Smiley face
Smiley face
Smiley face

کار بۆ چەسپاندنی گیانی لێبووردەیی و ئاشتی و پێكەوەژیان لە کەرکوک دەکرێت

2017-12-23 17:26:59



ڕۆژنیوز - هاوار ستار

 

بە دروشمی 'لە پێناو چەسپاندنی گیانی لێبووردەیی و ئاشتی و پێكەوەژیان'، بۆ ناساندنی بنەماكانی دەستوور و یاسا و مافەكانی تاك لە عێراقدا بۆ دانیشتووانی شاری کەرکوک، کۆڕێک لە شاری کەرکوک ڕێکخرا.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ناوەندی دیالۆگ لە شاریت کەرکوک، بە دروشمی 'لە پێناو چەسپاندنی گیانی لێبووردەیی و ئاشتی و پێكەوەژیان'، کۆڕێک بۆ هاوڵاتیانی كوردی شاری کەرکوک ئەنجامدرا.

 

یوسف حەسەن، بەرپرسی ڕێكخراوی بوژاندنەوە و پەرەپێدان لە كەركوك، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"دوای ئەو ڕووداو و كارەساتانەی لەماوەكانی ڕابردوودا بەسەر كەركوك-دا هاتووە، لە ئێستادا پێمان وایە كە دەبێت كاری جددی بكرێت لە پێناو ئاشناكردنی خەڵكی بە ماف و یاساكان و چەسپاندنی ڕۆحیەتی پێكەوەژیان تێیاندا".

 

 

هەروەها، وتی:"ماوەی چوار مانگە ئێمە لەم جۆرە كۆڕانە بەردەوامین و هەرجارەو چین و توێژێك لەنەتەوەیەكی جیا بانگهێشت دەكەین و ماف و یاساكانیان بۆ ڕووندەكەینەوە".

 

بەرپرسی ڕێكخراوی بوژاندنەوە و پەرەپێدان لە كەركوك، ئاماژەی بەوەشکرد:"ئەو دەسەڵاتانەی لە ئێستادا لە حكومەتی ناوەند گیربووە ئێمە هەوڵدەدەین چۆن بتوانین بیگەڕێنینەوە، هەروەها ئەو كەموكوڕیانەشی كە لە شاری كەركوك و ئیدارەی شارەكە نەیانكردووە یان كردوویانە و مەبەستی نەپێكاوە ڕووندەكەینەوە، هەوڵی چاكردنەوەی بۆ دەدەین".

 

یوسف حەسەن، وتیشی:"هۆشیاری سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی لەم زنجیرە كۆڕانە ڕووندەكەینەوە، تا هاوڵاتیان ئاشنابن بە مافەكانیان و بەردەوام بن لەسەر پێكەوەژیان لە كەركوك".

 

ستار پاشا، ئامارناس و راوێژكاری یاسایی لە بواری یاسای كارگێریدا، بە ڕۆژنیوزی وت:"پێویستە لە شارێكی وەك كەركوك هەموو چین و توێژەكان بەهەموو نەتەوە و ئاینزاكانەوە و بەهەردوو ڕەگەز، درك و هۆشیاری یاساییان بەرز بكرێتەوە، چونكە بەرزكردنەوەی هۆشیاری یاسایی شارەزایان دەكات بە مافەكانیان، كە مافەكانی خۆیانیش زانی ئەوكات دەتوانن و داوای بكەن و زیاتر و كەمتر ناخوازن بە شێوازی مەدەنی".

 

 

پشتیوان كەركوكی، مافناس، وەك ئامادەبووەیەكی كۆڕەكە دەڵێت:"لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر خەڵكی ئەمشارە پەرتەوازەییەكی بە خۆوە بینی، بۆیە پێویستە ژیانی لێبووردەیی لە نێو پێكهاتەكان زیندو بكرێتەوە، كە كورد و عەرەب و توركمان بەسەرجەم بیروباوەرە ئاینییەكانەوە لەگەڵ مەسیحی بە كلد و ئاشورییەوە پێكهاتەی سەرەكی ئەم شارەن".

 

 

وتیشی:"بوونی كۆڕ و وۆرك شۆپی لەم جۆرە پێویستە گرنگی پێبدرێت لەلایەن خەڵك و میدیاشەوە، چونكە پابەندە بە چارەنوسی كەركوكەوە، چونكە وەك دەبینین لەم ماوەیەی كۆتادا كێشەكان بە توندوتیژی چارەسەر دەكرێن، ئەویش بۆ كەم شارەزایی هەمووان بەگشتی لەیاسادا دەگەرێتەوە".

 

جێی ئاماژەپێكردنە، ئەم کۆڕە، لەچوارچیوەی زنجیرە كۆڕێکدایە، کە لە لایەن ڕێكخراوەكانی بوژاندنەوە و پەرەپێدان، ئەنیستیتوی ڕیفۆرم بۆ گەشەپێدان، ڕێكخراوی فریاكەوتنی میللی، كۆمەڵەی هیوای عیراقی و ڕێكخراوی تەندروستی خەڵكی نەرویجی-یەوە بۆ ماوەی چوار مانگە بەردەوامی پێدراوە و لە ناوەندی دیالۆگ سازدەكرێت.

 

ب.ل

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin