Smiley face
Smiley face
Smiley face

هەپەگە: ١٠ سەربازی تورک لە شرناخ کوژراون

2017-11-19 16:49:49



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

هەپەگە ڕایگەیاند، هێزەکانیان ناوچەی بەستا-ی شرناخ، لە دژی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک، چەند چالاکییەکیان ئەنجامداوە، ڕاشیگەیاندووە:"لەو چالاکییانەی گەریلاکانماندا ١٠ سەربازی تورک کوژراون".

 

ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەی چالاکی گەریلاکانیانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە-دا، هاتووە:"ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە، سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچەی بەستا-ی سەر بە شاری شرناخ، ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردبوو، هێزەکانی ئێمەش لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێڕی شەهید سەردەم و شەهید نودەم، لە دژی ئەو ئۆپەراسیۆنەی دوژمن، چەند چالاکییەکیان ئەنجامدا".

 

هەروەها، هاتووە:"لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەدا، کاتژمێر ٠٢:٠٠ ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٦ی نۆڤەمبەر، هێزەکانمان لە دژی سەربازانی داگیرکەر لە گردی سەڤۆ چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا ٢ سەربازی تورک کوژراون".

 

لە بەشێكی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە:"لە ڕۆژی ٨ی نۆڤەمبەر، هێزەکانمان لە گەلی قورتاخان، لە هەلیکۆپتەرێکیان دا کە دەیویست سەرباز بهێنێتە ناوچەکەوە، هەلیکۆپتەرەکە زیانی بەرکەوتووە و لە ناوچەکە کشاوەتەوە".

 

هەر لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا، هاتووە:"کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی ١٢ی نۆڤەمبەر، هێزەکانمان لە گردی سەڤۆ چالاکییان دژی پێگەیەکی دوژمن ئەنجامداوە، لەو چالاکییەدا چادرەکانی دوژمن تەقیوەتەوە و ٨ سەرباز لەو چالاکییەدا کوژراون".

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەوەشی خستووەتەڕوو:"ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە بۆردوومانی تێدا دەکرێت و شەڕی سەختی تێدا دروست دەبێت، بە پشتیوانی شانە نووستووەکان بەردەوامە، لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە بڵاو دەکرێتەوە".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin