Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەرپرسی گروپێکی خۆبەخشی خورماتوو: لەگەڵ پێشمەرگە پەیوەندییمان هەیە

2017-12-19 10:13:38



ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ و بۆتان

 

بەرپرسی یەکێک لەگروپە خۆبەخشەکانى خورماتوو ڕایدەیەگەیەنێت، لە هەر کوێیەک گەل پێویستى پێمان بێت ئێمە لەوێ دەبین و دژ بە دووژمنان و داگیرکەرانى خاکەکەمان دەجەنگین دەشڵێت:" لەگەڵ گروپە خۆبەخشەکانى تر و هێزى پێشمەرگەش پەیوەندیمان هەیە و بیروڕا بۆ ئەنجامدان چالاکیى دژ بە دووژمنان دەگۆڕینەوە".

 

لە دواى ڕووداوەکانى ١٦ ئۆکتۆبەر و دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین لەلایەن حەشدی شەعبی-یەوە، چەند گروپێکى چەکداریی خۆبەخشیان پێکهێنا "بۆ ڕزگارکردنی خورماتوو"، فەرحان ئیبراهیم، یەکێک لەسەر پەرشتیارانى گروپێکى خۆبەخشی شارۆچکەى خورماتوو، بەناوى (هێزى ڕزگاری کوردستان)، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا تیشک دەخاتە سەر ئامانج و کار و پلان و تێکۆشانى هێزەکەیان و وەڵامی چەندین پرسی دیکە دەداتەوە.

 

 

 دەقی چاوپێکەتنەکە:

 

-ئێوە کێن، دەتوانن گروپەکەتان زیاتر بناسێنن؟

 

 "ئێمە هێزى ڕزگارییخوازى کوردستان-ین"

 

فەرحان ئیبراهیم : ئێمە هێزى ڕزگاریخوازى کوردستان-ین و لە خەڵکى خورماتوو و کەرکوک پێک هاتووین، وەک خۆبەخش دروستبووین بۆ ئەوەی خاکى خورماتوو لەدەست زوڵم و ستەم ڕزگار بکەین و جارێکى تر بگەڕێنەوە زێدى خۆمان و بە ئاسودەیى ژیان بەسەر بەرین، ڕزگارمان بێت لەشەڕ و کوشتن و بڕین.

 

خورماتوو لە دەست کێ ڕزگار دەکەن؟ کێ ستەمی لە خەڵکی خورماتوو کردووە؟

 

 "حەشدی تورکمانی"

 

فەرحان ئیبراهیم : حەشدی شەعبی بە گشتى و حەشدی تورکمانی بە تایبەت زوڵمێکى زۆریان لە کوردى خەڵکى خورماتوو کردووە و دەیکەن، هەرچەند لای ئێمە، حەشدی تورکمان جیاوازى لەگەڵ شیعەکانى تر هەیە، حەشدی عەسائیب لەگەڵ حەشدی حزبوڵا و تورکمانى جیاوازیان زۆرە و ئەوان کەمتر دوژمنى کوردن، ئەوەى حەشدی تورکمانى دژ بە کوردی کردووە و دەیکات ئەوان نایکەن، بەڵام  تورکمانە شیعەکان کارێکى وایان کرد ئێمە بکەنە دوژمنى لایەنەکانى تری حەشد.

 

-کەواتە ئێوە دژ بەکێ شەڕ دەکەن، هەموو حەشد یان گروپێی ناو حەشد؟

 

"دژ بە حەشدی  تورکمانى شەڕ دەکەین"

 

فەرحان ئیبراهیم: ئێمە دژى حەشدی تورکمانى شەڕ دەکەین، نەک حەشدی شەعبی.

 

 

-بۆچی حەشدی تورکمانیی تۆمەتبار دەکەن؟

 

فەرحان ئیبراهیم: ئەوەى دەربەدەر و ماڵوێران و ماڵ کاولی کردین تەنها حەشدی تورکمانییە، ئێمە وەک کورد هەمیشە خۆڕاگربووین لەخورماتوو، هەتا لە دەرگامان نەدراوە شەڕمان نەکردووە، کە شەڕیشمانکردووە بۆ تۆڵەسەندنەوەى خۆمان کردوومانە، مرۆڤیش هاتە دونیاوە دوو دایکى هەیە، دایکێیان دایکێتى و شیری پێدەدا و ئەو دایکەکەى تریشیان خاکەکەیەتى، بۆیە ئێمە شەڕ دەکەین تا جارێکى تر دایکمان لەدەست ئەو خوێن مژانە دەربکەین و بیخەینەوە ژێر دەستى خۆمان، چونکە ئەوەى ئێمەى ئاوارە کردووە حەشدى تورکمانیە.

 

-پێش ڕووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر-یش کردەوەی تیرۆرستیی لە خورماتوو ئەنجام دەدرا، کێ ئەو کردەوانەی دەکرد؟

 

"حەشدى تورکمانى خۆی بەشێک لە کردەوە تیرۆرستییەکانی ئەنجام دەدا".

 

فەرحان ئیبراهیم: بەشێک لە کردەوە تیرۆریستیەکانى خورماتوو حەشدی تورکمانى خۆی ئەنجامی دەدا، کارێکى وایکرد تەقینەوەیەک لە شارۆچکەکە ڕوویدەدا و ١٠٠ کەسى دەکوشت، ئینجا هەر خۆیان دەیانوت، ئەم کارە تیرۆیستییە یان کوردە یا عەرەبی سونەیە، خۆ ئێستا نەکورد و نە عەرەبی سوننە لەناو خورماتوو نەماوە، بۆیە ئاشکرا بوو لەسەریان ئەوانەى کردەوە خۆکوژییەکانیشیان دەکرد هەر خۆیان بوون.

 

-ئێوە دەڵێن خۆبەخشن، کێ چەک و تەقەمەنیتان بۆ دابین دەکات؟

 

" دانیشتوانی خورماتوو هاوکاریمان دەکەن"

 

فەرحان ئیبراهیم: ئێمە بە چەکى خۆمان و بە فیشەکى خۆمان دەجەنگین دژ بە دوژمنانمان، هیچ لایەنێک پشتگیریمان ناکات، ئەوەى پشتگیریی و هاوکاریمان دەکات، خەڵکى خورماتووى قارەمانە بەچەک و بە فیشەک و بە کەلوپەلی تر هاوکارییمان دەکەن، ئەو چەکانەش ئێستا لامانە هی خۆمانە نەک لایەنێکى دیاریکراو، لە ماوەى ڕابردوودا بەهۆی  شەڕی داعش و حەشدی شەعبیەوە، هەموو کوردێکی خورماتوو لە ماڵەکەى خۆیدا چەکێکى هەبووە، یان گەنجی وا هەبووە زیاتر لە دوو جۆر چەکى لە ماڵەوە بووە، بۆیە ئێستا ئەوانەى هەمانە هى خۆمانە نەک لایەنەکان.

 

-ژمارەى هێزەکەتان چەندە؟

 

"ناتوانین ژمارە ئاشکرا بکەین"

 

فەرحان ئیبراهیم : ناتوانین ژمارەمان ئاشکرا بکەین، چونکە ئێمە هێزیکى خۆبەخشین و دووژمن چاوى لەسەرمانە.

 

-هێزەکانتان تەنیا خەڵکی کەرکوک و خورماتووی تێدایە؟

 

"لە کەلار و کفری و چەمچەماڵ هێزمان هەیە"

 

فەرحان ئیبراهیم: لە  شارۆچکەکانى کەلار و کفری و چەمچەماڵ  و سلێمانى هێزى خۆبەخشمان هەیە، هەر کات پێویست بکات بۆ ڕووبەڕووبونەوەى داگیرکەران و نەیارانى کورد، ئەوان ئامادەن و بەشدار دەبن.

 

-لەکاتی دروستبوونتانەوە هەتا ئێستا توانیوتانە هیچ ناوچەیەک لە ژێر دەستی حەشدی تورکمانی ڕزگاربکەن؟

 

"لە زیادەڕەویی و هاتنە پێشەوەى ئەوان بێدەنگ نەبووین"

 

فەرحان ئیبراهیم : تا ئێستا هیچ ناوچەیەکى ژێر دەستى حەشدى شەعبیمان کۆنترۆڵ نەکردوەتەوە لە خورماتوو، بەڵام جموجۆڵمان هەبووە، کاتێک پێشڕەوى و زیادە ڕەوییان کردووە، ئێمە بێدەنگ نەبووین و وەڵاممان داونەتەوە و لێمان قبوڵنەکردوون و قبوڵیش ناکەین.

 

-لەگەڵ گروپە خۆبەخشەکانى تری ناوچەکە پەیوەندیتان چۆنە؟

 

"لەگەڵ هێزی پێشمەرگەش پەیوەندیمان هەیە"

 

فەرحان ئیبراهیم: لەگەڵ گروپە خۆبەخشەکانى ناوچەکە و هێزى پێشمەرگەش پەیوەندیمان هەیە و بیروڕا بۆ ئەنجامدان چالاکیى دژ بە دووژمنان دەگۆڕینەوە، کاتێک حەشدی شەعبی شەڕی گروپێکى خۆبەخش بکات، ئێمەش ناوەستین سەیر بکەین، بەڵکو پشتیوانى ئەو گروپە دەبین، چونکە هەموومان کوردین و یەک ڕێباز و یەک ئامانجمان هەیە، تەنانەت ئەگەر لە هێزی پێشمەرگەش بدرێت قبوڵ ناکەین و پاڵپشتیى پێشمەرگە دەکەین.

 

-تا چەند ئاگاداری هێزە نەناسراوەکەن لەم سنورە؟

 

"زانیارییمان لەسەر ئەو هێزە نیە"

 

فەرحان ئیبراهیم: هیچ زانیارییەکەمان لەسەر ئەو هێزەى سنووری گوندەکانى پەڵکانە نیە و جموجوڵیانیشمان نەبینیوە.

 

-باس لە بوونى میتى تورکى و پاسداری ئێرانى دەکرێت لە خورماتوو، زانیاریتان هەیە؟

 

"ئەوەى حەشدى تورکمانى بێت سەر بەو دوو هێزەیە"

 

فەرحان ئیبراهیم: ئەوەى  حەشدی تورکمانى بێت، یا میتى تورکیایە  یان پاسداری ئێرانە و پێویست ناکات هیچی تر بڵێن، پیشتر ئاماژەم پێدا تورکمان دژ بە کورد هەر چى هەبوو کردى بە ڕابەرایەتى ئەو دوو هێزە داگیر کەر و فاشیست و خوێن مژە.

 

-تا چەند ڕاستە، ئێوە تۆپبارانی خورماتوو دەکەن؟

 

" ئەگەر چەکى قورسمان هەبوایە شەڕی  باشمان پێ دەکرد"

 

فەرحان ئیبراهیم: چەکى ئێمە بیکەیسی و ئاربیجی و کڵاشینکۆفە، ئەگەر چەکى قورسمان هەبوایە شەڕی  باشمان پێ دەکرد، حەشدی تورکمان خۆی بە هاوەنى ٦٠ ملم بۆردومانى ناو شارۆچکەى خورماتوو دەکات، خۆبەخش و پێشمەرگە تاوانبار دەکەن، بۆئەوەى کوردی پێ لەکەدار بکەن و هێزى زیاتر بهێننە نێو شارۆچکەکە.

 

-بەڵام حەشدی شەعبی دەڵێت، کە ئێوە تۆپبارانیان دەکەن؟

 

فەرحان ئیبراهیم: ئەوان ڕاستگۆ نین، ئەو ڕۆژە لە سلێمان بەگ دراوە و ئێمە تاوانبارکراوین، ئەگەر حەشدی تورکمانى خۆی نەبێت، چ هێز هەیە بڕوات لە سلێمان بەگ لە حەشد بدات؟، ئەوان چۆن پێشووتر عەرەبی سونەیان بەجۆرەها شێوە تۆمەتباردەکرد بە کردەوەى تیرۆریستى، ئێستاش دەیانەوێت کورد تۆمەتبار بکەن.

 

-هێزى ڕزگاریی کوردستان دواى پێکانی ئامانجەکەی، چی بەسەر دێت؟

 

 "لە هەرکوێیەک پێویستیان بە ئێمە هەبێت، ئامادەین"

 

فەرحان ئیبراهیم: هێزى ڕزگاری کوردستان، خەباتى بەردەوام دەبێت، دواى کۆنترۆڵکردنەوەى خورماتووش، ئێمە بەردەوام دەبین لە خەباتکردنمان لە پێناو ڕزگاریی گەلەکەمان، لە هەر کوێیەک گەل پێویستى پێمان بێت ئێمە لەوێ دەبین و دژ بە دووژمنان و داگیرکەرانى خاکەکەمان دەجەنگین.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin