Smiley face
Smiley face
Smiley face

فه‌رهاد قادر: په‌رله‌مان ته‌نها ده‌سه‌ڵاتى که‌مکردنه‌وه‌ى له‌ بودجه‌دا هه‌یه‌

2017-12-02 11:24:11



ڕۆژنیوز- دانا عومه‌ر

 

په‌رله‌مانتارێکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، که‌ په‌رله‌مان ته‌نها ده‌سه‌ڵاتى که‌مکردنه‌وه‌ى له‌ بودجه‌دا هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتى زیادکردنى پشکى هه‌رێمى نییه‌، ده‌شڵێت: دانیشتنى ئه‌مڕۆ دانیشتنێکى نائاساییه‌ و ته‌نها پڕۆژه‌ یاساکه‌ى تێدا ده‌خوێندرێته‌وه‌.

 

بڕیار وایه‌ له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2018ى عێراق بکرێت، که‌ تێیدا پشکى کورد بۆ 12.67% که‌مکراوه‌ته‌وه‌.

 

فه‌رهاد قادر، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ فراکسیۆنى یه‌کێتى، به‌ ڕۆژنیوزى وت:"به‌پێى کارنامه‌ى دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ ده‌کرێت، ئه‌م دانیشته‌ دانیشتنێکى نائاساییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌ پشووى وه‌رزى خۆیدایه‌".

 

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، که‌ به‌هۆى پشووه‌ وه‌ زۆربه‌ى په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌رێمى کوردستان و هه‌ندێک له‌ په‌رله‌مانتاران له‌ به‌غدا ماونه‌ته‌وه‌، پێشى وابوو که‌ ئاماده‌ نه‌بوون له‌م دانیشتنه‌دا هیچ گرفتێک دروست ناکات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ته‌نها پڕۆژه‌ یاساکه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌ و گفتوگۆى له‌سه‌ر ناکرێت.

 

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا ئه‌وان چییان پێده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ى پشکى کورد بۆ 17% زیاد بکرێت؟، فه‌رهاد قادر، وتى:"له‌ ڕێگه‌ی قسه‌کردنمان له‌گه‌ڵ زۆرێک له‌ فراکسیۆنه‌کاندا، به‌تایبه‌تی فراکسیۆنه‌ شیعییه‌ جیاوازه‌کان، زۆرترین فشارمان دروستکردووه‌ له‌ سه‌ر حکومه‌تی عیراقی و خودی عه‌بادی، که‌ پڕۆژه‌که‌ به‌ جۆرێک بێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى هه‌رێمدا بێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ گۆڕانکارییه‌کی تێدا نه‌کراوه‌ و ئه‌وه‌ش کرابێ ته‌نها ڕووکه‌شیه‌".

 

فەرهاد قادر، وتیشى:"ده‌ستوور دوو حاڵەتی بۆ په‌رله‌مان دیاریکردوه‌، یه‌که‌م: که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌رجی، دووه‌م: ئاڵوگۆڕکردنی له‌نێوان به‌نه‌کانى پڕۆژه‌ یاساکه‌دا، ئه‌مانه‌ش ده‌سه‌ڵاتێکی زۆر که‌مه‌ و ناتوانێت ڕێگا بدات به‌ په‌رله‌مانتاران بوجه‌کان زیاد بکه‌ن".

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin