Smiley face
Smiley face
Smiley face

خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خۆیان هاوکاریی خۆیان دەکەن

2017-10-14 13:23:19



ڕۆژنیوز - جیهاد هەورامی


بەبۆنەی دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن، ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە، هاوکاری بەسەر ١٢٠ خوێندکاری خاوەن پێداویستی تایبەت-دا دابەش کرد، بەرپرسی ڕێکخراوەکەش دەڵێت:"حکومەتی هەرێم بەبیانووی قەیرانی دارایی ئەم چینەی فەرامۆش کردووە".


ئەمڕۆ، لە هۆڵی میر-ی شاری هەڵەبجە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە مامۆستایان و دایک و باوکی خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە، پێدوایستی خوێندنی بەخشیە ١٢٠ خوێندکاری خاوەن پێداویستی تایبەت.

 


 
مەریوان وەهبی، بەرپرسی ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"لە درێژەی کار و چالاکیەکانمان لە پرۆژەی باشترکردنی هەلی خوێندن، ماوەی دوو ساڵە لە دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن-دا پێداویستییەکانی جانتا، دەفتەر و قەڵەم، بۆ ئەو خوێندکارانە دابین دەکەین، بۆ ئەوەی هاندەریان بین تاوەکو شان بەشانی خوێندکارەکانی تر، بەردەوام بن لەسەر خوێندن".

 

مەریوان وەهبی
 
مەریوان، وتیشی:"ئێستا هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە، حکومەتیش بەو بیانووە ئەم چینەی پشتگوێ‌ خستووە و بودجە و پلانی تایبەتی بۆ کەمئەندامان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت نییە، کە بەداخەوە ڕۆژانە چەندین خوێندکار لەبەر نەبوونەیی واز لە خوێندن دەهێنن".

 


 
هەروەها، شەوبۆ مارف، کە مامۆستایەکی خاوەن پێداویستی تایبەتە لە خوێندنگای شاهۆی بنەڕەتی لە شاری هەڵەبجە، بە ڕۆژنیوزی وت:"ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە، ماوەی چەند ساڵێکە بە بەردەوامی لە خزمەتی خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت دایە، خولی هاوینەیان بۆ دەکەنەوە و دیاریی و هاوکاریشیان پێ دەبەخشن،‌ ئەمەش هاندەرێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی ئەو خوێندکارانە بەردەوام بن لە خوێندن و زیاتر پەرە بە تواناکانیان بدەن".

 

شەوبۆ مارف

 

 

ش.ف
 


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin