Smiley face
Smiley face
Smiley face

داوادەکرێت هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ خانەقین

2017-11-14 12:24:59



ڕۆژنیوز - ئه‌میر خانه‌قینی

 

ئه‌نجومه‌نی شارۆچکەی خانه‌قین به‌ نوسراوێکی فه‌رمی داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئاسایش و پۆلیسی دارستان و پۆلیسی هاتووچۆ-ی هەرێمی کوردستان ده‌که‌ن بۆ پاراستی ئه‌منییه‌تی شارۆچکه‌که‌.

 

لەدوای هێرشەکەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە ڕۆژی ١٦ی ١٠/٢٠١٧ بۆسەر شارۆچکەی خانەقین-ی سەر بە پارێزگای دیالە، سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوری پارێزگای دیاله‌، کشانەوە.

 

سه‌میر محه‌مه‌د، سه‌ڕۆکی ئه‌نجومه‌نی شارۆچکەی خانه‌قین به‌ ڕۆژنیوزی وت: پاش ١٦ ی ئه‌کتۆبه‌ر  خانه‌قین ره‌وشێکی ناله‌بار به‌خۆیه‌وه‌ بینی، کە بووه‌ هۆی په‌کخستنی چه‌ند ده‌زگایه‌کی کاریگه‌ری وەک پۆلیسی دارستان و هاتووچۆ و ئاسایش، چونکه‌ ئه‌و ده‌زگانه‌ سه‌ر به‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانن و ڕۆڵ و کاریگه‌ریی خۆیان هەبوو.

 

سەمیر محەمەد، وتیشی: له‌ ئێستادا پشێویی دروستبووە له‌ پاراستنی دارستانه‌کان و ڕێکخستنی  هاتووچۆ و ئاسایشی خانه‌قین، هه‌ر نارامی و ئالۆزییه‌ک له‌ خانه‌قین هه‌بێت کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر کۆی پارێزگای دیاله‌ ده‌بێت.

 

سه‌ڕۆکی ئه‌نجومه‌نی شارۆچکەی خانه‌قین، وتیشی: له‌ 12/11/2017 نوسراوێکی فه‌رمییان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌ و پارێزگاری دیاله‌ و قایمقامیه‌تی خانه‌قین کرد به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بکه‌ن بۆ  گه‌ڕانه‌وه‌ی پۆلیسی دارستان و پۆلیسی هاتووچۆ و ئاسایش، چونکه‌ بوونی ئه‌وان له‌ خانه‌قین له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌ و کاریگه‌ریی ده‌بێت له‌ سه‌ر کۆی ئارامیی پارێزگای دیاله.

 

 

ش.ف

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin