Smiley face
Smiley face
Smiley face

حاكم شێخ لەتیف: سەرانی هەرێم لەترسی دادگاییكردن ڕازین بەهەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم

2017-11-20 10:57:28



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

حاكم شێخ لەتیف، ڕایدەگەیەنێت، كە سەرانی هەرێم لەپێناوەو مانەوەی خۆیان و لەترسی ئەوەی دادگایی نەكرێن ڕازین بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم.

 

پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندبوو، كە ئێمە ڕازین بە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە، ئەمڕۆش دانیشتنی یەكەمی دادگای فیدڕاڵی لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم بەڕێوەچوو، تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی دا.

 

حاكم شێخ لەتیف، پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شارەزا لە دەستوردا، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"ڕازی بوون بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، لەپێناو ئەوەدایە كە لە دادگایی كردن ڕزگاریان ببێت، دەنا دەبوو بڕیاری سەربەخۆییان بدایە، چونكە ئەوەی ڕوویدا لەوە خراپتر نەدەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی كە دەزانن بەپێی یاسای عێراقی ئەگەر بڕیاری سەربەخۆیی بدەن بە تاوان دادەنرێت، بۆیە ئەو بڕیارە نادەن".

 

لەبارەی ئەوەی كە ئایا حكومەتی هەرێم مافی ئەوەی هەیە ڕازی بێت بە هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم، ناوبراو، وتی:"گەل باڵاترین دەسەڵاتە، گەل بڕیاری داوە و تەنها گەلیش توانای ئەوەی هەیە كە هەڵیبوەشێنێتەوە، ئەوان ڕیفراندۆمیان كرد، زۆرینەی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستانیان لەدەستدا، ئێستاش دەیانەوێت هەڵیبوەشێنێننەوە".

 

حاكم شێخ لەتیف، ئاماژەی بە نادەستوری بوونی هەندێك لەو هەنگاوانە كرد كە حكومەتی عێراق دژی هەرێمی كوردستان دەیگرێتەبەرو، وتی:"ئەو هەنگاوانەی كە حكومەتی عێراقی لە دژی هەرێم دەینێت هەندێكییان دەستورین، بەڵام زۆربەی لە ڕوانگەی براوەو دۆڕاوە دێت، حكومەتی عێراق ئێستا خۆی بە براوە دەزانێت بۆیە مەرجەكانی خۆی دەسەپێنێت".

 

وتیشی:"بۆنمونە مادەی 117 لە دەستوری عێراقی دەڵێت: ئەو دەسەڵاتانەی تا ڕۆژی جێبەجێكردنی دەستور بەدەست هەرێمەوە بوون لەدەستی هەرێمدا دەمێنێتەوە، فڕۆكە خانەو خاڵە سنورییەكان لەدەستی هەرێمدا دەمێنێتەوە، واتا زۆرێك لەو دەسەڵاتانەی كە حكومەتی ناوەندی داوایان دەكات بەپێی مادەی 117ی دەستور دەسەڵاتی هەرێمە، حكومەتی ناوەندی حسابی هەرێمێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام هەرێمی كوردستان هەرێمێكی تاییبەتەو بەپێی دەپێی دەستور دەسەڵاتی تایبەتی دراوەتێ‌".

 

ناوبراو وتیشی:"هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە جێناكۆكەكان پێچەوانەی دەستورە، چونكە حەشدی شەعبی بۆ شەڕی داعش دورست بووە، بە فەتوای مەرجەعیەتی شیعەكان، هیچ مافێكی نییە بێتەوە ناوچەجێناكۆكەكان".

 

حاكم شێخ لەتیف ئاماژەی بە مەترسی مانەوەی یەكێتی و پارتی كرد لە سەر دەسەڵات و، وتی:"گەورەترین مەترسی بۆ سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەم دوو هێزە سیاسییەن، چونكە هێزی دۆڕاون، بۆیە ئێستا مەترسی ئەوە هەیە ئەم دوو هێزە دۆڕاوە لە پێناو مانەوەی خۆیاندا ئەوەی كەماوە بیدۆڕێنن، بۆیە پێویستە حكومەتێكی كاتی پێك بێت، بەمەرجێك لەلایەن ئەم دوو هێزەوە سەركردایەتی نەكرێت".

 

وتیشی:"ئێستا ئەمریكا دەیەوێت عەبادی بكاتە پاڵەوان، لەبەر ئەوەی بەرامبەر نەیارەكانی بەهێزی بكات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بۆیە سەركەوتنی شەڕی داعش وسەپاندنی دەستوری خستە سەبەتەی عەبادییە، بۆیە عەبادی نایەوێت ئەوەی بەدەستی هێناوە لەدەستی بدات، یاری بەكات ئەكات، بۆیە گرنگە ئەم دوو هێزەدۆڕاوەنەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆ".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin