Smiley face
Smiley face
Smiley face

"تێزه‌کانى ئۆجالان بۆ چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تیى کێشه‌کانى ژنان په‌یامى تێدایه‌"

2017-11-18 09:46:30



ڕۆژنیوز- مارى به‌کر

 

ئەندامێکی دەستەی بەڕێوبەریی رێپاک، پێیوایه‌، کە له‌ ئاینده‌دا تێزه‌کانى ئۆجالان، چوارچێوه‌یه‌کى جیهانى وه‌رده‌گرن و مرۆڤایه‌تى سودى لێوه‌رده‌گرێت و ده‌ڵێت: ئه‌م تێزانه‌ ستراتیژیین و بۆ ماوه‌یه‌کى درێژن، به‌جۆرێک داڕێژراوه‌ بۆ چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى ته‌واوى کێشه‌کانى ژنانیش په‌یامى تێدایه‌.

 

عه‌بدوڵا ئۆجالان، ڕێبه‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان له‌ چوارچێوه‌ى تێزه‌کانیدا پرسى ژنانى به‌ شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى جێکردووەته‌وه ‌و چه‌ندان تێزى بۆ چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تییان داڕشتووه‌ و کاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر  ژنانى کورد و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.

 

بوشراعه‌لى، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى به‌ڕێوبه‌رى ڕێکخراوى په‌یوه‌ندییه‌کانى ئافره‌تانی کوردستان(ڕێپاک)، به‌ ڕۆژنیوزى وت:"تێزه‌کانى عه‌بدوڵا ئۆجالان بۆ ته‌واوى ژنان زۆر فراوانه‌ و ته‌نها بۆ ناوچه‌یه‌ک یان سەردەمێک نین و تێزى ستراتیژیین و بۆ ماوه‌یه‌کى درێژن، به‌جۆرێک داڕێژراوه‌ بۆ چاره‌سه‌رى بنه‌ره‌تى ته‌واوى کێشه‌کانى ژنان په‌یامى تێدایه‌، چ له‌ ڕووى سیاسى و چ کۆمه‌ڵایه‌تى نمونه‌ش تێزى ڕێکخستنى خۆبەڕێوبەرییە‌".

 

بوشرا، ئاماژەی بە کاریگەریی تێزەکانی ئۆجالان کرد بەتایبەت لەسەر ژنانی باکوری کوردستان و وتى:"له‌ باکورى کوردستان ژنان به‌ هه‌وڵى خۆیان به‌ توانا و ئیراده‌ى خۆیان ڕێکخستووە و ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیان هەیە، تا بتوانن پرسه‌ تایبه‌ته‌کانى ژنان و پرسه ‌گشتییه‌کانى کۆمه‌ڵگا و وڵات چاره‌سه‌ربکه‌ن، که ‌ئه‌مه‌ ده‌ستکه‌وتێکى گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ى ئه‌وان له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تى فاشیستى تورک، ئه‌مه‌ش به‌ پشتبه‌ستن به‌ تێزه‌کانى عه‌بدوڵائۆجا‌لان بووه"‌.

 

ناوبراو، سیستمى هاوسه‌رۆکایه‌تى وه‌ک نمونه‌یه‌کى په‌یڕه‌وى تێزه‌کانى ئۆجالان بۆ خه‌باتى ژنان باسکرد و وتى:" ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئێستا سه‌رچاوه‌ى بڕیاره‌ گرنگه‌کانى جیهانه‌، کە بەعه‌قڵیه‌تێکى پیاوسالارى ده‌درێت، لەم کاته‌دا سیستمی هاوسه‌رۆکیى شۆڕشێکى ژنانه‌ى ماوه‌درێژه‌ له‌ بڕیاردان له‌ چاره‌نوسى خۆیان و وڵات، ئه‌م جۆره‌ سه‌رۆکایه‌تییه‌ توانیویه‌تى هه‌نگاوێکى زۆرباش ژنان له‌ چه‌ندایه‌تى و چۆنایه‌تى دا بباتە پێشه‌وه‌".

 

سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان-یش بوشرا عەلی، وتی:"له‌ بوارى سه‌ربازیى ژنان توانیویانه‌ هێڵێکى خۆپارێزیى به‌هێز دروستبکه‌ن ئه‌مه‌ش له‌ سایه‌ى تێزه‌کانى ڕێبه‌ر ئۆجالانه‌".

 

له‌ باره‌ى باشورى کوردستان، بوشرا، وتى: هه‌موو ژنانى باشور تێڕوانینى باشیان بۆ تێزه‌کانى ئۆجالان هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ک بنەمای تێگه‌شتن و کارپێکردن له‌نێویاندا نابیندرێت، له‌لایه‌کى تره‌وه‌ ده‌ستکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى تر به‌ موڵکى ژنان و به‌رهه‌مى خه‌باتى ئه‌وان ده‌زاندرێت له‌ باکورو ڕۆژئاوا، به‌ڵام له‌ باشوردا ئه‌م تێڕوانینه‌ نییه‌ وه‌ک له‌وه‌ى له‌ که‌رکوک و خورماتوو  و له‌ ماوه‌ى پێشودا بیندرا، ژنان له‌ په‌راوێزى خه‌بات و سه‌رجه‌م کایه‌کانى ژیاندابوون.

 

بوشرا عەلی، به‌ پێویستى زانى تێزه‌کانى ئۆجالان بکرێته‌ ده‌روازه‌یه‌ک بۆ ده‌ربازبوون له‌ گرفته‌کانى به‌رده‌م ژنان له‌ باشور و سودیان لێوه‌ربگیرێت بۆ جارەسەری بنەڕەتیی هەر کێشەیەک، پێشیوابوو "له‌ ئاینده‌دا ئه‌م تێزانه‌ چوارچێوه‌یه‌کى جیهانى وه‌رده‌گرن و مرۆڤایه‌تى سودى لێوه‌رده‌گرێت".

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin