Smiley face
Smiley face
Smiley face

خواردنی بەڕوو گەرمیی دەداتە دانیشتەکانی شەوانی زستان

2017-12-31 10:02:19



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى

 

برژاندن و خواردنی بەڕوو لە شەوگاری زستان-دا کلتورێکی کۆنی کوردەوارییە و هەتا ئێستاش لە گوندەکان-دا بەڕوو گەرموگوڕیی و چێژێکی تایبەت دەدات بە دانیشتنەکان (مەجلیس) و کۆبوونەوەیان لە دەوری یەکتر.

 

بەڕوو بەری دارێکی خۆڕسکە و لە ناوچە شاخاوییەکان-دا دەڕوێت، ناوچە شاخاوییەکانی باشوری کوردستان-یش بەناوبانگە بەبوونی ژمارەیەکی زۆر داری بەڕوو.

 

 

داری بەڕوو هەتا ١٠ مەتر بەرز دەبێت و بە بەهێزیی ناسراوە، بۆیە زۆر جار ئازایی و بەهێزیی کورد بە داری بەڕوو دەچوێندرێت.

 

 

لە سه‌ره‌تاکانى وه‌رزى زستان-دا بەڕوو پێده‌گات، هاوڵاتیانیش بەتایبەت لە گوندەکان، به‌مه‌به‌ستى کۆکردنه‌وه‌ى ڕوو ده‌که‌نه‌ ناوچە شاخاوییەکان و لە شەوانی زستاندا و لەناو ئاگری زۆپای دار یانیش لەناو خەڵوز-دا دەیبرژێن و دوای لێکردنەوەی توێڵی دەرەوە و کڕاندنی توێژاڵی ناوەوەی بەدەم قسەی خۆش گێڕانەوەی نوکتەوە دەیخۆن، بەمەش خورادنی بەڕوو دەبێتە هۆکارێک بۆ کۆبوونەوەی خێزانەکان لە دەوری یەکتر.

 

 

جگه‌ له‌ تام و چێژه‌که‌ى، بەڕوو بۆ چاره‌سه‌رى چه‌ندین نه‌خۆشى سودیى لێوه‌رده‌گیرێت، ئیبراهیم ناسر، هاوڵاتییەکی دانیشتووی هەڵەبجەیە چێژ لە خورادنی بەڕوو دەبینێت، لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: بۆ نه‌خۆشیه‌کانى گه‌ده‌ و بۆ یارمه‌تیدانى هه‌رسکردنى خواردن و چه‌ند نه‌خۆشیه‌کى تر سودی لێوەردەگیرێت.

 

 

مرۆڤ تەنیا بۆ خورادنی خۆی سود  لە بەڕوو نابینێت، بەڵکو گەڵای دارەکەی و خودی بەڕووەکەش بۆ ئالیکی ئاژەڵ بەکاردەهێنێت.

 

لە ڕووی ئابورییشەوە گوندنشینان سودیان لە فرۆشتنی بەڕوو وەرگرتووە، پێش ئه‌وه‌ى گونده‌کان چۆڵ بکرێن و خه‌ڵکه‌که‌ى ڕاگوێزى ناو شار بکرێن به‌تایبه‌ت له‌هه‌ورامان، گوندنشینان بەڕوویان کۆدەکردەوە و لەناو شارەکان-دا دەیانفرۆشت، هەتا ئێستاش بەڕوو لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin