Smiley face
Smiley face
Smiley face

داواى دەرکردنی بارەگا سەربازییەکانی تورکیا دەکرێت

2017-12-07 10:31:43



ڕۆژنیوز – ئاشتى ئه‌حمه‌د

 

 ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی چەمچەماڵ،  داواى یه‌کڕیزیى ‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى باشورى کوردستان دەکەن به‌رامبه‌ر پێشێلکارییه‌کانى تورکیا و ئێران و دەڵێن: دەبێت باره‌گا سه‌ربازییه‌کانى تورکیا لە خاکی باشور دەربکرێن.

 

بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی باشوری کوردستان بەردەوامیی هەیە و ڕۆژنامه‌نووسان و چالاکوانانى مه‌ده‌نى شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵى سه‌ر به‌پارێزگاى سلێمانى لە لێدوانیاندا بۆ ڕۆژنیوز ناڕەزایەتیی لەبەرامبەر ئەو هێرشەنا دەردەبڕن.

 

کارزان عه‌بدولقادر، ڕۆژنامه‌نووس و چالاکوانى مەدەنی، ڕەخنەی لە بێدەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و وتی:"حکومەتی هەرێم خاوه‌نى هه‌ڵوێستێکى ڕوون نه‌بووه‌، ئەو بێ هەڵوێستییەیان شەرمەزار دەکەین".

 

 

کاروزان وتیشی:"بۆردومانه‌کانى ئێران و تورکیا بۆ سه‌ر سنوره‌کان زیان به‌گوندنیشینان و هاوڵاتیانى مەدەنی ده‌گه‌یه‌نێت، ‌ داوا له‌و پارتانه‌ ده‌که‌ین کە له‌باشورى کوردستان حکومڕانن به‌رامبه‌ر پێشێلکارییه‌کانى تورکیا و ئێران خاوه‌نى هه‌ڵوێستێکى ڕوون بن".

 

هۆگر حسێن، چالاکی مه‌ده‌نى، داواى له ‌لایه‌نه‌کانى باشورى کوردستان کرد به‌رامبه‌ر پێشێلکارییه‌کانى تورکیا یه‌کده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێست بن، و وتی:"١٨ بنکه‌ى سه‌ربازیى له‌ناو خاکى باشورى کوردستانیش هه‌یه‌، کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى باشورى کوردستان به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سکى حزبایه‌تى خۆیان وه‌لابنێن و یه‌ک هه‌ڵوێستبن به‌رامبه‌ر سیاسیه‌تى فاشیستى تورکیا و ئەو بنکە سەربازییانە دەربکەن".

 

 

هۆگر حسێن، ڕەخنەی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان-یش گرت و وتی:"حکومەتەکەی ئەردۆغان لە پیلانگێڕی دژی کورد لە باکور، باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، کەچی نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم زۆرجار له‌کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نووسیەکاندا حکومه‌تى تورکیا به‌دۆستى کورد ناوزه‌ند ده‌کات".

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin