Smiley face
Smiley face
Smiley face

شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر گەل متمانەمان پێبدات دەزانین چۆن دەسەڵات دەگۆڕین

2017-10-25 08:51:18



ڕۆژنیوز – سۆران حسێن

 

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ، ڕایدەگەیەنێت، کە "ئەم دەسەڵاتە تەنها دزیی و شکست دەزانێت"، دەشڵێت:"ئێمە چاوەڕێی پشتیوانیی خەڵکین و ئەگەر گەل متمانەمان پێبدات دەزانین چۆن دەسەڵات دەگۆڕین".

 

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ڕۆژنیوز-دا وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە و سەرنجی خۆی لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و پێشنیارەکانی بۆ ئێستا و داهاتوو دەخاتەڕوو.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

-ئەمەی ئێستا ڕوودەدات ئەنجامی ڕیفراندۆمە؟

 

"ئەمانە دەیانویست شەڕێکی دیکە لەم ناوچەیەدا بخولقێنن تەنها لەپێناو مانەوەی خۆیاندا"

 

شاسوار عەبدولواحید: ئێمە سەرەتاش وتمان، کە ئەو ڕیفراندۆمە ساختەیە و بۆ دەوڵەتی کوردیی نییە، هیچ کاتێکیش ئامانجی دەوڵەتی کوردیی نەبووە، ئێمە زانیاریمان لابوو بۆ ئەو قسانە، بێگومان بەرپرسانی هەرێمیش ئەوەیان دەزانی، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە ئێمە ڕاستگۆبووین لەگەڵ گەلی خۆماندا، ئەوان دەیانویست دۆخێکی تری ناهەمووار دروستبکەن، بۆئەوەی بتوانن ماوەیەکی زیاتر بمێننەوە، لەبەر ئەوەی هەمووان دەزانن ئێستا پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم کێشەی زۆری لەسەرە، ئەوکاتیش پەرلەمان پەکخرابوو، دامەزراوەکانی حکومەتیش بایەخێکی ئەوتۆیان نەمابوو، بۆیە ئەمانە دەیانویست شەڕێکی دیکە لەم ناوچەیەدا بخولقێنن تەنها لە پێناو مانەوەی خۆیاندا.

 

-پێتان وایە، ئەوەی ئێستا ڕوودەدات لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا بێت؟

 

"بۆچوونەکانیان هەڵەبوو"

 

شاسوار عەبدولواحید: من پێموایە ئەوان ئەوەیان دەویست، بەڵام بۆچوونەکانیان هەڵەبوو، دەیانویست شەڕێک دروستبێت، وایان دەزانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانییان دەکات، نەیاندەزانی بەڕاستی دەکەونە دابڕانێکی تەواوە و ئەوەی ئێستا بەسەریان هاتووە بەسەریان دێت.

 

-ئەمریکا و دەیان وڵات دژی ڕیفراندۆم بوون، بۆچی دەسەڵاتی هەرێم گوێی بەکەس نەدا؟

 

"ئەم دیکتاتۆرانە دەکەونە دۆخێکەوە لە دنیا دادەبڕێن"

 

شاسوار عەبدولواحید: هەندێک جار ئەم دیکتاتۆرانە دەکەونە دۆخێکەوە کە لە دنیا دادەبڕێن، پێیانوایە، کە خۆیان هیزێکی گەورەن و توانایەکی گەورەیان هەیە، بەوەش تووشی جۆرە لە نەخۆشییەک دەبن نە خۆیان باش دەناسنەوە، نە دەشزانن چواردەورەکەیان کێیە، سەرەنج بدەین کاتی خۆی هەموو دونیا داوای لە سەدام کرد، کە لە کوێت بکشێتەوە، نەکشایەوە، دواتر ئەوەی لێ بەسەرهات کە بەسەری هات، بۆیە ئەم جۆرە کەسایەتییانە لە زەمەنێکدا لە دونیا دادەبڕێن و شتەکان نابینن، وەک ئەوە وایە کە چاوت نەبێت و هیچ شتێک نەبینیت و نەزانیت لە چواردەورتدا چی ڕوودەدات.

 

-پێتان وایە، ئەوەی ئێستا لە ناوچە دابڕێندراوەکان ڕوودەدات، ڕێککەوتنە یان دەرەنجامی ڕیفراندۆم؟

 

"لەگەڵ وڵاتاندا ڕێککەوتنایە تووشی ئەم نەهامەتییانە نەدەبووین"

 

شاسوار عەبدولواحید: پێموایە ئەگەر پیش ڕیفراندۆم لەگەڵ وڵاتانی زلهێزدا ڕێکبکەوتنایە، بەهیچ شێوەیە ئەو ناوچانەی لە دەستووردا بەجێناکۆک ناویان هاتووە نەدەکەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی، لەبەر ئەوەی بەڵێنێکی زۆر هەبوو بۆ حکومەتی هەرێم، کە تاوەکو ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێت ئەو ناوچانە بەوشێوەیە بمێننەوە، ئەگەر بەوە ڕازی بوونایە سودێکی زۆری دەبوو بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوکاتە خەمی ئەوەشمان نەدەبوو کە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ دەبێت یاخود نا، چونکە لە ژیردەستی خۆماندا بوو، کوردیش ڕووبەڕووی ئەم نەهامەتی و کارەساتە نەدەبوویەوە.

 

 

-ئێستا دەوترێت هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا، بۆچی پێشتر ئەو ئامادەییە نەبوو؟

 

"سیاسییەکی ئاقڵ و شارەزابوونایە، ئێستا گەلی کورد ڕۆژی بەمڕۆژە نەدەگەیشت"

 

شاسوار عەبدولواحید: وەک وتم هەموو پیشبینییەکانیان هەڵەبووە، ئەگەر ئەوانە سیاسییەکی ئاقڵ و شارەزابوونایە، ئێستا گەلی کورد ڕۆژی بەمڕۆژە نەدەگەیشت، هەموو شتێکیان هەڵەبووە، نە لەسیاسەت دەزانن نە لە ئابووریی دەزانن، بۆیە بەڕاستی بەمانای وشە فاشیلین، پەنجا بۆ شەست ساڵە سیاسەت دەکەن، بە ئێمە مانانیش دەڵێن ئەم گەنجانە هیچ نازانن، وەرن بزانن ئەمانە لەو هەموو ساڵەدا چییان کردووە بۆ کورد؟، لایەنی کەم ٢٦ ساڵە ئەزمونی حوکمڕانییان هەیە لەم هەرێمەدا بزانین چییان کردووە، دامەزراوەیەکی گرنگمان نییە، سوپایەکی وامان نییە کە مرۆڤ بڵێت سوپایەکی بەهێز و ڕێکخراومان هەیە، نە سیستمی دادوەریی نە تەندروستی نە پەروەردە و زانکۆکان و دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، هیچی بایەخێکی ئەوتۆی نییە، نە کشتوکاڵ و ئابووریی و پەیوەندییەکانمان، هەچ نەبێت با تەماشاکەین بزانین ٢٦ ساڵە توانیویانە کورد بکەنە گەلێکی یەکدەنگ و یەکگرتوو.

 

-دیسانەوە هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا، پێتوایە هەمان ئەو بەرپرسانە بتوانن دۆخە بگۆڕن؟

 

"باوەڕم وایە ئێستا ناشیرینترین دەموچاو ئەم حزبانەن"

 

شاسوار عەبدولواحید: من پێموایە جارێک هەمان ئەم دەموچاوانە دەڕۆنەوە، لەبەرئەوەی زیاتر لە ٦٠ ساڵە کایەی سیاسییان قۆرغکردووە، تۆزێک کاتی دەوێت تا دووردەکەونەوە، بەڵام پێموایە هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن و دەرکەوتنی دەموچاوی نوێ، ئەمانە هیچ باویان نامێنێت، پێشتریش خەڵک دەنگی بەمانە داوە هیچ بەدیلێکی نەبووە، بەڵام پێموایە لەمەودوا دەموچاو و عەقڵ و فیکری تازە دروستەبێت، خەڵک تاقەتی ئەمانەی نەماوە، باوەڕم وایە ئێستا ناشیرینترین دەموچاو ئەم حزبانەن، نەک تەنیا یەکێتی و پارتی، بەڵکو هەموو ئەو حزبانەی هەرێمی کوردستان بەگشتی و ئەوانەی چەندین ساڵە لە سیاسەتدان.

 

-هەڵبژاردن دواخرا، پێتانوایە ئەوەش بۆ درێژەدان بوو بەم دەسەڵاتە؟

 

"پەنا دەبەینە سەر شەقام و چالاکی دەکەین"

 

شاسوار عەبدولواحید: پێموایە بۆیان ناچێتەسەر و ناتوانن بۆماوەی درێژ دوای بخەن، ‌ئێمەمانان و خەڵکانی دیکەش وردە وردە پەنا دەبینە بەر شەقام و خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین، بەڵام ئەگەر هەرچۆنێک بێت و بۆ چەند مانگێکی کەمیش بێت، من پێموایە هەڵبژاردن بکرێت لەوە باشتر کە ئەمانە لە ژیانی دیموکراسی دووربکەونەوە، من پێشتریش بە خەڵکە عاقڵەکانی ناو یەکێتی و پارتی-م وتبوو، کە ئەوان لە پەرلەماندا باڵادەستن، کە نابێت ژیانی دیموکراسی بەلاوەبنێن و پەراوێزی بخەن، بۆ ئەوەی وردە وردە ئەم پرۆسە دیموکراسییە بەردەوامبێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر پرۆسەی دیمکراسی بەتەواویی بووەستێت، بەداخەوە بەدیلەکەی شەڕ دەبێت.

 

-باشە بۆ ئەمانەی باسی دەکەیت، چارەسەر چییە؟

 

"هەڵبژاردن تاکە چارەسەرە"

 

شاسوار عەبدولواحید: تەنها هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، هیچ چارەسەرییەک جیاواز لە هەڵبژاردن بوونی نییە، وڵاتانی پێشکەوتوو بەهەزاران ساڵ بەوەگەشتوون کە هەڵبژاردن و دیموکراسییەت باشترین شتە، چونکە گۆڕانکاریی دەهێنێتە کایەوە و دەموچاوی نوێ دەهێنێتە پێشەوە، خۆ ئەگەر ئەوەش نەبوو هەر ئەمانە مانەوە، ئەوە بێگومان خەڵک خۆی ئەوەی دەوێت.

 

-بەهۆی چەکداری حزبەوە، کەڕێگریی لە چالاکییەکانیش دەکەن بەوانەی ئێوەشەوە، دەوترێت هەڵبژاردن هیچ گۆڕانکارییەک دروستناکات؟

 

"لە سەردەمی سەدامدا خەڵک خۆپیشاندانی دەکرد و ڕێگریی سودی نەبوو"

 

-ئەوانەی کە ڕێگریی لە جوڵەمان بکەن بەخێری خۆیان نییە، لەسەردەمی سەدامدا خەڵک خۆپیشاندانی دەکرد و ڕێگریی سودی نەبوو، ئێمە ئەو هەموو ڕێگرییەمان لێکراو ئەو هەموو خەڵکەش بەشدارییان کرد، ئەوەش ئەنجامی شکستی ئەوانە، ئەوە خۆمانبووین حەزمان نەکرد کارەساتی لێبکەوێتەوە، لەداهاتووشدا چالاکی جەماوەریی زۆر ڕێکدەخەین، لە هەڵبژاردنیشدا ئەگەر لایەنێک شەرعییەت بەدەستبێنێت، ئەووە باوی ئەوانە نەماوە کە بەزەبری هێز بتوانن ڕێگای پێبگرن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ئەوە قبوڵ ناکات، ئەگەر خەڵک هێزێکی نوێی هەڵبژارد، ئەوکاتە دڵنیابن کە پیشانیان دەدەین، کە دەستاودەستکردنی دەسەڵات چۆن ڕوودەدات، ئێمە گەر خەڵک متمانەمان پێبدات ئەوە دەزانین چۆن ڕووبەڕووی ئەم دەسەڵاتە ببینەوە.

 

-شاسوار عەبدولواحید بازرگانەو ناتوانیت ئاگاداری گەلێکی هەژاربێت، ئەمە قسەی خەڵکانێکی زۆرە؟

 

"دەمانتوانی بەخۆشی بژین، بەڵام خەمی ئێمە خەمی خەڵکە"

 

شاسوار عەبدولواحید: ئەوەی کە ئێمە بازرگانین و هەندێک ئمکانی ماددی و کۆمپانیامان هەیە خاڵێکی باشە، هەمیشە ئێمە سیاسەت ناکەین بۆ مووچەیەکی پەرلەمانتاریی، من و هاوڕێیانیشم دەمانتوانی خەریکی بازرگانیبین و لەسەفەری وڵاتانبین و خەمی ژیانی خەڵکمان نەبێت، بەڵام خەمی ئێمە لەوە گەورەترە، کە خەمی هاوڵاتیانمانە، ئەگەر تەمەن هەبێت ئەم ژیانەی خۆمان والێدەکەین ببێتە ژیانی هەموو خەڵک، گرنگیش نییە خەڵک هەژار بێت و بەرگریی لە هەژار بکات، گرنگ ئەوەیە یەکێک دۆخی باشبێت و ئاگاداری ئەوانە بێت کە داهاتیان کەمە.

 

 

-کەواتە ئێوە چی بۆ چینی هەژار دەکەن؟

 

"دەبوایە هەژاریی لەم وڵاتە پر داهاتەدا تاوان بوایە"

 

شاسوار عەبدولواحید: ئامانجمانە خەڵک لە ئاستی خوارەنەبێت و داهاتی بەرزبکرێتەوە، هاوڵاتییانی ئێمە لە وڵاتێکدان سەروژێری ئاڵتونە و پێویستی بە ئیدارەدان و حزب و سیاسەتمەداری نوێیە، نەک خۆ هەژارکردن، دەسەڵاتی ئێمە چونکە شکستخواردووە وایان لە خەڵک کردووە کە هەژاریی ئیمتیازە و دەبێت هەبێت، لەکاتێکدا دەبوایە هەژاریی لەم وڵاتە پر داهاتەدا تاوان بوایە و بنبڕ بکرایە، ئەگەر ڕۆژێک ئێمە دەسەڵات بگرینەدەست ڕێگا نادەین یەک هەژاربمێنێت و شانازیی بە هەژارییەوە بکات، کە مووچەی نییە و کرێچییە.

 

-تۆ دەتەوێت بڵێیت بازرگانییەکەشم دەخەمە خزمەتی خەڵکەوە؟

 

"ئەمانە تەنها دزی و شکشت دەزانن"

 

شاسوار عەبدولواحید: من ئەگەر بازرگانییەکەشم نەخەمە خزمەتی خەڵکەوە، دڵنیاتان دەکەمەوە بەس من بەپێی ئەوەی بازرگانم دەزانم ئەم وڵاتە چەندی پارە تێدایە و ئەگەر عەقڵێکی باش ئیدارەی بدات ژیانی خەڵک چی لێدێت، تەماشاکەن، ئێمە کۆمپانیایەکی ئاساییمان هەبوو، هەزار و ٦٠٠ شوقەمان بۆ خەڵک دروستکردووە مانگی بە ١٢٠ دۆلار بە قیستی ١٢ساڵ، ئێ ئەگەر من حکومەتێکم بەدەستەوەبێت چیم پێدەکرێت، بێگومان ١٠٠ هەزار خانوو شوقە دروستەکەین بۆ هاوڵاتی کەم دەرامەت، چونکە وەک وتم ئەم وڵاتە ئەوەنەی پارە تیایە، ئەمانەی ئێستا سیاسەت دەکەن بەتەمەنیان ١٠٠دۆلاریان پێ پەیدا نەبووە، تا ئەمانەش دەسەڵاتداربن ژیانی خەڵک لەئێستا خراپتردەبێت، لەبەر ئەوەی ئەمانە تەنها دزیی و شکست دەزانن.

 

-ئێوە بۆ تێپەڕکردنی ئەم دۆخە تا چەند یەکدەنگی کورد بەگرنگ دەزانن؟

 

"مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە بەسەرچووە"

 

شاسوار عەبدولواحید: ئێمە باوەڕی تەواومان بە دۆزی نەتەوەکەمان وەک کورد هەیە، بەڵام لە داهاتوودا هەوڵمان بۆ دەوڵەتێک دەبێت لەسەر بنەمای مرۆڤ بوون، وە پێموایە باوی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە، بۆنمونە ئێستا لە وڵاتانی دونیاشدا دەبینین بیست وڵات پێکەوە سنوور لادەبەن لەنێوانیاندا، باوباوی نەهێشتنی سنوورەکانە، باوی تێکەڵبوونی نەتەوەو ڕەنگ و ئاین و کلتورە جیاوازەکانە، ناکرێت ئێمە لە ٢٠١٧دا بیر لەو خەونە کۆنانە بکەینەوە کە هەمانبووە.

 

-ئێوە هەوڵ دەدەن مەودای سیاسەتتان فراوانتربکەن، بەتایبەت بۆ پارچەکانیتری کوردستان؟

 

"یەکێکە لە ئامانجەکانمان"

 

شاسوار عەبدولواحید: بێگومان ئەوە یەکێکە لە ئامانجەکانی ئێمە، بەڵام لەئێستادا ئێمە زیاتر گرنگی بەناو هەرێمی کوردستان دەدەین، بۆئەوەی بەتەواویی شوێنپێی خۆمان بکەینەوە و جێگای خۆمان قایم بکەین، خۆشبەختانە هاوڵاتیانیش لە هەرێمی کوردستاندا زۆر بەرەو ڕوومان دێن، ئێمەش دواتر زیاتر پەرە بە کارەکانمان دەدەین.

 

-هەوڵێکی بەردەوام بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردان هەیە، تاچەند وەک چارەسەرییەک ئەوە دەبینن؟

 

"یەکدەنگی هەموو کاتێک گرنگە"

 

شاسوار عەبدولواحید: لە هەموو کاتێکدا بێگومان یەکدەنگی و یەکگرتن بۆ باشە، بەڵام من پێموایە، پێویستە پارچە بەپارچە دەسەڵاتی دامەزراوەیی و یاسایی هەبێت و ڕێزی یاسای تێدا بگیرێت، دواتر یەکگرتن و یەکگرتوویی زۆر ئاسانترە، بەڵام لای خۆمان بۆ نمونە لە هەرێمی کوردستاندا کەس کەس نەخوێنێتەوە و کەس قسە لەگەڵ ئەوی تردا نەکات، نەشمانتوانییەوە هیچ دامەزراوەیەکمان هەبێت، بۆیە ئەگەر لەناوخۆماندا یەک نەبین هەمووی دەبێت درووشم.

 

پێتانوایە بۆ هەڵبژاردن پشتیوانیتان بکرێت وەک لیستێکی نوێ؟

 

"هەموو لایەنەکان دژایەتییمان دەکەن"

 

شاسوار عەبدولواحید: هەموو لایەنەکان پێیان ناخۆشە و کەوتوونەتە دژایەتییمان، چونکە دەزان شتێکی نوێ دروستبووە و لەوان ناچێت و وەک ئەوان بیرناکاتەوە و هەمان عەقڵییەتی سیاسەتی ئەوانی نییە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنیت هیچیان لەوانیتر جیاوازترنین و کەسی نوێیان پی قبوڵ نییە، هەمووشیان درووشمی ساختەی دیموکراسییان هەڵگرتووە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی خەڵکین، پشتیوانی خەڵکمان لا گرنگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە چیمان پێدەکرێت.

 

ئێوە چی دڵنیاییەک دەدەنە خەڵک، کە جیاواز دەبن لەوانی تر و خزمەتییان دەکەن؟

 

"تاکە خەونم گۆڕینی ژیانی ئەم خەڵکەیە"

 

شاسوار عەبدولواحید: من ئەوەدەڵێم، کە خۆشبەختانە بۆ یەکەم جارە کۆمەڵێک هاتوونەتە سیاسەت و ئامانجیان پارە و ئۆتۆمبێل و خانوو نییە، دڵنیایی دەدەین کە تاکە یەک خەونمان هەیە، ئەویش گۆڕینی ژیانی ئەوانە، لەژیاندا بمێنین خەڵک دڵنیا دەکەینەوە کە داهاتوویان باش دەبێت و ڕزگاریان دەبێت لەم بارگرانییەی بەسەریان هێندراوە.

 

-ئێوە بۆ هیچ چالاکییەک نابەنە سنووری پارتی، ئەمە پرسیاری خەڵکێکی زۆرە؟

 

"ڕاستەوخۆیەکی فەیسبووک بکەرەوە ١٠٠هەزار کەس تەماشات دەکات"

 

شاسوار عەبدولواحید: پارتی وەهمێکی دروستکردووە و خەڵکیش دەکەوێتە داوی ئەو وەهمەوە، هەمیشە وتوومانە ئەوەی لێرەش چالاکی کراوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دەڤەری ژێردەستی پارتیشەوە هەبووە، لەئێستادا پارتی سیاسەتێکی بەدەستەوەیە لە هەولێر، ئەویش ئاسایش و شەق و تۆقاندنە، بەڵام لەناو هەولێردا ٣٧%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، ئەمەش باسی ٢٠١٣دەکەم، ئێستا ڕەنگە دۆخیان زۆر خراپتربێت، ئەوە بەپێی ئەوەی خەڵک ٧٠%دەنگی داوە، واتا پارتی ٢٥%ی خەڵکی هەولێر دەنگی پێداوە، بۆچالاکییەکانی ئێمەش ئێستا تەکنیک تا دێت پێشەکەوێت، پێویست ناکات بۆ کۆڕێک بچیتە هەولێر ١٠٠ کەس ئامادەبێت و سەیرت بکات، ڕاستەوخۆیەکی فەیسبووک بکەرەوە ١٠٠هەزار کەس تەماشات دەکات.

 

-بە قسەکانتدا وا دەردەکەوێت زۆر گەشبینی بەوەی پشتیوانییەکی زۆری خەڵک بەدەست دەهێنین؟

 

"دڵنیاتان دەکەمەوە ئەمانە کۆتاییان هاتووە"

 

شاسوار عەبدولواحید: دڵنیاتان دەکەمەوە ئەمانە کۆتاییان هاتووە و تەواوبوون، ئێستا نەتەوەیەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان تێڕوانییان بۆ ئەم دوو حزبە گۆڕاوە، وەک وتم تەنها خەڵک ماوە کە هیزێکی نوێ هەڵبژێرێت ئەمانە لێبوونەتەوە، ڕەنگە وەک دیکتاتۆریی هەندێک لە وڵاتانە ئەمانە مووشەک باران بکرێن و نەجاتمان بێت لێیان، یان وەک تاوانباری خەنگ بدرێنە دادگا، ئیدی پێویست بەوەناکات خەڵک بێت و چەک هەڵگرێت و شەڕبکات.

 

زۆرکەس دەڵێت ئێوە حزبی فەیسبووک-ن؟

 

"دەزانن کوێیان دەئێشێت"

 

شاسوار عەبدولواحید: یەکەم چەندین شۆڕش لەڕێگەی فەیسبووکەوە دروستبوون، پاشان ئەوان دەبێت بەخۆیان بڵێن حزبی فەیسبووک و بەیاننامە، ئیمە بەردەوام لە شەقامین و خەڵک کۆدەکەینەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕین و دەیان سیمینار و چالاکیمان هەبووە، ئێمە بەس نییە ئەوەمان کردووە، خۆ ئەوان لە فەیسبووکیشەوە ناوێرن هیچ بکەن، جاربەجار بەیاننامەیەکی شەرمنانە دەردەکەن، ئەوەش نەبێت باشترە، لەبەر ئەوە ئەوان خۆیان دەزانن کوێیان دەئێشێت، ئێمە ناترسین و خۆمان دەچینە ناو خەڵک و خۆپیشاندانەکان، وەک هێزیترنین کوڕی خەڵک بەکوشت بدەین و خۆمان لە شاشەکانەوە تەماشا بکەین.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin