ڕۆژنیوز- قه‌ره‌چوغ ئه‌نوه‌ر
د.مه‌حمود عوسمان، سیاسه‌تمه‌دارى کورد ڕایده‌گه‌یه‌نێت، کە کورد پێویستیى به یه‌کڕیزیى نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، چونکە تورکیا و ئێران دژی کورد پشتگیریی بەغدا دەکەن و ئەمریکاش گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردووە، دەشڵێت:"دەبێت خەبات بۆ ئازادکردنی ئۆجالان بکەین، چونکە کاریگه‌ریى ده‌بێت لە سەرکەوتنی پرۆژەی نەتەوەیی".
د.مه‌حمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنیوز-دا وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای باشوری کوردستان، گرنگی یەکێتی نەتەوەیی، هەوڵوێستی وڵاتان لە بەرامبەر کورد و گرنگیی ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕیبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
لە بەشێکی قسەکانیدا، مەحمود عوسمان دەڵێت:"سیاسەتی تورکیا بەرامبەر باکور به سیاسه‌تى تیرۆریستى ده‌وڵه‌تى حساب ده‌که‌م، ئه‌وان به‌ئێمه ده‌ڵێن تیرۆریست، به‌ڵام خۆیان تیرۆریستن، دژى ڕۆژئاوان و دژى باشوریشن".
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
-ڕه‌وشى ئێستاى کوردستان چۆن ده‌نرخێنیت؟
"وڵاتان داوایان کرد ئه‌م ڕیفراندۆمه نه‌کرێت"
مەحمود عوسمان: ئێستا ڕه‌وشى باشورى کوردستان خراپه، وڵاتانى تورکیا و ئێران هه‌تا به‌غدا-ش له‌گه‌ڵ پشتگیریى کێشه‌کانى کورد نین به‌و ماناى چاره‌سه‌ربکرێن، ئێران و تورکیا دژن و بەردەوام بۆردومانمان ده‌که‌ن، بۆ بیانوویه‌ک ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر له‌کورد بده‌ن و لاواز و بچوکى بکه‌نه‌وه بیانووه‌که‌ش ڕیفراندۆم بوو، چونکه هه‌رچى وڵات هه‌بوو داواى کرد ئه‌م ڕیفراندۆمه نه‌کرێت، کاتێک ڕیفراندۆم ئه‌نجامدرا کاتێکى زۆر گونجاو هاته‌پێش تاکو ئه‌وه‌ى دەیانەوێت بیکه‌ن، بۆیه عێراق هێرشى کرد و ئێران و تورکیا به‌ته‌واویى دژى کورد هاوکاریى و ڕێککه‌وتنیان کرد، ئه‌مریکا- ش گڵۆپى سه‌وزى بۆ به‌غدا هه‌ڵکرد به‌م هۆیه‌وه بارودۆخێکى خراپ دروست بوو.
-کەواتە داواکاریی بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت هەڵەبووە؟
"پرۆژه‌ى ده‌وڵه‌ت لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ى بۆ کراوه"
مەحمود عوسمان: بهبڕواى من پرۆژه‌ى ده‌وڵه‌ت لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ى بۆ کراوه، هه‌موو کات ده‌توانى ڕیفراندۆم بکه‌ى، به‌ڵام ئایا که میلله‌ت وتى (به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی) تۆ ده‌توانى سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نیت؟ نه‌خێر ناتوانى، چونکه سه‌ره‌تا جوگرافیاى ناوچه‌که دژى تۆیه حکومەتەکانی ده‌وروبه‌رت هه‌مووى دوژمنن، کاتێک ده‌تواندرێت سه‌ربه‌خۆیی ڕابگهیەندرێت، کە له‌گه‌ڵ به‌غدا رێکبکهوى یاخود بڕیارێکى نێده‌وڵه‌تى هه‌بێت، که ڕێگرنه‌بێت له‌وه‌ى تورکیا ببێته چه‌ند پارچه‌یه‌ک یان ئێران به‌هه‌مان شێوه.
- ئه‌و سیاسه‌ته‌ى که حزبه باڵاده‌سته‌کانى باشور په‌یڕه‌وى ده‌که‌ن تاچه‌ند هۆکاربوو؟
"هاوڵاتیان بڕوایان بهسهرکردایهتیهکانیان که‌مبووه"
مەحمود عوسمان: به‌دڵنیاییه‌وه هۆکاربوو، بەهۆی ئەوەی تاکو ئێستا به‌مشێوه‌یه حوکمڕانیى کراوه کێشه و گرفت زۆر بووه، گه‌نده‌ڵیى زۆر بووه، پارته سیاسییه‌کان ناڕازیین، له‌لایه‌کى تر قه‌یرانى دارایی هەیە، هاوڵاتیان بڕوایان به سه‌رکردایه‌تییه‌کانیان که‌مبووه، خوێندنه‌وه‌ى کورد بۆ ئه‌مریکا و ئه‌وروپا هه‌ڵه‌بوو، چونکه چاوه‌ڕوانى شتێکى تر ده‌کرا و واده‌رنه‌چوو، ئه‌مانە هەموو کاریگه‌رییان هه‌یه، ئێستا له که‌رکوک یه‌کتریى تاوانبار ده‌که‌ن بۆیه پێویستە لێکۆڵینه‌وه بکرێت تاکو بزاندرێت کێ تاوانباره و سودی لێوەربگیرێ، هه‌ڵه‌کانى کۆنیش گرنگه ئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ى کردووه بڵێ هه‌ڵه‌م کردووه، کورد له‌مێژووى خۆى چه‌ندین جار تووشى شکست و ئاشبه‌تاڵ بووه و لێکۆڵینه‌وه‌ى نه‌کردووه و وانه‌مان لێوه‌رنه‌گرتووه بۆیه دووباره بوونه‌ته‌وه.
-هەرێمی کوردستان چۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا چاک بکاتەوە و ئەو دەستکەتانەی، کە ماومانن چۆن بیانپارێزین؟
"ئه‌م دۆخه پێویستیى بهیهکڕیزیى نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه"
مەحمود عوسمان: ئێمه کێشه‌که‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدایه و پێویستە گفتوگۆی لەگەڵدا بکەین، به‌ڵام به‌غدا زۆر تونده، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێم ناکات و پێش مه‌رجى هه‌یه، چونکه ئێران و تورکیا زۆر هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن ئه‌مریکاش تاڕاده‌یه‌ک پشتگیریى ده‌کات، بۆیه کورد بۆ ئه‌م دۆخه پێویستیى بهیهکڕیزیى نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه نه‌ک ته‌نیا یهکرٍیزى پارته سیاسیه‌کانى باشور، پێویسته باشور یه‌کڕیز و یه‌ک ده‌نگ بێت له‌گه‌ڵ کوردانى باکور و ڕۆژهه‌ڵات، چونکه تورکیا و ئێران دوژمنى ئه‌وان ئێمه‌ن، بۆ نمونه ئێستا کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی کورد زۆر گرنگه جا نازاندرێت پارته سیاسیه‌کانى باشور تاچه‌ند ڕێکده‌که‌ون.
-ئه‌و دۆخه‌ى ئێستاى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا درێژه ده‌کێشێت یان زوو چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟
"تائێران و تورکیا هاوکارى به‌غدا بن ئه‌م دۆخه درێژه ده‌کێشێت"
مەحمود عوسمان: ئومێده‌وارم درێژه نه‌کێشێت، به‌ڵام چه‌ند فاکته‌رێک ڕۆڵى تێدا ده‌بینێت، یه‌که‌م تورکیا و ئێران زۆر هاوکارى به‌غدا ده‌که‌ن، بۆیه تا ئه‌وان به‌مجۆره هاوکاریى به‌غدا بکه‌ن درێژه ده‌کێشێت و زیاتر فشاره‌کان بۆ سه‌رئێمه ده‌بێت له‌لایه‌ن به‌غداوە، دووه‌م ئه‌مریکا و ئینگلیز گڵۆپى سه‌وزیان بۆ حکومه‌تى عه‌بادى هه‌ڵکردووه، که بگاته ئه‌م سنورانه‌ى باشورى کوردستان، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌م فاکته‌رانه که‌متر هاوکاربن حکومه‌ته‌که‌ى عه‌بادى زووتر دێته پێش، له‌هه‌مووى گرنگتر یه‌کێتى و پارتى و گۆڕان کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو ئه‌گه‌ر بهجدیى و نیه‌تى ڕاستى یه‌ک ده‌نگ بن و له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه بکه‌ن زووتر به‌غدا دێته پێش.
-بۆچى سه‌رکردایه‌تى سیاسى باشورى کوردستان له‌دواى ساڵى ٢٠٠٣ -وه بهجدیى کارى بۆ جێبه‌جێکردنى ماده‌ى ١٤٠ نه‌کرد؟
"به‌غدا بڕواى به جێبه‌جێکردنى مادده‌ى ١٤٠ نییه"
مەحمود عوسمان: ماده‌ى ١٤٠ مساوه‌مه‌ى له‌سه‌ر کراوه، ڕێککه‌وتن کراوه، که له‌و ناوچانه ڕاپرسى بکرێت تا خه‌ڵکه‌که‌ى بڕیاربده‌ن بچێته سه‌ر هەرێمی کوردستان یان نا؟، بەڵام حکومه‌تى به‌غدا بڕواى به‌م مادده‌یه نییه نه مالیکى و نهعهبادى بڕوایان پێی نەبووە، ئێستاش ده‌بینى به‌غدا دەڵێت ئه‌م ناوچانه نابێت ئیداره‌ى هاوبه‌شى هه‌بێت، به‌ڵام کوردیش زۆر نه‌چووەته پێش بۆ ئه‌م بابه‌ته، به‌ڕاى من کورد زۆر جدیى بوو تا ده‌ستورى عێراق نوسرایه‌وه، چونکه هه‌موو سه‌رکردایه‌تى کورد له به‌غدا بوون، پاشان بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌و ماده‌یه گرنگیدانى کورد به‌به‌غدا که‌م بوو زیاتر خه‌ریکى ئێران و تورکیا و ده‌ره‌وه‌بوون، بۆیه که‌موکوڕییمان هه‌بووه له‌م مه‌سه‌له‌یه.
-په‌که‌که پێده‌نێته (٤٠)هه‌مین ساڵى دامه‌زراندنییه‌وه، چی لەسەر خەباتی پەکەکە دەڵێیت؟
"په‌که‌که حزبێکى نه‌ته‌وه‌ییە"
مەحمود عوسمان: پێشه‌کى پیرۆزبایی له‌په‌که‌که ده‌که‌م به‌بۆنه‌ى ساڵیادی دامه‌زراندنیه‌وه، حزبێکى نه‌ته‌وه‌ییە و خه‌بات بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ى ده‌کات، له هه‌موو پارچه‌کانى کوردستان ڕۆڵى هه‌یه، به‌ڵام زیاتر بۆ باکورى کوردستانه، زۆر به‌توندیى شه‌رمه‌زارى ئه‌و سیاسه‌ته‌ى تورکیا دەکەم، کە به‌رامبه‌ر به باکور به‌کارى دێنێت و به سیاسه‌تى تیرۆریستى ده‌وڵه‌تى حسابى ده‌که‌م، ئه‌وان به‌ئێمه ده‌ڵێن تیرۆریست، به‌ڵام خۆیان تیرۆریستن، دژى ڕۆژئاوان و دژى باشوریشن، له‌م ڕیفراندۆمه ده‌رکه‌وت، بۆیه ئومێده‌وارم په‌که‌که سه‌رکه‌وتووبێت.
په‌که‌که چه‌ندین جار بانگه‌وازیى بۆ یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی کردووه، ئێستاش هه‌مان بانگه‌وازیی هه‌یه، ئایا پێکهێنانى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته چاره‌سه‌ریی بۆ قه‌یرانه‌کانى باشور؟
"پشتگیرییه‌کى زۆر به‌هێزه بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌کانى باشور"
مەحمود عوسمان: پرۆژه‌ى نه‌ته‌وه‌یی به‌ته‌نیا چاره‌سه‌ریى قه‌یرانى باشور نییه، به‌ڵام پشتگیرییه زۆر به‌هێزه بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌کانى باشور، کاتێک له باشور شه‌ڕى تیرۆریستانى داعش کرا کوردانى باکور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا هاتن بۆ بەرگریی، خه‌ڵکه‌که هەستی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، هه‌ر پرۆژه‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌وانه‌شى په‌که‌که پێشنیارى کردووه من پێم باشه، ئومێده‌وارم هاوکاریى هه‌بێت له‌نێوان پارچه‌کان به‌تایبه‌ت په‌که‌که و پارتى دیموکراتى کوردستان کێشه‌یان نه‌بێت و دژایه‌تى یه‌کترى نه‌که‌ن، چونکه بۆمان ده‌رکه‌وت خه‌ڵک پێى وابوو تورکیا دژایه‌تیمان ناکات، به‌ڵام بینیمان چۆن بوو، ئێستاش ئه‌گه‌ر ئێمه بچین له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ و ڕێککه‌وتن بکه‌ین و کوردى باکور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوان پشتمان بگرن ئه‌وه کاریگه‌رییه‌کى زۆرى هه‌یه هێز و تواناییه‌کى گه‌ورەیە، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارچه‌کان هاوکارى یه‌ک نه‌بن و دژى یه‌کتربن ئه‌وه هه‌موان لاواز ده‌بن.
-ئۆجالان نزیکه‌ى ١٠ ساڵ به‌ر له‌ئێستا پێشبینى کردووه، که ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا دروستبووه به‌سه‌ر باشورى کوردستان دادێت له‌که‌رکوک و ناوچه دابڕێندراوەکان، که‌واته تا چه‌ند گرنگه کورد به‌گشتى و لایه‌نه سیاسیه‌کان به‌تایبه‌ت کار بۆ ئه‌وه بکه‌ن گۆشه‌گیریى سه‌ر ئۆجه‌لان هه‌ڵبگیرێت و سود له‌پێشبینى و چاره‌سه‌رییه‌کانى وه‌ربگرن؟
"ده‌بێت خه‌بات بکه‌ین بۆ ئازادکردنى ئۆجالان"
-من عه‌بدوڵا ئۆجالان ده‌مێکه ده‌ناسم، پاش دامه‌زراندنى په‌که‌که چه‌ندین جار یه‌کترمان بینیوه له سوریا‌و لوبنان، زۆر زۆر جێگه‌ى داخه ئه‌و ١٩ ساڵه له‌زیندانه و بێ تاوانه ئه‌و تاوانى چییه، تاوانى ئه‌وه‌یه خه‌باتى بۆ میلله‌تى خۆى کردووه، بۆیه نابێت ئێمه خه‌بات بکه‌ین بۆ لابردنى گۆشه‌گیریی له‌سه‌ر ئۆجالان، ده‌بێت ئۆجالان ئازادبکرێت، کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌موو دونیا ناحه‌قن له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ى له‌سه‌ر ئۆجالان هه‌یه، بۆیه ئومێده‌وارم هه‌مو تاکێکى کورد به‌یه‌ک ده‌نگ خه‌بات بکه‌ین و هاوکاربین بۆ ئه‌وه‌ى ئۆجه‌لان ئازادبکرێت، دڵنیام ئازادکردنى زۆر باش ده‌بێت، چونکه ئه‌و ئاماده‌ییه ئاشتى بکات و ئه‌وه حکومه‌تى تورکیاییه ئاشتى ناوێت، هەروەها بوونى ئۆجالان وه‌ک که‌سێکى ئازاد کاریگه‌رى ده‌بێت لە سەرکەوتنی پرۆژەی نەتەوەیی.
-ڕۆژئاواى کوردستان بووه به نمونه بۆ جیهان، ئێمه له‌باشورى کوردستان ده‌توانین سود لە ئەزمونی ڕۆژئاوا وەربگرین؟
"پێویسته کوردى باکور و باشور و ڕۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتیش سود له‌یه‌کتر وه‌ربگرن"
مەحمود عوسمان: دوو خاڵه هه‌یه له ڕۆژئاوا، که من تێبینیم هه‌یه له‌سه‌رى یه‌که‌م نابێ ئه‌وه‌نده پشت بە ئه‌مریکا ببەست، چونکه سیاسه‌تى وایه زۆر له‌گه‌ڵ کورد نییه ماوەیەک له‌گه‌ڵت ده‌بێت و دوایی ته‌رکت ده‌کات، بۆیه ده‌بێت له‌مه وریابن و له‌سه‌ر ئه‌مه ڕاى خۆمم به ساڵح موسلیم وتووه، دووه‌م ئومێده‌وارم ڕۆژئاوا هه‌مووى یه‌کگرتووبن په‌یه‌ده و ئه‌نه‌که‌سه به‌یه‌که‌وه کار بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ک ئێمه له‌باشور تووشى کێشه نه‌بن، له‌لایه‌کى تر ئه‌م هه‌ڵبژاردن کانتۆن و تاقیکردنه‌وانه باشن، باشور دەبێت سود لە ئەزمونی ڕۆژئاوا وەربگرێت، به‌ڵام ئێستا به‌غدا ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره بگاته فیشخاپور تا به‌مه کوردى باشور و ڕۆژئاوا له‌یه‌کتر جیابکاته‌وه، هەروەها عێراق به‌ڵێنى به‌تورکیا داوه شه‌ڕى په‌که‌که بکات، به‌راى من پێویسته کوردى باکور و باشور و رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتیش بیانه‌وێت یان نا سود له‌یه‌کتر وه‌ربگرن و به‌یه‌که‌وه‌بن، چونکه هه‌ر که‌سێک دژى کورد بوو ئه‌وه دژى هه‌موویانه سه‌یرى ئه‌ردۆغان بکه‌ن دژى هه‌ر چوارپارچه‌یه و سیاسه‌تێکى ره‌گه‌ز په‌رستى و تیرۆریستیان هه‌یه.
-کاتێک باشور ده‌که‌وێته مه‌ترسى سه‌ربازیی په‌که‌که هێز ده‌جوڵێنێ و به‌رگرى له‌باشور ده‌کات له‌که‌رکوک بینیمان گه‌ریلا شه‌ڕى کرد و به‌رگرى له‌خاکه‌که‌ى کرد، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانى باشور سنور به‌ڕووى ڕۆژئاوا داده‌خه‌ن، ئه‌مه تاچه‌ند ده‌ستى نه‌یاران و دوژمنانى کورد بۆسه‌ر خاکى کوردستان به‌هێزتر ده‌کات؟
"داخستنى سنور به‌ڕووى ڕۆژئاوا بهکاریگهریى تورکیا بوو"
مەحمود عوسمان: داخستنى سنور به‌هۆى ناکۆکییه سیاسیه‌کان دروست بووه و کاریگه‌ریى تورکیاى له‌سه‌ر بووه، پارتى دیموکراتى کوردستان که‌له‌م ناوچه‌یه باڵا ده‌سته چاوه‌ڕوانى کردووه تورکیا دۆست و هاوکارى بێت، به‌ڵام ده‌رکه‌وت تورکیا چییه له ئێران خراپتره، بۆیه نابێت داخستنى سنور بمێنێت.
ش.ف