Smiley face
Smiley face
Smiley face

سه‌رتاشێک سەرچاککردنی نەخۆشانی ئۆتیزم دەکاتە خۆڕایی

2017-12-26 14:15:26



ڕۆژنیوز - جیهاد هه‌ورامى

 

به‌بۆنه‌ى له‌دایکبوونى حەزرەتی مه‌سیح و هاتنى سه‌رى ساڵى نوێى زایینیەو، سه‌رتاشێکى کاکه‌یى له‌کارێکى خێرخوازیدا بۆ ماوه‌ى ساڵێک سه‌رچاککردنی نه‌خۆشانى ئۆتیزم دەکاتە خۆڕایی و دەشڵێن: ده‌مه‌وێت له‌ڕێگه‌ى پیشه‌که‌مه‌وه‌ کارى پێکه‌وه‌ژیانى ئایینه‌کان جیاوازه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر په‌ره‌ پێ بده‌م.

 

هه‌ڵۆ نادری تەمەن ٤٨ ساڵ، ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە گەڕەکی شارەوانی پارێزگای هەڵەبجە بە سەرتاشییەوە سەرقاڵە، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه‌ له ‌بۆنه‌ جۆراوجۆره‌ ئایینیەکاندا کارى خێرخوازى ئەنجام دەدات و هه‌ر جاره‌و دیارییه‌ک ده‌به‌خشێته‌ په‌یڕه‌وانى ئایینه‌ جیاوازه‌کانى ئیسلام و مه‌سیحی.

 

 

سه‌باره‌ت به‌کاره‌ خێرخوازییه‌کانى، هه‌ڵۆ نادر، بۆ ڕۆژنیوز وتى:"له‌بۆنه‌ جۆراوجۆره‌کانى ئایینه‌ جیاوازه‌کانى ئیسلام و کریستیان، کارى خێرخوازى ئه‌نجام ده‌ده‌م، ئەوەش به‌مه‌به‌ستى په‌ره‌دان به‌ پێکه‌وه‌ژیانى ئایینه‌ جیاوازه‌کان که‌ له‌دێزه‌مانه‌وه‌ تا ئێستا له‌هه‌ڵه‌بجه‌ ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌ و توانیومه‌ تا ئێستا ١٣ کارى خێرخوازى ئه‌نجام بده‌م که‌ نۆ دانه‌یه‌ان تایبه‌ت بووه‌ به ‌ئایینى ئیسلام و چوارى تریشیان بۆ ئایینى مه‌سیحى بووه‌".

 

هه‌ڵۆ، پێشتریش به‌بۆنه‌ى هاتنى مانگى ڕه‌مه‌زان و جه‌ژنى قوربان، نرخى سه‌رچاککردنی بۆ یه‌ک ڕۆژ کردوه‌ به‌خۆڕایى، جاری واش هەبووە به‌درێژایى مانگی ڕەمەزان نرخه‌که‌ی داشکاندووه‌، هاوکات له‌چه‌ند بۆنه‌یه‌کى تایبه‌تیش به‌په‌یڕه‌وانى ئایینى مه‌سیحى هه‌مان کاری ئه‌نجام داوه،‌ ئەم کارەشی بۆ ئه‌وه ئەنجام داوە کە په‌یامى پێکه‌وه‌ژیانى زیاتر له‌شاری هەڵەبجە ڕه‌نگ بداته‌وه‌.

 

ئه‌و سه‌رتاشه‌ کاکه‌ییه‌، باسى له‌دوایین کارى خێرخوازییه‌که‌ى کرد و ڕایگه‌یاند: له‌م کاره‌ نوێیه‌مه‌دا و به‌بۆنه‌ى له‌دایکبوونى حه‌زره‌تى عیسا و هاتنى سه‌رى ساڵى نوێى زایینى تایبه‌ت به‌په‌یڕه‌وانى ئایینى مه‌سیحى بڕیارم دا بۆماوه‌ى ساڵێک بێ به‌رامبه‌ر سه‌رى منداڵانى نه‌خۆشى ئۆتیزم چاک بکه‌م، چ له‌ناو دوکانه‌که‌م بێت یاخود بڕۆمه‌ ماڵ و ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ى که‌ منداڵانى نه‌خۆشى ئۆتیزمى لێیه‌.

 

بە پێی ئامارێک کە ڕۆژنیوز لە سەنتەری هەڵەبجە بۆ منداڵانی ئۆتیزم دەستی کەوتووە، نزیکه‌ى ٥٠ نه‌خۆشى ئۆتیزم لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هه‌یه‌.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin