Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕێبین هەردی: ئێمە بەدەست پارتییەوە دەناڵێنین

2017-12-30 10:15:37



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

ڕیبین نووسەرو ڕۆشنبیر، پێیوایە، كە كێشەی گەورەی باشوری كوردستان پارتییە "بەدەست سیاسەتی پارتیەیوە دەناڵێنین"، لەسەر هەوڵەکانی ئازادکردنی ئۆجالانیش لە ٢٠١٧دا دەڵێت: ئۆجالان لە زیندانیشدا كارێكی نەكردووە كە هەست بە نەبوونی بكرێت لە ساحەی سیاسیدا.

 

ڕێبین ئەحمەد هەردی، نووسەر و ڕۆشنبیر، لەم چاوپێكەوتنەی ڕۆژنیوزدا هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوە دیارەكانی ساڵی 2017 دەكات، قسە لەسەر ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان و قەیرانی دارایی و داخستنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئازادی ڕۆژنامەگەری و كاریگەری لەدەستدانی هەردوو سەركردەی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی دەكات، هاوكات باس لە كاریگەری ئۆجالان لەكایەی سیاسی كوردستاندا دەكات.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

 

بەرەو ئەوە دەڕۆین كە ساڵی 2017 بەجێ‌ بهێڵین، ساڵی 2017 ساڵێكی چۆن بوو بۆ هەرێمی كوردستان، بە تێڕوانینی تۆ؟

 

"ساڵێكی پڕ لە قەیران بوو"

 

ڕێبین هەردی: ساڵی 2017 ساڵێكی پڕ لە قەیران بوو، هەم قەیرانی ناوخۆیی زۆر گەورە و هەم قەیرانی دەرەكی زۆر گەورەی تێدایە، ساڵێك بوو كە قەیرانی دارایی تێیدا زۆر گەورە دەبێت، ژمارەی ئەو كەسانەی كە هەژار دەكەون زۆر زۆر دەبن، حكومەت تەنانەت توانای پێدانی چارەكە مووچەشی نەبووە، ساڵی داخستنی پەرلەمانە، ساڵی گەورە بوونی كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانە، بگرە ساڵی سڕ بوونی كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانە، حكومەت بە شێوەیەكی ئیفلیج كارەكانی بەڕێوە دەبات.

 

بۆ قەیرانە سیاسییە ناوخۆیەكان سڕ دەبن و چارەسەر ناكرێن؟

 

"پارتی توشی غروری گەورە بووە"

 

ڕێبین هەردی: ئێمە بەدەست هێزێكەوە دەناڵێین كە پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق-ە، توشی غرورێكی سیاسی گەورە بووە، ئامادەیە هەموو سازشێك بۆ دەرەوە بكات، بەڵام ئامادە نییە لەگەڵ هێزە ناوخۆییەكاندا گفتوگۆ بكات، خۆی بە گەورەترین هێزی هەرێمی كوردستان دەزانێت، لەكاتێكدا ئەو خاوەنی 36 كورسی پەرلەمانی هەرێمە، ئەم هێزە كەمایەتییەكی كۆمەڵگای كوردی هەیە، تەنانەت ناتوانێت بەشی دروستكردنی حكومەت دەنگ بهێنێت.

 

ئەم غرورە پارتی خۆی توشی هاتووە، یان ئەو هێزانە توشیان كردووە كە دوای كەوتوون؟

 

"پەیوەندی بە لایەنەکانەوە نییە"

 

ڕێبین هەردی: بەبێ‌ ئەوەش پارتی هەر توشی غرور بووە، خۆ لەكاتی دەستكاریكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەموو پارتەكان پێكەوە پڕۆژەیان ئامادەكرد، پارتی بە تەنها دژی بوو، واتا ئەو غرورە پەیوەندی بە ئەو لایەنانەوە نییە كە پشتگیری دەكەن.

 

كێشە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان چین؟

 

"هەموو دنیا دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو بەڵام ئەمان هەر ئەنجامیان دا"

 

ڕێبین هەردی: لە ڕووی پەیوەندییە دەركییەكانی هەرێمەوە، ساڵی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە، كە بەبێ‌ ئەوەی زەمینەی سیاسی و ئابوری و دبلۆماسی بۆ ئامادە كرابێت، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دا، بەو هۆیەشەوە زۆرینەی خاكی باشوری كوردستانمان لەدەستدا، ئەو ناوچانەشمان لەدەستدا كە پێش شەڕی داعش لەدەست ئێمەدا بوون، هەموو دنیا دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو، بەڵام ئەمان هەر ئەنجامیاندا، بەرپرسیارێتی سەرەتا و کۆتایی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەكەوێتە سەرشانی ئاغای بارزانی، چونكە ئەو لە هەموولایەك زیاتر سوربوو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەگەر سەریش بكەوتایە سەركەوتنەكەی بۆ ئەو دەبوو، بۆیە دەبێت شكستەكەشی بۆ ئەو بێت.

 

یەكێك لە ڕووداوەكانی كە لەساڵی 2017 دا بەردەوامی هەبوو تۆپبارانكردنی و بۆردومانكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان بوو لەلایەن توركیا و ئێرانەوە، پێت وایە بۆ ڕێگری لە توركیا و ئێران ناکرێت بۆ ئەوەی سەروەری خاكی هەرێم پێشێل نەكەن؟

 

"گوێی لێ دەخەوێنن و هەندێك جار هاوكاریشیان دەكەن"

 

ڕێبین هەردی: حكومەتی هەرێم توانای ئەوەی نییە ڕێگا لە توركیا و ئێران بگرێت، حكومەتی هەرێم تەنانەت توانای ئەوەی نییە ڕێگا لە عێراق بگرێت بەو هێزە لاوازەی كە هەیەتی، ئێمە دەزانین لە ڕووی سەربازییەوە هەرێم توانای ئەوەی نییە، بەڵام خۆ دەتوانن قسەبكەن، خۆ دەتوانن ناوەندە دبلۆماسییەكانی جیهان تێ بگەیەنن، دەتوانن شەڕی نەرم بكەن، بەداخەوە وەك ئەمەش ناكەن، گوێی لێ دەخەوێن و هەندێك جار هاوكاریشیان دەكەن.

 

بۆچی ئەو ڕێكارانە ناگرنە بەر كەتۆ ئاماژەت پێكرد؟

 

"پێیانوایە بەو شێوەیە دۆستایەتی ئێران و توركیا بەدەست دەهێنن"

 

ڕێبین هەردی: لەبەر ئەوەی پێیانوایە بەو شێوەیەكە دەتوانن دۆستایەتی ئێران و توركیا ببەنەوە، لە كاتێكدا لە ڕیفراندۆمدا دەركەوت ئەو دۆستایەتییە دۆستایەتییەكی بێ بنەمایە، یەكەم كەس كە پشتی تێكردن ئێران و توركیا بوو، ئەوان قوماریان لەسەر ئەوە دەكرد ئەگەر دژایەتی هێزە كوردییەكانی دژبەری ئێران و توركیا بكەن، ئەوە ئەو دوو وڵاتە لەهەر پێشهاتێكدا كە ڕووبەڕووی هەرێم بێتەوە داكۆكی لە هەرێم دەكەن، ڕیفراندۆم دەریخست ئەوە هەمووی درۆیەكی گەورەیە، دژایەتی كردنی كورد بابەتێكی ستراتیژییە لای ئەم دوو وڵاتە.

 

یەكێك لە ڕووداوە زۆر دیارەكانی ساڵی 2017 خۆپیشاندانەكانی 18 و 19ی ئەم مانگەبوو، ئەم ڕووداوە چۆن دەبینن؟

 

"خەڵك دەیەوێت بەرەو ڕاپەڕین بچن، بەڵام كەرەستەی ڕاپەڕینیشیان پێنییە"

 

ڕێبین هەردی: لەبەر ئەوەی زۆر زوو خۆپیشاندانەكان سەری كێشا بۆ توندوتیژی و پەلاماردانی بارەگاكان، بەتایبەت لە دەرەوەی سلێمانی، ترسیان هەبوو لە سلێمانیش ئەوە دووبارە ببێتەوە، لەبەر ئەوە زۆر خێرا كاردانەوەیان هەبوو، لەڕاستیدا دۆخەكە وایكرد ئەو ڕووداوانە دروستببێت، ئەو هەموو كێشەیە هەبوو قەیرانی ئابووریشی هاتە سەر، حكومەت لە دۆخێكدایە چارەكە مووچەشی پێنادرێت، برسێتی بووە بە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە بۆ خەڵكی كوردستان، بۆیە خەڵك توڕەیە، كە دێتە سەر شەقام كاری چاوەڕوان نەكراو دەكات.

 

 

وتیشی:"خۆپیشاندان مافە، لەهەموو شوێنێك هاوڵاتی مافی ئەوەی هەیە خۆپیشاندان بكات، بەڵام زۆرێك لە خەڵكی ئێمە وەك ڕاپەڕین تەماشای خۆپیشاندان دەكات، لەكاتێكدا دوو شتی جیاوازن، لە دۆخێكداین خەڵك دەیەوێت بەرەو ڕاپەڕین بچن، بەڵام كەرەستەی ڕاپەڕینیشیان پێ نییە، بۆیە ئەم دۆخە سەربازگەراییە دروست دەبێت".

 

بە توندوتیژی و هێز، دەسەڵات دەتوانێت داواكارییەكانی خەڵك كپبكاتەوە؟

 

"هیچ دوور نییە مانگێكی تر چەند مانگێكی تر ساڵێكی تر سەر هەڵبداتەوە، چونكە هۆكاری ناڕەزایەتییەكان ماوە"

 

ڕێبین هەردی: لە ڕاستیدا لەو ڕێگایەوە ترسێكی زۆر بڵاو دەكەنەوە، بەڵام خۆ ناڕەزایەتییەكە لەناو ناچێت، ناڕەزایی بەوە لەناو دەچێت هۆكاری ناڕەزایەتییەكە لەناو بەریت، بەداخەوە ئەم دەسەڵاتەی ئێمە لەوە تێناگات، وادەزانێت بەمشێوەیە دەتوانێت بەردەوام بێت، ئەم شێوازە ماوەیەك خەڵك دەباتەوە ماڵەوە، هیچ دوور نییە مانگێكی تر، چەند مانگێكی تر، ساڵێكی تر سەر هەڵبداتەوە، چونكە هۆكاری ناڕەزایەتییەكان ماوە.

 

گرتن و كوشتن و ئازاردانی ڕۆژنامەنووسان لەم ساڵدا دیاردەیەكی بەرچاو بوو، بۆ ئەم دیاردەیە لای دەسەڵاتی كوردی هەر بەردەوامە؟

 

"ئەم هێزانە میژوویەكی ڕەشیان هەیە لە هێرشكردنە سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری ئازاد"

 

ڕێبین هەردی: ئەمە سیمای دەسەڵاتی كوردییە لەهەر شوێنێك ئەم دەسەڵاتە هەستی كردبێت ڕۆژنامەنووسێك ئازاریان دەدات كوشتوویانە، ئەم هێزانە میژوویەكی ڕەشیان هەیە لە هێرشكردنە سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری ئازاد، لەم كۆتاییانەدا چەند كەناڵێكی تەلەفزیۆنی و سایتێكیان داخستووە، پێشتر ئێمە لە ڕاپۆرتەكانی هیومان ڕایتس وۆچ قوربانی بووین، بەڵام ئێستا لەپێشەوەی ئەو شوێنانەی كە ئازادی ڕادەربڕینی تێدا سەركوت دەكرێت.

 

هەر لەساڵی 2017 دا كورد دوو سەركردەی لەدەستدا، نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی، لەدەستدانی ئەم دوو سەركردەیە چ كاریگەریەكی هەبوو؟

 

"یەكێتی دوای مام جەلال لە دۆخی ناكۆكیەكی قوڵدایەو نەبوونی كاك نەوشیروان-یش قورساییەكی زۆری لە گۆڕان سەندووە"

 

ڕێبین هەردی: قسەی تێدا نییە لەدەستدانی هەردووكیان كاریگەری زۆری هەبوو، بەنیسبەت یەكێتییەوە دەبینین دوای لەدەستدانی مام جەلال دۆخی یەكێتی چی لێهاتووە، تووشی كەرتبوونێكی گەورە بووە، بەشێكی زۆری خەڵك پێیوایە ئەو دۆخەی ڕانییە و ئەو سەربازگەراییە پەیوەندی بەو پشێویەی ناو یەكێتییەوە هەیە، یەكێتی دوای مام جەلال لە دۆخی ناكۆكییەكی قوڵدایە، مام جەلال كاتی خۆی هەم ڕووبەڕووی ئەم ناكۆكیانە دەبووەوەو هەم دەشیتوانی بڕیار بدات..

 

"هەرچی كاك نەوشیروان-ە لەدەستدانی زۆر كاریگەریی هەبوو، كاك نەوشیروان لە كاتێكدا ڕۆشت كە گۆڕان و بزوتنەوە ئۆپۆزسیۆنەكان زۆر پێویستیان پێی بوو، كاریگەریی زۆر بوو هەم بۆ جوڵانی شەقام هەم بۆ جڵەوگرتنی شەقام، كاك نەوشیروان تەنانەت كاریگەری لەسەر هێزەكانی پارتی و یەكێتیش هەبوو، نەبوونی ئەو قورساییەكی زۆری لە گۆڕان سەندووە، دووربیینیەكی سیاسی لەودا هەبوو، كە ئێستا كاریگەرییەكەی دەردەكەوێت.

 

لەساڵی 2017دا هەوڵێكی زۆر هەبوو بۆ ئازادكردنی ئۆجالان، پێتوایە ئازادكردنی ئۆجالان چ كاریگەرییەكی دەبێت؟

 

"ئۆجالان لە زیندانیشدا كارێكی نەكردووە كە هەست بە نەبوونی بكرێت لە ساحەی سیاسیدا"

 

ڕێبین هەردی: پێموایە پەكەكە بە گرتنی ئۆجالان ئەوەی سەلماند كە ئەگەر ئۆجالانیش ئامادەیی نەبێت بزوتنەوەی كوردایەتی هەر لای ئەوانە، سەلماندیان كە ئەوان بزوتنەوەیەكن وەك لای ئێمە نەبەستراونەتەوە بە یەك كەسەوە، ئەمە هەواڵێكی خۆشە، بێگومان ئازادبوونی ئۆجالان كاریگەریی گەورەی دەبێت، بەتایبەت بۆ باکوری كوردستان، ئۆجالان بە ئازادكردنی كاریگەری زیاتر ئەبێت، بەڵام لە زیندانیشدا كارێكی نەكردووە كە هەست بە نەبوونی بكرێت لە ساحەی سیاسی كوردستاندا.

 

پێتوایە قەیرانەكان لە ساڵی 2018 دا بەردەوام دەبێت؟

 

"تاكە دەروازە بۆ كورد ئەوەیە لەگەڵ بەغدایا ڕێكبەكەون، بەم ئەقڵییەتەوە بەدوری دەبینم ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدادا دروستبێت"

 

ڕێبین هەردی: بەو عەقڵییەتە سیاسییەی كە هەیە، پێموایە بەردەوام دەبێت، چونكە قەیرانەكان ڕاستەقینەن، ئێستا كە دەڵێن مووچەمان پێنادرێت بەڕاستی پێیان نادرێت، لە ئەزمەیەكی قوڵی دارایدا دەژین، قەرزێكی زۆریان هێناوەتە سەر هەرێمی كوردستان، كە نازانم بەچی دەیدەنەوە!، داهاتێكی زۆریان لەدەست داوە، بەم ئەقڵییەتەی ئێستاوە توانای چارەسەرییان نییە، تاكە دەروازە بۆ كورد ئەوەیە لەگەڵ بەغدایا ڕێكبەكەون، وەک وتم بەم نەفەسەوە بەدوری دەبینم ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدایا دروستبێت.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin