Smiley face
Smiley face
Smiley face

نیۆیۆرک تایمز: لە کەرکوک ئێران و ئەمریکا لە یەک بەرەدا شەڕیان کرد

2017-10-20 13:01:38



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە لە ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراق دژی کەرکوک کە بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی چەکدارە شیعەکانەوە ئەنجام درا، ئێران و ئەمریکا لە یەک بەرەدا شەڕیان کرد.

 

ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ژمارەی دوێنێیدا، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی پێشهاتەکانی کەرکوک بڵاو کردوەتەوە و باسی لەوە کردووە کە چۆن ئەمریکا کە دوو ڕۆژ پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە، ڕەزامەند بووە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک کە بە ئاشکرا لەلایەن ئەو فەیلەقەوە فەرماندەیی کراوە.

 

ئەو ڕۆژنامەیە ڕایگەیاندووە، کە ئەمریکا ڕێگای داوە بە حکومەتی ناوەندی کە پلانەکەی بۆ وەرگرتنەوەی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە حکومەتی هەرێم جێبەجێ بکات.

 

هەروەها ئاماژەشی داوە، کە پێش ئۆپەرسیۆنی کەرکوک قاسم سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی کۆبووەتەوە و ڕێککەوتون کە کەرکوک چۆڵ بکرێت.

 

دەیڤید فیلیپس، یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە ماوەی سی ساڵ توێژینەوەی کردووە لە سەر سیاسەتی عێراق دەڵێت: حەیدەر عەبادی بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەمریکا ئەو ئۆپەراسیۆنەی دەستپێنەکردووە، لانی کەمی هاوکاریکردنی ئەمریکا ئەوەیە کە ئاگاداری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بووە.

 

ماریا فانتاپی، توێژەری گروپی توێژینەوەی "عێراق وەک قەیرانێکی نێودەوڵەتی" دەڵێت: بەدڵنیاییەوە ئەمریکا ڕەزامەندی پیشانداوە بۆ دەستپێکردن و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە.

 

هەمووی ئەمانە دەیسەلمێنن، کە ئەمریکا بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە بارەی پرسی کەرکوکەوە هاوکاریی ئێڕانی کردووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە، کە هیزەر ناورت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەنووسی ڕۆژانەیدا، ئەو پشتڕاست کردووەتەوە و وڕایگەیاندووە، کە ئەوەی لە کەرکوک ڕوویداوە جێگای سەرسووڕمان نەبوو چونکە ئەمریکا پێشوەخت ئاگاداری پلانی عێراق بوو.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin