Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئارێز عه‌بدوڵا: تا گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێنه‌کات کێشه‌کانى هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر نابن

2017-11-19 11:17:58



ڕۆژنیوز - دانا عومه‌ر

 

ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ڵێت، که‌ تاوه‌کو گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ست پێنه‌کات کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نابن و بەغداش مووچە نانێرێت.

 

بڕیار وایه‌ له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ى ساڵى 2018ى عێراق بچێته‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگى له‌سه‌ر بدریت، که‌تێیدا پشکى کورد له‌ 17% وه‌ بۆ 12.67% که‌مکراوه‌ته‌وه‌.

 

ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌ ڕۆژنیوزى ڕاگه‌یاند:"پشکى هه‌رێمى کوردستان ده‌بێت به‌پێى ڕێژه‌ى دانیشتوانه‌که‌ى دیاریى بکرێت، به‌ڵام تاوه‌کو سه‌رژمێریى نەکرێت نازاندرێت ڕێژه‌که‌ چه‌نده‌، ئه‌نجامدانى سه‌رژمێریی-ش حکومه‌تى ناوه‌ندیى لێى به‌رپرسیاره‌".

 

ناوبراو، ئاماژه‌ى به‌ هه‌وڵه‌کان کرد بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان و وتى:"ئێمه‌ لە په‌رله‌مان و له‌ناو حکومه‌تى عێراق له‌ هه‌وڵداین، سه‌رۆک کۆمار خۆى له‌ هه‌وڵدایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌فاره‌تانه‌ى که‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق باشه‌ قسه‌مان کردووه‌، واتا له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ له‌هه‌وڵداین بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان".

 

ئارێز عەبدوڵا، ڕاشیگەیاند:"تا دیالۆکى ڕاسته‌وخۆ ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا-دا ده‌ست پێنه‌کات کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نابن، حکومه‌تى ناوه‌ندیش مووچه‌ نانێرێت، چونکه‌ ئه‌گه‌ر بینێرێت به‌ لیسته‌ کۆنه‌که‌ مووچه‌ ده‌نێرێت به‌وه‌ش نیوه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بێ مووچه‌ ده‌مێننه‌وه‌، له‌ئه‌نجامدا ده‌بێت کێشه‌کان به‌ گفتوگۆ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ببێت، گفتوگۆش بێ سه‌ردان و یه‌کتر بینین دروست نابێت".

 

جێگای ئاماژەیە، شاندى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چه‌ندین جار ئاماده‌یى خۆیان ده‌ربڕیوه‌ بۆ سه‌دانکردنى به‌غدا، به‌ڵام حکومه‌تى ناوه‌ندى هه‌تاوه‌کو ئێستا ئاماده‌یى ده‌رنه‌بڕیوه‌، که‌ پێشوازیى له‌ شاندى حکومه‌تى هه‌رێم بکات.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin