ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، ڕیگەیاند، نابێت بەهۆی زیانەکانەوە هیچ تا کێکی گەلەکەمان برسی بمێنێت و پێویستە بە یەکگرتووییمان هاوکاری زیان بەر کەوتووانی بوومەلەرزە لە ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان بکەین.
پاش ئەوەی بوومەلەرزە بە هێزی ٧.٣ بە پلەی ڕێختەر، ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستانی هەژاند، ئەمڕۆ کەجەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرەخۆشی کرد لە کەسوکارانی گیان لە دەستداوانی کارەساتەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە دا هاتووە: بەهۆی بوومەلەرزەی شەوی ڕابردووەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداو هەزاران کەسیش برینداربوون، سەرەخۆشی دەکەین لە کەسوکاری گیان لەدەستداوان و گەلی کوردستان.
لە بەردەوامیدا کەجەکە، ڕایگەیاند: بە مەبەستی یەکگرتوویی گەلەکەمان لەو شوێنانەی بوومەلەرزە تێیاندا ڕوویداوە، بانگەوازیی هاوکاریی دەکەین لە هەموو گەلی کورد، بەرپرسیارین بەرامبەر بە دراوسێ، گەل و کۆمەڵگا و هەروەها بەپێی بایەخە مرۆڤاتییەکان پێویستە هەموو گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان بە هانای گەلی کوردەوە بچن لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
کەجەکە ڕاشیگەیاند: نابێت هیچ مرۆڤێک بەهۆی بێکەسییەوە برسی بێت، ئازاری گەلەکەمان ئازاری ئێمەشە.
لە کۆتاییدا کەجەکە ڕایگەیاند: گەلەکەمان دەبێت بتوانێت خۆی برینەکانی ساڕێژ بکات و لەم بارەیەوە ببێتە نموونەیەک بۆ هەموو جیهانیان، بۆ ئەمەش پێویستە هەمووان لە هەر شوێنێک کە هەن خۆیان ڕێکبخەن و بەگوێرەی توانا و دەرفەتەکانیان بە هانای گەلەکەمانەوە بچن.
س.ح