Smiley face
Smiley face
Smiley face

٣٢ لایەنی سیاسیی: کارە سەربازییەکانی عێراق نابنە ئەمری واقیع و کاتیین

2017-10-22 15:01:36



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

٣٢ لایەنەی سیاسیی باشوری کوردستان بێجگە لە گۆڕان و کۆمەڵ ڕایدەگەیەنن:"هێرش و بڕیارەکانی عێراق بە نادەستووری و نادیموکراسی و دژی مرۆڤایەتی دەزانین و لەلایەن تەواوی گەلی کوردستان رەتکراوەن، ئەو کارە سەربازییانە نابنە ئەمری واقیع و کاتین".


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ / ١٠ / ٢٠١٧ ، ئێمە حزب و لایەنەسیاسییەکانی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و هاتنەپێشی ئەگەر و پێشهاتەکان لە شاری هەولێر کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان هەڵوەستەی لەسەرکرا و شرۆڤەکرا و بیروبۆچوونەکانمان لەم قۆناغەدا سەبارەت بە رەوشی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:

 

- هەموو لایەکمان جەختدەکەینەوە سەر یەکڕیزیی و یەکدەنگی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هەر ئەوەش بە زامنی سەرکەوتن و تێپەڕاندنی هەموو کێشەکان دەزانین.

 

- بەتوندی ئیدانەی هێرشی سەربازی و بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکانی حکومەتی عێراق دەکەین و رەتیاندەکەینەوە، کەوا دەرهەق بە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ئەنجامدراون، ئەم هێرش و بڕیارانەی عێراق بە نادەستووری و نادیموکراسی و دژی مرۆڤایەتی دەزانین و لەلایەن تەواوی گەلی کوردستان رەتکراوەن، ئەو کارە سەربازییانەی عێراق نابنە ئەمری واقیع و کاتین.

 

- بۆ وەڵامدانەوەی خواستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆستەکانمان سەبارەت چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بە رێگای دیالۆگ، ئێمە هەموو کات خوازیاری دیالۆگ بووین، بەڵام لایەنی عێراق مەنتقی سەربازی هەڵبژاردووە، لێرەوە بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین کەوا ئامادەی دیالۆگی بێ مەرجین لەسەر بنەمای دەستوور و دوور لە فەرزکردنی سیاسەتی ئەمری واقیع و هێرش و غرووری سەربازی، پێویستە عێراق لەسەر بنەمای داننان بە مافەکانی گەلی کوردستان بێتەسەر مێزی دیالۆگ، بۆ ئەم بابەتەش حکومەتی کوردستان نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکات.

 

- ئێمە لایەنەسیاسییەکان بەتوندی هەر هەنگاو و ئاراستەیەک بەمەبەستی زیندووکردنەوەی دوو ئیدارەیی رەتدەکەینەوە و پێویستە هەرێمی کوردستان بە یەکگرتووی بچێتە ناو هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ حکومەتی عێراق.

 

- ریفراندۆمی گەلی کوردستان مافێکی دەستووری و یاسایی گەلی کوردستانە و دەستبەرداری نابین و پێویستە عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر ئەو مافە گەلی کوردستان سزا نەدەن.

 

- لێرەوە داوا لە تەواوی دەزگاکانی راگەیاندنی حزبی و سەربەخۆ دەکەین خۆیان  دوور بگرن لە زمانی زبر و وروژاندن، پێویستە بە ئەمانەتەوە هەواڵ و رووداوەکان بگوازنەوە، پارێزگاری لە یەکڕیزی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بکەن.

 

- لەکۆتاییدا سڵاوو دروود بۆ گیانی پاکی تەواوی شەهیدانی کوردستان بەگشتی و قوربانیانی کەرکوک و دووزخورماتوو و خانەقین بەتایبەتی دەنێرین و بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بەرز دەنرخێنین و سڵاو و رێزمان بۆیان هەیە و سڵاو و رێز و خۆشەویستی بۆ تەواوی ئەو خوشک و برایانەمان دەنێرین کەوا بەزۆر لەلایەن هێزە عێراقییەکان دەربەدەرکراون.


- سەرکەوێ ئیرادەی هەقخوازانەی گەلی کوردستان.
 
پارت و لایەنە سیاسییەکان

1- پارتی دیموکراتی کوردستان
2- یەکێتی نیشتمانی کوردستان
3- حزبی شیوعی کوردستان
4- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
5- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
6- حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
7- پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان
8- بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
9- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
10- پارتی پارێزگارانی کوردستان
11- حزبی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی کوردستان
12- بزووتنەوەی رزگاری دیموکراتی کوردستان
13- بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستان
14- پارتی پارێزگارانی دیموکراتی کوردستان
15- پارتی نەتەوەیی کوردستان
16- بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان
17- حزبی دیموکراتی بێت نەهرێن
18- یەکێتی بێت نەهرێنی نیشتمانی
19- حزبی دیموکراتی کلدان
20- ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدان
21- رابتەی کلدانی جیهانی
22- حزبی نیشتمانی ئاشووری
23- بزووتنەوەی مەسیحی دیموکراتی سەربەخۆ
24- پارتی گەشەپێدانی تورکمان
25- پارتی دیموکراتی تورکمان لە کوردستان
26- کۆمەڵەی لیبرالی تورکمان
27- کۆمەڵەی رۆشنبیری تورکمان لە کوردستان
28- پارتی نیشتمانی تورکمان
29- یانەی ئۆچاغی تورکمان
30- بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان
31- پارتی چاکسازی تورکمان
32- بەرەی شەرعی تورکمان
 
 
٢٢ / ١٠ / ٢٠١٧
هەولێر _ کوردستان

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin