ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ڕابوون مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە "سیداد هات بۆ پەرلەمان ١٠ بۆ ١٥ چەتە هاتن و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر ئەشکەنجەیان دام، هەموو ئەو ئەشکەنجانەیان بە کامێرا تۆمارکرد".
ڕابوون مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و وتەبێژی نەوەی نوێ لە تویتێکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، نووسینیکی کورتی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بڵاوکردەوە.
ڕابوون مەعروف، نووسیوێتی:"سیداد بارزانی هات بۆ پەرلەمان، ئەوان منیان لە ناو نووسینگەی وتەبێژی جێگری پەرلەمان بەجێهێشت، ١٠ بۆ ١٥ چەتە هاتن و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر ئەشکەنجەیان دام. هەموو ئەو ئەشکەنجانەیان بە ڤیدیۆ تۆمارکرد".
دوێنێ، دوای ئەوەی پرۆژە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم برایە پەرلەمان، لایەنگرانی پارتی چوونە ناو پەرلەمانەوە و لەیەکەمین کاردانەوەیاندا هێرشیانکردە سەر پەرلەمانتار ڕابوون مەعروف، لەکاتیکدا کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەسەر پرۆژە یاساکە و شکستەکانی بارزانیی قسەی دەکرد.
شەوی ڕابردووش هێزێکی زۆری پارتی بە جلی مەدەنییەوە هەڵیانکوتایە سەر ڕۆژنامەنووسان لەناو حەوشەی پەرلەمان و بە توندیی پەلاماریان دان، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس برینداربوون و کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان شکێندرا، کە تیمی ڕۆژنیوز-یش بەر ئەو هێرشە کەوت و کەلوپەلەکانی شکێندرا، هێرشکەران هەتا کاتژمێر ١٢ لەبەردەم پەرلەمان مانەوە و دەیانوویست هێرش بکەنەوە سەر رابوون مەعروف و ئەو پەرلەمانتارانەرانەی، کە سەر بە پارتی نین، پاشان پەرلەمانیان بەجێهێشت و پەرلەمانتاران چوونەدەرەوەی پەرلەمان.
هەر شەوی ڕابردوو مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمیتەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و رادیۆی ئاشتی ئەو حزبە لە شارۆچکەی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک سوتێندران.
ش.ف