Smiley face
Smiley face
Smiley face

داوای ڕێگاگرتن لە کارەساتی هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق دەکرێت

2017-11-18 15:20:49



ڕۆژنیوز - مارى به‌کر

 

پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنیزمی ڕۆشنگه‌ریی، بەتوندیی ئیدانەی پرۆژه یاسا‌ی هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای باری که‌سێتی عێراق و هەڵوێستی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن و داواش لە یونسێف و ته‌واوی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ ده‌که‌ن، که‌ ڕێگا له‌و کاره‌ساته‌ بگرن.

 

له‌ چوارچێوه‌ى ناڕه‌زایه‌تییه‌کانى دژ به‌ پرۆژه یاسا‌ی هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای باری که‌سێتی عێراق ئه‌مڕۆ کاتژمێر ٣:٠٠  پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنیزمی ڕۆشنگه‌ریی له‌به‌رده‌م ده‌زگاى چاودێر له‌ شارى سلێمانى به‌یاننامه‌یه‌کى ناڕه‌زایه‌تیان خوێنده‌وه‌.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کە لەلایەن نیکۆلا شاڵی، ئەندامی ئەنجومەنی فێمێنیزمی ڕۆشنگەرییەوە خوێندرایەوە  هاتبوو:"یه‌کێک له‌ ترسناکترین خاڵه‌کانی نێو پرۆژه یاساکه‌ که‌مکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیرییه‌ بۆ قۆناغێک که‌ به‌پێی یاسا و ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان که‌ عێراق خۆی دانی پێداناون، به‌قۆناغی منداڵی ده‌ناسرێت، له‌و قۆناغه‌دا منداڵ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک شیاوی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری نییه و له‌روی جه‌سته‌یشه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتوه‌ و ئۆرگانه‌کانی جه‌سته‌ی ئاماده‌ی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ نین که‌ هاوسه‌رگیریی ده‌یهێنێته‌ گۆڕێ".

 

هەروەها، هاتبوو:"هه‌ردوو دۆخی ده‌رونی و کۆمه‌ڵایه‌تی منداڵ ده‌که‌وێته‌ به‌ر زه‌برێکی توند وکاریگه‌ری نه‌رێنی درێژخایه‌ن له‌سه‌ر که‌سایه‌تی جێده‌هێڵێت".

 

ئه‌م پرۆژه یاسا‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پێشێلکاریه‌کى ڕووونه‌ بۆ یاسا و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانى تایبه‌تمه‌ند به‌مافه‌کانى ژنان و منداڵان له‌هه‌مان کاتدا پێشپێلکاریه‌کى ڕوونه بۆ ده‌ستورى عیراقی و له‌ڕووی جێبه‌جێکردنیشه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک گرفتی گه‌وره‌ بۆ دادگاکان ده‌نێته‌وه‌ و د‌ه‌یانخاته‌ به‌رده‌م دابه‌شبوون و په‌رته‌وازه‌یى له‌ورده‌کاریی و له جێبه‌جێکردنی یاساکاندا".

 

لە بەردەوامییدا هاتبوو:"پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگه‌ری به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ یاسایه و هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی عێراق ده‌که‌ن و داواده‌که‌ن خاوه‌نی پرۆژه‌که‌ لێپێچینه‌وه‌ی یاساییان له‌گه‌ڵ بکرێت، چونکه‌ ئه‌وان دژی ده‌ستور و مافه‌ ده‌ستوری و مه‌ده‌نیه‌کانی ژنان و مندالان کاریان کردووه‌ و پێشێلیان کردوون".

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا، پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنیزمی ڕۆشنگه‌ریی، داوا له‌ سەرجه‌م رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ڕێکخراوی (Unicef) و ته‌واوی ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ ده‌که‌ن، که‌ ڕێ له‌و کاره‌ساته‌ بگرن.

 

جێگای ئاماژەیە، دوابه‌دوای ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ی بۆ هه‌موار کردنه‌وه‌ی یاسای باری که‌سێتی ژماره‌ ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ له ڕۆژی (١١١٢٠١٧) له‌لایه‌ن چه‌ند فراکسیۆنێکی په‌رله‌مانییه‌وه‌ پێشکه‌شکرا و په‌رله‌مانی عێراق له‌ڕوی مه‌بده‌ئییه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه،‌ ته‌وژمێکی ناره‌زایی له‌نێوه‌نده‌ جیاوازه‌کانی عێراق و چاودێرانی بواره‌کانی مافی مرۆڤدا بەرپابووە.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin