Smiley face
Smiley face
Smiley face

ده‌رونناسێک: ڕیفراندۆم ناسه‌قامگیریى ده‌روونیى تاکه‌کانى زیاد کردووه‌

2017-10-12 09:11:28



ڕۆژنیوز- دانا عومه‌ر

 

شیرین حسێن، ده‌روونناس و مامۆستاى زانکۆ، له‌باره‌ى ئه‌و بارودۆخه‌ى له‌ هەرێمی کوردستان له‌دواى ڕیفراندۆمه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ ده‌ڵێت، که‌ ڕیفراندۆم ناسه‌قامگیریى ده‌روونیى تاکه‌کانى زیاد کردووه‌ و ژیانى خه‌ڵک نائارام بووه‌، ده‌شڵێت: ده‌سه‌ڵاتداران به‌هۆى هه‌ڵسوکه‌وته‌کانى ڕابردوویانه‌وه‌ متمانه‌یان نه‌ماوه‌ لاى خه‌ڵک.

 

له‌دواى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم لە ٢٥/ئەیلول له‌ هه‌رێمى کوردستاندا،  حکومه‌تى عێراق چه‌ندین بڕیاری دژى هه‌رێمى کوردستان ده‌رکرد، که‌ بڕیارى ڕاگرتنى گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى سلێمانى و هه‌ولێره‌وه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ ئێران ڕێگه‌ به‌ هاتووچۆى نه‌وتى ڕه‌ش و سوته‌مه‌نى نادات له‌ سنوره‌کانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا، لە بەرامبەریشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی دایەوە و دەڵێت، کە بڕیارەکانبی عێراق نادەستوریی-ن و سزادانی هاوڵاتیانی هەرێمە.

 

شیرین، حسێن، ده‌رونناس و مامۆستاى زانکۆ، له‌باره‌ى کاریگەریی هەڕەشەکانی دواى ڕیفراندۆم لەسەر دەروونی هاوڵاتیان‌ به‌ ڕۆژنیوزى وت:"بارودۆخەکە خۆی ئاڵۆزه‌، به‌ڵام ڕیفراندۆم بارودۆخه‌که‌ى زیاتر ئاڵۆز کرد، نا سه‌قامگیریى ده‌روونیى تاکه‌کانى زیاتر کرد، خه‌ڵک ئێستا ڕۆژێک بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ منداڵه‌کانى له‌م وڵاته‌ بباتە ده‌ره‌وه‌، ڕۆژێکى تر بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ که‌ره‌سه‌تى خوارده‌مه‌نى زیاتر بکڕێت و هه‌ڵیگرێت له‌ ماڵه‌وه‌، ڕۆژێکێى تر بیرله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ بڵێى ئه‌م جاره‌ به‌سه‌لامه‌تى ڕزگاریی بێت".

 

ناوبراو، وتیشى:"ئه‌م بارودۆخه‌ کاریگه‌ریى له‌سه‌ر ده‌روونیى هه‌موو چین و توێژێک دروستکردووه‌ واى کردووه‌، که‌ ژیانێکى نا ئارامیان بداتێ ته‌نانه‌ت خەویشی لێ تێکداون، خه‌ڵک نائارام بوو بۆ ئه‌وه‌ى که‌ ڕیفراندۆم ده‌کرێت یاخود ناکرێت، به‌ڵام ئێستا نائارامه‌ بەهۆی کاردانه‌وه‌کانى دژى ڕیفراندۆم".
 


شیرین، ئاماژه‌ى به‌ بێباوه‌ڕیى خه‌ڵک کرد به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى کوردستان و ترسى خه‌ڵک کرد بۆ بازرگانیىکردن به‌ ده‌نگه‌کانیانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ و وتى:"ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ ئه‌وه‌نده‌ کارى خراپیان کردووه‌، خه‌ڵک باوه‌ڕى نه‌ماوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ خراپه‌ى که هه‌بوو، زۆرینه‌ى خه‌ڵکى کوردستان به‌ به‌ڵێ ده‌نگى به‌ سه‌ربه‌خۆیى کوردستان دا، ئاماده‌شه‌ قوربانیى له‌و باره‌یه‌وه‌ بدات، به‌ڵام ئاماده‌ نییه‌ که‌ بازرگانى به‌ ده‌نگه‌کانیه‌وه‌ بکرێت".

 

ش.ف


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin