Smiley face
Smiley face
Smiley face

چالاکی ئێشکگرتن بۆ زانینی ڕەوشی ئۆجالان کۆتایی پێهات

2017-10-19 18:37:26



ڕۆژنیوز – بەرهەم لەتیف

 

دوای سێ ڕۆژ لە ئێشکگرتن بۆ زانینی ڕەوشی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی چالاکییەکە بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوێک کۆتایی پێهێنرا.

 

کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ئەمڕۆ، چالاکی ئێشکگرتن بۆ زانینی ڕەوشی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، کە لەلایەن تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ڕێکخرابوو، لە سێیەم ڕۆژیدا لە شاری سلێمانی کۆتایی پێهات.

 

 

لە ڕۆژی کۆتایی چالاکییەکەدا، سیمینارێک لەلایەن سلێمان عەرەب، نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە لە هەرێمی کوردستان، لەسەر ئازادکردنی شاری ڕەقە و دۆخی ئێستای باشوری کوردستان و ڕەوش و تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە پێشکەش کرا.

 

 

لە سیمینارەکەدا، سلێمان عەرەب نوێنەری پەیەدە، وتی:"گەلەکۆمەی سەر ڕێبەر ئاپۆ، گەلەکۆمە بوو لەسەر گەلانی ناوچەکە، ئەوانەی گەلەکۆمەیان کردووە، ڕێ بە هەنگاوی چارەسەریی نادەن، ڕێیان لە ئازادی و دیموکراسی گرتووە، ڕێبەر ئاپۆ یەکێک لەو کەسایەتییانە بوو، کە تێکۆشانی بۆ ئاشتی و ئازادی دەکرد".

 

 

وتیشی:"لەکاتێکدا دەستکەوتی گەورە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەست دێن، شاری ڕەقە بەدەستی شەڕڤانانی گەلی کورد ئازاد دەبێت، کە ئەویش ئەنجامای فەلسەفەی دیموکراتی ڕێبەر ئاپۆ بوو، بەڵام لە باشوری کوردستان، لە ئەنجامی سیاسەتی چەندین ساڵە، بەداخەوە ئەمڕۆ باشوری کوردستان لە دۆخێکی ناڕوون دایە".

 

لەکۆتایی چالاکییەکەشدا، بێریڤان محەمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لێدوانی کۆتایی چالاکییەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو:"دوای هەفتەیەک لە چالاکی جۆراوجۆر بەشێوەی ڕێپێوان و ئێشکگرتن، ئەمڕۆ دوای سێ ڕۆژ چالاکی ئێشکگرتن لەژێر چادر-دا، کۆتایی بە ئێشکگرتنەکە دەهێنین".

 

 

ئەوەشی وت:"ئەو پلانگێڕییەی کە لە هەرچوارپارچەی کوردستان، بەرامبەر بە گەلی کورد هەیە، بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، لەچوارچێوەی ئەو پلانگێڕییەدایە کە گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ توند دەکەن".

 

بێریڤان محەمەد جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەوان بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، هەمیشە لەسەر پێ دەبن، وتیشی:"هەتا وەرگرتنی زانیاری لەسەر ژیان و تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ، هەتا ئازادی سەرۆک ئاپۆ، ئێمە بەردەوام لە چالاکیدا دەبین".

 

لە لێدوانێکیشدا بۆ ڕۆژنیوز، حاجی ئازاد، هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانیی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان بەرپرسیارێتی ژیان و تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە دەخەنە ئەستۆی دەوڵەتی ئاکەپە و ئەردۆغان، وتیشی:"پێویستە ڕێکخراوی بەرگرتن لە ئەشکەنجە CPT  بێدەنگ نەبێت لەبەرامبەر ئەو گۆشەگیرییەی کە لەسەر ڕێبەر ئاپۆیە، هەرچی زووە ڕێگە بە پارێزەران و خانەوادەی ڕێبەر ئاپۆ بدرێت، سەردانی ئیمرالی بکەن".

 

 

چالاکییەکە بە وتنەوەی چەندین دروشمی وەک "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت" " ئێمە ئاپۆچین" کۆتایی پێهات

 

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin