Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: عێراق سەرپەرشتی داهاتی هەرێم بكات بوژانەوە دروست دەبێت

2017-10-27 10:54:01



ڕۆژنیوز- دانا عومەر

 

بریاردەری لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، كە ئەو ڕووداوانەی ڕوویدا چاوەڕوانكراو بوون، هەڵەی كورد ئەوەبوو كە كاتی خۆی بە ڕێككەوتن ئەو ناوچانەی وەرنەگرت، دەشڵێت: ئەگەر حكومەتی عێراق سەرپەرشتی داهاتی هەرێم بكات، شایستە داراییەكانی هەرێم بدات، بوژانەوەیەك لە هەرێمدا دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر بەهانە بدۆزێتەوە ئەم ئاستەنگە ئابوورییە هەر دەمێنێت.

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و بریاردەری لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەم چاوپێكەوتنەی ڕۆژنیوزدا وەڵامی چەند پرسێكی گرنگ دەداتەوە لەبارەی ئەو ڕووداوانەی ڕوویاندا لەنێوان هەرێم و بەغدا و ئایندەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا و ئایندەی ئابوری هەرێمی كوردستان وهەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

 

بارودۆخی ئێستای عێراق چۆن دەبینن؟

 

"كێشەكان لەسەر خاك و بەشداری سیاسی و پشكی هەرێمە لە داهاتدا"

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: لەڕاستیدا بارودۆخی ئێستای عێراق چاوەڕوانكراو بوو، لەبەرئەوەی كورد بەردەوام سێ‌ كێشەی لەگەڵ حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا هەبوو، كە بریتی بوو لە كێشەكانی خاك و كێشەی بەشداری دەسەڵاتی سیاسی، كە بنەمای نییە و بەجێ‌ هێڵدراوە بۆ ڕێككەوتنی سیاسی، كێشەی سێهەم كێشەی بەشی هەرێمی كوردستانە لە داهاتی وڵاتدا، لەسەر ئەم سێ‌ خاڵە بەردەوام كێشە لەنێوان حكومەتی عێراق و هەرێمدا ڕوو دەدەن.

 

 

ئەوەی كە ڕوویدا تا چەند یاسایی و دەستووری بوو؟

 

"ئێستا عێراق باس لە دەستوور ناكات باس لە باڵانسی هێز دەكات"

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: ئەو ناوچانە بە ناوچەی جێناكۆك ناسێندراون، كورد ماوەیەكی زۆر داوای دەكرد چارەنووسی ئەم ناوچانە یەكلایی بكرێنەوە، بەڵام دوای هاتنی داعش، سوپای عێراق ئەم ناوچانەی چۆڵ كرد وپێشمەرگە پڕی كردەوە، گرفتەكە لێرەدایە، دەبوو پێشمەرگە بە ڕێكەوتنی نووسراو واژۆكراو ئەو ناوچانەی وەرگرتبایە، یان دەبوو بەسەرپەرشتی لایەنێكی نێودەوڵەتی كارەكە بكرایە، چونكە پێشمەرگە ئەو ناوچانەی بەخوێن پاراستووە، ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ بەڵگەیەكی نییە كە ئەوناوچانەی چۆن وەرگرتووە، دەسەڵاتی كوردی هەمیشە سیاسەتی ئەمری واقعی جێبەجێ‌ كردووە، سایسەتی ئەمری واقعیش بەردەوام نابێت و پەیوەندی بە باڵانسی هێزەوە هەیە، كاتێك كورد هێزی هەبووە لەوێ‌ بوون، بەڵام كاتێك عێراق نزیك دەبێتەوە لە كۆتایی داعش و هێز پەیدا دەكات، دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، خاڵێكی تر ئەوەیە كە پارتی و یەكێتی هیچ گوێ‌ ناگرن لە خەڵكی شارەزا و دامەزراوە فەرمییەكان، ئەم كارە دەبوو لە پەرلەمانەوە بكرایە، دەبوو هێزە سیاسییەكان لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو ڕێككەوتنە بوونایە.

 

ئەو گۆڕانکارییانە پەیوەندیان بە ریفراندۆمەوە هەبوو یان پاکتاو کردنی کێشە کۆنەکانە؟

 

"بەهانە درا بەدەست حکومەتی عێراقە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانە"

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆمی كرد، بەمە بەهانەی دا بەدەست حكومەتی عێراقەوە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانە، لەلایەكی ترەوە هەرێم دۆستە نێودەوڵەتییەكانی لەدەست دا، لە دەستووردا دیاری نەكراوە كە عێراق یان هەرێم دەبێت ناوچە جێناكۆكەكان بەڕێوە بەرێت، بەڵام ئێستا عێراق باس لە دەستوور ناكات باس لە باڵانسی هێز دەكات، پێش ئەم ڕووداوانە هەرێم نەوتێكی زۆری ڕەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە دەكرد، بەڵام مووچەی پێنەدەدرا.

 

 

ئێستا حكومەتی ناوەندی دەستی بەسەر زۆربەی داهاتەكانی هەرێمدا گرتووە، ئایندەی مووچە خۆران و ئابووری هەرێم چی بەسەر دێت؟

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: هەرێمی كوردستان دەیوت شەش سەد بۆ 650 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەفرۆشێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە شەفاف نییە و دادپەروەری نەبووە، نەیتوانیوە باڵانسی ئابووری خۆی ڕابگرێت، گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان بۆ ئەو ناوچانە هەرچەند لەڕووی ئابوورییەوە باشیش بێت، بەڵام شكۆی نەتەوەیەك شكا، هەرچەند شكۆی سیاسییەكان شكاوە، كە باسی 7/3/1991 دەكەین باسی شكۆی نەتەوەیەك دەكەین کە ڕاپەڕینی کردووە، بەڵام كەباسی 16/10/2017 دەكەین باسی شكانی شكۆی نەتەوەیەك دەكەین.

 

من زیاتر مەبەستم لە ڕووە ئابوورییەكەی بوو، بەو پێیەی تۆ سەرۆكی لێژنەی ئابوری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیت؟

 

"ئەگەر حكومەتی عێراق سەرپەرشتی داهات بكات و پابەند بێت بە مافە داراییەكانی هەرێمەوە، جۆرێك لە بوژانەوەی ئابووری ڕوودەدات"

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: حكومەتی هەرێم لەكاتێكدا سەرپەرشتی داهاتی كردووە، نەیتوانیوە خۆشگوزەرانی ئابووری بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین بكات، بەڵام پێش 2013 كە حكومەتی عێراق سەرپەرشتی دەكرد دۆخی ئابووری هەرێم باش بوو، ئەگەر حكومەتی عێراق سەرپەرشتی داهات و دابەشكردنی داهات بكات وەك پێش 2013، کە بەپێی یاسا و دەستوور دەبێت پابەند بێت بە دابینكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا، هەر مافێكی ئابووری تاكی عێراق بگرێتەوە تاكی هەرێمیش دەگرێتەوە، هەربۆیە ئەگەر حكومەتی عێراق سەرپەرشتی داهات بكات و پابەند بێت بە مافە داراییەكانی هەرێمەوە، جۆرێك لە بوژانەوەی ئابووری ڕوودەدات، بەڵام ئەگەر بەهانە بدۆزێتەوە ئەم ئاستەنگە ئابوورییە هەر دەمێنێت.

 

دەبێت چی بكرێت بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق پابەند بێت بە مافە دارایی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە؟

 

"دەبێت كۆمەڵ و گۆڕان و بەشێك لە یەكێتی مامەڵەیەكی ڕاستەخۆ لەگەڵ بەغدادا بكەن"

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: دەبێت هەوڵی بۆ بدرێت لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە، بەتاییبەت ئەو لایەنانەی كە لەبەغدا ماونەتەوە، كە كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵێكی زۆر لە یەكێتی، دەبێت ئەم سێ‌ لایەنە دەستەوەستان نەوەستن لەبەرامبەر ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا ڕوویداوە، مامەڵەیەكی ڕاستەخۆ لەگەڵ بەغدادا بكەن و ناچاری بكەن كە پابەند بێت بە دەستوورەوە.

 

 

بودجەی ساڵی 2018 دەبێت ئامادە بكرێت لەم ماوەیەدا، مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی چۆن تێدا جێدەكرێتەوە؟

 

"پێویستمان بەڕێككەوتنێكی نوێ‌ هەیە"

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: ئەو ڕێككەوتنەی كە لە 2015 و 2016 و 2017 دا هەبوو تا ئێستا بەردەوامە، ئەویش ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم 550 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە بنێرێت و ئەوانیش بودجەی 17%ی هەرێم بنێرن، بەڵام ئێستا پێویستمان بەڕێككەوتنێكی نوێ‌ هەیە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەتوانێت دەروازە سنورییەكان بەكار بهێنێت ئەوا دەبێت هەموو نەوتی كوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە بنێردرێت، ئەوكات دەبێت حكومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستان بدات.

 

بودجەی 2018 كەی ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت؟

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشیدا: بریار وایە لە هەفتەی داهاتووە وە دەست بەئامادەكردنی بكرێت، بەڵام بەگشتی حكومەتی عێراق بارودۆخی ئابووی باش نییە، تاوەكو ئێستا لە ڕێگەی قەرزەوە درێژەی بە بارودۆخی ئابووری خۆی داوە.

 

حكومەتی هەرێم ئەڵێت 28 ملیار دۆلار قەرزارە، حكومەتی عێراق چەند قەرزارە؟

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: داتاكان بڵاو ناكەمەوە ئێستا، لەبەرئەوەی دەمەوێت لە كاتێكی تردا بە پاكێجێكی تەواو ئاشكرای بكەم.

 

دەبێت لە مانگی پێنجی ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردن بكرێت، كورد بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا دەكات؟

 

"بە بڕوای من هەڵبژاردن لە عێراقدا دوادەكەوێت"

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشیدا: بەبڕوای من هەڵبژاردن لە عێراقدا دوادەكەوێت، چونكە بارودۆخی عێراق ئاڵۆزە، سونەكان تازە هەندێك لە شارەكانی خۆیان دەست كەوتووەتەوە، ئیدارەدانی لە دەستی خۆیان نییە، هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە، هێزەشیعەكانیش بەتەنها ناتوانن بڕیار لە هەرڵبژادن بدەن، لەلایەكی ترەوە لە عێراقدا دوو هێز بەرچاو دەكەوێت، كە یەكێكیان هێزە هەرێمییەكان پشتگیری دەكەن، هێزەكەی تریان هێزە نێودەوڵەتیەكان پشتگیری دەكەن، عەبادی كە دەوێت دووبارە بێتەوە بەسەرۆكی حكومەت، بۆیە كۆمەڵێك تاقم و گروپ لەدەوری كۆبوونەتەوە لەلایەكی تروە مالیكی هەیە، دەشیانەوێت بابەتی حەشدی شەعبی یەكلا بكەنەوە، لەبەر ئەوەی حەشدی شەعبی كاریگەری هەیە لە شەقامی عێراقدا، هەردوو گروپەكە دەیانەوێت حەشدی شەعبی بەلای خۆیاندا ڕاكێشن، لەلایەكی ترەوە دەیانەوێت حەیدەر عەبادی وەك پاڵەوان نیشان بدەن، لە بەرامبەردا مالیكی پێچەوانەی ئەو كار دەكات، ئەگەر حەشدی شەعبی ڕِێككەوتن لەگەڵ مالیكیدا بكات ئەوا عەبادی پێی خۆشە كە هەڵبژاردن دوابكەوێت، بەڵام ئەگەر وانەبێت ئەوە دەیەوێت لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت.

 

 

لەدوای ئەو ڕووداوانەی لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان ڕوویاندا شكۆی كورد نەشكاوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا؟

 

"ئێستا كورد لە خراپترین ئاستیایەتی لە بەغدا"

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید: پێشتر وتم كە 16/10 شكۆی نەتەوەیەك شكا، لەم خولەی پەرلەمانەوە پێگەی كورد لە بەغدا ڕۆژ بە ڕۆژ لاواز دەبوو، زۆرمان هاوار كرد بۆ هێزە سیاسییەكان، بەڵام گوێیان پێنەدا، لەبەر ئەوەی هەندێك سڵاویان لێكرابوو لەلایەن ڕاوێژكاری وڵاتانەوە، وایان ئەزانی كە ئەوە كۆتایی ڕێگاكەیە، بۆیە هیچ گوێیان لە ئێمە نەگرت، ئێستا كورد لە خراپترین ئاستیایەتی لە بەغدا.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin