Smiley face
Smiley face
Smiley face

دروستبوونی کەف لە ئاوی تانجەرۆ بە وێنە و ڤیدیۆ

2017-12-02 09:47:45



ڕۆژنیوز - هاوکار مستەفا

 

ساڵانە لە وەرزی پایز و زستاندا و لەکاتی زۆربوونی ئاوی تانجەرۆ لە پردی تەپی کەرەم-ی سەربەشارۆچکەی شارەزوور، ڕێژەکی زۆر لە کەف دورست دەبێت، جوگرافی ناسێک-یش دەڵێت: دورستبوونی ئەو کەفە لە دەریادا ئاساییە، بەڵام لە ئاوێکی کەمی وەک تانجەرۆدا لە ئەنجامی پیسبوونی ئاوەکەدا دروست دەبێت.

 

پردی تەپی کەرەم، کە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی نێوان شارۆچکەی شارەزوور و سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، ئاوی ڕووباری تانجەرۆی پێدا تێدەڕێت لە دیوی چەپی پردەکەوە بەشێوەیەکی زۆر بەرفراوان کەف هەستاوە و لە هەندێک شوێن زیاتر ٥٠سم بەرزبووەتەوە، ئەوەش بووەتە جێگای سەرنجی ئەو هاوڵاتی و شۆفێرانەی بەو پردەدا تێدەپەڕن.

 

ئەگەر بە شێوەیەکی زانستییانە لە هۆکاری دروستبوونی کەفی دەریا بکۆڵینەوە ئەوا بۆمان دەردەکەوێت، کە لە ئەنجامی گۆڕانی پلەکانی گەرما و شیبوونەوەی زیندەوەرەکان و هاوکات هێزی ڕاکێشان و قوڵایی دەریاکان و هەڵکردنی شنەبا، هەندێک جاریش تێڕژانی لقێکی دەریا، هەموو ئەمانە پێکەوە کارلێک دەکەن و لەئەنجامدا کەفی دەریا دروست دەبێت.

 

دروستبوونی کەف لە دەریاکاندا سروشتییە و هیچ مەترسییەکی نییە، بەڵام دروستبوونی کەف بەو ڕادە زۆرەی، کە لە ئاوی تانجەرۆدا دەبیندرێت سەرنج ڕاکێشە و لە حاڵەتێکی سروشتیی ناچێت.

 

لەو بارەیەوە، شوان جاف، جوگرافی ناس و شارەزا لە کاروباری ژینگە بۆ ڕۆژنیوز وتی: دروستبوونی کەف لە دەریاکان-دا ئاساییە، چونکە دەریاکان فراوانن و ڕێژەیەکی زۆر ئاوییان تێدایە، بەڵام ئەوەی لە ڕووباری تانجەرۆ ڕوودەدات ئاوەکەی کەمە و هیچ ئاوێکی تریشی تێ‌ ناڕژێت جگە لە پاشماوەی شاری سلێمانی و دەورووبەری، بۆیە ئەو کەفەی لە پردی تەپی کەرەم دەبیندرێت لە ئەنجامی ئەو مادە پاککەرەوانەی وەک شامپۆ و زاهی و سابوون و چەند مادەیکی تری هاوشێوەی ئەوانە دروست دەبێت، کە دەڕژێنە ناو ئاوی ڕووباری تانجەرۆوە.

 

شوان جاف

 

ئەو جوگرافی ناسە، بە پێویستیشی زانی، کە دەستەی ژینگە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بەجدیی لە خەمی پیسبوونی ئاوی تانجەرۆدابن، چونکە دواجار هەر ئەم ئاوەیە دەڕژێتەوە ناو دەریاچەی دەربەندیخان و هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لە جوتیاران سوودی لێوەردەگرن بۆ کاری کشتووکاڵ.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin