Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەو ژنانەی زۆریی تەمەنیان کەمترین پشووی پێنەدان.. ڕاپۆرت

2017-10-14 14:56:12



ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد

 

ژنانی ئیشکەر لە کۆتایی ساڵەکانی تەمەنیشیاندا پشوویەک بە جەستەی ماندوویان نادەن و بۆئەوەی لە چاوەڕوانیی هاوکاریی حکومەت و خەڵکدا سەر نەنێنەوە، بەردەوامن لە کارکردن و بەو داهاتە کەمەی دەستیان دەکەوێت خۆیان دەژێنن.

 

لەم ساڵانەی دواییدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ژنانی بەتەمەن دەبینرێن، کە لەناو بازاڕەکانی شاری سلێمانی کەلوپەلیان داناوە و خەریکی فرۆشتنیان و تاوەکو بە فرۆشتنی هەر پارچەیەک کەمێک داهات بەدەستبهێنن.

 

 

ئاسکە ئەحمەد-ی تەمەن ٦٥ ساڵ و دایکی شەش منداڵ، یەکێکە لەو ژنانە و لە بەردەم دادگای کۆنی شاری سلێمانی (مەحکەمە کۆنەکە)، بە دیار چەند پارچە پۆشاکێکەوە دانیشتبوو، باسی جۆر و باشی قوماشەکانی بۆ کڕیارەکان دەکرد.

 

 

هاوسەرەکەی ئاسکە پێش ٣٠ ساڵ ماڵئاوایی لە ئاسکە و منداڵەکانی کردووە، لەو کاتەوە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی بە تەنیا کەوتووەتە سەر شانی ئاسکە و لەو ماوەیەدا چەندین جۆر کاری کردووە، ماوەی دوو ساڵ-یشە لە کاتژمێر ٧ی بەیانییەوە لە ماڵ دێتە دەرەوە تاوەکو کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ لەبەردەم بینای دادگای کۆن لەگەڵ چەند ژنێکی دیکە پۆشاک-ی کۆن دەفرۆشیت.

 

وەک خۆی باسیکرد، ئەو پۆشاکانەی کە ئاسکە دەیفرۆشێت، هەندێکیان هی منداڵەکانێتی دوای بەکارهێنان و هەندێکی دیکەشیان لە خەڵک دەکڕێتەوە و بە نرخی ٥٠٠ یاخود ١٠٠٠ دینار دەیفرۆشێتەوە.

 

 

سەلمە ڕەشید، یەکێکی دیکە لەو ژنانەبوو، سەختی ژیان وایلێکردبوو تەنانەت تەمەنی خۆشی نەدەزانی، بەڵام تاڵە سپییەکانی قژی و چرچبوونی پیستی دەستەکانی و ڕووخساری، جوانیی سەلمەی لەبەرچاوان ون نەدەکرد، واش دەبیندرا، کە تەنهایی و بێ کەسی و هەژاریی تەمەنی سەلمای گەورەتر کردبێت.

 

 

سەلمە ڕەشید، وەک خۆی باسیکرد، هیچ منداڵ و کەسێکی نییە و بەتەنها دەژی، ئەمیش هاوشێوەی دایکە ئاسکە ڕۆژانە دێتە بازاڕ و دەستدەکات بە فرۆشتنی کەلوپەلی وەک جلوبەرگ و پێڵاو و جانتا، کە لە خەڵکی دیکەی دەکڕێتەوە و بە نرخیکی کەمێک زیاتر جارێکی دیکە دەیانفرۆشیتەوە.

 

 

لەبارەی بازاری کارەکەشیانە، ئەو ژنە بەتەمەنە وتی: زۆر بازاڕمان کزە و ڕۆژی وا هەیە کە کەمتر لە ١٠٠٠ دینار بە دەست دەهێنن، کارەکە بەجۆرێکە توانای بەخێوکردنی خۆمم نییە.

 

سەلمە، وتیشی:"مووچەی بێوەژنانەم هەبوو، بەڵام ئەوە دوو ساڵە بڕاوە و هیچم وەرنەگرتووە".

 

زەرەرمەندی یەکەم لەو بڕیارانەی، کە شارەوانی دەیدات بۆ ڕێکخستنی ناوبازاڕ و ڕێگەگرتن لەو زیادەڕەوەییانەی کە لەلایەن دووکانداران و فرۆشیارانەوە دەکرێت، دایکە سەلمە و دایکە ئاسکە و ژنە بەتەمەنەکانی دیکەن، لەبەرئەوەی ناتوانن بە ئازادانە کەلوپەلەکانیان دابنێن و کاری ڕۆژانەی خۆیان بکەن، هەر بۆیە داوا لە حکومەت دەکات کە شوێنێکیان بۆ دابین بکەن کە ئیتر شارەوانی دەریان نەکات و ئەمانیش بتوانن کاربکەن.

 

 

بینی ئەو ژنە بەتەمەنانە لەناو پۆشاکەکانیاندا، جیا لەوەی ئیرادەی بەرزیان دڵخۆشی دەکردین، لەلایەکی دیکەوە بە بیرکردنەوە لەوەی، کە تەنانەت لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیشیاندا ناتوانن پشوو بە جەستەی ماندوویان بدەن، خەم دایدەگرتین.

 

ش.ف


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin