Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئاودانان: دەبێت گەل ئیرادەی خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی تەسلیمکار نەکات

2017-11-07 09:02:25



ڕۆژنیوز - شه‌ماڵ و محه‌مه‌د

 

ڕێوار ئاودانان، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە ڕایدەگەینێت: ئه‌وه‌ی له‌ که‌رکوک و خورماتوو و خانه‌قین ڕوویدا ئه‌نجامی بە بنەمانەگرتنی گەل و زهنیەتی پاوانخوازیی بوو، بۆیە دەبێت گەل حساب لەو دەسەڵاتە بخوازێت و ئیراده‌ی خۆی ڕادەستی هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌سه‌ڵاتخواز و‌ ته‌سلیم کاره‌ نه‌کات.

 

ڕێوار ئاودانان، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ڕۆژنیوز-دا سەبارەت بە گۆرانکارییەکانی ئەم دوایەی باشوری کوردستان، گرنگیی یەکێتی نەتەوەیی و هەژموونی ئێران و تورکیا لە ناوچەکەدا و گۆشەگیریی سەر ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەدوێت.

 

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

- بارودۆخی باشور و پرسی کشانه‌وەی پێشمه‌رگه‌ لە ناوچە دابڕێندراوەکان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و بە بۆ چوونی ئێوە چۆن ڕوویدا؟

 

"ڕێککه‌وتنێک بوو له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی باشور و هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کان"

 

ڕێوار ئاودانان: ئه‌وه‌ی ڕوویدا له‌ که‌رکوک و خورماتوو و خانه‌قین، له‌ ئه‌نجامی ڕێککه‌وتنێک بوو له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی باشوری کوردستان له‌گه‌ڵ هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کان، کە ئێش و ئازارێکی زۆری لای گه‌لی کورد له ‌هه‌رچواربه‌شی کوردستان  دروستکرد،‌‌ گورز بەر کەرامەت و ڕوومەتی گەلی کورد کەوت، ئەمەش دەرئەنجامی زهنەیەتی پاوانخوازییە، کە تیایدا گەل بە بنەما ناگیردرێت،  ئاماده‌یه‌ ڕێککه‌وتن له گه‌ڵ هه‌رکه‌سێکدا بکات و ئیمتیاز بداته‌ خه‌ڵکی تر له‌ سه‌ر بنه‌مایه‌کی ته‌سلیم کارانه‌، به‌ڵام ئاماده ‌نییه‌ گوێ له‌ خه‌ڵکی خۆی بگرێت، ئیدی تێده‌گه‌ین که‌ ئه‌و زهنیه‌ته‌ له‌به‌ڕێوبردن فه‌شلی هێناوه‌ و تێکچوو.

 

-ئەگەر دەسەڵات گوێ لە گەل نه‌گرێت، پێویسته‌ گەل چی بکات؟

 

"دەبێت گەل حیساب لە پارتی و یەکێتی بخوازێت"

 

ئاودانان: گه‌لی کورد بۆئه‌وه‌ی بگات به ‌ژیانێکی ئازاد، پێویستیی به‌ دیموکراسییه‌، دەبێت به‌ ئیراده‌ بێت و بتوانێت لەسه‌ر بنه‌مای خواست و ویستی خۆی خاوه‌ن مۆدێلێک بێت له‌ هه‌موو بواره‌کانی سیاسیی و ئابووریی و فه‌رهه‌نگی، ئه‌گه‌ر گه‌ل له‌ مه‌یدان بێت و خاوه‌نی ستاتۆ و پێگه‌و ڕێگه‌ی وه‌ها بێت، ئەوا که‌س ناتوانێت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ته‌سلیمکارانه‌ هه‌موو نرخ و ڕه‌نج و قوربانیدانه‌کانیی، که‌ به ‌ده‌ست هاتووه‌ هه‌رزان له ‌ده‌ستی بدات، ڕاسته‌ گه‌لی کورد زۆر شتی له‌ ده‌ستدا له‌و داگیرکارییەی ئەم دوایانە، به‌ڵام گه‌لی کورد تێک نه‌چووه‌، لە ‌گۆڕانکارییه‌کانی کە له ‌ناوچه‌که‌ ڕوو ده‌ده‌ن به ‌دیموکراسیی ده‌توانێت خۆی تێدا جێ بکاته‌وه‌، دەبێت ئیدی گەلی کورد ئیراده‌ی خۆی ته‌سلیمی هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌سه‌ڵاتخواز و‌ ته‌سلیم کاره‌ نه‌کات و بتوانێت خۆی بپارێزێت، هەروەها حیساب له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بخوازێت به‌تایبه‌ت له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق و یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، له‌ سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک هاتن له‌ گه‌ڵ داگیرکه‌ر ڕێککه‌وتن؟ ئه‌و هه‌موو ده‌ستکه‌وت و ده‌رفه‌تانەی ‌هه‌بوون به‌فیڕۆیاندا، ده‌تواندرا له ‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی پێکه‌وه ‌ژیان و دیموکراتی کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ گه‌لانی عێراق چاره‌ کات، دەبێت گەل ئه‌و لایه‌نانه‌ قبوڵ بکات، کە له ‌چوارچێوه‌ی دیموکراتیدا تێکۆشان دەکه‌ن، ئیدی زهنیه‌تی نه‌ته‌وه‌په‌رەستی و پاوا‌نخوازیی به ‌سه‌رچووه‌.

 

 

- چارەسەریی بۆ ئەم دۆخە چییە؟

 

"بۆهه‌ر مه‌ترسییەک‌ کە هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌لی کورد، یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی پێویسته"

 

ئاودانان: بۆهه‌ر مه‌ترسییەک‌ کە هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌لی کورد، یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی پێویسته، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ باشور-دا هه‌یه‌ له‌ جیاتی ڕیفراندۆم و ئه‌و ڕه‌وشه‌ی که‌ به‌ده‌ستی خۆی دروستی کردووه‌، هاتبا یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی سازکردبا، بارودۆخی باشوری کوردستان بەو جۆرە نەدەبوو، بۆیە دەبێت کورد نێوماڵی خۆی ڕێک بخات، ئه‌وه‌ش به ‌دیموکراسی ده‌بێت، پێویستە ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت هه‌میشه‌ باڵاده‌ست بن به ‌سه‌ر گه‌له‌وه‌، واز له‌و زهنیه‌ته‌ بهێنن، بە ناوی هەموو کوردەوە سیاسه‌ت نه‌که‌ن و بێن‌ سیاسه‌تێکی به ‌پره‌نسیپ له‌ سه‌ر بنه‌مای نیشتیمان پارێزی، دیموکراتیک پێش بخه‌ن.

 

-بۆچی په‌که‌که‌ به‌رده‌وام بانگه‌وازیی بۆ یەکێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کات، یەکێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌توانێت چی بۆ کوردان بکات و چی کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی دۆزی کورد هه‌یه‌؟

 

"یەکێتی نەتەوەیی  پێوان و پره‌نسیپی نیشتیمانپه‌روه‌ریی پێش ده‌خات"

 

ئاوادانان: یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی هاوفکریی و هاوهه‌ڵوێستی سازده‌کات، پێوان و پره‌نسیپی نیشتیمانپه‌روه‌ریی پێش ده‌خات، ئه‌وه‌ی که ‌له ‌ڕابردوو له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی باشور بینیمان سیاسه‌تی ئیمتیازدان بوو، سیاسه‌تێکی نیشتیمان په‌روه‌ریی نه‌بوو، سیاسه‌تێک بوو تیایدا ئیراده‌ی گه‌ل به ‌بنه‌ما نه‌گیرا، ئه‌گه‌ر یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی دروست ببێت، هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ناچارن له ‌سه‌ر پێوانی‌ نیشتیمان  په‌روه‌ری و دیموکراتیک  ئیراده‌ی گه‌ل به ‌بنه‌ما بگرن و که‌س مۆڵه‌ت به‌ خۆی نادات له ‌گه‌ڵ داگیرکه‌رێک له‌سه‌ر خاکی کوردستان مامه‌ڵه‌ بکات.

 

 

- تا چه‌ند بۆ چاره‌سه‌رکردنی دۆخی باشور فکر و پرۆژه‌ی ئۆجالان گرنگه‌؟

 

"فکری ڕێبەر ئاپۆ پێش لە شەڕ و کاولکاریی دەگرێت"

 

ئاودانان: سووربوونی ڕێبه‌ر ئاپۆ بۆ پێشخستنی مۆدێلی نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیک و سووربوونی لەسه‌رهێڵی کوردی ئازاد هۆکاری بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆئەوەی‌ فشار له‌سه‌ر ڕێبه‌ر ئاپۆ پێش بکه‌وێت، چونکه‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ بە فکری خۆی و به‌و مۆدێله‌ که‌ پێشی خستووه‌، پێش له‌ شه‌ڕ و کاولکاریی‌ ده‌گرێت، ئه‌و فکره‌ له‌ هه‌رشوێنێک پێش بکه‌وێت گه‌ل هێز وەردەگرێت و به ‌ئیراده‌ ده‌بێت، ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ سیاسه‌تیش ده‌که‌ن به ‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل سیاسه‌ت ده‌که‌ن.

 

-کەواتە دەتواندرێت سود لە ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان وەربگیردرێت؟

 

"لەناو ئه‌و سیسته‌مه‌ هه‌ڵهاتن و ئاشبه‌تاڵ دروست نابێت"

 

- مۆدێلێکی نوێ له ‌ڕۆژئاوا پێشکه‌وتووه‌، گه‌ل له ‌ڕۆژئاوای کوردستان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی ده‌دات، به‌م شێوازه‌ کێشه‌کانی خۆی چاره‌سه‌ر ده‌کات، هه‌میش له ‌که‌شوهه‌وایه‌کی ئاشتییانه‌ پێکه‌وه‌ ژیانی گه‌لان پێش ده‌که‌وێت، به ‌زهنیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتیک کێشه‌کانی گه‌لی کورد چاره‌سه‌ر ده‌بن، پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لی کورد و گه‌لانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌ دروست ده‌بێت، بۆ باشور ڕۆژهه‌ڵات و ناوچه‌که‌ هێڵی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتیک پێشنیازده‌که‌ین، لەناو ئه‌و سیسته‌مه‌ هه‌ڵهاتن و ئاشبه‌تاڵ دروست نابێت، گه‌لان به‌رگریی له ‌خۆیان ده‌که‌ن،  گه‌لی کورد نه‌دۆڕاوه‌، سووره‌ له‌ سه‌رئه‌وه‌ی بگات به ‌ئازادیی و مافه‌کانی، وه‌ک په‌که‌که،‌ وه‌ک گه‌ریلا سوورین له‌ سه‌رئه‌وه‌ی گه‌لی خۆمان بپارێزین، تێکۆشانی خۆمان پێش ده‌خه‌ین، به‌رپرسیارێتییەک بکه‌وێته‌ سه‌رشانی ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ پێکهێنانی، بڕوامان وایه‌ ئه‌و ئیراده‌ که‌ له ‌ناو گه‌له‌که‌مان دا هه‌یه‌  و ده‌تواندرێت ئه‌و دۆخه‌ش ده‌رباز بکرێت.

 

-ده‌وترێت پیلانگێڕییه‌کی تورکیا به‌ هاوکاریی عێراق هه‌یه‌ بۆ هێرش کردنه‌ سه‌رپه‌که‌که‌، پێتان وایه‌ عێراق بڕواته‌ ناو پیلانگێڕییه‌کی له‌و شێوه‌یه‌؟

 

"پەکەکە فشار و داگیرکاریی قبوڵ ناکات"

 

ئاودانان: دیاره‌ ناوه‌ندی ئه‌و پیلانگێڕییانه‌ تورکیا-یه‌، ڕژێمی فاشیستی تورکیا دوژمنی هه‌رە بنەڕەتیی گه‌لانی ناوچه‌که‌یه‌، ده‌یه‌وێت ئاژاوه‌یه‌ک لە ‌ناوچه‌که‌ ساز بکات شه‌ڕی کورد و عه‌ره‌ب و کورد و فارس، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی بپارێزێت، له ‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی فاشیستیی ویستویه‌تی له‌ سه‌ر پێ بمێنێته‌وه، هیوادارین عێراق نه‌که‌وێته‌ ناو گه‌مه‌یه‌کی له‌وشێوه‌یه‌، په‌که‌که‌ هێڵێکی خۆڕاگریی و به‌رخۆدان و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانه‌، بۆیه‌ هیوادارین ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ نه‌که‌ونه‌ ناو گه‌مه‌یه‌ک که ‌تورکیا پێشی ده‌خات، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هێڵێکی دیموکراسیخوازی پێشکه‌وتووه‌ له‌ ناوچه‌کەدا‌، لەسه‌ر هه‌رجۆره‌ هێرشێک که‌ بکرێته‌ سه‌ر ئیراده‌ی گه‌ل و هاوپه‌یمانیی کورد و هێزه‌ دیموکراسیخوازه‌کان، ئه‌و‌ هێزه‌ دیموکراسیخوازانەیە، کە‌ گه‌لی کورد له‌ نێویدایه‌ به‌رخۆدان و به‌رگریی ده‌کات، له ‌تێکۆشانی دیموکراتی خۆپاراستن به ‌بنامه‌ ده‌گرێت، دیاره‌ گه‌لێک نه‌توانێت خۆی بپارێزێت و له‌ سه‌ر بنامه‌ی سازشکاریی و ته‌سلیمکاریی بێ، ئه‌وه‌ی که‌ له ‌که‌رکوک و خورماتوو و خانه‌قین ڕوویدا ئه‌وە‌ به ‌سه‌ری دێت، دیاره‌ په‌که‌که‌ ئه‌وه‌ قبوڵ ناکات، په‌که‌که‌ بۆ چاره‌سه‌ری دیموکراتی ئاماده‌یه‌، به‌ڵام بە هیچ شێوەیەک فشار و داگیرکاریی قبوڵ ناکات.

 

 

-له ‌ماوه‌ی ڕابردوو ڕاوێژکارێکی خامنه‌یی وتی پاش گرتنه‌وه‌ی دێره‌زۆر سوپای سوریا و چەکدارانی حزبوڵا، ڕه‌قه‌-ش ئازاد ده‌که‌ین نرخاندنی ئێوە چییە؟

 

"وادیاره‌ ڕاوێژکاره‌که‌ی خامنه‌یی ئاگادارنییه‌ ڕه‌قه‌ ئازاد کراوه‌"

 

ئاودانان: وادیاره‌ ڕاوێژکاره‌که‌ی خامنه‌یی ئاگادارنییه‌ ڕه‌قه‌ ئازاد کراوه‌ به‌ ده‌ستی کچان و کوڕانی عه‌ره‌ب و کورد و گه‌لانی باکوری سوریا، له‌ باکوری سوریا مۆدێلێکی دیموکراتی به‌ ئیراده‌ی گه‌لانی ناوچه‌که‌ پێش ده‌که‌وێت، دیاره‌ ئه‌م شێوازە له ‌لێدوان دان‌ که ‌ده‌درێت له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامی ئێران-‌وه‌ جۆرێکن له ‌ئاژاوه‌گێڕیی و شه‌ڕانگێزیی ئه‌گه‌ر ئێران پیداگیر بێ له‌و سیاسه‌ته‌ هه‌ژموونخوازییه‌، ئه‌وە هێزه‌ دیموکراتیه‌کانی ناوچه‌که‌ ڕێگری لێ ده‌که‌ن و ناهێڵن ته‌جاوز و داگیرکاریی زیاتر پێش بخات لەو ‌ناوچانه‌ی که‌ به ‌ئیراده‌ی گه‌ل ڕزگارکراوە، وه‌ک چۆن له ‌به‌رامبه‌ر داعش تێکۆشان کرا، ئیراده‌ی گه‌ل له ‌به‌رامبه‌رهه‌ر شێوازە هێرشێک و لە به‌رامبه‌ر داگیرکاریی ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورک و ئێران، بیانەوێت داگیرکاریی پێش بخەن ڕێگریی دەکات، بێگومان هاوپه‌یمانی گه‌لی عه‌ره‌ب و کورد له‌و ناوچه‌یه‌ له ‌به‌رامبه‌ر خۆیدا ده‌بینێته‌وه‌.

 

- کاردانەوەکانی ئێران دژ بە کورد مەترسیدارن؟

 

"دەیەوێت مۆدێلی به ‌بەسیج کردن پێش بخات"

 

ئاودانان: ئێران دەیەوێت مۆدێلی به ‌بەسیج کردن پێش بخات له ‌ناوچه‌که‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ به‌مه‌ترسیی ده‌زانین، له‌ ناوخۆی ئێران دنیایه‌ک کێشه‌ هه‌یه‌،  گرفتی نه‌بوونی ئازادیی و دادپه‌روه‌ریی هه‌یه‌، کەچی ڕاوێژکاریی خامنه‌یی باسی ئازادکردنی ڕه‌قه‌ ده‌کات، ئێران به ‌له‌شکرکێشی و سووربوون له‌ سیاسه‌تی هه‌ژموونخوازانه‌ ناتوانێت هه‌تا کۆتایی بەردەوام بێت.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin