Smiley face
Smiley face
Smiley face

"ده‌بێت گه‌نجان به‌ ئیراده‌ى خۆیان گۆڕانکاریى دروست بکه‌ن"

2017-12-18 09:23:19



ڕۆژنیوز - هاوکار مسته‌فا


به‌شێک له‌ گه‌نجانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ باس له‌ ڕۆڵی گه‌نجان ده‌که‌ن له‌ کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ باشووری کوردستاندا و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى حزبه‌کان کاریان له‌سه‌ر بێهیواکردنى گه‌نجان کردوه‌، به‌ڵام ده‌بێت گه‌نجان به‌ ئیراده‌ى خۆیان گۆڕانکارى ئه‌نجام بده‌ن.


چه‌ند گه‌نجێکى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ له‌ ماوه‌ى ٢٦ ساڵى ڕابردوودا حزبه‌کانى هه‌رێمى کوردستان کاریان له‌سه‌ر بێهیواکردنى گه‌نجان کردوه‌.


ئیمان قادر، گه‌نجێکی ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شی شێوه‌کاری به‌ ڕۆژنیوزی وت: گه‌نجان له‌ باشووری کوردستان وه‌ک هه‌ر تاکێکی تری کۆمه‌ڵگا ڕووبه‌ڕووی ده‌یان کێشه‌و گرفت بوینه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ بوینه‌ته‌ قوربانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ شکستخواردووه‌ که‌ به‌رپرسانی ئه‌م هه‌رێمه‌ په‌یڕه‌ویان کردووه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناکاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ی گه‌نجان ته‌واو بێ‌ هیوا بین، به‌ڵکو ده‌بێت به‌ ئیراده‌ی خۆمان بتوانین گۆڕانکاری ئه‌نجام بده‌ین و چیتر ته‌ماشاکه‌ر نه‌بین.

 


ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: له‌ زۆرێک له‌ وڵاتانی دنیادا حزب هۆکارێکه‌ بۆ خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان، به‌ڵام له‌ باشووری کوردستان حزب بوه‌ته‌ هۆکاری سه‌ره‌کی هه‌موو کێشه‌ و گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگا و هه‌روه‌ها بوونه‌ته‌ بارگرانییه‌کی زۆر به‌سه‌ر گه‌نجانیشه‌وه‌، چونکه‌ کاتێک گه‌نجێک خاوه‌ن توانا و به‌هره‌یه‌کی تایبه‌ته‌ و ده‌توانێت خزمه‌تێک به‌ کۆمه‌ڵگا بکات، حزب ڕێگه‌ی پێنادات تا ئه‌وکاته‌ی ده‌بێته‌ ئه‌ندام و لایه‌نگری ئه‌و حزبه‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ وایکردووه‌ گه‌نج بێ‌ هیوا بکرێت.


هه‌روه‌ها دره‌و مه‌هدی، چالاکوانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ڕۆژنیوز ئه‌وه‌ى وت: ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی قۆناغه‌ جیاوازه‌کانی ژیانی گه‌نجان بکه‌ین له‌ مێژووی باشووری کوردستان بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ له‌ماوه‌ی ٢٦ ساڵی حکومڕانی ئه‌م حزبانه‌ی باشوور، به‌ په‌یڕه‌و و پرۆگرامێکی تایبه‌ت کارییان له‌سه‌ر بێ هیوایی گه‌نجان و شکاندنی توانا و ئیراده‌ی گه‌نجان کردووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ که‌ له‌ ئێستادا گه‌نجان هیوایان به‌م وڵاته‌ نه‌مێنێت.

 


باسی له‌وه‌شکرد: سه‌رباری هه‌بوونی ئه‌م هه‌موو بێ ئومێدبونه‌ی که‌ حزبه‌کان لای گه‌نجانی باشوور دروستیان کردووه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئێمه‌ی گه‌نجان هه‌رگیز کۆڵ نه‌ده‌ین و به‌رده‌وام بین له‌ نوێکردنه‌وه‌ی توانا هزری و زانستیه‌کانمان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین گۆڕانکاری ئه‌نجام بده‌ین، هه‌روه‌ها پێویستیشه‌ چیتر په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌ کلاسیکیه‌کانی حزبی کوردی به‌ پیرۆز سه‌یرنه‌کرێن و گه‌نجان به‌ سه‌رخۆییانه‌ بیر بکه‌نه‌وه‌ و هه‌وڵبده‌ین بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی هیوا بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانکاری له‌ هه‌موو کایه‌ جیاوازه‌انی ژیاندا.


هه‌روه‌ها سۆزیار وریا، خوێندکاری پۆلی نۆیه‌می بنه‌ڕه‌تی، به‌ ڕۆژنیوزی وت: هه‌رچه‌نده‌ کۆمه‌ڵگا بۆخۆی هۆکار بووه‌ که‌ گه‌نجان نه‌توانن وه‌ک پێویست بێنه‌ پێشه‌وه‌ و به‌شداری له‌ بڕیاره‌ چاره‌نوسسازه‌کاندا بکه‌ن، به‌ڵام خودی گه‌نجانیش بۆخۆیان تاڕاده‌یه‌ک که‌مته‌رخه‌مییان پێوه‌ دیاره‌ که‌ چاوه‌ڕێی که‌سانی تر ده‌که‌ن که‌ ڕۆڵیان بۆ دابنێن و فه‌رموویان لێبکه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی کارێک له‌ کاتێکدا ده‌بێت گه‌نجان به‌ ئیراده‌ی خۆیان تواناکانی خۆیان بسه‌پێنن.

 


ئه‌و خوێندکاره‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شی باسکرد، گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ گه‌نجان خاوه‌ن توانا و ئیراده‌ی خۆیانن، به‌ڵام به‌ناو سیاسییه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌ کارێکی وایانکردووه‌ که‌ گه‌نج نه‌توانێت گوزارشت له‌ توانا و به‌هره‌کانی خۆی بکات و ڕۆڵی هه‌بێت له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا بۆیه‌ هه‌رکات گه‌نجان بونه‌ خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆیان ئه‌وا ده‌توانن زۆر به‌ ئاسانی گۆڕانکاری بهێننه‌ ئاراوه‌.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin