیاوازە لەسەر دەوڵەت، ئەوان کار بۆ پاراستنی نەخشەی عێراق دەکەن، ئەوە نییە ئێمە بە دوو نیشتمانی دەزانین، کە ئێمە لەچوارچێوەی دەوڵەتێکی عێراقی بەیەکەوەین، ئەوان بەو شێوەیە بیر ناکەنەوە، بەڵام ئەوان لەسەر ئەو بنەمایە و بە هەڵبژاردنەکانی خۆیان و ململانێ سیاسییەکانیان، لانی کەم هەوڵ بۆ لەدەست نەدانی دەنگەکانیان دەدەن، هانی سوپا و حکومەت و لایەنە سیاسییەکان دەدەن تا توندوتیژی دروست ببێت.

 

پێتانوایە فشارە ناوچەییەکان و ناوخۆییەکان، هەرێم پاشگەز بکەنەوە لە ئەنجامی ڕیفراندۆم؟

 

"لەئێستاوە هەڕەشەکانی تورکیا کاردانەوەی لای وڵاتانی رۆژئاوا لێکەوتووەتەوە"

 

ئارێز عەبدوڵڵا: ڕیفراندۆم هیچکات هەڵناوەشێتەوە، چونکە خەڵک دەنگی داوە، قسەکردن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم تاوانێکی گەورەیە، ئەو بابەتە کۆتایی هاتووە، بەڵام ئایا سەربەخۆیی ڕادەگەیەندرێت یان کێشەکان بەگفتوگۆ چارەسەر دەکرێن؟ ئەوە دەکرێت قسەی لەسەر بکەین، لەبەرامبەریشدا تورکیا و ئێران فشاردەکەن، بەڵام واتای ئەوە نییە ئەو فشارانە هەتا سەر بن، نەخێر لەبەرامبەر ئەو گەلەکۆمەیەی ئێستا لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان کراوە، دڵنیام لەداهاتوودا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کاردانەوەیان دەبێت، چونکە ئەوان لەبەرچاویانە، چۆن دەکرێت دوو دەوڵەتی دژ بەیەکی وەک ئێران و تورکیا، لەسەر گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان یەکدەنگ بن، من بڕواناکەم تاسەر ئەوە سەربگرێت، لەئێستاوە هەڕەشەکانی تورکیا کاردانەوەی لای وڵاتانی رۆژئاوا لێکەوتووەتەوە، چۆن دژی ڕیفراندۆم کاردانەوەیان هەبوو، دڵنیام دژی هەڕەشەکانی سەر هەرێمیش کاردانەوەیان دەبێت، ڕەنگە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانیش بشکێتەوە.

د.خ

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin