Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانی هونەرمەند لە ڕۆژهەڵات بە گەشبینییەوە باس لە هونەرەکەیان دەکەن

2017-12-19 08:38:08



ڕۆژنیوز - هاوكار مستەفا


بەشێک لە ژنانی هونەرمەند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە گەشبینییەوە باس لە ڕۆڵەکانیان دەکەن لە بواری هونەردا و ئاماژە بەوەدەکەن، ئەوان پشت بە حکومەتی ئێران نابەستن بۆ چالاکییەکانیان، دەشڵێن: لە هەندێک شوێندا ڕۆڵی ژنان لە کایە هونەرییەکاندا لە پیاوان زیاترە.

 

هونەرمەندانی شانۆ و سینەما لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ،سەرەڕای بوونی چەندین كێشەوگرفت لەبەردەمیاندا، باس لە دۆخی هونەرەکەیان بۆ ڕۆژنیوز دەکەن و تیشک دەخەنەسەر ژن و هونەر لە ڕۆژهەڵاتدا.

 

ناجی سەلیمی، یەكێك لە ژنە دەرهێنەرەكانی فیلمی سینەمایی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەمشێوەیە قسەیکرد: ئەگەر باس لە دۆخی هونەر و كایە ڕۆشنبیرییەكان بكەم لە شارەكانی ڕۆژهەڵات بە بەراورد بە باشووری كوردستان، دەتوانم ئەوە بڵێم كە ڕەوشی هونەر پێشكەوتوو ترە لە ڕۆژهەڵات، چونكە لەوێ‌ دەرفەتێكی زیاتر بۆ هونەرمەندان و دەرهێنەرانی فیلمە سینەماییەكان ڕەخساوە، كە بتوانن پەیوەندی بە یەكەوە بكەن و لە شوێنی تایبەت كۆببنەوە و بیروبۆچونەكانیان ئاڵووگۆڕ بكەن.

 

 

ناجی وتیشی: جێگەی خۆشحاڵییە كە هونەرمەندانی ڕۆژهەڵات هەردەم ئامادەن بۆ هاوكاریكردنی یەكتری لە ئەنجامدانی كارە هونەرییەكاندا، ئەوەش وایكردووە كە ئەگەر حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكاری هونەرمەندانیش نەكەن زۆر كاریگەرییان لەسەر نەكات، هەروەها هەموو بەشە جیاوازەكانی هونەر پێگە و هەواداری تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی زیاتر گرنگی بە هونەری سینەما دەدرێت، و توانراویشە بەدەیان فیلمی سینەمایی دەربهێنرێن كە ببنە جێگەی سەرنجی ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی بواری هونەری سینەما.

 

ئەو دەرهێنەرەی سینەما ئەوەشی وت، بە بەرارود بە ساڵانی ڕابردوو ڕۆڵێكی زیاتر بە ژنان دراوە لەبراوە ە هونەریەكاندا، چونكە ژنان بۆ خۆشیان هەنگاوێكی گەورەیان ناوە و توانیویانە بەربەستەكانی كۆمەڵگا بشكێنن و تواناكان وەگەڕ بخەن، تەنانەت لە هەندێك كاری هونەریدا ڕۆڵی ژنان زیاترە وەك لە پیاوان.

 

دونیا گوفتاری، یەكێكی تر لە هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و ئەكتەرە لە هونەری شانۆدا، بەمشێوەیە باسی لە هونەر کرد لەو پارچەیەی کوردستان:"لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاوڵاتییان گرنگییەكی زۆریان بە بوارە جیاوازەكانی هونەرداوە، بەجۆرێك كە هەندێك لە هاوڵاتیان كاتی تایبەتییان بۆ سەرقاڵ بوون بە كارە هونەرییەكانەوە تەرخانكردووە، بە نمونە لەشارێكی وەك سنە، كەم خێزان هەیە كە یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەیان هونەرمەندە نەبن لە بوارێكی جیاوازدا، ئەمەش وایكردوو كە هونەر بەشێوەیەكی گشتی باڵبكێشێت بەسەر كایە جیاوازەكانی تردا لە رۆژهەڵاتی كوردستان.

 

 

دونیا وتیشی: ئێمەی هونەرمەندان بەدەرنین لە بوونی چەندین كێشەو گرفت، بەتایبەت نەبوونی هاوكاری ماددی لەلایەن حكومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانەوە، بەڵام ئێمە واڕاهاتوین كە بۆ ئەنجامدانی هەر كارێك بیر لەوەناكەینەوە حكومەت بێت هاوكاریمان بكات، بەڵكو دەگەڕێین بەدوای كۆمپانیایەك یاخود سەرمایەدارێك بۆ ئەوەی سپۆنسەری كارەكەمان بكات، هەروەها خۆشەویستیمان بۆ هونەر وای لێكردوین كە كۆڵ نەدەیەن لە كارەكانماندا.

 

ئەو ژنە ئەو ئەكتەرەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەوەشی وت: لەگەڵ ئەوەی كە بەشداری ژنان لە كارە هونەرییەكاندا تا ڕادەیەكی زۆر جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام هێشتا دابونەریتی كۆمەڵگا كاریگەری زۆری ماوە، كە هەندێك لە ژنان كە خاوەن بەهرەیەكی تایبەتن و ناتوانن بێنە پێشەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ساڵ لە دوای ساڵ ئەو كاریگەرییەش كاڵ دەبێتەوە.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin