Smiley face
Smiley face
Smiley face

هەوڵی داخستنی بنکەی تەندروستی وارانی ناڕەزایی هاوڵاتیان بەدوای خۆیدا دەهێنێت

2017-11-19 10:16:12



ڕۆژنیوز – بۆتان گەرمیانی 

 

ئاوارەکانی خورماتوو، ڕایدەگەیەنن، کە ڕێگا نادەن بە داخستنی بنکەی تەندروستی خۆبەشی وارانی و منداڵیکی ئاوارە دەڵێت"ئەگەر بنکەکە دابخرێت بڕۆین بۆ کوی بۆ چارەسەر"، هاوڵاتییەک-یش بە حکومەت دەڵێت:"لە سەرەمەرگیشدا بازرگانیمان پێوەدەکەن".

 

ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، هێزێکی ئاسایشی شارەدێی زنانە-ی سەر بە شارۆچکەی کفری لە ئیدارەی گەرمیان، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی فریاگوزاری تەندروستی خۆبەخشی وارانی، لە گوندی وارانی سەر بە شارەدێی زنانە لە شارۆچکەی کفری سنوری ئیدارەی گەرمیان، کە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ ئاوارەکانی ئەو سنوورە کراوەتەوە.


   
سەبارەت بە کارەکانی ئەو بنکەیە، د.ئازاد قادر، ئەندامی تیمی فریاگوزاریی تەندروستی خۆبەخشی وارانی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"چەندین کارمەند و پزیشک بەخۆشحاڵییەوە بە خۆبەخشانە هاتوون کاریان لەگەڵ کردووین بێبەرامبەر، د. میدیا کە بە ڕەگەز ئەڵمانییە لە قەندیلەوە هاتووەتە ئێرە و کاریکردووە، لەم ماوەیەشدا بەڕێوبەرایەتی تەندروستی گەرمیان نەیتوانیوە بەو شێوەیە هاوکاری و خزمەت بگەیەنێت بە ئاوارەکان".

 

 

ئازاد قادر، وتیشی:"ڕۆژانە لەم بنکەیەدا نزیەکی ١٥٠ نەخۆش سەردانمان دەکەن و تائێستاش نزیکەی دوو هەزار نەخۆشمان چارەسەرکردووە".


سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر بنکەکە لەلایەن ئاسیشی گەرمیان و هەوڵکانی داخستنی بنکەکە، ناوبراو، وتی:"لەم دواییەدا داوایان لە ئێمە کرد، کە تەنها بۆ پڕوپاگەندە بڵێین کە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی گەرمیان هاوکاری کردووین، لەکاتێکدا کە داوای ٩٠ مادە دەرمانمان لێکردون ٢٦ مادەیان بۆ ناردووین، ئێستاش دەیانەوێت دەستبگرن بەسەر کابینەکانماندا". 

 

ئازاد قادر، زیاتر ڕوونیکردەوە و وتی:"ڕێخراوی (IMC) هاتوون داوایان لە ئێمە کرد کە پێکەوە کاربکەین، بەڵام لە ژێر ناوی ڕێکخراوەکەی ئەواندا، ئێمەش وتمان مادام بۆ خزمەتکردنە کێشیمان نییە، بەڵام تەندروستی گەرمیان هاتووە کارەکەی تێکداوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان ناهێڵێت ئێمە ڕێبکەوین، دەیانەوێت بیکەن بە بنکەیەکی حکومی و بە ئارەزووی خۆیان بەکاری بێنن بۆ بەرژەوەندی مادی و حزبی خۆیان".

 

ئەو ئەندامەی تیمی فریاگوزاریی تەندروستی خۆبەخشی وارانی، وتیشی: بەڕێوبەرایەتی تەندروستی گەرمیان دەیانەوێت پزیشکە خۆبەخشەکانی ئێمە دەرکەن و کۆمەڵە پزیشکێک بێنن، کە یەک ڕۆژ ئامادە نەبوون بێن بۆ ئەم بنکەیە و خۆبەخشانە کاربکەن، ئێمەش دەزانین کە ئەوان بە پارە کاردەکەن و هەر ڕۆژێک ڕێکخراوەکە ڕۆشت ئامادەنین کار بکەن و ئەو خەڵکەش بێبەش دەبێت لە خزمەت.


سیروان کەریم، ئاوارەیەکی خورماتوو لە گوندی وارانی بە ڕۆژنیوزی وت:"خەڵکێکی زۆری ئاوارە سودمەندبوون لەم بنکەیە و ڕۆڵێکی زۆر باشی هەبووە بۆمان، نەخۆشخانەیەکی تر هەیە لە وارانی کە سەربە تەندروستی گەرمیانە نە پزیشکی تیایە نە دەرمان، ئێمە داوا لە لایەنی بەرپرسیار دەکەین، کە ڕێگە نەدەن بە داخستنی ئەو بنکەیە، ئێمە ڕازی نابین بە داخستنی".

 

 

دنیا عوسمان، منداڵێکی ئاوارەی خورماتوو بوو لە ڕۆژنیوزەوە داوای لە لایەنانی بەرپرسیارکرد کە بنکەکە دانەخرێت و وتی:"ئێمە، کە نەخۆش دەکەوین لەوێ چارەسەر وەردەگرین، داواکارین کە بنکەی وارانی دانەخرێت، چونکە ئێمە ئۆتۆمبێلمان نییە ئەگەر دابخرێت بچین بۆ کوێ؟ مەگەر خەڵک بمانبات بۆ شار".

 


 
هەروەها، حەمزە کەریم، هاوڵاتییەکی تاقانەی ئەنفال لە گوندی واران ڕووی دەمی کردە حکومەت و وتی:"ئەگەر ڕاستدەکەن و مەبەستیان خزمەتکردنە ئێمە ١٧٠ خوێندکارمان هەیە، بەڵام خوێندنگاکە شەش خێزانی ئاوارەی تێدایە، با بێن کابینە بۆ ئەو خێزانانە دابینکەن من ئامادەم کرێی دوو ماڵیان بدەم، بۆ ئەوەی خوێندن دەستپێبکاتەوە".

 

 

حەمزە، وتیشی:"با بچن لە گوندێکی تر بنکەی تازە دابنێن، لە سەرەمەرگیشدا بازرگانیمان پێوەدەکەن بۆیە بشمرین ڕێگە نادەین ئەو بنکە تازە دابنێن".


بنکەی فریاگوزاری خۆبەخشی تەندروستی وارانی، لە ٢٦-١٠-٢٠١٧، بە دەستپێشخەری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکانی شارۆچکەی خورماتوو سەربە پارێزگای سەڵاحەدین، لە گوندی وارانی دامەزراوە  و دکتۆرە ئەڵمانییەکەی قەندیل دکتۆرە میدیا هەڤیان بەڕێوەی دەبات لەگەڵ ژمارەیەک پزیشکی تری خۆبەخش.

 

 

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin