Smiley face
Smiley face
Smiley face

فیستیڤاڵی هەرزانکردنی نرخ لە سلێمانی دەستیپێکرد

2018-01-01 14:30:08



ڕۆژنیوز ـ سەمیرا شەهابی

 

بە مەبەستی هەرزانکردنی نرخی شمەک و پێداویستی هاوڵاتیان و بە ڕچاوکردنی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی، فیستیڤاڵی هەرزانکردنی نرخ لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد.

 

ئەمڕۆ، لە کارگەی جگەرەی شاری سلێمانی، فستیڤاڵی هەرزانکردنی نرخ دەستیپێکرد، کە لە لایەن ١٠٠ کۆمپانیاوە ڕێکخراوە و ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.

 

بنار هیدایەت، وتەبێژی فستیڤاڵەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند:"ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی فستیڤاڵێکی بەم جۆرە دەگەڕێتەوە بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتیان لەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، بە دابینکردنی شمەک و پێداویستییەکانیان بە نرخێکی هەرزان".

 

بنار هیدایەت

 

بنار، ئاماژەی بە بەشداربوونی ژنانیش لەو فستیڤاڵەدا کرد و وتی:"یه‌كێكی تر له‌هۆكاره‌كانی سازكردنی فیستیڤاڵه‌كه،‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستی كار و ئه‌و خاتوونانه‌ی خاوه‌نی كاری ده‌ستن، هه‌م بناسرێن و هه‌م كاڵاكانیان پێشكه‌ش به‌هاوڵاتیان بكه‌ن".

 

شادان عەبدولرەحیم، کە بەکاری دەستیی لە فیستیڤاڵەکەدا بەشداریکردووە و فرۆشیارێکی ناو فستیڤاڵەکەیە، بە ڕۆژنیوزی وت:"ئێمەی ژنان ئامانجمان زیندووکردنەوەی ئەو شتانەیە کە لە کوردەواریدا بەکارهێنراوە و ئێستا بەکارهێنانیان کەمبووەتەوە، هەروەها خستنەڕووی تواناکانمان".

 

شادان عەبدولرەحیم

 

مەریوان حەمە کەریم، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانی، کە بۆ کڕینی پیداویستییەکانی ڕووی لەو فیستیڤاڵە کردبوو، بۆ ڕۆژنیوزی وتی:"ڕێکخستنی بازاڕێکی بەم جۆرە زۆرباشە ئەگەر هەروا بمێنێت، چونکە لەم دۆخەدا یارمەتیدەرە بۆ خەڵک، نرخی شتەکان هەرزانترە تا ناو بازاڕ".

 

مەریوان حەمە کەریم

 

جێگای باسە، لە فیستیڤاڵەکەدا، لە کتێبفرۆشی، کاری دەستی خانمان، بەشی خواردن، ناوەندی کارەبایی و کەلوپەل ناوماڵ و چەندین بابەتی دیکەی تێدا خراوەتەڕوو، بەوتەی وتەبێژی فستیڤاڵەکەیش، ئەم بازاڕە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت و ئەگەر هاوڵاتیان بیانەوێ ئەوا ماوەکەی درێژدەکەنەوە.

 

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 RojNews. Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin