Smiley face
Smiley face
Smiley face

گۆران و کۆمەڵ ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشی سێ خاڵییان بڵاو کردەوە

2017-10-19 20:02:11



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

گۆران و کۆمەڵ، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشی سێ خاڵییان بڵاو کردەوە، هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ راپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاند لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی ‌و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ‌و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم هەلومەرجە نەخوازراوەی، کە لە ئەنجامی سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانە و شکستخواردی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و هاوڕاکانیان، بەسەر گەلەکەماندا هاتوە کۆبوونەوە.

 

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبونەوەکەدا جگە لە تاوتوێکردنی ئەگەرەکان، نەخشەڕێگایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە‌و دەرچوون لەم بارودۆخە داڕێژراو پەسەندکراوە.

 

لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ئێمە لە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ‌و بزووتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانین جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەینەوە:

یەکەم: پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان‌و داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی‌و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستان، و چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا، دژی هەمو هەوڵو نیازێکین بۆ پارچەپارچەکردنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان‌و گەڕانەوە بۆ دواوە.

 

دوەم: داوا لە هەمو هێز‌و لایەن‌و کەسایەتییە نیشتیمانپەروەرەکانی کوردستان دەکەین، کە هەمومان بەیەکەوە بەرنامەیەکی گشتگیر دابڕێژین بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان‌و دروستکردنی حکومەتێکی رزگاری نیشتیمانی بۆ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی بێگەردی گشتی بەچاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان.

 

لە بەشێکی دیکە ڕاگەیاندراوەکەدا لەبارەی پشتیوانیکردنی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایش نێوەدەوڵەتیدای هاتووە: پشتیوانی خۆمان بۆ راپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رادەگەیەنین لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی‌و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان‌و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم ‌و حکومەتی فیدڕاڵی، لەرێگەی گفتوگۆ.

 

لە خاڵی سێیەمیشدا ئاماژە بەوە کراوە کە: ئیدانەی هەمو ئەو تاوان‌و دەستدرێژی‌و پەلامارانەی هەندێک لە یەکەکانی حەشدی شەعبی دەکەین، کە لەچەند رۆژی رابردو بەرامبەر هاوڵاتیانی دوزو کەرکوک‌و شوێنەکانی تر کردویانە‌و سوکایەتییان بە ئاڵای کوردستان کردوە. پێویستە حکومەتی فیدراڵی رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەوکارانە‌و تاوانباران رادەستی دادگا بکات و بڕیاری پێویست بدات بۆ ئاساییکردنەوەی باردۆخی دوزخورماتو و گەڕانەوەی ئاوارەکان و قەرەبوکردنەوەیان.

 

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەشدا هاتووە: نابێت ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم کاتەدا بکرێ بە پاساو بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای دوژمنکارانە بەرامبەر گەلەکەمان‌و تۆڵەسەندنەوە لە هاوڵاتییانی کوردستان.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin