Smiley face
Smiley face
Smiley face

له‌ ماوەی دوو مانگدا ٢٦ ئۆتۆمبێل لە کەرکوک دزراون

2017-12-20 12:56:08



ڕۆژنیوز - ڕێباز سه‌باح

 

له‌ دواى ڕووداوه‌کانى ١٦ى ئوکتۆبه‌ر، لە شاری کەرکوک ٢٦ ئۆتۆمبێل دزراون و هاوڵاتیانیش له‌ ترسى دزینی ئۆتۆمبێله‌کانیان لە مۆدێل بەرزەوە دەیگۆڕن بۆ ئۆتۆمبێلی مۆدیل نزم.

 

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، شاری کەرکوک لەلایەن پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقەوە دەپارێزرێت، بەڵام لەو کاتەوە باری ئەمنی شاری کەرکوک تێکچووە و ڕۆژانە ڕووداوی نەخوازراوی وەک دزینی ئۆتۆمبێل و ڕفاندنی خەڵک و هەڵکوتانە سەر ماڵان و تەقینەوە و چەندین دیاردەی دیکە زیادی کردووە.

 

ئازاد کازم که‌ هاوڵاتییه‌کى شارى که‌رکوکه‌ له‌سه‌ر زیادبوونى ئه‌و دیارده‌یه‌ بۆ ڕۆژنیوز، وتى:"زۆر نیگه‌رانم که‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند مانگه‌دا ٢٦ ئۆتۆمبێلى هاوڵاتیان دزراون‌، داوا له‌لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ده‌که‌م که‌ به‌دواداچونێک بکه‌ن بۆ ئه‌م پرسه‌".

 

 

ئازاد کازم، وتیشی:"هه‌ڵۆى که‌رکوکمان هه‌یه‌ له‌ بازگه‌کان ئێستا‌ هه‌ر ئۆتۆمبێلێک تێدەپەڕێت کە ڕەقەمی سلێمانى، هه‌ولێر، دهۆک یان هه‌ر شوێنێکی دیکە بێت ڕایه‌گرێت و سه‌نه‌ویه‌که‌ى لێده‌سه‌نێت و بڕى ١٥٠٠٠ دینارى لێ وه‌رده‌گرێت و ده‌ینێرێت بۆ باره‌گاکه‌یان ٢ کاتژمێر له‌ ڕه‌حیماوه‌ دواى ده‌خه‌ن تا بۆى ته‌واو ده‌کات، بە مەبەستی چاودێریکردن لە نەدزینی ئۆتۆمبێل".

 

ئاماژەی بەوەش دا: به‌س له‌م دوومانگه‌دا نزیکی ٢٦ ئۆتۆمبێل دزراوه‌، بۆیه‌ داوا له‌ پرۆژه‌ى هه‌ڵۆى که‌رکوک ده‌که‌ین، له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ بۆ خاوه‌نه‌کانیان بدۆزنه‌وه ‌و بیگه‌ڕێننه‌وه‌.

 

ئه‌و هاوڵاتییه‌ وتیشى:"پێش ئه‌م ڕووداوانه‌ى که‌رکوک ئه‌م دیارده‌یه‌ نه‌بوو دزى کردن نه‌بوو، ئێستا ناوێرىت له‌ ماڵه‌که‌ى خۆت یان له‌ ده‌ره‌وه‌ ئۆتۆمبێل ڕابگریت، بۆیه‌ کێ حاکمى ئه‌م شاره‌یه‌ با بێته‌ خه‌ت و بڵێ منم و بێ به‌ هاناى ئه‌م خه‌ڵکه‌وه‌".

 

هێدی جه‌مال، هاوڵاتییەکی دیکەی شاری کەرکوکە، بۆ ڕۆژنیوز وتى:"داواکارین له‌ پۆلیسى شاره‌که‌و پۆلیسى هاتووچۆ به‌دواداچون بکه‌ن، له‌ ئیستادا خه‌ڵکى که‌رکوک ئۆتۆمبێلى مۆدێل به‌رز ده‌فرۆشن و ئۆتۆمبێلى مۆدیل نزم ده‌کڕن بۆ ئه‌وه‌ى لێى نه‌دزرێت".

 

 

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى لە سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە ده‌ست ڕۆژنیوز که‌وتووه،‌ له‌ دواى ڕووداوه‌کانى ١٦ى ئوکتۆبه‌ره‌وه‌ ٢٦ ئۆتۆمبێل له‌ شارى که‌رکوک دزراون ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى شاره‌که‌ش توانیویانه‌ نۆ ئۆتۆمبێل بدۆزنه‌وه‌ و بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌کانیان.

 

لە ١٦ی ئۆکتۆبەر هێزی عێراقی و حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر شاری کەرکوکدا گرت، لەو کاتەوە ئەو شارە لەلایەن هێزی فیدڕاڵی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin