Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەسێ ئەرزنجان: خەباتی بنەڕەتیی ئێمە بۆ ئازادیی ژنانە

2017-11-23 08:35:48



ڕۆژنیوز - محه‌مه‌د و شه‌ماڵ

 

بەسێ ئەرزنجان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژەکە، ڕایدەگەیەنێت، کە نەک تەنیا ٢٥ی نعڤەمبەر، بەڵکو هه‌موو ڕۆژێک بۆ ئەوان ڕۆژی تێکۆشانه‌، دەشڵێت:"خه‌باتی بنه‌ڕه‌تیی ئێمه‌ بۆ ئازادیی ژنه"

 

بەسێ ئەرزنجان، ئەندامی کۆردیناسیونی کۆمێن ژنێن کوردستان (کەژەکە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، تیشک دەخاتە سەر تێکۆشانەکانی ٢٥ی نۆڤەمبەر،  کێشەکانی ژنان و خەباتی کەژەکە بۆ بەهێزکردنی ژنان و پاراستنیان لە توندوتیژیی.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

-هەموو ساڵێک لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا ژنان تێکۆشانیان زیاتر دەکەن و چالاکی تایبەت بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی ئەنجام دەدەن، واتا و نرخی ئەو ڕۆژە چییە؟

 

"بۆ که‌ژه‌که‌ ڕۆژی بڵندکردنی ئاستی تێکۆشانمانه‌"

 

به‌سێ ئه‌رزنجان: ٢٥ی نۆڤەمبەر بۆ ژنان ڕۆژی تێکۆشانه‌، له‌و ڕۆژه‌دا هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆ تێکۆشانی ژنان خه‌باتیان کردووه‌ سڵاوده‌که‌ین، ئەو ڕۆژە بۆ که‌ژه‌که‌ ڕۆژی بڵندکردنی ئاستی تێکۆشانمانه‌، هەرچەندە ئێمە ئەوە قبوڵ ناکه‌ین ته‌نیا یه‌ک ڕۆژ تێکۆشان بکه‌ین و له‌سه‌رئه‌و بنەمایە کار و خه‌بات به‌ڕێوەببەین، هه‌موو ڕۆژێ بۆ ئێمه‌ ڕۆژی تێکۆشانه‌ و خه‌باتی بنه‌ڕه‌تی ئێمه‌ بۆ ئازادیی ژنه.

 

 

-لەدنیادا شەڕی جیهانیی سێیەم ژیان دەکرێت و ژنانیش قوربانیی یەکەمی ئەو زهنیەتە توندوتیژەن، وەک کەژەکە بۆ پاراستنی ژنان چی دەفکرن؟

 

"بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینە پێشەنگ"

 

به‌سێ ئه‌رزنجان: ئێمه‌ وا سه‌یری ده‌که‌ین که‌ی ژن کۆیله‌ بوو مرۆڤایه‌تیش کۆیله‌ یە، که‌ی ژن ئازادبوو مرۆڤایه‌تی ئازاد ده‌بێت، له ‌ئێستادا هێرشی هه‌ره ‌مه‌زن له‌ سه‌ر ژنانه‌، له‌ به‌رئه‌وه‌ی ژنان زۆر ده‌ستکه‌وتیان به ‌ده‌ست هێناوه‌ له ‌ڕووی سیاسی و سیستم‌ و سوپا و زانابوون، هێرشی زۆرە، به‌ڵام له ‌هه‌مانکاتدا پێشکه‌وتنی گه‌وره‌ی ژنان هه‌یه‌، ‌ فشار و توندوتیژیی هه‌ر چه‌ند بن له ‌به‌رامبه‌ردا ئێمه‌ داکۆکیی له‌ مه‌سه‌له‌ی ئازادیی و مافی ژن ده‌که‌ین و ڕێکخستنی خۆمان به‌رفراون دەکه‌ین و بۆ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست دەببینه‌ پێشه‌نگ.

 

-لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست لەژێر ناوی دین و ڕەگەزپەرستیدا هەوڵ دەدرێت دووبارە ژن بخەنە ژێر باری یاسای شەریعەت، لەبەرامبەر ئەو هەوڵدانانەدا دەبێت تەڤگەری ژنان چۆن تێبکۆشێت؟

 

"ئێران و عێراق سود لە تورکیا دەبینن"

 

بەسێ ئه‌رزنجان: به ‌تایبه‌ت له ‌ساڵی ٢٠١٧ هێرشی زۆر گه‌وره‌ له ‌سه‌ر ژن هه‌یه‌، سەرەتا لە باکوری کوردستان هێرشه‌کان ده‌ستیان پێکرد، ئێستاش ده‌وڵه‌تی عیراق و ده‌وڵه‌تی ئێران سود له‌ تورکیا وه‌رده‌گرن، تورکیا وه‌ک نمونه‌ ده‌بینن هه‌م له‌ لایه‌نی سیاسی هەم لە تێوانینیان بۆ ژنان، ئه‌مڕۆ ده‌وڵه‌تی تورک له‌سه‌ر کوردان و ژنان هێرشێکی زۆر گه‌وره‌ به‌ڕێوه ‌ده‌بات به ‌ده‌یان ژن ده‌ستگیرده‌کات، و گرنگه‌ هه‌موو ته‌ڤگه‌ره‌کانی ژن به‌ هاوبه‌شی بجوڵێنەوە، نابێت هه‌ر یه‌که‌و‌ له لای خۆی گروپ گروپی بچوک کاربکات، گرنگه‌ هه‌موومان ژنانی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی تر بەیکەوە تێکۆشان به ‌یه‌که‌وه‌ به‌رێوه ‌ببه‌ین، گرفتی هه‌رە سه‌ره‌کی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر گروپ له ‌لایه‌نی خۆیه‌وه‌ تێکۆشان ده‌کات و ئه‌م‌ تێکۆشانه نه‌بووه‌ته‌ هه‌وڵدانێکی هاوبه‌ش.

 

 

-لە باشوری کوردستان ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە ئاستێکی مەترسیداردایە و لەبەرامبەریشدا بێ دەنگییەکی قوڵ دەبیندرێت، کەژەکە چ پلان یانش پێشنیاری هەیە بۆ ڕێگرییکردن لە کوشتن  وخۆکوشتنی ژنان؟

 

"که‌ژه‌که‌ له‌و پێناوه‌دا هه‌وڵی جدیی ده‌دات"

 

بەسێ ئه‌رزنجان: ژنانی ‌باشوری کوردستان له ‌هه‌موو شۆڕشه‌کان ڕۆڵی پێشه‌نگیان هه‌بووه‌ و ڕه‌نجی زۆریان داوه‌ له‌ناو پێشمه‌رگه‌-ش، به‌ڵام چونکه‌ عەقڵیه‌تی پیاوسالاریی هه‌بووه‌، ڕه‌نج و ماندووبوونی ژن نه‌بیندراوه وا پێشان دراوه‌  ته‌نها پیاو شه‌ڕی کردووه، به‌ڵام ڕاستی به‌م شێوه‌یه‌ نییه‌، له‌ باشور پێشکه‌وتنی ژنان هه‌یه‌ ڕێکخستنی ئه‌وان کارایه‌، وه‌ک که‌ژه‌که‌-ش خه‌باتی ئێمه‌ ده‌ستیپێکرد بۆئه‌وه‌ی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی-ژنان دروست ببێت، له ‌هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه‌ ژنان خۆیان پێش بخه‌ن، وه‌کو دیکه‌ له ‌باشور ته‌ڤگه‌ری ئاپۆچی بوونیان هه‌یه‌ و کارده‌که‌ن وه‌ک ڕ‌ژاک، کە له‌هه‌موو چالاکییه‌کان لەپێشە و هه‌وڵدانێکی زۆر مه‌زنی هه‌یه، له ‌هه‌ر شوێنێک ته‌ڤگه‌ری ئاپۆچی هه‌بن له‌وێ ئاپۆچییه‌کان ده‌یانه‌وێت چالاکیی بکه‌ن و گه‌ل زانا بکه‌ن، که‌ژه‌که‌ش له‌و پێناوه‌دا هه‌وڵی جدیی ده‌دات.

 

-لە تورکیا و عێراق دەیانەوێت زەواجی پێش وەختە بە یاسا جێگیربکەن، ئەگەر ئەوە بکرێت چی ڕوودەدات و چۆن ڕێگەی پێبگیردرێت؟

 

"به‌شودانی ته‌مه‌نی بچووک واتای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و که‌سه‌ ده‌کوژیت"

 

بەسێ ئه‌رزنجان: دووباره‌ی ده‌که‌مه‌وه‌ له ‌ناوچه‌که‌ هێرشێکی زۆر مه‌زن له‌سه‌ر ژن هه‌یه‌، وه‌ک ده‌بیندرێت که‌ی دۆخی سه‌رۆک ئاپۆ له‌ناو گۆشه‌گیری-دا بێت، ئه‌و کات هێرشێکی زۆر گه‌وره‌  ده‌کرێته‌ سه‌ر ژن، یاسای خراپ و کۆنه‌په‌رستانه‌ بۆ ژن ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ باکوری کوردستان نیه‌ ئه‌مه‌ بۆ باشور و ئێران-یش به‌م ڕه‌نگه‌یه، له ‌باکوری کوردستانیش یاسای موفتی هه‌بوو، به ‌شودانی ته‌مه‌نی بچووک واتای ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و که‌سه‌ ده‌کوژیت له ‌لایه‌نی ئیراده‌ و شه‌خسیه‌ت، که‌سێکی به‌م ته‌مه‌نه‌ تا ئێستا خۆی نه‌ناسیوه‌ و ژیانی نه‌ناسیوه‌ ناتوانێت ڕای خۆی پێش بخات تۆ به‌مکاره‌ ئه‌م که‌سه‌ کۆیله‌ ده‌که‌یت، له ‌به‌رئه‌وه‌ش له‌ ماوه‌ی ڕابردوو له‌ باکور و باشور ڕێپێوان و ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌ دروستبوون له ‌دژی ئه‌و یاسایه‌ هه‌موو ژنانی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ش به‌شداربوون، وه‌ک که‌ژه‌که‌ هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کان ده‌قۆزینه‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له ‌به‌رامبه‌ر جێبه‌جێ کردنی ئه‌و پێشنیاز یاسایه‌، پێشنیازکردنی ئه‌و یاسایه‌ش له‌سه‌روبه‌ندی ٢٥ی نۆڤەمبەر په‌یامێک ده‌دات به ‌ژنانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه‌که‌ به‌وه‌ی پێویسته‌ ئێوه‌ تێکۆشان نه‌که‌ن وه‌ک ڕابردوو بژین به ‌کۆیلایه‌تی ژیان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ تێکۆشان نه‌کرێت ئه‌م پێشنیازه‌ ده‌بێته یاسا، گرنگه‌ ژنان به‌یه‌که‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پێشنیاز و هه‌وڵانە ببنه‌وه‌.

 

 

-پەیام و بانگەوازیی ئێوە بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە چییە بۆ ژنان؟

 

"نابێت هیوای ئێمه‌ له‌ سه‌ر پیاوان بێت"

 

بەسێ ئه‌رزنجان: وه‌ک کەژەکە هیوای ئێمه‌ زۆره‌ بۆ تێکۆشان، ڕاسته‌ هێرشێک له ‌سه‌ر ژنان و گه‌لی کورد هه‌یه‌، بەڵام وه‌ک ته‌ڤگه‌ری ژنان له‌ ئاستێکی به‌رزی تێکۆشان-داین، ده‌بیندرێت  له ‌ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشێکی ژن هه‌یه‌ و له ‌باکوری کوردستان زانابوونێکی زۆر هه‌یه‌، له ‌باشوور-یش هه‌رچی هه‌بێت هیوای ئێمه هه‌ر ژنه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئێمه‌ له‌ ٢٠١٨ کار و خه‌بات زیاتر به‌رفراونتر بکه‌ین هیوا و باوه‌ڕی خۆمان‌ زیاتر پته‌و‌ بکه‌ین، ئێمه‌ پێویسته‌ وه‌ک ژنانی کورد بۆ خۆمان کار بکه‌ین نه‌ک چاومان له ‌که‌س و ده‌وڵه‌تی تر بێت کارمان بۆ بکات به‌م شێوه‌یه‌ سه‌رکه‌وتوو نابین، بۆ ژنان-یش به ‌هه‌مان شێوه‌ نابێت هیوای ئێمه‌ له‌ سه‌ر پیاوان بێت که‌ چ شتێک ده‌دات به ‌ژن، پێویسته‌ وه‌ک ژنان ئیراده‌ و فکری خۆمان به‌یان که‌ین، وه‌ک که‌ژه‌که‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ‌ساڵی ٢٠١٨ له‌ هه‌رکات زیاتر ئاستی تێکۆشانمان بڵندتر بکه‌ین‌‌، به ‌تایبه‌ت بۆ باشور و ڕۆژهه‌ڵات له ‌گه‌ڵ ڕێکخراوه‌کانی ژن به‌ یه‌که‌وه‌ بجوڵێن و به ‌یه‌که‌وه‌ تێکۆشان بکه‌ین و به‌رنامه‌شمان بۆئه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وبنه‌مایه‌ ده‌توانین سه‌رکه‌وین ئه‌گه‌ر به‌رخودان بکه‌ین.‌

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin