Smiley face
Smiley face
Smiley face

سالار مەحمود: فشار بۆ هێنانەوەی ئاشتی هەورامی دەستپێدەکات

2017-11-23 20:45:24



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەمەبەستی دروستکردنی فشار بۆ هێنانەوەی ئاشتی هەورامی و بانگهێشتکردنی بۆ پەرلەمان، هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، دەشڵێت:"ئاشتی هەورامی سەرچاوەی شکستی سیاسەتی نەوتی هەرێمە".

 

کەمێک پێش ئێستا، سالار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوەی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، کە بۆ باگهێشتکردنی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کورستان، بۆ پەرلەمانی هەرێم دەستپێدەکات.

 

سالار مەحمود، ڕایگەیاندووە:"بەمەبەستی دروستکردنی فشار بۆ هێنانەوەی ئاشتی هەورامی و بانگهێشتکردنی بۆ پەرلەمان، ئەم هەفتەیە هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات".

 

ڕوونیشیکردووەتەوە:"هەڵمەتەکە بۆ دەرکەوتنی هۆکارەکانی هەڵهاتن و ونبوونی ئاشتی هەورامی و ئاشکرابوونی مەلەفە شاراوەکانی پشت ونبوونی وەزیری سامانە سروشتییەکان،کە ماوەی ٥٥ ڕۆژە ونە".

 

ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێت:"فشارێکی کرداری لەسەر حکومەتی هەرێم دروستدەکرێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان فشارەکان توندتر دروستدەکرێن".

 

لەبەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، سالار مەحمود دەڵێت:"ئاشتی هەورامی سەرچاوەی شکستی سیاسەتی نەوتیی هەرێمە، دەبێ لە سەرووی ئەوەوە کەسێک یان چەند کەسێک هەبێت، دەبێت خۆی ڕوونی بکاتەوە، چونکە ئەو لەبەردەم پەرلەمان خۆی بەبەرپرسیاری ئەو سیاسەتە شکستخواردووە ناساندووە".

 

ئەو پەرلەمانتارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، جەختیشی کردووەتەوە:"پێویستە ئاشتی هەورامی سزای نانبڕینی خەڵک و ڕوبعە مووچە و شکستی ئابووری هەرێمی کوردستان، لە بەردەم پەرلەمان و دادگا-دا وەربگرێت، لەبەرامەر بەڵێنە بێ بنەماکاندا دەبێت سزا هەبێت".

 

لەکۆتایی نووسینەکەیدا، سالار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە فراکسیۆنی یەکێتی، بەپێویستیشی دەزانێت، کە هەموو لایەک هاوکاربن بۆ سەروەری یاسا و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و بە بەرپرسیارێتی هەڵسانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin