Smiley face
Smiley face
Smiley face

مه‌راسیمی شه‌وی یه‌ڵدا له‌ سۆران به‌ڕێوه‌چوو

2017-12-21 10:24:59



ڕۆژنیوز - زاهیر ئیبراهیم


له‌ شارۆچکه‌ى سۆرانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌شێک له‌ گه‌نجان و ڕۆشنبیران به‌ بۆنه‌ی شه‌وی یه‌ڵدا مه‌راسیمێکی شیعر و مۆسیقایان ئه‌نجامدا.


شه‌وی یه‌ڵدا درێژترین شه‌وی زستانه‌ و ده‌که‌وێته‌ دواهه‌مین شه‌وى وه‌رزی پایز و سه‌ره‌تای وه‌رزی زستان، به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ به‌شێک له‌ شار و شارۆچکه‌کان مه‌راسیمى هونه‌رى و که‌لتور له‌و شه‌وه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت، شه‌وى ڕابردووش له‌ شارۆچکه‌ی سۆران بۆ چواره‌مین ساڵ له‌سه‌ریه‌ک مه‌راسیمێکی تایبه‌ت به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو.


له‌ ده‌ستپێکی مه‌راسیمه‌که‌دا کورتیه‌ک له‌ باره‌ی مێژوویی یادکردنه‌وه‌ی شه‌وی یه‌ڵدا باس کرا و دواتر گه‌نجان و ڕۆشنبیران به‌ پێشکه‌شکردنی شیعر و په‌خشان و مۆسیقا تادره‌نگانێکی شه‌و به‌رده‌وامیان به‌ مه‌راسیمی شه‌وی یه‌ڵدادا.


سۆران خالید به‌رپرسی کتێبخانه‌ی مێخه‌ک له‌ سۆران بۆ ڕۆژنیوز وتی:" وه‌ک  کتێبخانه‌ی مێخه‌ک و گروپی هیوای لاوان ئه‌م ساڵ به‌ باشمانزانی شاری سۆران دوانه‌که‌وێت له‌ یادکردنه‌وه‌ی شه‌وی یه‌ڵدا، وه‌ک ده‌زانن له‌م شاره‌دا هۆگرانی شیعر و په‌خشان زۆرن و زۆر که‌سی به‌توانامان هه‌یه‌ له‌ بواری ئه‌ده‌ب".

 


باسی له‌وه‌شکرد:" له‌ یادکردنه‌وه‌ی شه‌وی یه‌ڵدا شیعر هه‌میشه‌ بوونی هه‌بووه‌ له‌ ئه‌ده‌بیش زۆر باسی شه‌وی یه‌ڵدا کراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا شیعر و مۆسیقامان کرده‌ بابه‌تێکی گرنگ".


شه‌وی یه‌ڵدا که‌ درێژترین شه‌وه‌، ده‌که‌وێته‌ شه‌وى ٢٠ له‌سه‌ر ٢١ی کانوونی یه‌که‌مى هه‌موو ساڵێک، له‌ کوردستان و به‌ تایبه‌تى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ جۆش و خرۆشی زۆره‌وه‌ شه‌وی یه‌ڵدا یادى ده‌کرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ وڵاتى ئێران به‌ گشتى و به‌ تایبه‌تى فارسه‌کان بایه‌خێکى زۆر به‌ شه‌وى یه‌ڵدا ده‌ده‌ن و وه‌کو جه‌ژنێک مه‌راسیم سازده‌که‌ن له‌وه‌ شه‌وه‌دا.

 

‎یه‌ڵدا وشه‌یه‌کی سریانیه‌ به‌ مانای له‌ دایکبوون دێت، له‌ دایکبوونی کێ؟ ئاریه‌کان پێش حه‌وت هه‌زار ساڵ ئه‌م شه‌وه‌یان کردوه‌ به‌ جه‌ژن و به‌ شه‌وی له‌ دایکبوونی خواوه‌ندی ڕوناکی (میترا)ی ئه‌زانن، له‌م شه‌وه‌دا پاییز وه‌رز ئه‌داته‌ ده‌ست زستان و خۆی جێمان دێڵێ و درێژترین شه‌وی ساڵه‌.


له‌م جه‌ژنه‌دا خێزانه‌کان هه‌موو پێکه‌وه‌ کۆ ئه‌بنه‌وه‌ و سفره‌ و خوان ئه‌ڕازێننه‌وه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌ خواردنێک، به‌ تایبه‌تی شوتی و هه‌نار و چه‌ره‌س، ئه‌ڵێن هه‌رکه‌س له‌م شه‌وه‌دا شوتی بخوات ئه‌و ساڵه‌ له‌ سه‌رما و نه‌خۆشی پارێزراو ئه‌بێت.


هه‌رچه‌ند یه‌ڵدا درێژترین شه‌وی ساڵه‌، به‌ڵام وا باو بووه‌ تا به‌یانی دانیشتوون و نه‌خه‌وتون و ئاگریان کردۆته‌وه‌ و مۆمیان داگیرساندووه‌ و شه‌ویان به‌ حیکایه‌ت و قسه‌ی خۆش و گۆرانی به‌سه‌ربردووه‌، هه‌ندێکیش لایان وایه‌ له‌و شه‌وه‌دا حه‌زره‌تی مه‌سیح له‌ دایک بووه‌.


له‌ ئێران له‌ هه‌ر شارێک ڕێوره‌سمی شه‌وی یه‌ڵدا به‌ جۆرێکی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ئه‌چێ و پیرۆزبایی له‌ یه‌ک ئه‌که‌ن و شیعره‌کانی حافز ئه‌خوێننه‌وه‌، یه‌ڵدا له‌ شیعری شاعیره‌کانیشدا زۆر باس کراوه‌.



ک.ک



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin