Smiley face
Smiley face
Smiley face

هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی قوڵی ئابوورییەوە دەچێتە ساڵی نوێ... پانۆراما

2017-12-30 10:16:54



ڕۆژنیوز - دانا عومه‌ر


له‌ ساڵى ٢٠١٧دا جگه‌له‌وه‌ى کێشه‌ ئابووریه‌کانى ساڵانى ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ درێژه‌یان هه‌بووه‌، چه‌ندین ڕووداوى دیکه‌ى ئابوورى ڕوویدا که‌ قه‌یرانى ئابورى هه‌رێمى کوردستانى خراپتر کرد، که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک کاریگه‌رى له‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان داناوه‌، پێشبینى ده‌کرێت ساڵى ٢٠١٨ هه‌رێم مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى پێنه‌درێت.


له‌ کۆتایى ساڵى ٢٠١٤دا حکومه‌تى عێراق، ناردنى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى ڕاگرت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، سیاسه‌تى فرۆشتنى نه‌وتى سه‌ربه‌خۆى پیاده‌ ده‌کرد، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌رێمى کوردستان ڕووبه‌ڕووى قه‌یرانێکى ئابورى قوڵ بوویه‌وه‌.


بایکۆتى ده‌وام به‌ هۆى نه‌بوونى مووچه‌وه‌


ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوریه‌ که‌ له‌ ساڵى ٢٠١٤ ه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان بوویه‌وه‌، به‌رده‌وام زیاتر کاریگه‌ریه‌کانى زیاتر له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان ده‌رده‌که‌وت، یه‌کێک له‌و کاریگه‌ریانه‌ تواناى نه‌دانى مووچه‌ بوو به‌ فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى ٢٠١٧ فه‌رمانبه‌ران به‌ گشتى و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى که‌رتى ته‌ندروستى و فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى خانوبه‌ره‌  و چه‌ندین به‌ڕێوبه‌رایه‌تى تر بایکۆتى ده‌وام بکه‌ن، ئه‌م بایکۆته‌ به‌ شێوه‌یه‌ک درێژه‌ى کێشا، که‌ ده‌رگاى زۆرێک له‌ خوێندنگاکان تاوه‌کو مانگى دووى ساڵى ٢٠١٧ نه‌کرانه‌وه‌.


له‌ ساڵى ٢٠١٦ دا حکومه‌تى هه‌رێم بێجگه‌ له‌وه‌ى مووچه‌ى سێ مانگى ساڵى ٢٠١٥ى بۆ فه‌رمانبه‌ران پاشه‌که‌وت کرد، سیستمى پاشه‌که‌وتى مووچه‌شى داهێنا، که‌ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێک به‌پێى مووچه‌که‌ى ٢٥% بۆ ٧٥% ى مووچه‌که‌ى بۆ پاشه‌که‌وت ده‌کرد، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ڵێنى دا که‌ هه‌ر ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچه‌ بدات، به‌ڵام ئێستا که‌ مانگى ١٢ى ٢٠١٧ یه‌ حکومه‌ت پلانى هه‌یه‌ مووچه‌ى مانگى ٩ى فه‌رمانبه‌ران بدات.


قه‌رزى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان


که‌ڵه‌که‌بوونى قه‌رزى کۆمپانیا نه‌وتیه‌کان یه‌کێک له‌ دیارده‌ ئابووریه‌کانى ساڵى ٢٠١٧ یه‌، له‌ مانگى دووى ساڵى ٢٠١٧ دا کۆمپانیاى دانه‌غاز ڕایگه‌یاند، که‌ حکومه‌تى هه‌رێَمى کوردستان ٧١٣ ملیۆن دۆلار قه‌رزداره‌. ئه‌و قه‌رزه‌ش قه‌رزى شایسته‌ داراییه‌کانى ساڵى ٢٠١٦ یه‌، که‌ حکومه‌ت پێى نه‌داون.


دیارده‌یه‌کى نوێى ئابورى له‌ ساڵى ٢٠١٧ دا له‌ هه‌رێمى کوردستان، پێدانى بیره‌ نه‌وت بوو به‌ کۆمپانیا نه‌وتیه‌کان له‌ به‌رامبه‌ر قه‌رزدا، که‌ ئه‌مه‌ له‌ ساڵانى ڕابردوودا بوونى نه‌بووه‌ و داهێنانێکى نوێى ئاشتى هه‌ورامى، وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌کان بوو، له‌ ڕۆژی ٢٤/٨/٢٠١٧ دا وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، که‌ له‌به‌رامبه‌ر ١٥٠ ملیۆن دۆلار قه‌رزدا، ٢٠% ی پشکه‌کانی کێڵگه‌ی نه‌وتی تاوکێ‌-ى داوه‌ته‌ کۆمپانیای دی ئێن ئۆ-ی نه‌رویجی، به‌مه‌ش پشکی کۆمپانیاکه‌ له‌و کێڵگه‌یه‌دا بۆ ٧٥% به‌رز بووه‌ته‌وه‌، وه‌ ٤.٥ ی پشکی کێڵگه‌که‌ی داوه‌ته‌ کۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئێنه‌رجی تورکی.


گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌کان


له‌ ڕۆژى ٢ى مانگى شه‌شى ساڵى ٢٠١٧دا به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى، ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى ڕووس نه‌فتى ڕووسى گرێبه‌ستێکی ٢٠ ساڵییان واژۆ کرد، که‌ ناوه‌ڕۆکى گرێبه‌سته‌که‌ ڕوون نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ى که‌ بۆ میدیاکان ئاشکرا ده‌کات به‌پێى گرێبه‌سته‌که‌ کۆمپانیاى ڕووس نه‌فت وه‌به‌رهێنانى نه‌وت و غاز له‌ کێڵگه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا ده‌کات، هه‌وڵ ده‌دات ڕێژه‌ى وه‌به‌رهێنان بگه‌یه‌نێته‌ یه‌ک ملیۆن به‌رمه‌یل نه‌وتى ڕۆژانه‌.


ئه‌وه‌ى که‌ ڕوون نه‌بوو له‌و گرێبه‌سته‌دا ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئایا حکومه‌تى هه‌رێم بۆ ئه‌و گرێبه‌سته‌ چه‌ند پاره‌ى پێشه‌کى وه‌رگرتووه‌، که‌ سه‌رچاوه‌ نافه‌رمیه‌کان ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌کرد، که‌ ٣ ملیار دۆلارى پێشه‌کى بۆ ئه‌و گرێبه‌سته‌ وه‌رگیراوه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌.


هه‌ر له‌باره‌ى گرێبه‌ستى نێوان حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و کۆمپانیاى ڕووس نه‌فت و دانه‌غاز-ه‌وه‌ به‌شێک له‌ په‌رله‌مانتارانى هه‌رێمى کوردستان کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌نووسیان له‌ به‌روارى٧/٦/٢٠١٧له‌ نوسینگه‌ى سلێمانى په‌رله‌مانى هه‌رێم ئه‌نجامدا و ڕایانگه‌یاند که‌ گومانیان له‌ هه‌ردوو گرێبه‌سته‌که‌ هه‌یه‌ و به‌ یاداشتێک داواى پێدانى ناوه‌ڕۆکى گرێبه‌سته‌کانیان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌، به‌ڵام حکومه‌ت ئاماده‌ نییه‌ وه‌ڵامیان بداته‌وه‌.


له‌سه‌ر گرێبه‌ستی ٢٠ ساڵه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و کۆمپانیای ڕۆس نه‌فت، ئومێد حه‌مه‌عه‌لی، په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان، له‌ ڕۆژی ٢١/٦/٢٠١٧ له‌ نوسینگه‌ی سلێمانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌نجامدا و ڕایگه‌یاند، که‌ ڕۆشتووه‌ته‌ وڵاتی ڕوسیا و نامه‌یه‌کی ئاڕاسته‌ی کۆمپانیای ڕۆس نه‌فت کردووه‌ و داوای زانیاری له‌سه‌ر گیرێبه‌سته‌که‌یان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا لێکردوون، به‌ڵام ئه‌وان پێَیان ڕاگه‌یاندووه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا و به‌رژه‌وه‌ندی کۆمپانیاکه‌یان ناتوانن زانیاری بده‌نێ‌، وتوشیانه‌ که‌ ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ هه‌یه‌ لای حکومه‌تی هه‌رێمیش هه‌یه‌ با ئه‌وان پێتان بده‌ن.


ئومێد حه‌مه‌عه‌لی، له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نووسیه‌که‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردبوو که‌ له‌ میدیا ڕوسیه‌کاندا له‌زاری کۆمپانیای ڕۆس نه‌فت-ه‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا کردوویانه‌ گرێبه‌ستێکی گه‌وره‌یه‌ و ته‌واو له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمپانیاکه‌یاندایه‌.


گه‌مارۆى ئابورى و ڕووداوه‌کانى ١٦ى ئۆکتۆبه‌ر


یه‌کێکى تر له‌و ڕووداوانه‌ى که‌ زیانى گه‌وره‌ى به‌ ئابورى هه‌رێمى کوردستان گه‌یاند له‌ ساڵى ٢٠١٧دا، ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم بوو له‌ هه‌رێمى کوردستاندا، له‌ ٢٥/٩/٢٠١٧دا، که‌ به‌هۆیه‌وه‌ وڵاتانى دراوسێ و حکومه‌تى عێراق گه‌مارۆیه‌کى ئابوریان خسته‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، له‌وانه‌ داخستنى ده‌رگا سنوریه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، که‌ تا ئێستاش هه‌ندێکیان نه‌کراونه‌ته‌وه‌، ڕاگرتنى گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌ فڕۆکه‌خانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، ڕاگرتنى بازرگانى له‌ نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدادا. له‌ده‌ستدانى زۆرینه‌ى بیره‌ نه‌وته‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌ دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر و کشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان، که‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ده‌ستى داوه‌ به‌ وردى ئه‌مانه‌ن.


پێش ڕووداوه‌کانی ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ١٢ بیره‌ نه‌وتی له‌ ژێرده‌ستدا بوو، که‌ بریتی بوون له‌ کێڵگه‌کانی (هاڤانا، بای حه‌سه‌ن، بابه‌گوڕگوڕ، خه‌باس، جه‌مبور، خۆرمه‌ڵه‌، عه‌ین زاله‌، به‌تمه‌، ته‌ق ته‌ق، حه‌سیره‌، شێخان، تاوگێ‌) که‌ له‌کۆی ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ ٧٢٦ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ به‌رهه‌م ده‌هێندرا، که‌ به‌م جۆره‌ بوون.

 
(هاڤانا ٩٠ هه‌زار، بای حه‌سه‌ن ١٧٠، هه‌زار، بابه‌گوڕگوڕ ٩٧ هه‌زار، خه‌باس ٢٦ هه‌زار، جه‌مبور ٤٢ هه‌زار، خۆرمه‌ڵه‌ ١٠٥ هه‌زار، عه‌ین زاله‌ و به‌تمه‌ ٢٠ هه‌زار، ته‌قته‌ق ٢٠ هه‌زار، حه‌سیره‌ ٦ هه‌زار، شێخان ٤٠ هه‌زار، تاوکێ‌ ١١٠ هه‌زار).


له‌ ئێستادا هه‌ریه‌ک له‌ بیره‌نه‌وته‌کانی هاڤانا و بای حه‌سه‌ن و بابه‌گوڕگوڕ و خه‌باس و جه‌مبور و عه‌ینزاله‌ و به‌تمه‌، که‌وتوونه‌ته‌وه‌ ده‌ستی حکومه‌تی ناوه‌ندی، که‌ کۆی گشتی به‌رهه‌میان ٤٤٥ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌یه‌.


ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی حکومه‌تی هه‌رێمدا ماوه‌، کێڵگه‌کانی (خۆرمه‌ڵه‌ و ته‌قته‌ق و حه‌سیره‌ و شێخان و تاوکێ-یه‌‌، که‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی ٢٨١ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌یان هه‌یه‌) له‌و کێڵگانه‌ی که‌ له‌ژێر ده‌ستی حکومه‌تی هه‌رێمدا ماوه‌ته‌وه‌، ته‌نها دوو کێڵگه‌ی گه‌وره‌ی تێدایه‌، که‌ کێڵگه‌ی خۆرمه‌ڵه‌و تاوکێ‌ یه‌.


کێڵگه‌ی تاوکێ‌، که‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی ١١٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ی هه‌یه‌، بێجگه‌ له‌ نه‌وتی کێڵگه‌کانی هاڤانا و بای حه‌سه‌ن، حکومه‌تی هه‌رێم به‌رهه‌می غازی سروشتی ئه‌و کێڵگانه‌شی له‌ده‌ست داوه‌، که‌ کۆمپانیای دانه‌غاز به‌رهه‌مهێنانی تێدا ده‌رکرد.


حکومه‌تی هه‌رێم نزیکه‌ی ٤٥٠هه‌زار دۆلار داهاتی ڕۆژانه‌ی هه‌ردوو فرۆکه‌خانه‌ی سلێمانی و هه‌ولێری له‌ده‌ستداوه‌، که‌ به‌ بڕیاری حکومه‌تی ناوه‌ندی له‌ دوای ئه‌نجامدانی ڕیفرندۆمه‌وه‌ گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی تێدا ڕاگیراوه‌.


له‌ هه‌رێمی کوردستاندا پێنج خاڵی سنوری هه‌یه‌ که‌ بریتین له‌ (برایم خه‌لیل، فیشخاپور، په‌روێزخان، باشماخ، حاجی هۆمه‌ران) که‌ داهاتێکی زۆری بۆ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ و خاڵی به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌ به‌ ده‌وه‌ره‌، ئێستا حکومه‌تی عێراق داوای ڕاده‌ستکردنی ئه‌و خاڵه‌ سنورییه‌ ده‌کات به‌ حکومه‌تی فیدڕاڵی، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا ئه‌و خاڵه‌ سنورییانه‌ له‌ ده‌ستی حکومه‌تی هه‌رێمدا ماون.


دیار نه‌مانى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌کان


یه‌کێتى تر له‌ دیارده‌کانى ساڵى ٢٠١٧ که‌ ده‌کرێت وه‌ک ڕووداوێکى ئابورى سه‌یرى بکه‌ین، دیار نه‌مانى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌، که‌ بۆ ماوه‌ى ٦٤ ڕۆژ له‌دواى ڕووداوه‌کانى ١٦ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ دیار نه‌ماو دواتر له‌ ژێر فشارى په‌رله‌مانتاراندا هێندرایه‌وه‌، له‌ ئێستادا دووباره‌ دیار نه‌ماوه‌، هه‌رچه‌نده‌ دیار نه‌مانى که‌سێک نابێته‌ ڕووداوى ئابورى، به‌ڵام ئه‌م که‌سه‌ به‌ ئه‌ندازیارى که‌رتى نه‌وتى هه‌رێم داده‌نرێت و هه‌موو گرێبه‌سته‌کانى هه‌رێمى کوردستان و کۆمپانیا نه‌وتیه‌کان له‌گه‌ڵ ئاشتى هه‌ورامیدا کراون.


له‌ به‌روارى ٢٧/١١/٢٠١٧ دا، ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان، له‌ یاداشتێکدا که‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان-یان کردووه‌، داوای ئاماده‌بوونی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌که‌ن، سه‌باره‌ت به‌ داهاتی نه‌وتی فرۆشراو و هۆکاری دیارنه‌مانی ئه‌و وه‌زیره‌، که‌ ماوه‌ی دوو مانگه‌ هه‌رێمی کوردستانی به‌جێهێشتووه‌.


ئاینده‌ى گرێبه‌سته‌کان نادیاره‌


به‌هۆى ئه‌وه‌ى که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان زۆربه‌ى بیره‌نه‌وته‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى له‌ده‌ستداوه‌ له‌ ئێستادا ئاینده‌ى گرێبه‌ستى نێوان حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و کۆمپانیا نه‌وتیه‌کان و ڕێکه‌وتنى ٥٠ ساڵه‌ى نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا و گرێبه‌ستى ٢٠ساڵه‌ى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمپانیاى ڕووس نه‌فت و چه‌ندین گرێربه‌ست و وه‌رگرتنى پاره‌ى پێشوه‌ختى نه‌وت و قه‌رزى شایسته‌ دارایه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتیه‌کان نادیاره‌، هه‌روه‌ها حکومه‌تى هه‌رێم به‌ قه‌رزێکى ٢٨ ملیار دۆلارى و له‌ده‌ستدانى زۆرینه‌ى داهاتیه‌وه‌ ساڵى ٢٠١٧ به‌جێ ده‌هێڵێت.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin