Smiley face
Smiley face
Smiley face

گۆڕان و کۆمەڵ: هەموو هەوڵ و هەنگاوەکانی هەرێم بە تەواوی رەت دەكەینەوە

2017-10-12 16:51:29



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەخەنڕوو دەشڵێن کە هەموو هەوڵ و هەنگاوەکانی هەرێم بە تەواوی رەت دەكەینەوە، هاوکات ڕاشیدەگەیەنن کە:"سەركردایەتی ئەو حیزبانە بەرپرسیارن لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەك كە لە ئەنجامی بڕیاری هەڵەی ئەوانەوە روبەڕوی خەڵكی كوردستان دەبێتەوە".

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە کە تێیدا باسی هۆکارەکانی دروستبوونی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەن.

 

لە سەرەتای بەیاننامەکەدا هاتووە: ئەمڕۆ گەلەكەمان لە باشوری كوردستان لەبەردەم مەترسییەكی جدیدایە، كە دور نییە ببێتە مایەی لەدەستدانی دەستكەوتەكانمان و بەفیڕۆدانی خوێن و فرمێسكی هەزاران تێكۆشەر و قوربانیانی خەڵكی كوردستان.

 

گۆڕان و کۆمەڵ ئاماژە بە هۆکارەکانی مەترسییەکان دەکەن و دەڵێن:"هەموو ئەو مەترسییانەش لە ئەنجامی بڕیاری سیاسی نادروست و بەهەند نەگرتنی مەترسییەكان و گەڕانە بەدوای بەرژەوەندی كەسی و حیزبی دا.

 

ئەوەش هاتووە: یەكێك لەو بڕیارە هەڵەو مەترسیدارانەش رەتكردنەوەی داواو دەستپێشخەری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەوڵە ناوخۆییەكان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو، لەم هەلومەرجەدا بەبێ‌ زەمینەسازی، بڕیاردان لەلایەن سەركردایەتی چەند حیزبێكی كوردستان، كە هەر ڕۆژەی لەژێر ناوێكی داتاشراوەوە دەردەكەون، بەبێ‌ گوێدانە یەكڕیزیی نیشتمانی و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، هەنگاوێكی مەترسیدارە لەسەر دواڕۆژی گەلەكەمان، ئەم هەنگاوەیان بوەتە مایەی پەراوێزخستنی رۆڵی دامەزراوە شەرعییەكانی كوردستان.

 

لە بەشێکی دیکەشدا ئاماژە بەوە کراوە: كاراكردنەوەی پەرلەمان لەدوای دوو ساڵ پەكخستنی بەو شێوازەی ئێستا ‌و هەوڵەكانیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی گشتی ‌و بەكارهێنانی پەرلەمان بۆ شەرعیەتدان بە بڕیارە كەسی و حیزبیەكانیان ‌و پێشێلكردنی بنەماكانی دیموكراسی و مافی هاوڵاتیان، گورزێكی كوشندەی دیكەیە لە خەون و ئامانجەكانی گەلەكەمان، بۆیە ئێمە هەموو ئەو هەوڵ و هەنگاوانە بە تەواوی رەتدەكەینەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: ئێمە لە كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ، كە سێ یەكی پەرلەمانی كوردستانی عێراق پێكدەهێنین‌، نوێنەرایەتی ڕێژەیەكی بەرچاوی خەڵكی كوردستان دەكەین، ڕایدەگەیەنین كە سەركردایەتی ئەو حیزبانە بەرپرسیارن لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەك كە لە ئەنجامی بڕیاری هەڵەی ئەوانەوە روبەڕوی خەڵكی كوردستان دەبێتەوە.

 

لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە کراوە: لەسەر حكومەتی فیدراڵی عێراقیش پێویستە هیچ هەنگاوێك نەنێت كە ببێتە مایەی تێكدانی ئارامی‌و خوێنڕژانی هاوڵاتیان، بەڵكو گفتوگۆ و دانوستان تاكە رێگای چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵیە.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin