Smiley face
Smiley face
Smiley face

که‌رکوک شانۆگه‌رییەک لەسەر خیانەت نمایشکرا

2017-12-20 18:25:49



ڕۆژنیوز ـ ڕێباز سه‌باح 


له‌ شارى که‌رکوک شانۆگه‌ریى حه‌سه‌ن نمایش کرا، که‌ باسى له‌ مافه‌کانى گه‌لى کورد ده‌کرد له‌ تورکیا.


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڕه‌کى ڕه‌حیماوا له‌ شارى که‌رکوک به‌ ئاماده‌بوونى دۆستانى شانۆ، گروپى هاوار شانۆگه‌ریى حه‌سه‌ن-ى نمایشکرد، که‌ باس له‌ سه‌د ساڵ پێش ئێستاى ده‌کرد که‌ چۆن ده‌وڵه‌تى تورک دژى مافه‌کانى کورد بووه‌.


شانۆگه‌ریه‌که‌ باسى له‌ په‌رله‌مانى تورکیا ده‌کرد، کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌ستى پێکرد، هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌کان ستایشى سه‌رۆکى په‌رله‌مانیان کرد، به‌ڵام شه‌ریف پاشا هه‌ستایه‌ سه‌ر پێ و وتى: ئێمه‌ وه‌کو نه‌ته‌وه‌ى کورد داواى مافى خۆمان ده‌که‌ین، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ده‌وڵه‌تى خۆمان هه‌بێت، له‌و کاته‌دا هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌کانى تر لێى ده‌که‌ن به‌ هه‌را و ده‌ڵێن ئه‌مه‌ شێت بووه‌ ئه‌مه‌ چیه‌ ئه‌مه‌ باسى چى ده‌کات، کورد کوا هه‌یه‌، کۆتایى به‌ دانیشتنه‌که‌ى په‌رله‌مان دێنن.


دواتر سه‌رۆکى په‌رله‌مان ئه‌م هه‌وڵه‌ى شه‌ریف پاشا ده‌گه‌یه‌نێت به‌ سه‌رۆکى تورکیا و ده‌ڵێت کورده‌کان له‌ په‌رله‌مان داواى مافى خۆیان ده‌که‌ن، سه‌رۆکى وڵاتیش ده‌ڵێت بڕۆن بانگى حه‌سه‌ن بکه‌ن، که‌ کوردێکى جاشى تورکیایه‌، بانگى حه‌سه‌ن ده‌که‌ن و سه‌رۆکى تورکیا به‌ حه‌سه‌ن ده‌ڵێت: زۆر پێویستم به‌ تۆیه‌ کورده‌کانى وڵات داواى مافى خۆیان ده‌که‌ن تۆ ده‌بێت ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌ناو به‌ریت و ئه‌وکات زۆر شتت بۆ ده‌که‌م، حه‌سه‌نیش به‌ قسه‌ى ده‌کات.


هه‌ربه‌پێى گیڕانه‌وه‌که‌، که‌ له‌ شانۆگه‌ریه‌که‌شدا خرایه‌ڕوو، حه‌سه‌ن له‌ ماڵه‌وه‌ جلوبه‌رگى کوردى له‌به‌ر ده‌کات و دایکی که‌ ده‌زانێ حه‌سه‌ن جاشه‌ چه‌ند داواى لێده‌کات پشت له‌ براکانى نه‌کات و ده‌ڵێت تورک دوژمنى ئێمه‌ى کورده‌، به‌ڵام حه‌سه‌ن به‌ قسه‌ى دایکی ناکات و ده‌ڕوات بۆ په‌رله‌مان، دانیشتنى په‌رله‌مان ده‌ست پێده‌کات، سه‌رۆکى په‌رله‌مان داواى له‌ حه‌سه‌ن کرد قسه‌ بکات، حه‌سه‌ن به‌ جلوبه‌رگێکى کوردیه‌وه‌ وتى: ئێمه‌ى کورد هیچ کێشه‌یه‌کمان نیه‌ ستایشى ده‌وڵه‌تى تورک ده‌که‌ین، ئێمه‌ به‌مه‌ى هه‌یه‌ ڕازین، تورکیا ده‌بێت یه‌کپارچه‌ بێت و هه‌موان لێى بژێین.


دواى ته‌واوبونى کۆبونه‌وه‌که‌، سه‌رۆکى تورکیا بانگى حه‌سه‌ن ده‌کات و ده‌ڵێت تۆ چۆن به‌ جلوبه‌رگى کوردیه‌وه‌ چویته‌  ناو په‌رله‌مان، من تۆم تاقى کرده‌وه‌، تۆ ده‌بێت له‌ یاساکان بزانى، که‌ نابێت به‌ جلى کوردیه‌وه‌ بچیته‌ ناو په‌رله‌مان، بۆیه‌ بریار ده‌دات له‌ سێداره‌ى بده‌ن، پێش جێبه‌جێ کردنى سزاکه‌ى ده‌ڵێن دوا قسه‌ت چیه‌؟ حه‌سه‌نیش ده‌ست به‌رز ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت "دوا وه‌سیه‌تم بۆ گه‌لى کورد ئه‌وه‌یه‌، هیچ کات خیانه‌ت له‌ گه‌له‌که‌تان نه‌که‌ن، ئه‌وه‌ من ئه‌مڕۆ بووم به‌ عیبره‌ت، تکایه‌ بمبه‌نه‌ سه‌ر رێگه‌ى سه‌ره‌کى کورده‌کان بمنێژن، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر کوردێک ڕه‌ت بوو  به‌ ته‌نیشتمدا تف له‌ گۆڕه‌که‌م بکات و گۆڕه‌که‌م وشکه‌وه‌ نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ببمه‌ عیبره‌ت و هیچ که‌س دواى من خیانه‌ت له‌ گه‌له‌که‌ى نه‌کات.


پاشان دایکی حه‌سه‌ن دێته‌ سه‌ر گۆڕه‌که‌ى و ده‌ڵێت: پێتم وت پشت له‌ براکانت مه‌که‌ به‌ قسه‌ى دوژمن، قه‌ت دوژمن نابێته‌ براى ئێمه‌، ده‌بێت هه‌موومان یه‌ک بگرین ده‌بێت هه‌موومان به‌ یه‌ک ده‌ست خاک و وڵاتى خۆمان ڕزگار بکه‌ین، له‌و کاته‌دا دایکیشى تفێک له‌ گۆڕه‌که‌ى ده‌کات و ده‌ڵێت کوڕى من نیت.

 

 

ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin