Smiley face
Smiley face
Smiley face

سلێمانی، یاسای لێبوردنی گشتی و لێکەوتەکانی بووە باسی گفتوگۆیەکی کراوە

2017-12-14 13:14:14



ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد


لە شاری سلێمانی بە مەبەستی دیاریکردنی لێکەوتە باش و خراپەکانی دەرچوونی یاسای لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی کراوە سازکرا.


پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ئوتێل های کریست لە شاری سلێمانی بەمەبەستی دیاریکردنی لێکەوتە باش و خراپەکانی دەرچوونی یاسای لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی ئاسودە و ڕێکخراوی تاکۆ و بە ھەماھەنگی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، گفتوگۆیەکی کراوە سازکرا.


لە گفتوگۆکەدا، سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان و گەشە دارا ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان و شیلان حەمەنوری توێژەری کۆمەڵایەتی و حاکم ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان بەشداربوون.


سۆران عومەر، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە پانێڵەکەدا وتی: کۆمەڵێک تاوان ئەم یاسای لێبوردنی گشتیە نایگرێتەوە، ئەوانیش بریتین لە ماددەی ھۆشبەر، تیرۆر، بازرگانیکردن بە دەرمان و خۆراکی بەسەرچوو.

 


وتیشی: هەروەها ئەو تاوانانەی پەیوەستن بە سامانی گشتی وەک گەندەڵی، تەقلید و تەزویرکردنی مۆر، زینای موحەرەم، بەقاچاخ بردنی شوێنەوار، ڕفاندن کە بوبێتە ھۆی مردن و لەدەستدانی ژیری کەسە ڕفێندراوەکە، حوکمدراوی گەڕاوە بە تاوانی بە ئەنقەست و ھەڵھاتوو، ئەشکەنجەدانی منداڵ بە شێوازی دڕندانە، دەستدرێژی سێکسی و ھاوڕەگەزبازی، بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە، کوشتنی کەسانی نزیک.


هەروەها گەشە دارا، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، لە پانێڵەکەدا وتی: چارەسەر ئەوەیە کە بنەمای بۆ دابنێین ئەویش ئەوەیە لە دەستوردا بچەسپێت، لە سلێمانی ھەزاران کەس لە زیندانەکانن، حاکم داوامان لێدەکات کە یاسای لێبوردنی گشتی دەربکەین، کە لە ساڵانی ڕابردوو داوایان لێدەکردین یاسای لێبوردنی گشتی دەرنەکەین.

 


هەر لە پانێلەکەدا حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان وتی: یاساکە گرنگە و دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەس ئەو یاسایە چۆن چاکسازی دەکات و چۆن کەسێک لە چاکسازییەکان پەروەردە دەکات، ھەندێک کەس ھەیە لە زیندانەوە فێری مادەی ھۆشبەر بوون.

 


دواتر شیلان حەمەنوری، توێژەری کۆمەڵایەتی قسەی کرد و وتی: بۆ خۆدەربازکردن لە کۆمەڵێک شت، دەچین بڕیاری لێبوردنی گشتی دەردەکەین، کە پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت لە زیادبوونی تاوانەکان کە بۆچی تیرۆر و دزی و کوشتنی ژنان زیادی کردووە.

 


ئەوەشی وت: کەسێک سزاکەی ھەتاھەتایی بێت بە لێبوردنێکی گشتی سزاکەی ئەبێت بە ١٥ ساڵ و بە لێبوردنێکی دیکە سزاکەی کەمتر دەبێتەوە، ئەمە وا دەکات کە خەڵکی چاوی لێبکات و تاوانەکان زۆر بێت.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin