Smiley face
Smiley face
Smiley face

تەسبیح فرۆشێک ١٥ ساڵە تەزبیحی قەزوان دروستدەکات

2017-12-29 11:07:08



ڕۆژنیوز- زاهیر ئیبراهیم 


تەسبیح فرۆشێک ماوەی ١٥ ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی تەسبیحی قەزوانە و هونه‌ری دروستکردنی ته‌سبیح له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجێتیه‌وه‌ بۆته‌ حه‌ز و خولیای، به‌ جۆرێک پیشه‌که‌ی خۆشده‌وێت و له‌گه‌ڵ دروستکردنی هه‌ر ته‌سبیحێک شێواز و نه‌خشی جیاوازی لێ دروستده‌کات.


ئەو تەسبیح فرۆشە، ئازاد ئه‌حمه‌د-ی تەمەن ٤٥ ساڵە، کە دانیشتووی گوندی ماویلیای سه‌ر به‌ شارۆچکه‌ی ڕواندزی پارێزگای هه‌ولێرە، کە ماوەی ١٥ ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی تەسبیحە، وەک خۆی دەڵێت: "له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجێتیه‌وه‌ حه‌زم له‌و کاره‌ ده‌ستیه‌ بووه‌ ئه‌و پیشه‌یه‌ش وه‌ک هونه‌رە لای من".


له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی چۆن فێری دروستکردنی ته‌سبیح بووه‌، ئازاد وتی: برا گه‌وره‌که‌م به‌ باشی ده‌یزانی ته‌سبیح دروست بکات و‌ منیش سەیرم دەکرد و سودم لێوه‌رگرت، هه‌وڵمداوه‌ له‌گه‌ڵ دروستکردنی هه‌ر ته‌سبیحێک کاری جیاواز و نه‌خشه‌ی جیاواز بکه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیم‌ بۆ ته‌سبیح زۆر بوو.

 


ئازاد دەشڵێت: ئه‌و پیشه‌یه‌ بۆمن بژێوی ژیان به‌ ته‌واوی دابین ناکات، به‌ڵام به ‌ڕاده‌یه‌کی باش سودم لێوه‌رگرتووه‌ و حەزم لە کارەکەمە.


چه‌ندین جۆر تەسبیح هه‌یه‌ وه‌ک: داغ، که‌ به‌ کاره‌با نەخشەکەی دروستدەکرێت، قه‌ل خۆر هه‌یه،‌ که‌ باڵنده‌ توێکڵی سه‌ره‌وه‌ی ده‌خوات و نه‌خشێکی لێ دروست ده‌بێت، هەروەها‌ نه‌خشیش هه‌یه‌ له‌ مانگی حه‌وت هه‌تا مانگی هه‌شت بە دەست دروست دەکرێت کە هێشتا قەزوانەکە بە دارەکەوەیە و لێ ناکریتەوە، واتا وەک ئازاد دەڵێت، به‌ نینۆک هه‌ردوو دیوی توێکڵی ده‌نکه‌ قه‌زوانه‌که‌ لاده‌بەی زۆر به‌ هێواشی، بۆئه‌وه‌ی لێی نه‌بێته‌وه،‌ هه‌تا مانگی ١٠ ئینجا لێی ده‌کرێتە‌وه‌، لاسوره‌ و لاڕه‌ش هه‌یه‌ که‌ زۆر جوانه‌ و ئاره‌زوومه‌ندانیشی زۆره‌.


ته‌سبیح هه‌ڵگرتن کلتورێکی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌ چ بۆ جوانی چ بۆ دینداری به‌کاردێت،‌ له‌گه‌ڵ جلی کوردیش زۆر جوانه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز زۆر خواستی لەسه‌رە، ته‌سبیحی قه‌زوانیش به‌ درێژیه‌که‌یه‌وه‌ جوانه‌، جگه‌ له‌ پیاوان ژنانی به‌ته‌مه‌نیش ته‌سبیحی قه‌زوان هه‌ڵده‌گرن و‌ کچانیش بۆ ملوانکه‌ داوای ده‌که‌ن، زۆر جاریش خه‌ڵک وه‌ک دیاری بۆ که‌سه‌ نزیکەکانی دەبات.


نرخی تەسبیحەکان بە گوێرەی جۆرەکەی و ژمارەی دەنکەکەی دەگۆڕێت، وەک ئازاد خۆی دەڵێت: پێشتر ته‌سبیحم هه‌بووه‌ له‌ پێنج هەتا ١٠٠ هه‌زار دینار بووە، پێش قه‌یرانی دارایی خواستی زۆری له‌سه‌ر بوو، بەڵام ئێستا کڕیاری تەسبیح کەمی کردووە.


دارەبەن، لە خێزانی درەختە بەتەمەنەکانە، لە چیا بەرزەکانی کوردستان بە شێوەی خۆڕسک دەڕوێن، لە مانگی ٣ و ٤ دا گوڵ دەگرن و لە مانگی ٥ و ٦ دا بەردەگرن، بەری دارەبەن قەزوانە و لە مانگی ٨ تاوەکو مانی ١١ خەڵک بەرەکەی دەڕنن.


قەزوان سوودێکی زۆری ئابووری هەیە، لە بازاڕەکاندا وەکو چەرەس دەفرۆشرێت، هەروەها تەزبیحی قەزوانیشی لێدروست دەکرێت، تەسبیحی قەزوان ئێستا لە بازاڕەکانی کوردستان گرانترین جۆری تەسبیحن و هەندێک جۆریان نرخەکەی تاوەکو ١٥٠٠ دۆلار دەڕوات.

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin