Smiley face
Smiley face
Smiley face

هەڵەبجە، سیمینارێک لەسەر گرنگیی شانۆ لە کۆمەڵگادا بەڕێوەچوو

2017-12-17 17:23:29



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

لەچوارچێوەی کار و چالاکییەکانی یەکەمین فیستیڤاڵی لاوان لە پارێزگای هەڵەبجە و بەهاوکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە، سیمینارێک لەژێر ناونیشانی "گرنگیی شانۆ لە کۆمەڵگادا" بۆ دونیا گوفتاری، هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سازکرا..

 

ئەمڕۆ، لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی لاوانی هەڵەبجە، لە دووەمین ڕۆژی چالاکییەکانی یەکەمین فیستیڤاڵی لاوان، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران، گەنجان و شانۆکارانی شارەکە، سیمینارێک لەربارەی "گرنگیی شانۆ لە کۆمەڵگادا" سازکرا..

 

لەسەرەتای پێشکەشکردنی سیمینارەکەدا، دونیا گوفتاری، هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وتی:"شانۆ گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە لەناو هەموو کۆمەڵگایەکدا، بەتایبەت ئەو کۆمەڵگایانەی کە بەرەو پێشەوە دەڕۆن، بێگومان ئەوە شانۆیە کە ئەو کۆمەڵگایانە بەو ئاستە دەگەیەنێت و پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی هەموو کۆمەڵگایەک گرنگی پێ‌ بدات و لەڕووی فەرهەنگی و هونەرییەوە خۆی بەرەوپێشەوە ببات".

 

 

 

دونیا گوفتاری، وتیشی:"لە کوردستانی گەورەدا شانۆ گرنگی خۆی هەبووە، لەدوای سەرهەڵدانی شانۆ لە جیهان و بەتایبەت لە یۆنان و هاتنی بۆ ناو کۆمەڵگای کوردی، ڕۆڵێکی باشی بینیوە بۆ بەرەوپێشبردنی کەلتوور و فەرهەنگی نەتەوەکەمان و لە ناوچەکە بووینەتە خاوەنی کەلتوورێکی دەوڵەمەند، بەڵام بەداخەوە لەم سەردەمەدا وردە وردە ڕۆڵ و گرنگی شانۆ بەرەو لاوازیی و لەناوچوون دەچێت".

 

گوفتاری، ئاماژەی بەوەشکرد:"یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو لاوازی و لەناوچوونە، دەگەڕێتەوە بۆ ئاووڕنەدانەوەی حکومەت و دەسەڵات بە ڕۆڵی شانۆ و کەمکردنەوەی هاوکاری و پاڵپشتییەکان بۆ شانۆکاران و گروپە شانۆییەکان و سازنەکردنی فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لەسەرجەم ناوچەکان، ئەمەش وادەکات ئاستی ڕۆشنبیری و هونەری کۆمەڵگاکەمان بەرەو لاوازی بڕوات".

 

لەکۆتاییشدا، دونیا گوفتاری، هونەرمەند، وتی:"ساردبوونەوەی پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان لەگەڵ شانۆکاران و شانۆگەری، خاڵێکی دیکەی کەم بوونەوەی ڕۆڵی شانۆیە لە کۆمەڵگادا، بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانەش پێویستە هاوڵاتیان لەگەڵ شانۆکاران و شانۆگەری ئاشتبکرێنەوە، حکومەت و کەرتی تایبەت جێدەستی خۆیان زیاتر بکەن لە پاڵپشتیکردنی شانۆکاران، بۆ ئەنجامدانی فیستیڤاڵی جۆراوجۆر، بۆ ئەوەی کەلتووری کۆمەڵگاکەمان بە جیهانی دەرەوە باشتر بناسێنرێت و ئەو ڕۆڵەی کە شانۆ هەیەتی لەبەرەوپێش بردنی ئاستی فەرهەنگی هەر کۆمەڵگایەکدا لە کوردستانیش بینوێنێت".

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin