Smiley face
Smiley face
Smiley face

جوتیارانى چه‌مچه‌ماڵ بۆ چاندنى زه‌وییه‌کانیان پشت به‌خۆیان ده‌به‌ستن

2017-12-09 11:01:40



ڕۆژنیوز - ئاشتى ئه‌حمه‌د


به‌شێک له‌ جونیارانى چه‌مچه‌ماڵ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ بۆ کێڵان و چاندنى زه‌وییه‌کانیان ته‌نها پشت به‌ خۆیان ده‌به‌ستن، به‌ڕێوه‌به‌رى کشتوکاڵى چه‌مچه‌ماڵیش ده‌ڵێت، به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ ناتوانن هیچ هاوکارییه‌کى جوتیاران بکه‌ن.


وه‌رزى کێڵانى زه‌وى و چاندنى گه‌نم و جۆ ده‌ستى پێکردوه‌ و به‌ڵام "به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌" ئه‌مساڵ هیچ هاوکارییه‌کى جوتیارانى شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵى سه‌ربه‌ پارێزگاى سلێمانى نه‌کراوه‌.


بێستون که‌ریم، جوتیارێکى سنورى شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵه‌ و سه‌رقاڵى کێڵانى زه‌ویه‌که‌ى بوو، به‌ ڕۆژنیوزى وت:" ئه‌مساڵ حکومه‌تى هه‌رێم هیچ هاوکارییه‌کمان ناکات، وه‌ک پێدانى بنه‌تۆ و په‌ینى کیمیاوى و گاز بۆ تراکتۆره‌کانمان، بۆیه‌ له‌ چاندنى زه‌وییه‌کانمان ته‌نها پشت به‌ خۆمان ده‌به‌ستین".

 


بێستون وتیشى: "به‌ڵام له‌ ساڵانى ڕابردوو تا ڕاده‌یه‌ک له‌و بواره‌دا هاوکاری ده‌کراین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حکومه‌ت و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار هاوکارمان بێت ئه‌وا بێگومان به‌ شێوازێک کارده‌که‌ین به‌رهه‌مى زیاتر به‌رهه‌م بهێنین له‌بوارى گه‌نم و جۆدا".


سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى حکومه‌ت هاوکارى جوتیاران ناکات، به‌ڵام وه‌ک بێستونى جوتیار وتى، که‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ کارى کشتوکاڵى و کێڵانى زه‌وییه‌کانیان.


حکومه‌تى هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتدرێتى کوردى له‌ باشورى کوردستان هه‌میشه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کرێت که‌ له‌ ماوه‌ى 26 ساڵ حکومڕانى و ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا هاوکارى جوتیارانى نه‌کردوه‌ و بایه‌خى به‌ کشتوکاڵ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى گونده‌کان نه‌داوه‌.


به‌هۆى بایه‌خنه‌دان به‌ گونده‌کان و دامه‌زراندنى گه‌نجان به‌ پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ و بڕینه‌وه‌ى مووچه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى نایاسایى بۆ به‌شێکى زۆر له‌ ئه‌ندامانى حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، زۆربه‌ى گونده‌کانى هه‌رێمى کوردستان چۆڵ و بوون و خه‌ڵک ڕوویان له‌ شاره‌کان کرد.


وه‌هاب ڕه‌زا، جوتیارێکى دیکه‌ى سنورى شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵه‌ و بۆ ڕۆژنیوز قسه‌ى کرد و وتى:" ئه‌گه‌ر حکومه‌ت به‌ ته‌واوه‌تى هاوکارى جوتیاران بکات، ئه‌وا خه‌ڵکى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ گونده‌کان و به‌ شێوه‌یه‌کى باشتر کارده‌که‌ن له‌ زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌کانیاندا".

 


ئه‌و جوتیاره‌ باسى له‌وه‌شکرد: "له‌ کاتى پێویسته‌ حکومه‌ت گاز نادات به‌و جوتیارانه‌ى تراکتۆریان هه‌یه‌ و پێویستیان پێیه‌تى بۆ کێڵانى زه‌وییه‌کانیان".


ئه‌وه‌شى وت: هه‌روه‌ها له‌باره‌ى بنه‌تۆ و په‌ینى کیمیاییه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ هاوکاریمان ناکات، هاوکات بۆ کڕینى ئامێره‌کانى بوارى کشتوکاڵ وه‌ک تراکتۆر و ده‌ڕاسه‌ و پێداویستییه‌کانى دیکه‌ پشتمان به‌خۆمان به‌ستووه‌، چونکه‌ حکومه‌ت هاوکاری نه‌کردوین و هاوکاریشیمان ناکات.


ده‌رباره‌ى هۆکارى هاوکارینه‌کردنى جوتیاران، عیسا جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌رى کشتوکاڵى چه‌مچه‌ماڵ بۆ ڕۆژنیوز وتى:" گله‌یى و گازنده‌ى جوتیاران له‌جێگه‌ى خۆیه‌تى، چونکه‌ به‌هۆى ئه‌و قه‌یرانه‌ى هه‌رێمى کوردستانى گرتۆته‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ وه‌ک پێویست هاوکارى جوتیاران بکه‌ین، وه‌ک پێدانى بنه‌تۆ و په‌ینى کیماویى، له‌گه‌ڵ پێدانى سوته‌مه‌نى بۆ ئامێره‌ کشتوکاڵییه‌کانیان، به‌تایبه‌ت له‌وه‌رزى چاندندا که‌ له‌ئێستادا له‌سنورى چه‌مچه‌ماڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

 


به‌ڕێوه‌به‌رى کشتوکاڵى چه‌مچه‌ماڵ باسى له‌وه‌شکرد، له‌ساڵانى ڕابردوودا له‌بوارى بنه‌تۆ و په‌ینى کیمیاوى و سوته‌مه‌نی هاوکارى جوتیارانمان کردوه‌، هه‌روه‌ها ده‌رمانى قڕکردنى مێرووى زیانبه‌خش و تیمه‌ کیشتوکاڵییه‌کانمان بۆ گونده‌کان ناردووه‌ تا ڕێنمایى به‌جوتیاران بده‌ن، له‌باره‌ى چۆنێتى کێڵان و تۆوکردن و هه‌ڵگرتنى به‌رهه‌مه‌کانیاوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى قه‌یرانه‌وه‌ ئه‌مساڵ هاوکاری نه‌کراون، بۆیه‌ هیوادارین جوتیاران سارد نه‌بنه‌وه‌ و به‌رده‌وامبن له‌کارى کشتوکاڵى و پشت به‌ تواناى خۆیان ببه‌ستن.


شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵ سه‌ر به‌ پارێزگاى سلێمانییه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ زۆربه‌ى زه‌وییه‌که‌ى ده‌یمه‌، واتا وشکه‌ و به‌رئاو نییه‌، بۆیه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌کانیاندا پشت به‌باران ده‌به‌ستن و زیاتر گه‌نم و جۆ ده‌چێنن، به‌گوێره‌ى ئامارێکى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کشتوکاڵى چه‌مچه‌ماڵیش نزیکه‌ى یه‌ک ملیۆن دۆنم زه‌وى به‌پیتى کشتوکاڵى له‌ سنورى شارۆچکه‌که‌دا هه‌یه‌، ساڵانه‌ش به‌ڕێژه‌ى ٣٥٠ هه‌زار دۆنم زه‌وى به‌ گه‌نم و ١٥٠ بۆ ١٨٠ هه‌زار دۆنم زه‌وى به‌ جۆ ده‌چێنرێت.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin