Smiley face
Smiley face
Smiley face

که‌مال ڕه‌ئوف: له‌پێناو خواستی بارزانی قومار به‌ ده‌ستکه‌وته‌کانه‌وه‌ کرا

2017-10-22 08:19:16



ڕۆژنیوز- دانا عومه‌ر

 

ڕۆژنامه‌نووس که‌مال ڕه‌ئوف، له‌باره‌ی ڕووداوه‌کانی باشوری کوردستانه‌وه‌ ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی ڕوویدا ڕێککه‌وتن بوو، به‌ڵام‌ هێزی پێشمه‌رگه‌-ش ڕێکنه‌خراوه‌ و سه‌رکردایه‌تی باشی نییه،‌ بۆیه‌ نه‌یتوانی به‌رگریی بکات، ده‌شڵێت: ئه‌مانه‌ هه‌مووی قومار بوون به‌ ده‌ستکه‌وتی میلله‌ته‌وه‌ کران بۆ خواستی شه‌خسی بارزانی.

 

له‌ ڕۆژی ١٦ی ئه‌م مانگه‌دا هێزه‌کانی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی هێرشیان کرده‌ سه‌ر شاری که‌رکوک و پاش به‌رگریه‌کی که‌م، فه‌رمانی کشانه‌وه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ کرا و دواتر پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ دابڕێنداروه‌کان کشایه‌وه‌ و هێزی عیراق تیایدا جێگیربوو، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌وه‌ى ڕۆژنیوزدا که‌مال ڕه‌ئوف، ڕۆژنامه‌نووس و چاودێرى سیاسى، له‌باره‌ى ڕووداوه‌کانى شارى که‌رکوک و ڕۆژانى دواییه‌وه‌ وه‌ڵامى چه‌ند پرسێکى گرنگ ده‌داته‌وه‌.

 

ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

 

-پارتى و یه‌کێتى یه‌کتر تۆمەتبار ده‌که‌ن به‌خیانه‌تکار له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و شکسته‌ى به‌سه‌ر کورددا هات، تۆ ڕاستیی ڕووداوەکان چۆن دەبینی؟

 

"ڕێککه‌وتنی نهێنی یه‌کێتی و پارتی بوو"

 

که‌مال ڕه‌ئوف: ئه‌وه‌ی که‌ ڕوویدا ڕێککه‌وتنێکی نهێنی یه‌کێتی و پارتی بوو له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقدا، بۆ ئه‌وه‌ی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی بێنه‌ سه‌ربازگه‌ی که‌یوان، دواتر لیژنه‌یه‌کی چوار قۆڵی دروست بکه‌ن له‌نێوان ئه‌مریکا و به‌ریتانیا و ئه‌وان و حکومه‌تی عێراق ده‌ست به‌ گفتوگۆ  بکه‌ن، بۆئه‌وه‌ی حکومه‌تی عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان، به‌ڵام یه‌کێتی و پارتی گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ حکومه‌تی عێراق پابه‌ندی ڕێککه‌وتنه‌که‌ نه‌بووه‌ و هێرشی کردووه‌ و ئه‌مانیش به‌رگه‌ی هێرشه‌که‌یان نه‌گرتووه‌ و کشاونه‌ته‌وه‌.

 

-ئه‌ى که‌وایه‌ بۆ یه‌کتر تۆمه‌تبار ده‌که‌ن؟

 

"پارتی پێیوایه‌ ڕێککه‌وتنێکی نهێنی له‌گه‌ڵ هه‌ندێک سه‌رکرده‌ی یه‌کێتی کراوه‌"

 

که‌مال ڕه‌ئوف: پارتی پێیوایه‌،‌ که‌ ڕێککه‌وتنێکی نهێنی له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی کراوه‌ و ئه‌و ناوچانه‌ فرۆشراون، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ داهاتوودا هێزه‌کانی یه‌کێتی له‌و ناوچانه‌دا بمێننه‌وه‌ و پارتی له‌و ناوچانه‌ ده‌رکرێت، ئه‌مه‌ کۆی چیرۆکه‌که‌یه‌، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پارتی و یه‌کێتی له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا گوێیان له‌ خه‌ڵکی ڕۆشنبیر و دۆسته‌که‌نمان نه‌گرت له‌باره‌ی ئه‌و تێبینیانه‌ی له‌سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌یان بوو، که‌ ده‌یانوت ئه‌م هێزه‌ ڕێکخراو نییه‌ و له‌سه‌ر شێوازی میلیشیا ڕێکخراوه‌، وه‌ هێزی میلیشیا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ شکست بێنێت، ته‌نانه‌ت مه‌ترسیداریشه‌ که‌ شه‌ڕی ناوخۆی لێبکه‌وێته‌وه‌.

 

-بۆچی بەرگریی نەکرا؟ ئایا پێشمەرگە نەیدەتوانی بەرگریی بکات؟

 

"هێزی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌،‌ به‌ڵام سه‌رکرده‌ی نییه‌ ڕێکی بخات"

 

کەمال ڕەئوف: ئه‌و شکسته‌ی به‌سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌دا هێندرا به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م هێزه‌ بۆ به‌رگرییکردن ڕانه‌هێندراوه‌، زیاتر ڕاهێندراوه‌ بۆ شه‌ڕی ناوخۆ و شه‌ڕی خۆبه‌خۆ، ئه‌گه‌ر یه‌کێتی له‌ که‌رکوک خیانه‌تی کردبێت، خۆده‌بوو پارتی له‌ سنوری مه‌خمور و شه‌نگال به‌رگری بکردایه‌، به‌ڵام ده‌رکه‌وت هێزه‌که‌ی پارتی له‌ هه‌موو هێزه‌کان فشه‌ڵتره‌ و توانای به‌گریکردنی نییه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه،‌ به‌ڵام سه‌رکرده‌ی نییه‌ ڕێکی بخات، ئه‌گه‌ر بڕیار وایه‌ کاک مه‌سعود سه‌رۆکی هێزه‌ چه‌کداره‌کان بێت چۆن ده‌کرێت که‌سێکی تر له‌خواره‌وه‌ بڕیاری کشانه‌وه‌ بدات.


-یه‌کێتى و پارتى له‌کوێدا لێکدانه‌وه‌کانیان هه‌ڵه‌بوو که‌بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌م شکسته‌ به‌سه‌ر کورددا بهێنن؟

 

"ده‌رکه‌وت که‌ لێکدانه‌وه‌ی کاک مه‌سعود زۆر هه‌ڵه‌ بووه‌"

 

که‌مال ڕه‌ئوف: پارتی پێی وابوو، که‌ شه‌ڕ نابێت، له‌دانیشتنی دوکانیشدا به‌ یه‌کێتی-یان وتووه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕ ببێت ئێمه‌ چه‌ند کاتژمێرێک شه‌ڕ بکه‌ین هه‌موو دنیا دێته‌ سه‌ر خه‌ت، به‌ڵام ده‌رکه‌وت که‌ لێکدانه‌وه‌ی کاک مه‌سعود زۆر هه‌ڵه‌ بووه‌، ئه‌وه‌ی که‌ ده‌وترا هه‌موو دنیا دۆستمانه‌ هیچ وانه‌بوو، ده‌بوو ته‌نها متمانه‌مان به‌ خۆمان و هێزی پێشمه‌رگه‌ و دۆسته‌ کورده‌کانمان بکردایه‌".

 

-ئه‌وان بڕوایان وابوو که‌ دۆستى ده‌ره‌کیان هه‌یه‌، ئه‌و دۆستانه‌ کامانه‌بوون که‌ ئه‌وان بڕوایان پێى هه‌بوو؟

 

"پارتی هه‌ر خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت که‌ تورکیا بێته‌وه‌ سه‌ر خه‌ت"

 

که‌مال ڕه‌ئوف: ئێران که‌ نزیکایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا هه‌بوو، پێیان وابوو که‌ دۆستیانه‌، به‌ڵام ده‌رکه‌وت که‌حکومه‌تی عێراقی به‌لاوه‌ گرنگتره‌، پارتی ئه‌و هه‌موو گره‌وه‌ی له‌سه‌ر تورکیا کرد، ڕێککه‌وتنی ٥٠ ساڵه‌ی نه‌وتی له‌گه‌ڵدا کرد، له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیادا بارزانی به‌شدار بوو بۆ ئه‌وه‌ی هێزی ئاکه‌په‌ زاڵ بێت له‌ تورکیادا، ده‌رکه‌وت که‌ ئێمه‌ چه‌ند نه‌زان و کورت بینین له‌ سیاسه‌تدا، تورکیا وه‌ک بازرگانی سیاسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌کاندا ده‌کات، ئه‌وه‌تا پشتی کرده‌ پارتی، به‌ڵام پارتی چه‌ند ڕۆژێکه‌ هه‌ر خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت که‌ تورکیا بێته‌وه‌ سه‌ر خه‌ت و هاوکاریی بکات، بێجگه‌ له‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌ شێوه‌ی سازشکردنی گه‌وره‌ بۆ حکومه‌تی عێراق سه‌رنجی عێراق ڕاکێشێت.

 

-باشه‌ له‌پێناو چیدا ئه‌مه‌یان کرد؟ 

 

"ئه‌وه‌ی کرا قومارێک بوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی کاک مه‌سعود"

 

که‌مال ڕه‌ئوف: ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست هات به‌ خوێنی زیاتر له‌ دوو هه‌زار پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌ست هات، ئه‌مان قوماریان پێوه‌کرد، ئه‌م قوماره‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی کاک مه‌سعود بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وتی ده‌ست که‌وێت و پێی بووترێت که‌ کورد به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌بات، ئه‌وه‌ش ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی لێکه‌وته‌وه‌، ئه‌وه‌ی من پێشبینی ده‌که‌م  ئێستا به‌ره‌و دوو ئیداره‌یی و شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ڕۆین.

 

-ئه‌نجامى ڕیفراندۆم چى به‌سه‌ر هات؟

 

"ڕیفراندۆم بووه‌ هۆی دابه‌شکردنی ماڵ و خاکی کورد"

 

که‌مال ڕه‌ئوف: ناوبانگی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ گه‌لێکی قاره‌مانه‌وه‌ به‌ره‌و گه‌لێکی ناسیاسی و عیناد گۆڕدراوه‌، وه‌ دۆسته‌کانمان هیوایان به‌ ئه‌م سه‌رکرده‌ سیاسیه‌ی ئێستای کوردستان نه‌ماوه‌ و په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌ له‌ دۆستایه‌تیمان، ڕیفراندۆم بوو به‌ بڵقی سه‌رئاو، ڕیفراندۆم ئه‌نجامێکی خراپی هه‌بوو، له‌بری ئه‌وه‌ی ببیته‌ هۆکاری رێکخستنی ماڵی کورد بووه‌ هۆی دابه‌شکردنی ماڵ و خاکی کورد".


-چاره‌سه‌ر چییه‌ بۆ ئه‌م دۆخه‌؟

 

"ده‌بێت حکومه‌تێکی ڕزگاریی نیشتیمانی دروست بکرێت"

 

که‌مال ڕه‌ئوف: ئێستا پڕۆژه‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ پڕۆژه‌ی خه‌ڵکی ڕۆشنبیر و ئه‌و لایه‌نانه‌ن که‌ له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆمد نه‌بوون، ئه‌ویش پڕۆژه‌ی دروستکردنی حکومه‌تێکی ڕزگاریی نیشتیمانییه‌، ئه‌م حکومه‌ته‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنیش بکات، چونکه‌ ناکرێت هه‌ڵبژاردن به‌ ویستی ئه‌م حزبه‌ دۆڕاوانه‌ دواخرێت.

 

ئەو حکومەتە چۆن دروست دەکرێت؟

 

"ئەم لایەنانە دەستبەرداری پۆستەکانیان ببن"

 

کەمال ڕەئوف:به‌ سێ‌ ڕێگا ده‌کرێت دروست بکرێت، یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ خۆیان هه‌ست به‌ شکستی خۆیان بکه‌ن و ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌کانیان بن، ڕێگای دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ڕێگه‌ی فراکسیۆنه‌کانیانه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م کابینه‌یه‌ بده‌ن، ڕێگای سێهه‌میش ئه‌وه‌یه‌ که‌ شه‌قام بجوڵێندرێت.

 

-ڕۆڵى گه‌ریلا له‌ که‌رکوک چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، گه‌ریلا چۆن ده‌توانێت هاوکاریى پێشمه‌رگه‌ بکات؟

 

"ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئومێدیان به‌ تورکیا هه‌بوو ئومێدیان به‌ گه‌ریلا هه‌بوایه‌ ئه‌نجامه‌کان جۆرێکی تر ده‌بوو"

 

که‌مال ڕه‌ئوف: ئومێدێک هه‌بوو که‌ گه‌ریلا شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌ر شه‌ڕ بکات وه‌ک پێشتر کردوویانه‌، به‌ڵام که‌ بیندرا هێزی پێشه‌رگه‌ پاشه‌کشه‌ی کرد ئه‌وانیش له‌ دره‌نگانێکی شه‌ودا له‌دوای به‌گرییه‌کی زۆر کشانه‌وه‌، کاتێک بڕیاری پاشه‌کشه‌یاندا ڕێگاکانیان لێگیرابوو، ئەم حزبانە ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئومێدیان به‌ تورکیا هه‌بوو ئومێدیان به‌ هێزی گه‌ریلا هه‌بوایه‌ ئه‌وا ئه‌نجامێکی تر به‌ده‌ست ده‌هات، وه‌ک له‌ ماوه‌ی پێشوودا دیار بوو که‌ بوونی گه‌ریلا وره‌ی هێزه‌کانی پێشه‌مه‌رگه‌ی به‌رزکرده‌وه‌ له‌ میحوه‌ره‌کاندا. 

 


ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin