Smiley face
Smiley face
Smiley face

به‌شێک له‌ هاوڵاتیانى گوندى پرده‌شاڵ سه‌رقاڵى کارى ده‌ستیین

2017-12-30 12:40:01



ڕۆژنیوز - محه‌مه‌د حه‌سه‌ن


به‌شێک له‌ هاوڵاتیانى گوندى پرده‌شاڵ سه‌ربه‌ شارۆچکه‌ى ڕواندز سه‌رقاڵى کارى ده‌ستیین و له‌وانه‌ش دروستکردنى گۆچان و سه‌له‌ و سه‌به‌ته‌ له‌ دار.



گوندى پرده‌شاڵ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ڕێگه‌ی سه‌ره‌کی پشده‌ر – چۆمان، که‌ ئه‌و ڕێگه‌یه‌ پشده‌ر و چۆمان و سۆران و ڕه‌واندز به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌به‌ستیته‌وه‌ و خه‌ڵکه‌که‌ی خه‌ریکی کاری ده‌ستی و کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداریین.


زوهریه‌ ئه‌حمه‌د، دانیشتوی گوندی پرده‌شاڵه‌، ماوه‌ی ١٥ ساڵه‌ جگه‌ له‌ کاری ماڵ له‌ کاتی بێ کاریدا سه‌له‌ و سه‌به‌ته‌ دروست ده‌کات و وه‌ک خۆی ده‌ڵێت له‌ باوکیه‌وه‌ ئه‌و هونه‌ره‌ فێر بووه‌، زوهریه‌ ده‌ڵێت: سه‌ره‌تا ده‌بێ له‌ ده‌م ڕووبار شوولی داری بی که‌ زۆر تازه‌یه‌ ببڕی و ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک له‌ به‌ر هه‌تاو بمێنیته‌وه‌ دواتر ده‌ست ده‌که‌ین به‌ چنینی بناغه‌که‌ی، شوولی داری بی سه‌له‌ و سه‌به‌ته‌ی لێ دروست ده‌کرێت، تا ئێستا توانیومه‌ دراوسێکانی خۆشم فێری ئه‌و کاره‌ بکه‌م.

 


زوهریه‌ وتیشی: ئه‌گه‌ر به‌ به‌رده‌وامی کاری له‌سه‌ر بکه‌م ده‌توانم له‌ ماوه‌ی سێ کاتژمێردا سه‌له‌یه‌ک دروست بکه‌م، ئه‌گه‌ر سه‌له‌ و سه‌به‌ته‌ی باش دروست بکه‌ین ئه‌وا نرخه‌که‌ی له‌ ١٠٠٠٠ هه‌زا دینار که‌متر نییه‌، به‌ڵام من تا ئێستا نه‌مفرۆشتوون، به‌ڵکو بۆ خزم و دۆست و هاوڕێیان بێ به‌رامبه‌ر پێیان ده‌ده‌م.

 


حه‌مه‌د عه‌بدوڵا ته‌مه‌ن ٧٠ ساڵ و دانیشتووی گوندی پرده‌شاڵ، له‌ ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ خه‌ریکی کارى ئاژه‌ڵدارییه‌ و زۆربه‌ی ته‌مه‌نى له‌ چیاکان به‌ڕێکردووه‌، له‌ کاتی ڕاگواستن و وێرانکردنی گونده‌کان له‌ لایه‌ن ڕژیمی به‌عسه‌وه‌ به‌ ته‌نیا له‌ گوند ماوه‌، له‌ ئێستادا مام حه‌مه‌د به‌ هۆی نه‌خۆشی و ته‌مه‌نی زۆره‌وه‌ ناتوانێت بچیته‌ چیا، ئه‌وه‌ش وه‌کو خه‌مێکى گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌و.

 


مام حه‌مه‌د جار به‌ جار ده‌چێته‌ که‌نار چیا و ده‌وروبه‌ری گوند بۆ بڕینی داری گۆچان و گۆپاڵ، ئه‌و ده‌ڵێت: داری بی و بناو و توو و تاوک و کنێر بو گۆچان ده‌بن، به‌ڵام داری بی و توو له‌ هه‌موویان باشتر ده‌رده‌چێت و جوانیشه‌.

 


مام حه‌مه‌د زیاتر باسى دروستکردنى گۆچانى کرد "گۆچانیش به‌م شێوه‌یه‌ دادێت به‌ دوو جۆر، سه‌ره‌تا ئاگرێک ده‌که‌یته‌وه‌ سه‌ری داره‌که‌ گه‌رم ده‌که‌یت بۆ ماوه‌ی دوو خوله‌ک و دواتر دارێک که‌ پێی ده‌وترێت دوولک، گۆچانه‌که‌ له‌ناو ئه‌و دوولکه‌ داده‌نێی و ١٨٠ ده‌ره‌جه‌ ده‌سوڕێنی تا گۆچانه‌که‌ دادێت، جۆرێکی دیکه‌ش هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌ناو ئاوی گه‌رم داره‌که‌ داده‌نێیت و دواتر ئه‌ویش به‌ هه‌مان شێوه‌ دادێت و ده‌کرێت به‌ گۆچان".

 


گۆچان زیاتر ئه‌و که‌سانه‌ به‌کاریدێنن که‌ له‌ چیاکان شوان و گاوانن، جگه‌ له‌وه‌ زۆربه‌ی که‌سه‌ به‌ته‌مه‌نه‌کانیش گۆچانیان پێیه‌ و یارمه‌تیدره‌ بۆ ڕۆیشتن له‌ ڕێگادا.


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin